کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساغبوونه‌وه‌ی زلهێزە جیهانییەكان بۆ داڕشتنی ڕێككەوتنامەی گشتگیری ناوكی لەگەڵ ئێران

07:30 - 23 جۆزەردان 2715

زلهێزە جیهانییەكان لە بەرەبەری كۆتایی هاتنی کاتی دیاریکراوی دانووستانە ناوكییەكان لەگەڵ ئێراندا خۆیان ئامادە كردووە تا جگە لە به‌رچاوگرتنی لایەنەكانی بژێرەی نیزامی، دوایین ڕێكەوتنی بەرنامەی ناوكیی ئەم وڵاتە دابڕێژن. هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوە لە مۆڵەتی لە پێشدا دیاریكراو بۆ ئیمزاكردنی ڕێككەوتنامەی گشتیی ناوكی لە نێوان ئێران و گرووپی ١+٥دا، كۆمەڵێك لە كاربەدەستانی ئامریكایی وێڕای هاوپەیمانانی ڕۆژاوایی خۆیان ڕایانگەیاندووە بەتەمان بێ به‌رچاوگرتنی لایەنەكانی بژێرەی نیزامی ، ڕەشنووسی دوایین ڕێككەوتن ئامادە بكەن. ئامریكا پێشتریش ڕایگەیاندبوو كە لە ڕێككەوتنامەی ناوكیدا دەبێ نیگەرانی‌و شك‌و گومانه‌کان لە بابەت لایەنەكانی بژێرەی نیزامیی بەرنامەی ناوكیی ئێران لەنێو بچن، بەڵام ئێستا هەنگاوێكی گرینگ هاوێژراوەو بڕیارە بێ وەبەرچاو گرتنی ئەم مەسەلەیە، دوایین ڕێككەوتنامە دابڕێژن تا پاش دەستڕاگەیشتن بە ڕێككەوتنامەی گشتگیرو، لە كاتێکی دیکه‌ باس له‌ چۆنیه‌تیی ڕه‌واندنه‌وه‌ی شك‌و گومان‌و نیگەرانییەكانی پێشوو بکه‌نه‌وه‌. كاربەدەستانی ڕۆژاوایی دەڵێن بە سەرنجدان بە وەی كە ڕێكەوتی 9ی پووشپەڕ، وەك ئۆلتیماتۆمی دوایین ڕێككەوتن دیاری كراوە، ناكرێ لەم ماوەی كە لە بەر دەمدا ماوەتەوە، وڵامی گشت پرسیار و ناڕونییەكان بدرێتەوە. شایانی باسه‌ ئەم بڕیارە لە حاڵێكدا دراوە كە ڕەخنەگرانی ڕێككەوتنامەی ناوكی بە بەردەوامی سەرنجیان لەسەر چالاكییەكانی ڕابردووی كۆماری ئیسلامی بووەو پێداگرانە ڕایانگەیاندووە كە بەبێ ڕوونكردنەوەی ئەم بابەتانە، كۆمەڵگای جیهانی ناتوانێ لە بابەت ئەم مەسەلەی كە دەبێ تاوتویی بۆ بكرێ، لیستەیەكی ڕوون و دیاریكراو ئامادە بكا.