کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەت وەک هونەری مومکین (خوێندنەوەیەکی شیکاری لە هزری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو)

09:59 - 3 جۆزەردان 2726

د. مەنسوور سۆهرابی

لە مێژووی خەباتی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، کەمتر سەرکردەیەک دەدۆزرێتەوە کە هەمان خەونی ئازادی یلە سەردا بێت و لە هەمان کاتدا پێیەکانی بە توندی لەسەر عەرزی واقیع ڕاگرتبێت. شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکێک بوو لەو ئاوارتانە. ئەو ڕستەیەی لە زمانی ئەو دەیگڕێنەوە کە "سیاسەت هونەری مومکینە"، نەک دروشم و پڕوپاگەندەیەک، بەڵکوو پوختەی فەلسەفەیەکی سیاسیی قووڵە کە بە ئەزموون، خوێندنەوە و خەبات وەدەست هاتبوو.

ڕوانگەیەکی دیکەی ناسراوی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو کە دەڵێت «لە سیاسەتدا سفر و سەد و ڕەش و سپی نییە»، دەکرێت بە یەکێک لە چڕترین و لە هەمان کاتدا قووڵترین داڕشتەکانی واقیع‌بینیی سیاسی لە چوارچێوەی بزووتنەوە هاوچەرخەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابندرێت. ئەم نیگایە تەنیا ڕاسپاردەیەکی تاکتیکی نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی جیهانبینییەکی سیاسییە کە هاوسەنگییەکی ناسک لە نێوان ئارمانخوازی (ئایدیالیزم) و واقیع‌بینیدا دروست دەکات.

یەکەمین تەوەر لە هزری قاسملوودا، ڕەخنەگرتنە لە دوو جەمسەرییە دوگم و موتڵەقەکان لە سیاسەتدا. کاتێک ئەو باس لە نەبوونی ڕەش و سپی لە سیاسەتدا دەکات، لە ڕاستیدا تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە هەڵە باوەکانی هزری سیاسی کە بریتییە لە کورتکردنەوە و دابەزاندنی ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەکان و دەسەڵات بۆ دەستەواژە و چەمکە سادە و بڕاوە. ئەم جۆرە تێڕوانینە کە زۆربەی کات لە توێی دروشمی «هەموو شتێک یان هیچ»دا دەردەکەوێت، سیاسەت لە مەیدانێکی زیندوو و فرەڕەهەندەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەها لە نێوان خێر و شەڕدا. دەرەنجامی ئەم جۆرە ڕوانینە، داخرانی ئاسۆکانی کارکردنی سیاسییە. لە بارودۆخێکدا کە هێزە سیاسییەکان خۆیان لە چوارچێوەیەکی دوگم و داخراو و نەبڕدا گەمارۆ دەدەن، ئەگەری دانوستان، هاوپەیمانی و تەنانەت پێناسەکردنەوەی ئامانجەکانیش تێدا دەچن. لە ڕاستیدا، ڕەهاخوازی نەک هەر هێزی جووڵە و مانۆڕ ناباتە سەر، بەڵکوو سنوورداری دەکات و لە زۆر حاڵەتیشدا لەباری دەبات.

لە بەرانبەر ئەم ڕوانینەدا، قاسملوو سیاسەت وەک پڕۆسەیەکی بەرەبەرە، هەنگاو بە هەنگاو و کەڵەکەبوو پێناسە دەکات. ئەو بە ئاماژەدان بەوەی کە «دوو هەنگاو دەچیتە پێش و دەستکەوتێکت دەبێت، پاشان دووبارە بۆ دەستکەوتی زیاتر خەبات دەکەیت»، جەخت لەسەر سروشتی هەنگاو بە هەنگاوی پێشکەوتنی سیاسی دەکاتەوە. ئەم تێڕوانینە لەگەڵ تیۆرییە کلاسیکییەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا یەک‌ دەگرێتەوە کە گۆڕانکاری نەک وەک بازدانێکی کتوپڕ، بەڵکوو وەک زنجیرەیەک لە گۆڕانکاریی بەشێنەیی، وردەورده‌ و بەردەوام لەبەرچاو دەگرن. لەم چوارچێوەیەدا، هەر دەستکەوتێک، ئەگەر سنووردار و ڕێژەییش بێت، بەهادارە؛ چونکە دەتوانێت وەک سەکۆیەک بۆ پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونەکانی داهاتوو دەور ببینێت. ئەم تێگەیشتنە لە سیاسەت، بەتایبەت لەو کۆمەڵگەیانەی کە لەگەڵ پێکهاتەی ڕەقی دەسەڵات، سەرکوتی سیاسی یان سنوورداریی دامەزراوەیی ڕووبەڕوون، گرنگییەکی چەند قات دەدات بەدەستەوە.

هونەری مومکین: میراتی بیسمارک لە خزمەت ئازادیدا

دەستەواژەی «سیاسەت هونەری مومکینە» ڕەگێکی مێژوویی هەیە. ئەم ڕستەیە بۆ یەکەم‌ جار لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە لایەن ئۆتۆ ڤۆن بیسمارک، سەرۆک‌وەزیرانی پڕۆس، بەکار هات. بیسمارک بە هەمان ڕوانگەوە توانی ئەڵمانیا یەک بخات؛ نەک بە ئایدیالیزم، بەڵکوو بە هەژمارکردنی وردی هێز و دەرفەتناسیی سیاسی و قۆستنەوەی هەڵە ڕەخساوەکان. بەڵام د. قاسملوو ئەم چەمکە لە چوارچێوەیەکی تەواو جیاوازدا بەکار دەهێنێت. بیسمارک لە پێگەی دەسەڵاتێکی باڵادەستدا خاوەنی ئەم فەلسەفەیە بوو؛ بەڵام قاسملوو لە خزمەت نەتەوەیەکدا بەکاری دەهێنێت کە نە دەوڵەتی هەیە، نە سوپایەکی ڕێکخراو و نە ناسنامەیەکی نێودەوڵەتیی فەرمی. ئەمە جیاوازییەکی گرنگە. لێرەدا واقیعبینی نەک لە خزمەت پاراستنی دەسەڵات، بەڵکوو لە خزمەت بەدەستهێنانی ئازادیدایە.

قاسملوو بە دانانی ئەم چەمکە لە بەرانبەر خەیاڵپڵاویدا، سنوورێکی ڕوون لە نێوان سیاسەت و ئارمانخوازیی ناواقیعی دەکێشێت. خەیاڵپڵاوی ئەو کاتە ڕوو دەدات کە ئامانجە سیاسییەکان بێ ڕەچاوکردنی بارودۆخی عەینی، هاوسەنگیی هێزەکان و سنووردارییە تاقەت پڕووکێنەکان پێناسە بکرێن. لە بارودۆخێکی وەهادا، سیاسەت لە بواری کارکردن دەچێتە دەرەوە و بۆ ئاستی خەون و ئاواتە پچڕاوەکان دادەبەزێت.

قاسملوو وەک ڕێبەرێکی سیاسی چەندین جار کەوتە نێو دۆخێکەوە کە دەبوو لە نێوان "ئایدیال" و "مومکین"دا یەکێکیان هەڵبژێرێت. دانوستانەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هەرچەندە لە کۆتاییدا بووە هۆی شەهیدبوونی، نیشانەی ئەم جۆرە ڕوانگەیە بوو. ئەو دەیزانی کە دانوستان کزی و لاوازی نییە، بەڵکوو ئامرازێکە لە تەنیشت ئامرازەکانی تری خەباتدا. هەروەها قاسملوو زۆر باش دەیزانی کە بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆ مانەوە و گەشەکردن، پێویستی بە پێگەی کۆمەڵایەتی، شەرعییەتی نێودەوڵەتی و نەرمینواندنی دیپلۆماسی هەیە. ئەو لە سەردەمێکدا کە زۆربەی بزووتنەوە چەپەکانی ناوچەکە خۆیان لە قاڵبە ئایدیۆلۆژییە چەقبەستووەکاندا بەند کردبوو، ڕێگەیەکی "پڕاگماتیک"تری هەڵبژارد. نەک لەبەر ئەوەی بەهاکان بۆی گرنگ نەبوون، بەڵکوو لەبەر ئەوەی دەیزانی سووربوون لەسەر ئایدیۆلۆژیا لە بەرانبەر واقیعە سیاسییەکاندا، لە کۆتاییدا بە زیانی خودی نەتەوەکەی دەشکێتەوە.

دەکرێت هزری سیاسیی دوکتور قاسملوو لە یەک ڕستەدا کورت بکرێتەوە: ئامانجە گەورەکانت هەبێت، بەڵام بە ئامرازی ڕاستەقینەی بەردەستەوە بجووڵێ. ئەم هزرە نە محافەزەکارییە و نە تەسلیم بوون؛ بەڵکوو پێگەیشتوویی سیاسییە. جیاوازیی نێوان خەباتکارێکی ڕۆمانتیک و سیاسەتمەدارێکی پێگەیشتوو، ڕێک لەم خاڵەدایە: هەردووکیان خاوەن ئامانج و ئارمانن، بەڵام دووهەمیان دەزانێت کە دەبێت بە تێگەیشتن لە واقیع، ئارامیی ستراتیژی و ژیریی تاکتیکییەوە شوێن ئامانجەکەی بکەوێت. ئەم پێگەیشتووییە سیاسییە شتێک نییە خۆبەخۆ بەدەست بێت، بەڵکوو پێویستی بە خوێندنەوەی مێژوو، وانەوەرگرتن لە شکستیی کەسانی تر و جۆرە ئازایەتییەک هەیە کە جیاوازە لە ئازایەتیی مەیدانی جەنگ: ئەویش ئازایەتیی قبووڵکردنی ئاڵۆزییەکانە. گوتنی ئەوەی کە بارودۆخەکە ئاڵۆزە و وەڵامێکی سادەی نییە، لە کەشێکدا کە هەمووان چاوەڕێی دروشمن، خۆی پێویستی بە ئازایەتییە. قاسملوو ئەم ئازایەتییەی هەبوو.

لەگەڵ ئەوەشدا، خاڵی گرنگ لە بیری قاسملوودا ئەوەیە کە ئەو هەرگیز ئارمان و ئاواتە مەزنەکان بە تەواوەتی ڕەت ناکاتەوە، بەڵکوو جیاوازی لە نێوان «ئامانج» و «ڕێکار»دا دادەنێت. ئامانجە سیاسییەکان دەتوانن بەرزەفڕانە و تەنانەت ڕادیکاڵیش بن، بەڵام ڕێگەی گەیشتن پێیان دەبێت لەسەر بنەمای واقیعە عەینییەکان ڕۆ نرابێ. ئەم جیاکارییە یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی ڕێبازەکەی؛ چونکە لە لایەک ڕێگری دەکات لە کەوتنە نێو مەحافزەکارییەکی ڕووت، و لە لایەکی تریشەوە، ڕێگری دەکات لە تێوەگلان لە داوی ڕۆمانتیزمی شۆڕشگێڕانە. بە واتایەکی تر، قاسملوو جۆرێک لە «ئارمانخوازیی واقیع‌بینانە» دەخاتە ڕۆژەڤەوە کە تێیدا ئارمانەکان ئاراستەکەرن، بەڵام ئامراز و ستراتیژەکان لەسەر بنەمای توانای جێبەجێکردن ڕێک دەخرێن.

ئەم ڕوانگەیە لێکەوتەی کردەیی گرنگی بۆ کارکردنی سیاسی هەیە. یەکەم ئەوەی دانوستان و سازان نەک وەک نیشانەی لاوازی، بەڵکوو بە ئامرازە پێویستەکانی سیاسەت دادەنرێن. لە زۆرێک لە کولتوورە سیاسییەکاندا، بەتایبەت لە چوارچێوە شۆڕشگێڕییەکاندا، سازان زۆربەی کات بە یەکسانی "تەسلیم‌ بوون" یان تەنانەت "خیانەت" سەیر دەکرێت. بەڵام لە چوارچێوەی «هونەری مومکین»دا، سازان دەکرێت وەک ڕێگەیەک بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی نوێ لەبەرچاو بگیرێت. دووەم ئەوەی کە ئەم ڕێبازە جەخت لەسەر گرنگیی دروستکردنی بەرە و «هاوپەیمانی‌» دەکاتەوە. لە جیهانێکدا کە دەسەڵات بە شێوەیەکی پەرتوبڵاو و چەند جەمسەری دابەش بووە، هیچ هێزێک بە تەنیا ناتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت. کەواتە، توانای دروستکردنی هاوپەیمانیی بگۆڕ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، دەبێتە کارامەیییەکی سەرەکی لە سیاسەتدا. سێیەم لێکەوتەش، پێناسکردنەوەی چەمکی سەرکەوتنە لە سیاسەتدا. لە ڕوانگەیەکی ڕەهاگەرایانەدا، سەرکەوتن تەنیا ئەوکاتە واتای هەیە ئامانجە کۆتایییەکان بە تەواوی بەدی بێن. بەڵام لە ڕێبازەکەی قاسملوودا، سەرکەوتن دەکرێت بە شێوەیەکی ڕێژەیی و قۆناغ بە قۆناغ پێناسە بکرێت. هەر پێشکەوتنێک، ئەگەر سنوورداریش بێت، دەکرێت بە سەرکەوتنێک دابنرێت، چونکە لە ڕێڕەوی بەدیهاتنی ئامانجە گەورەکاندایە. ئەم پێناسەکردنەوەیە نەک هەر یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی پاڵنەر و بەردەوامی لای ئەکتەرە سیاسییەکان، بەڵکوو دەرفەتی هەڵسەنگاندنی واقیع‌بینانەتری بارودۆخەکەش دەڕەخسێنێت.

لە ڕووی تیۆرییەوە، دەکرێت هزری قاسملوو لە چوارچێوەی نەریتی «پڕاگماتیزمی سیاسی»دا دابنرێت. ئەم نەریتە کە ڕەگی لە بیری بیرمەندانی وەک ویلیام جیمز و جۆن دیویدا هەیە، جەخت لەسەر گرنگیی ئەزموون، کار و ئەنجامە بەرجەستەکان دەکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بەهای بیرۆکەیەکی سیاسی نەک لەسەر بنەمای پاکیی تیۆرییەکەی، بەڵکوو لەسەر بنەمای کاراییە کردەیییەکەی دەپێورێت. قاسملوو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی لە کرداردا مومکینە، بە جۆرێک هەر ئەم پێوەرەی بۆ هەڵسەنگاندنی سیاسەت پێشنیار کردووە.

لە هەمان کاتدا، دەبێت سەرنج بدرێتە سەر بەرتەسکی و سنووردارییەکانی ئەم ڕێبازە. جەختکردنەوەی لە ڕادەبەدەر لەسەر مومکینەکان، ڕەنگە ببێتە هۆی جۆرێک لە محافئزەکاری یان تەنانەت قبووڵکردنی دۆخی هەبوو. ئەگەر سنووری نێوان واقیع‌بینی و خۆبەدەستەوەدان بە دروستی دەستنیشان نەکرێت، مەترسی ئەوە هەیە ئامانجە درێژخایەنەکان وردە وردە فەرامۆش بکرێن. کەواتە ئالەنگاریی سەرەکی لەم ڕێبازەدا، پاراستنی هاوسەنگییە لە نێوان نەرمی‌نواندن (انعطاف‌پذیری) و پابەندبوون بە بنەماکان. بە واتایەکی تر، سیاسەتمەدار دەبێت بتوانێت بەبێ لەدەستدانی ئاراستە گشتییەکەی، لە ڕێڕەوی جووڵانەوەکەیدا تاکتیکەکان بگۆڕێت.

لە کۆتاییدا، پەیامی سەرەکیی دوکتور قاسملوو دەکرێت بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە: سیاسەت نەک گۆڕەپانی بەدیهاتنی کتوپڕی ئارمانەکان، بەڵکوو هونەری جووڵەی ژیرانەیە لەنێو کۆسپ و بەرگژەکان بۆ نزیکبوونەوەی قۆناغ بە قۆناغ لێیان.

دوکتور قاسملوو لە ساڵی ١٣٦٨ (١٩٨٩ز) لە ڤییەن بە دەستی دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کرا، ڕێک ئەو کاتەی خەریکی ڕاهێنانی هەمان هونەری مومکین بوو: دانوستان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەکی مومکین بۆ نەتەوەکەی. مەرگەکەی نیشانی دا واقیع‌بینی هەمیشە بەس نییە، بەڵام هزری ئەو نیشانی دەدات کە بەبێ واقیع‌بینی هەرگیز ناکرێت بەرەو پێش بچیت. ئەمڕۆ، ساڵانێک دوای شەهیدبوونی، وتەی ئەو هێشتا زیندووە و دەنگی دێتەوە: «سیاسەت هونەری مومکینە»؛ و ئەم هونەرە، وەک هەر هونەرێکی تر، فێربوونی دەوێت.