کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیلاری کلینتۆن: ڕێککەوتنی ئەتومیی ئێران بەمانای ئاسایی کردنەوەی پێوندییەکانمان لەگەڵ ئێران نییە

15:08 - 19 خەرمانان 2715

هیلاری کلینتۆن، کە لە نێو دێموکڕاتەکاندا یەکێک لە پاڵیوراوەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکایە، ڕۆژی چوارشەممە ئێرانی وریا کردەوەو گوتی ببمە سەرۆک کۆماری ئێران بە بەکارهێنانی چەک‌و شەڕیش بووبێ نایەڵم ئەو وڵاتە دەستی بە بۆمبی ئەتومی ڕابگا. هیلاری کلینتۆن وێڕای ئاماژە بەوەی ئەو بۆ خۆیشی بەشی زۆری بە وتووێژو دانوستانە دوورو درێژەکان لەگەڵ ئێران هەیە، گوتی ئەو رێککەوتنە بەشێک لە ئیستڕاتیژیی بەربڵاو بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ئەو لەگەڵ ئەوەشدا پێداگری کردەوە کە ئەو رێککەوتنە بەمانای ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران نییە. وەزیری پێشووی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە ناوەندێکی توێژینەوە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەیدا قسەی دەکرد، گوتی دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ کە پرسی ئێران بۆ سەرۆک کۆماری داهاتووی ئەمریکا تاقیکردنەوەیەکی گرینگ‌و مەترسیدارە. ئێران دەیەوێ بزانێ کە چەندە دەتوانێ گەمەکە بە قازانجی خۆی بگۆڕێ. ئەو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: ئەگەر ببمە سەرکۆمار ئەو هەوڵانەی ئێران ناگەنە جێ، چونکی من بە توندی بە گژی هەر چەشنە لادان‌و بێ‌بەڵێنییەکی ئێران دەوەستمەوە. قسەکانی خاتوو کلینتۆن هاوکات لەگەڵ خۆئامادەکردنی کۆنگرە بۆ دەنگدان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتومیی ئێران کراوەو بەپێی هەڵسەنگاندنەکان دێموکراتەکان دەنگی پێویست بۆ رێگری لە دەنگ نەهێنانەوەی ریککەوتننامەکەیان هەیە. لەلایەکی دیکەوە بەپێی نوێترین ڕاپرسیی بنیاتی " پیو"تەنیا سەدی ٢١ ی خەڵکی ئەمریکا رێککەوتن لەگەڵ ئێرانیان بە دڵەو؛ پشتیوانییەکان لەو ریککەوتننامەیە لە چاو مانگی پێشوو سەدی ١٢ لە کەمی داوە.