کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: کۆتاییمان بە شەڕی ئێران هێنا و گەیشتینە ڕێککەوتنێکی بەهێز

10:42 - 22 جۆزەردان 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی "کۆتایی بە شەڕی لەگەڵ ئێران هێناوە" و هەردوولا لەسەر واژۆکردنی ڕەشنووسێکی لێکتێگەیشتنی یەکجار بەهێز بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

ترامپ لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا بۆ کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی "برەت جۆنز"، پارێزگاری ویلایەتی جۆرجیا، وتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ ئێران گەیشتینە ڕێککەوتنێکی گەورە؛ ئەوان قەبووڵیان کردووە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمییان نەبێت، ئەمەش تەواوی ئامانج و ٩٥٪ی مەبەستی ئێمە بوو."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزەکان بەم زووانە دەگەڕێنەوە ماڵەوە و ئەمریکا بە تەواوی گەیشتووەتە ئەو داواکارییانەی کە دەیویست.

ئەم ڕاگەیاندنەی ترامپ پاش ئەوە دێت کە ناوبراو نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە فەرمانی هێرشە سەربازییەکانی زیاتری بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندەوە و بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ڕێککەوتنەکە لە نێوان واشنگتۆن، تاران و چەند وڵاتێکی ناوچەکە کراوە، بێ ئەوەی وردەکاریی مەرجەکان ئاشکرا بکات.

ترامپ لە پەیامێکی تردا جەختی کردووەتەوە کە گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێران تا کۆتاییهاتنی تەواوەتی و بەئەنجام گەیشتنی ئەم مامەڵەیە بەردەوام دەبێت.