
ئاسۆ ساڵح
لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەی نێوان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلدا، بزووتنەوەی کوردستان چەندین جار بووەتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی میدیا نێودەوڵەتییەکان و شیکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە. لە هەواڵی پەیوەندیی ڕێبەرانی کورد لەگەڵ سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بگرە تا دەگاتە باسی ئەگەریی دەوربینینی هێزە کوردییەکان لە نێوخۆی ئێراندا؛ هەروەها هێرشە مووشەکی و درۆنییە بەردەوامەکان بۆ سەر بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکان و کەمپە مەدەنییەکانیان، و ئەم دواییانەش لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بەوەی کە «کوردەکان ئەو چەکانەیان ڕادەست نەکردووەتەوە کە ئەمریکا بۆ خۆپیشاندەرانی ئێرانی ناردبوو». هەموو ئەمانە نیشان دەدەن کە پرسی کورد و پێگەی حیزبە کوردستانییەکان لە هاوکێشەکانی ئێران و ناوچەکەدا، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە کەوتوونەتە بەر سەرنج.
وەک دیارە هەر دوو لایەنی شەڕەکە، واتا هەم سەرکردە لەژیاندا ماوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەم سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان، حیزبە کوردییەکان وەک فاکتەرێک لە هاوکێشەکانی شەڕی ئێستادا دەبینن. لەم بارەیەوە چەند خاڵێکی بنەڕەتی پێویستیان بە وەبیرهێنانەوە هەیە:
یەکەم؛ ڕاستی ئەوەیە کە کوردەکان فاکتەرێکی جددین لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێراندا. ڕێکخستنی سیستماتیکی حیزبی، تەشکیلاتی یەکگرتوو لە نێوخۆی وڵات، هێزی ڕاهێنراوی پێشمەرگە، ئەزموونی درێژخایەنی خەباتی سیاسی و پێشمەرگانە، و لە هەمووی گرینگتر پەیوەندیی قووڵ و مێژوویی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردستان، هەمووی نیشاندەری ئەوەیە بزووتنەوەی کوردستان تەنیا ڕەوتێکی لەپەراوێزدا یان کاتی نییە، بەڵکوو ئەکتەرێکی ڕاستەقینە و کاریگەرە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا. ئەم پێگەیە نە لە ڕێگەی پاڵپشتیی هێزە دەرەکییەکان، بەڵکوو بەرهەمی چەندین دەیە خەبات، قوربانیدان و ئامادەیی بەردەوام لە نێو خەڵکدایە.
دووەم؛ ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەندین جار جەختیان کردووەتەوە کە نە بەشێک بوون لە شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل و نە چارەنووسی خەباتی نەتەوەی کوردیان بە ڕەوت و ئەنجامی ئەم شەڕە گرێ داوە. ئەم هەڵوێستە، تەنیا تاکتیکێکی سیاسی نییە؛ بەڵکوو هەڵقوڵاوی تێگەیشتنێکی مێژووییە لە خەباتێک کە چەندین دەیە پێش ئێستا دەستی پێ کردووە و ڕەگ و ڕیشەی لە داواکاریی شوناسخوازی، وەدەستهێنانی مافە گشتییەکان لەوانە مافی دیاریکردنی چارەنووس، گەیشتن بە ئازادی، دادپەروەری و دیموکراسیدایە. بزووتنەوەی کوردستان پێش ئەم شەڕەش هەبووە، لە کاتی ئەم شەڕەکەشدا ڕێڕەوی سەربەخۆی خۆی گرتووەتە بەر و دوای کۆتایی هاتنیشی تا گەیشتن بە ئامانجەکانی، لە خەباتی سیاسی و نەتەوەیی خۆی بەردەوام دەبێت.
سێیەم؛ لە هەلومەرجی ئێستادا زۆر کەس هەوڵ دەدەن هەموو هێزە سیاسی و سەربازییەکان بە یەکێک لە دوو لایەنی ئەم شەرەوە گرێ بدەن. ئەم جۆرە تێڕوانینە، لە عەقڵییەتێکەوە سەرچاوە دەگرێ کە سیاسەتی ناوچەکە تەنیا لە پەنجەرەی کێبڕکێی دەوڵەتان و هێزە سەربازییەکانەوە دەبینێت. بەڵام بزووتنەوەی کوردستان، بەتایبەت خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نە بەرهەمی ئەم شەڕ و ململانێیانە و نە بە کۆتاییهاتنی ئەم شەڕ و پێکدادانانە و ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتان کۆتایی پێ دێت. هەر وەک چۆن ئێمە بەشێک نەبووین و نین لەم شەڕە، نابینە بەشێکیش لە ڕێککەوتن و ئاشتیی نێوانیان. بە واتایەکی دیکە، خەباتێک کە لەسەر بنەمای داخوازییە مێژووییەکانی نەتەوەیەک شێوەی گرتووە، ناکرێت ببێتە کەرەستەی مامەڵە سیاسییەکانی زلهێزەکان. کوردستان «سوژەیەکی» سیاسی و مێژووییە؛ خاوەنی داخوازی، ئیرادە، بیرەوەری و ڕێڕەوی سەربەخۆی خۆیەتی. ئەم خەباتە، پەرچەکردارێکی کاتی بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژ نییە، بەڵکوو درێژەی ڕێگەیەکە کە نەوەکان تێچووی گەورەیان بۆ داوە. شانازییە مێژووییەکان وەک دامەزراندنی کۆماری کوردستان، و ئەو تێچووە قورسانەی وەک لەسێدارەدان و تیرۆری ڕێبەران و خەباتکاران، هەموویان بەشێکن لە بیرەوەریی بەکۆمەڵی نەتەوەیەک کە هێشتا بۆ مافە بنەڕەتییەکانی خۆی تێدەکۆشێت. هەر بەو هۆیەشە، هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران، واشینگتۆن یان تەلئەبیب، لەوانەیە هاوکێشەکانی ناوچەکە سەروبن بکات، بەڵام بنەڕەتی پرسی کورد و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد هەر لەجێی خۆیان دەمێنن.
چوارەم؛ هێرشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بارەگاکانی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، خۆی نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە حکوومەتی ئێران، بزووتنەوەی کوردستان وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە و فاکتەرێکی کاریگەر دەبینێت. ئەگەر حیزبە کوردستانییەکان بێکاریگەری و بێ پێگەی جەماوەری بوایان، ئەم قەبارە زۆرە لە گوشاری ئەمنییەتی، هێرشی مووشەکی و هەڵمەتی پڕوپاگەندەیی دژ بەوان لەئارادا نەدەبوو. کۆماری ئیسلامی باش دەزانێت کە کوردستان تەنیا جوگرافیایەک نییە، بەڵکوو توانستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوە کە لە کاتە هەستیار و چارەنووسسازە مێژووییەکاندا دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت.
پێنجەم؛ لێدوانەکانی ئەم دواییەی ترەمپ سەبارەت بە چەکە ئەمریکییەکان، بێگومان لەوەی بە چ مەبەستێک خراونەتە ڕوو، جارێکی دیکە نیشانی دا کە پرسی کورد لە تێڕوانینی هێزە جیهانییەکانیشدا ناکرێت پشتگوێ بخرێت. بەڵام ئەزموونی مێژوویی نەتەوەی کورد نیشانی داوە کە پشتبەستن بە ئیرادە و هێزی نێوخۆیی، زۆر جێگیرترە لە ئومێدبەستن بە سیاسەتە گۆڕاوەکانی دەوڵەتە دەرەکییەکان. ئێمە سوود لەو دەرفەتانە وەردەگرین کە لە ئەنجامی سیاسەتە ناوچەیی و جیهانییەکانی وڵاتانەوە دێنە ئاراوە، بەڵام بزووتنەوەی ئێمە بە تەواوی لەم هاوکێشانەدا سەربەخۆیە.
لە کۆتاییدا دەبێ ئەوە زیاد بکرێت، ئەوەی ئەمڕۆ گرینگیی هەیە، پاراستنی سەربەخۆیی سیاسیی بزووتنەوەی کوردستان و ڕێگریکردنە لەوەی ببێتە کەرەستەی کێبڕکێ ناوچەییەکان. بزووتنەوەی کوردستان کاتێک دەتوانێت ڕۆڵە مێژووییەکەی خۆی بگێڕێت کە هاوکات لەگەڵ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهان، سەربەخۆیی لە بڕیاردان و لەپێشینەبوونی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی بپارێزێت. ئەم بزووتنەوەیە نواندنی ئیرادەی نەتەوەیەکە کە دەخوازێت وەک بکەرێکی سیاسیی سەربەخۆ ببینرێت، نەک وەک ئامرازێک لە کایەی ئەوانی دیکەدا. شەرەکان دەست پێ دەکەن و کۆتایییان دێت، حکوومەتەکان دەگۆڕدرێن و هاوپەیمانێتییەکان هەڵدەوەشێنەوە؛ بەڵام پرسی کورد و بزووتنەوەی کوردستان، تا ئەوکاتەی ماف و داخوازییە مێژووییەکانی بە فەرمی نەناسرێت، هەر لەسەرپێ و بە نەمری دەمێنێتەوە.