کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕیوڕەسمی بەشکۆی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزب لە وڵاتی سۆئێد

15:03 - 25 گەلاوێژ 2715

بە بەشداریی سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات ڕێز لە ٧٠ ساڵ مێژوویی پڕ شانازی‌و سەروەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گیرا. ڕۆژی شەممە، ٢٤ ی گەلاوێژ بە بەشداریی نوێنەرایەتیی زۆربەی حیزب‌و ڕێکخراوە کوردستانی‌و سویدییەکان، کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامان، لایانگران‌و دۆستانی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات کە بەشێکی بەرچاویان لە وڵاتانی نۆروێژ، فینلاندو دانمارکەوە ڕوویان لە ستۆکهۆڵم، پایتەختی سوید کردبوو، ڕێز لە ٧٠ ساڵ خەبات‌و تێکۆشانی حیزبی دیموکراتی کوردستان گیرا. ئەو ڕێوڕەسمە پڕ شکۆیە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب لەلایەن کۆڕی سروودی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و راگرتنی یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە یادو بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. لە سەرەتای ڕێورەسمەکەدا سکاڵا حەکیمزادەو ئازاد بانەیی؛ بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە بە کۆمەڵێک هەڵبەست‌و پارچە هۆنراوە بەرەو پیلی ئەو یادە چوون‌و ڕێوڕەسمەکە بە چەند وتەیەکی حەسەن ڕەستگار، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکڕات بە رەسمی دەستی پێکرد. کاک حەسەنی رەستگار سەرەتا پیرۆزبایی ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە سەرجەم تێکۆشەرانی ئەم حیزبە کرد. لە پەیامەکەشی دا جەختی لە سەر سیاسەتی بەردەوامی حیزبەکەی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان لە گەڵ هەموو لایەنەکان کردەوە. بەڕێزیان بە سەرنجدان بە ئاڵوگۆڕەکانی جیهان، هیوای خواست کە دوژمنانی کوردیش بێنە سەر ئەو بڕوایە کە رێگا چارەی کێشەی کورد بە دیالۆگ و ئاشتیانە چارەسەر دەکرێ نەک زەبروزەنگ و کوشت و کوشتار. تێکۆشەی دێرینی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی دیکە لە وتەکانی دا بەداخبوونی خۆی لە ناکۆکی و دابڕانەکانی مێژووی حیزب دەربڕی و داکۆکی لە پێویستیی یەکبوون و یەکڕیزی ریزەکانی ئەم حیزبە کردەوە. بەدوای ئەودا سروودی ٢٥ی گەلاوێژی ٢٤ لە لایەن کۆڕی موزیکی لاوانەوە پێشکەش کراو دوایە پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەو بۆنە پیرۆزەوە لە لایەن هاوڕێ ئەسعەد خزری، بەرپرسی کومیتەی کومیتەی نۆروێژی حیزب خوێندرایەوە. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردو کوردستانییەکان لە سۆئێد پێشکەش کراو لە درێژەی بەرنامەکەدا مستەفا شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی‌و بەرپرسی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان وتاری ئەو بۆنەیەی پێشکێش کرد. مستەفا شەڵماشی لە قسەکانی‌دا وێڕای ئاماژە بە مێژووی پڕ لە هەورازو نشێوی ٧٠ ساڵ خەباتی بێ‌وچانی حیزبی دیموکرات، ئاوڕێکی خێرای لەو مێژوو پرشنگدارە دایەوە کە 70 ساڵ لەمەوبەر بە دەستپێشخەری‌و سەرۆکایەتی پێشەوای مەزنمان قازی محەمەد دەستی پێکردو تا ئێستاش سەرەڕای ئەو هەموو کەند و کۆسپەی کە هاتووەتە سەر ڕێگای، بەڵام بێ پشوودان بەردەوامە لە خەبات‌و؛ بە بەخشینی هەزاران ڕۆڵەی تێکۆشەری، لە ڕێبەرانییەوە بگرە تا هەزاران کادر و پێشمەرگە و ئەندامی، درێژەی بەو ڕێگە دژوارە داوە و دڵنیایە لە سەرکەوتن و دەستەبەر کردنی ماف و ئازادی بۆ گەلەکەی. ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا ئاماژەی بەو دەستکەوت‌و شانازییە دا کە لە کاتی درووستبوونی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە تا ئێستا وەک دیاری پێشکەشی گەلی کورد کراون، کە دەکرێ ئاماژە بە کۆماری کوردستان، ئاڵای کوردستان، سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب‌و ناوی پیرۆزی پێشمەرگە بکرێ. بەڕێزیان هاوکات ئاوڕێکی لەو هەلە لەدەستچووانە دا کە لە ماوەی تەمەنی ئەو حیزبە دا هاتوونە پێش‌و بە چاوێکی ڕخنەگرانەوە باسی کێشە‌و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حیزب کردو کێشە و دووبەرکی و لەت بوونەکانی بە خۆرە بۆ جەستەی داری تەمەنی ٧٠ ساڵەی حیزب زانی. بەڕێز مستەفا شەڵماشی لە کۆتایی قسەکانی دا هیوای خواست کە بنەماڵەی گەورەی دیموکرات بۆ جارێکی دیکە سەریەک کەوێتەوەو ئەو ناکۆکی و دووبەرکییە لە نێو ڕیزەکانی ئەو حیزب دا نەمێنێ. لە بڕگەی دوای ئەوە وێڕای میوانداری لە میوانەکان کیژی دەنگخۆشی دیموکرات خاتوو باوانی کەریمی چەند سروودو گۆرانی خۆشیان پێشکەش کرد. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە دا پەیامی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکیەتیی ژنان لەلایەن خاتوو مەحبووبە ڕەحیمی‌و پەیامی یەکیەتیی لاوان لەلایەن شاخەوان عەبدی‌پوور پێشکەش کران. لە بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەش‌دا هونەرمەند جەمال فەتحیان بە پێشکەشکردنی چەند سروودو گۆرانی کۆڕەکەی ڕازاندەوەو بزەی شادی خستە سەر لێوی بەشدارانی ئەو ڕێوڕەسمە. شایانی باسە کۆمەڵێکی زۆر لە حیزب‌و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، سەرەڕای بەشدارییان، بە ناردنی برووسکە پیرۆزبایی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبیان کربوو کە بریتی بوون لە: * نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان * فیدراسیۆنی کۆمەڵە کورد و کوردستانییەکان لە سوید * پارتی دیموکراتی کوردستان * یەکێتی نیشتمانی کوردستان * کۆمەڵەی شٶڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان * کومەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان * پارتی ئازادی کوردستان * بزووتنەوەی گۆڕان * پارتی سەربەخۆیی کوردستان * کومیتەی کەمپێنی یەکبوون * کومیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکێتی‌یەکانی ژنان و لاوانی دیموکراتی کوردستان