کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری ئێران لە ئاژانس بەڵێنیی ڕوونكردنەوەی چالاكییە ئەتۆمییەكانی كۆماری ئیسلامی به‌ ئاژانس نەدا

07:29 - 23 جۆزەردان 2715

نوێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی، لە دانی بەڵێنی لە بابەت ڕوونكردنەوەی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئەم وڵاتە، كە بەشێك لە ڕێككەوتنامەی سەرەتایی ئێران لەگەڵ ٦ زلهێزە جیهانییەكانن، حۆی بواردووە. ڕوونكردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەشێك لە داواكانی ئامریكا بووە. ئامریكا داوای لە ئێران كردووە پرۆتۆكۆلی ئیلحاقیی جێبەجی بكا كە ڕێگە بۆ سەردانی لەناكاوی ناوەندە ئەتۆمییەكان خۆش دەكا، هەروەها مادەیەكی دیكەشی ئەوە دەخوازێ كە ئێران هەرچی زووتر دروستكردنی هەر ناوەندێكی نوێی خۆی ڕابگەیەنێ. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، ڕەزا نەجەفی گوتوویەتی ئێستاش چەند بابەتێكی دیكە ماون كە پێویستە قسەیان لەسەر بكرێ‌و تا ئێران چاوی بە دەقی كۆتایی نەكەوێ ناتوانێ بیروڕای خۆی دەرببڕێ‌و له‌سه‌ریان ساغ بێته‌وه‌. نەجەفی هەروەها ڕایگەیاندووە كە سەرەڕای بوونی كێشەكان لەسەر بارستایی بەرنامەی پیتاندنی ئۆرانیومی ئێران، كۆماری ئیسلامی و زلهێزە جیهانییەكان دەتوانن تا ئۆلتیماتۆمی دیاریكراو ڕێك بكەون. ئەوەش لە حاڵێك دایە كە هاوكات لەگەڵ دەسپێكی دانووستانە ناوكییەكان، جێگری وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئامریكا بە ئامادە بوونی نوێنەری یەكیەتیی ئورووپا لە ڤیەن، وەزیری دەرەوەی فەرانسە وتوویەتی ئێستاش هیچ گەرەنتییەك نییە بۆ سەلماندنی ئاشیخوازانە بوونی چالاكییەكانی ئێران لە ڕێككەوتنامەی ئەتۆمیدا.