کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشای عەرەبستان: هیوادارم ڕێككەوتنی ئەتۆمیی هەلێك بۆ گەشەی نێوخۆیی ئێران بێ، نەک شه‌ڕه‌نگێزی

05:44 - 15 خەرمانان 2715

مەلیك سەڵمان پاشای عەرەبستان لە دیدار لەگەڵ باراك ئۆباما، سەركۆماری ئامریكادا له‌سه‌ر ڕێككەوتنی ناوكیی زلهێزە جیهانییەكان لەگەڵ ئێران، مەسەلەی تێرۆریسم‌و قەیرانەكانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست سیاسه‌تی وڵاته‌که‌ی ئاشکرا کرد. عەرەبستانی سعوودی، وەك هاوپەیمانی دێرینی ئامریكا، لانیكەم لە ٤ وڵاتی بەحرەین، لوبنان، سووریە و عێراق، زۆر بە ئاشكرا خۆی له‌ به‌ره‌ی دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی كۆماری ئیسلامی‌دا دەبینێ‌و، ئەم وڵاتە بە ڕكەبەری ناوچەیی خۆی دەزانێ. هەڵوێستی ئاشكرای عەرەبستان لەم بوارەدا پشتیوانی كردن لە ڕێككەوتنامەی ناوكیی ڕۆژاوا لەگەڵ ئێران بووە، بەڵام دەوڵەتی ڕیاز نەیتوانیوە نیگەرانیی خۆی لە بابەت ئەگەری بەهێز بوونی ئێران بشارێتەوە. بەدوای دیداری مەلیك سەڵمان لەگەڵ باراك ئۆباما، عادڵ ئەلجەبیر، وەزیری دەرەوەی عەرەبستانیش ڕایگەیاند كە وڵاته‌که‌ی لە گەرەنتییەكانی سەركۆماری ئامریكا لە بابەت ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ڕێژیمی تاران ڕازییە‌و بە ڕای عەرەبستان، ئەم ڕێككەوتنە یارمەتیی جێگیر كردنی ئەمنیەت‌و سەقامگیر بوونی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەدا. سەركۆماری ئامریكا لەم دیدارەدا ڕوونی كردۆتەوە كە ئەم ڕێككەوتنە ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ئەتۆمی دەكاو و بەپێی ڕێككەوتنەكە ئه‌مریکا ده‌توانێ له‌ هه‌ر کات‌و ساتێکدا هه‌موو بنکه‌ نیزامی‌و ئه‌تومی‌و زانستییەكانی ئێران بپشكنێ.