کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی وەرزش و لاوان: نیوەی گیراوانی ئێران لاوانی موعتادن

07:26 - 23 جۆزەردان 2715

وەزارەتی وەرزش و لاوان، دەڵێ بەپێی ئامار لە بارودۆخی ئێستادا پتر لە ٣ میلیۆن لاو گیرۆدەی مادە هۆشبەرەكان بوون و سەدی ٤٥ی زیندانیانی ئەم وڵاتەش لە توێژەی كۆمەڵگا پێك هاتووە. وەزارەتی وەرزش هەرەوها دەڵێ حەشیمەتی لاوانی ئێران زیاتر لە ٢٣ میلیۆن كەسە و لە بارودۆخی ئێستادا بەپێی ئامار پتر لە ٣ میلیۆن لاو تووشبووی ماددە سڕكەره‌کانن‌و سەدی ٤٥ی زیندانییانیش لەم چینە پێك هاتوون. هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تەمەنی تووش بوون بەم مادانە لە ئێران دابەزیوە، هەروەها پاش مادەی هۆشبەر، دزی كردن‌و توندوتیژی زۆرترین ئەم تاوانانەن كە لە لایەن لاوانی ئەم وڵاتە ڕوو دەدەن. گوڵزاری جێگری ڕێكخستنی كاروباری لاوانی وەزارەتی وەرزش‌و لاوان وێڕای ئاماژە بە بوونی ١١ میلیۆن و ٢٤٠هەزار سەڵتی ژێر ٣٥ ساڵ لە ئێران گوتی: نێونجیی تەڵاق لە ئێران له‌ دی ٢١ تێپه‌ڕیوه‌ و لە هێندێكگ لە ناوچەكانی تاران ئەم ئامارە تەنانەت تا سەدی ٥٠ بەرز بۆته‌وه‌. بەقسەی ناوبراو ساڵانە لە ئێران ١٦٠ هەزار ژیانی هاوبەش هەڵدەوەشێ كە سەدی ٦٠ی ئەم ڕێژەیە ژنانی جیابووه‌ی ژێر ٣٠ ساڵن. بەپێی قسەكانی ناوبراو كوڕەكان گەورەترین كێشەكانی خۆیان بە نەبوونی كار و شوغڵ دەزانن و كچەكانیش پێیان وایە گەورەترین گرفتی ژیانیان نەدۆزینەوەی كەسێكی باش بۆ پێك هێنانی ژیانی هاوبەشە.