
شەهین زادئەحمەد
لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، پرسارێکی بەڕواڵەت سادە بەڵام بنەڕەتی هەمیشە لە مێشکی زۆر کەسدا دروست دەبێت: «ئێمە کێین؟» ئەم پرسارە لە ئاستی خێزان و کۆمەڵگەی نێوخۆییدا بەزۆری وڵامێکی ڕوونی هەیە و ئاماژە بە ناسنامەی نەتەوەیی، زمانی و مێژوویی دەکات. بەڵام کاتێک هەر ئەم پرسیارە لە چوارچێوەی پێکهاتە فەرمی و حکوومییەکاندا دەخرێتە ڕوو، لەگەڵ پرسارێکی تردا بەرەوڕوو دەبێتەوە: «ئێوە سەر بە کوێن؟» ئەم دوو ئاستە لە پێناسەکردنی ناسنامە، کە یەکێکیان لە ئەزموونی ژیاوی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەوی تریان لەسەر گێڕانەوە فەرمییەکان بونیاد نراوە، لە زۆر بواردا لەگەڵ یەکتر ناگونجێن؛ ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە تێیدا ناسنامەی نەتەوەیی لە چەمکێکی کولتووری تێدەپەڕێت و دەبێتە پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی؛ پرسێک کە دەکرێت ببێتە داخوازییەک بۆ دادپەروەری، یەکسانیی ماف و دانپێدانان.
لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ناسنامەی نەتەوەیی تەنیا پەیوەندیی بە زمان و مێژووەوە نییە. لێرەدا ناسنامەی نەتەوەیی بە ژیانی ڕاستەقینەی خەڵکەوە گرێ دراوە؛ لەگەڵ دەسەڵات، سنوور، دەوڵەت، ئەمنییەت، شەڕ، ئابووری، پەروەردە، میدیا و تەنانەت لەگەڵ ئەوەی کێ مافی ئەوەی هەیە خۆی پێناسە بکات و کێ ناچارە لەو چوارچێوەیەدا بژی کە کەسانی تر بە سەریاندا سەپاندووە. هەر بۆیە، کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا باس لە ناسنامەی نەتەوەیی دەکەین، لە ڕاستیدا تەنیا باس لە کولتوور و ڕابردوو ناکەین، بەڵکوو باس لە پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی زۆر قووڵ دەکەین.
لەو ناوچەیەدا، ناسنامەی نەتەوەیی بابەتێکی زیندووە؛ بابەتێک کە هەموو ڕۆژێک بە بڕیارەکانی دەوڵەتان، بە گوشارە ناوچەییەکان و بە گۆڕانکارییە جیهانییەکان دووبارە فۆرم دەگرێتەوە. زۆرێک لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەوڵیان داوە ناسنامەیەکی فەرمی، یەکگرتوو و ناوەندی بونیاد بنێن. ئامانجەکە ئەوە بووە هەموو خەڵک بخرێنە ژێر یەک گێڕانەوەی هاوبەشەوە، بەڵام کێشەکە لێرەدایە واقیعی کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرگیز یەکدەست نییە. ئەم ناوچەیە لە نەتەوە، زمان، ئایین، کولتوور و ئەزموونە مێژووییە جیاوازەکان پێکهاتووە. کاتێک ئەم هەمەجۆرییە پشتگوێ دەخرێت، ناسنامەی نەتەوەیی لە هۆکارێکی یەکگرتووییەوە دەبێتە مەیدانێک بۆ گرژی و ململانێ. واتە لە جیاتی ئەوەی خەڵک هەست بکەن لە بنیاتنانی وڵاتدا پشکیان هەیە، وا هەست دەکەن تەنیا دەبێت خۆیان لەگەڵ "ناوەند"دا بگونجێنن. لە بارودۆخێکی وەهادا، ناسنامەی نەتەوەیی چیتر چەمکێکی کولتووری نییە، بەڵکوو دەبێتە پرسێکی سیاسی، ناڕەزایەتی و هەندێک جار بەرگری و خۆڕاگرییش.
هەروەها ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوچەیەکە سنوورەکانی لە زۆر باردا نەک لەسەر بنەمای ویستی نەتەوەکان، بەڵکوو لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی هێزە جیهانییەکان، شەڕەکان و دابەشکارییە سیاسییەکان بیچمیان گرتووە. هەر ئەم بابەتە بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە نەتەوەکان بەسەر چەند وڵاتێکدا دابەش ببن یان بکەونە ژێر سیاسەتەکانی یەکسانسازیی زۆرەملێ (تەعریب و تەفریس و تورکاندن)ەوە. کاتێک نەتەوەیەک لە نێوان چەند دەوڵەتێکدا دابەش دەبێت، سروشتییە کە ناسنامە نەتەوەییەکەی تەنیا لە ئاستی زمان و یادەوەریدا نەمێنێتەوە؛ ئەو کاتە ئەو نەتەوەیە ناچار دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی مافە سیاسی، کولتووری، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکەی خەبات بکات. هەر لەبەر ئەمەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ناسنامەی نەتەوەیی هەمیشە بە پرسی "مانەوە" گرێ دراوە. لێرەدا ناسنامە تەنیا نیشانەی ڕابردوو نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ ڕاوەستان لە بەرامبەر سڕینەوەدا.
کوردەکان یەکێکن لە ڕوونترین نموونەکانی ئەم ڕاستییە. نەتەوەی کورد بەسەر چوار وڵاتدا دابەش بووە و هەر بەشێکی کەوتووەتە نێو دڵی پێکهاتەیەکی سیاسیی جیاوازەوە. ئەم دابەشبوونە مێژووییە بووەتە هۆی ئەوەی ناسنامەی کوردی تەنیا بابەتێکی کولتووری یان زمانی نەبێت، بەڵکوو ببێتە پرسێکی سیاسیی قووڵ. کوردەکان لە هەر بەشێکدا ژیابێتن، لەگەڵ جۆرێکی جیاواز لە سەرکوت، هەڵاواردن، سنووردارکردن، بێبایەخی یان نکۆڵیکردن لە شوناسی نەتەوەییان بەرەوڕوو بوونەتەوە. بەڵام خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە ئەم سەرکوت و کوشتوبڕە ناسنامەی کوردیی ئەوانی نەفەوتاندووە، بەپێچەوانەوە، لە زۆر باردا ئەوانی بەهێزتر، وشیارتر و سیاسیتر کردووە. چونکە ئەو نەتەوانەی چەندین جار بەرەوڕووی حاشالێکردن دەبنەوە، وردە وردە فێر دەبن کە پاراستنی زمان و کولتوور بەتەنیا بەس نییە و دەبێت بۆ بینراو بوون لە پێکهاتەی دەسەڵاتیشدا خەبات بکەن.
لە ئێراندا، ئەم پرسە بەتایبەت ڕوون و هەستیارە. کوردەکان لە ئێراندا تەنیا گرووپێکی کولتووری نین، بەڵکوو بەشێکن لە واقیعێکی سیاسیی زۆر گرنگ. لە وڵاتێکدا کە ساڵانێکی زۆر لەسەر بنەمای ناوەندگەرێتیی دەسەڵات و یەکسانکاریی ناسنامەیی بەڕێوە چووە، کوردەکان هەمیشە لە نێوان دوو هێزدا بوون: لە لایەک هەوڵ بۆ پاراستنی زمان، کولتوور، یادەوەریی مێژوویی و ناسنامەی خۆیان، و لە لایەکی ترەوە گوشاری پێکهاتەی ناوەندی بۆ کاڵکردنەوە یان کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ناسنامەیە. مێژووی ئێران دەریدەخات کە ئەم ململانێیە تەنیا هی ئەمڕۆ نییە؛ بەڵکوو لە دەیەکانی ڕابردوودا، لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە تا پەهلەوی و دوای شۆڕش، کێشەی ئەم نێوانگیرییەی نێوان «ناسنامەی ئەتنیکی» و «ناسنامەی نەتەوەیی» هەمیشە بوونی هەبووە.
هەر کاتێک لە ئێراندا قەیرانی سیاسی، درز لە دەسەڵات، یان ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتیی بەرفراوان دروست بووە، پرسی کوردیش دووبارە زەق بووەتەوە. ئەمە نیشان دەدات کە ناسنامەی کوردی لە ئێراندا تەنیا هەستێکی نێوخۆیی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە گفتوگۆ گەورەکە دەربارەی ئاییندەی پێکهاتەی سیاسیی وڵات، جۆری حکوومەت و پێگەی نەتەوە جیاوازەکان لە دەسەڵاتدا. توێژینەوە نوێیەکان لە ئێراندا دەریدەخەن کە هەستی جیاکاری و ناسنامەخوازیی نەتەوەیی لە نێوان کوردەکاندا، بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای وڵات، لە ساڵانی ڕابردوودا چڕتر بووەتەوە و ئەم پرسە چیتر تەنیا بابەتێکی کولتووری نییە، بەڵکوو بووەتە داخوازییەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی.
بەڵام دەبێت ئەوەش بگوترێت کە ناسنامەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تەنیا لەنێو جەرگەی گوشارەوە دروست نابێت. ئەم ناسنامەیە لەنێو دڵی ئومێدیشدا فۆرم دەگرێت. هەر کاتێک نەتەوەکان هەست بکەن دەتوانن ئاییندەیەکی باشتر بۆ خۆیان بنیات بنێن، ناسنامەکەیان لە حاڵەتی تەنیا "بەرگری" دەردەچێت و دەبێتە هێزێکی بونیاتنەر. ئەوکاتە زمان، مێژوو، کولتوور و یادەوەریی بەکۆمەڵ تەنیا ئامرازی وەبیرهێنانەوەی ڕابردوو نین، بەڵکوو دەبنە بنەمایەک بۆ بەدیهێنانی داهاتوو. واتە نەتەوەکان تەنیا نایانەوێت فەرامۆش نەکرێن؛ بەڵکوو دەیانەوێت لە بنیاتنانی ئاییندەشدا پشکیان هەبێت. ئەمە ڕێک ئەو شوێنەیە کە ناسنامەی نەتەوەیی لە هەستێکی نێوخۆییەوە دەبێتە داخوازییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
بۆ کوردەکان، ئەم بابەتە بایەخێکی زیاتری هەیە. چونکە کوردەکان لە بەشە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تەنیا بۆ پاراستنی زمان و کولتووری خۆیان تێ نەکۆشاون؛ بەڵکوو هەمیشە بۆ بینراو بوون، بیستراو بوون و دانپێدانانی فەرمییش خەباتیان کردووە. ئەم خەباتە بووەتە هۆی ئەوەی کە ناسنامەی کوردی لە زۆر قۆناغدا لە ئاستی ناسنامەیەکی تەنیا کولتووری تێپەڕێت و ببێتە ناسنامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەهێز. هەر لەبەر ئەمەیە کە هەر گۆڕانکارییەکی ژێئۆپۆلیتیکی لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر ناسنامەی کوردی. کاتێک هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت، کاتێک دەوڵەتەکان لاواز دەبن، کاتێک قەیرانی نوێ دروست دەبێت یان کاتێک دانوستان و هاوپەیمانیی نوێ دێنە کایەوە، پرسی کوردیش دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ چەقی سەرنجەکان. ئەمە نیشان دەدات کە ناسنامەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا شتێکی نەگۆڕ و بێجووڵە نییە؛ بەپێچەوانەوە، بەردەوام لە حاڵەتی گۆڕان، گوشار، بنیاتنانەوە و بەرگریدایە.
لە لایەکی ترەوە، ناسنامەی نەتەوەیی تەنیا لە شەقام و سیاسەتدا دروست نابێت، بەڵکوو ئەم ناسنامەیە لە قوتابخانە، میدیا، زمانی فەرمی، کتێبە خوێندنەکان، و لە سیستەمی کارگێڕی و فەزای گشتیدا بونیاد دەنرێت. ئەگەر نەتەوەیەک لە خوێندنی زمانەکەیدا خۆی نەبینێتەوە، لە میدیاکاندا دەنگی خۆی نەبیستێت، لە سیاسەتدا پشکی ڕاستەقینەی نەبێت و لە کولتووری فەرمیدا شوێنی بۆ نەکرێتەوە، وردە وردە هەست دەکات کە لە ماڵی خۆیدا نامۆیە. ئەم هەستی "بێ شوێنی"یە، یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی سیاسیبوونی ناسنامە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. چونکە خەڵک تەنیا ئەو کاتە زیاتر دەست بە ناسنامەی خۆیانەوە دەگرن کە ببینن ئەو ناسنامەیە لە پێکهاتە فەرمییەکاندا پشتگوێ خراوە. کەواتە لێرەدا ناسنامەی نەتەوەیی تەنیا یادەوەری و زمان نییە؛ بەڵکوو دەبێتە پرسی دادپەروەری و یەکسانییش.
ئەگەر لە ڕوانگەیەکی سیاسیترەوە بڕوانین، ناسنامەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جۆرێک وەڵامدانەوەیە بۆ ناسەقامگیرییش. کاتێک دەوڵەتەکان لاواز دەبن یان کۆمەڵگە تووشی قەیران دەبێت، خەڵک زیاتر پەنا بۆ ناسنامە ڕەسەنەکانی خۆیان دەبەن. لەم حاڵەتەدا، ناسنامەی نەتەوەیی وەک پەناگەیەک کار دەکات؛ پەناگەیەک بۆ پاراستنی کەرامەت، زمان، یادەوەری و مافی بوون. ئەم واقیعە لەنێو زۆرێک لە نەتەوەکانی ناوچەکەدا دەبینرێت، بەڵام لە بارەی کوردەکانەوە زۆر ڕوونترە. چونکە کوردەکان لە بارودۆخێکدا ژیاون کە نەک تەنیا لەگەڵ گوشاری دەوڵەتان، بەڵکوو لەگەڵ گۆڕانکارییە گەورە ناوچەییەکانیش بەرەوڕوو بوونەتەوە. هەر جارێک ناوچەکە تووشی لەرزین بووە، کوردەکانیش ناچار بوون جارێکی تر پێگەی خۆیان پێناسە بکەنەوە.
لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنێکە کە ناسنامەی نەتەوەیی هەمیشە لە نێوان دوو جەمسەردا لە جووڵەدا بووە: لە لایەکەوە گوشار و سڕینەوە، و لە لایەکی ترەوە ڕابوون و بەرگری. لەم ناوچەیەدا، نەتەوەکان تەنیا بۆ پاراستنی ڕابردووی خۆیان شەڕ ناکەن؛ بەڵکوو بۆ مافی ئاییندەی خۆیشیان هەوڵ دەدەن. هەر بۆیە، هەر باسێک دەربارەی ناسنامەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بە ناچاری دەبێت باس لە سیاست، دەسەڵات، دادپەروەری، بەشداری و مافی چارەی خۆنووسینیش بکات. چونکە لێرەدا ناسنامەی نەتەوەیی تەنیا ئەو شتە نییە کە خەڵک دەربارەی خۆیان دەیڵێن؛ بەڵکوو ئەو شتەیە کە دەوڵەتەکان ڕێگەیان پێ دەدەن بن، یان لێیان زەوت دەکەن. ڕێک لەم خاڵەدایە کە پرسی ناسنامە، لە بابەتێکی کولتووریی سادەوە تێدەپەڕێت و دەبێتە یەکێک لە گرنگترین پرسە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.