کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نابەرپرسیار بوونی دەوڵەت لە بەرامبەر ٧ میلیۆن منداڵی كار لە ئێران

07:28 - 23 جۆزەردان 2715

بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان لە ئێران نزیكەی ٢ میلیۆن منداڵ وه‌به‌رکار نراون، بەڵام ئامارە ناڕەسمییەكان باس لە بوونی ٧ میلیۆن منداڵی كار دەكەن‌و لەم بەینەدا دەوڵەت هیچ ئەركێكی لە بەرامبەر ئەم منداڵانەدا وەعۆدە نەگرتووە. بەپێی ئاماری رشەسمی لە ئێران، سەدی ٣٠ ی ئه‌و منداڵانه‌ی به‌ركار نراون بە هیچ شێوەیەك ناچنە قوتابخانە و بەشێكی دیكەشیان دەچنە خوێندنگە شەوانەكان‌و بەم شێوەیە دەرس دەخوێنن. زۆربەی دایك و باوكەكانی ئەم منداڵانەش یان بێكارن یان ئەوەی كە داهاتێكی یەكجار كەمیان هەیە، هەر بۆیە ئەم منداڵانە ناچارن بۆ دابینكردنی خەرج وتێچووی ژیانی بنەماڵەکه‌یان كار بكەن. هەروەها لە هێندێك حاڵەتیشدا دەبیندرێ كە باوك یان دایك یان هەردووكیان گیرۆدەی مادە هۆشبەرەكان بوون‌و منداڵەكەشیان ناچار دەكەن بۆ دابینكردنی خەرجی مادەی هۆشبەر كار بكا. چالاكانی مافەكانی منداڵ دەڵێن لە ئێران، منداڵانی كار ناچارن لە كەشی نائەمندا كار بكەن، سەر شەقام شوێنی سەرەكیی كاركردنی ئەم منداڵانەیە. ئەوە لە حاڵێك دایە كە منداڵان بەهۆی بارودۆخی جەستەیی‌و ڕووحیی خۆیان خەسارهەڵگرترین گرووپی كۆمەڵگان‌و زۆر بە ئاسانی مافەكانیان پێشێل دەكرێ و دەكەونە بەر تەعەددا و دەستدرێژی كردن. هەروەها زۆر ڕاپۆرتی دیكەش لە بارەی دەستدرێژی كردن و كۆیلەكردنی جنسیی منداڵانی كار لە كارگاكان، كارخانەكان و تەنانەت ئەم ماڵانەش كە شوێنی كاری ئەم منداڵانەیە لە لایەن خاوەن كارەكانەوە، بڵاو كراوەتەوە. هەر لەم پێوەندییەدا وەزارەتی بێهداشتی ئێرانیش ڕایگەیاندووە بەپێی ئەم لێكۆڵینەوەی كە لە ١٠٠ منداڵی كار و سەرشەقامی ته‌مه‌ن ١٥ بۆ ١٨ ساڵ كراوە، دەركەوتووە كە سەدی 29ی ئەم منداڵانە پێوەندیی جینسییان بووە. هەروەها بەپێی توێژینەوەیەك كە ٥ ساڵ لەوەپێش لە بابەت منداڵانی كار كراوە، ئاشكرا بووە كە سەدی ٥ی منداڵانی كار و سەر شەقام تووشی نەخۆشیی ئێدز هاتوون. بەڵام مینوو مۆحرێز، سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوەكانی ئێدز لە ئێران گوتوویەتی: "ئاماری تووشبوونی منداڵان بەو نەخۆشییە، زۆر لەوە زیاتره‌ که‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌." شایانی باسە ناڕەزایەتیی دەربڕین لە بابەت بارودۆخی منداڵانی كار لە ئێران، لە لایەن چالاكانی مافەكانی منداڵ، لەگەڵ كاردانەوەی ڕێكخراوە ئەمنیەتییەكان بەرەوڕوو بۆتەوە و لە ٤ ساڵ لەمەوبەرەوە تا ئێستا، چارەنووسی چالاكانی مافەكانی منداڵ هەر بانگ كران، لێكۆڵینەوە دەستبەسەر كران و زیندان بووە.