کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی حدک لە ئوتریش لە پاڕلمانی ئەو وڵاتە

16:39 - 19 خەرمانان 2715

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی دیدار لەگەڵ پاڕلمانتارانی ئوتریش سەردانی پاڕلمانی ئەو وڵاتەی کرد. رۆژی چوارشەممە، ١٨ ی خەرمانان ( ٩ی سێپتامبری ٢٠١٥ی زایینی) هەیئەتێک لە حیزبی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک مستەفا شڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی‌و بەرپرسی کومیتەی بەرێوەبەری دەرەوەی وڵات‌و بە هاوڕێیەتی كاک خدری هەمزە نیژاد، بەرپرسی کومیتەی ئوتریش‌و دکتور عەلی مازوجی، بەرپرسی پێوەندییەکانی کۆمیتەی حیزب سەریان لە پارڵمانی ئوتریش داو لەگەڵ "ڕۆمان هایدیر" و "گرێگۆر ئەمهۆف"، ئەندامانی پارڵمان لە سەر لیستی حیزبی لێبراڵی ئوتریش، دیدار و وتووێژیان کرد. ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب لەو دیدارەدا باسیکی لە سەر پرسە گرینگەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کوردستان‌و ئێران کرد. لەو باسانەدا بابەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران‌و کوردستان لە لایەن رژیمی کوماری ئێسلامیەوە، پرسی کورد بە گشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەراست، شەڕی دژە تێرور و ڕۆڵی هێزەکانی ناوچەو جیهان لەلایەن شاندی حیزبەوە هاتنە بەرباس‌و دوو لایەن ئاڵوگۆری بیروڕایان لەسەر کردن. بابەتێکی دیکە کە لەو دیدارەدا کە هاتە بەرباس‌و ماوەیەکی دوورودرێژە بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە، پروەندەی تێروری شەهید دوکتور قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بوو کە داوا لە ئەندامانی پارلمانی ئوتریش کرا یارمەتیدەر بن لە زیندوکردنەوەی ئەو پەروەنەیەو بەرێوەبردنی عەداڵەت لەو پێوەندییەدا. لەو دیدارەدا هەر دوو ئەندامی پارڵمانی ئوتریش پشتوانیی خۆیان بۆ مەسەلەی کورد بە گشتی‌و داواکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان راگەیاند‌و بەڵینیان دا کە یارمەتیدەر بن لە ‌هینانەوە بەرباسی پروەندەی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو. هەیئەتی حیزب دوای ئەو دیدارو چاوپێکەوتنە لەگەڵ خاتوو کریستینە مۆتونن، ئەندامی پارڵمانی ئوتریش‌و وتەبێژی حیزبی سوسیالیست بۆ سیاسەتی دەرەوەو کاروباری پێوەندیدار بە یەکیەتیی ئورووپا، سیپاستیان لوکینگ، راوێژکاری خاتوو مۆتۆنن‌و، سیپاستیان شوبلاخ، پسپۆر لە سیاسەتی نێونەتەوەیی‌دا دیدار و وتووێژیان کرد. لەو دانیشتنەش دا جگە لە هێنانە بەرباسی کێشەی مافی مرۆڤ لە ئێران‌و کوردستان، باسێکی تێروتەسەل لەبارەی زیندووکردنەوەی پەروەندەی شەهیدکرانی دکتور عەبدوڕەحمانی قاسملووو هاوڕێیانی لەلایەن تێرۆریستەکانی ڕێژیمی تارانەوە هاتە بەرباس، کە ئەو ئەندام پاڕلمان‌و کەسایەتییە سیاسییەنەی ئوتریشیش بەڵێنیان دا بۆ هێنانە بەرباسی ئەو بابەتە لە پارلمان‌و لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکاندا. هەر هەمان ڕۆژ هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، سەردانی بەڕێز خاتوو بێریڤان ئەسڵان، ئەندامی پارلەمانی ئوتریش لە سەر لیستی حیزبی سەوزەکانیان کرد‌و باس و خواسێکی تێروتەسەلیان سەبارەت بە دۆخی نالەباری کوردستان، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و هەروەها خەباتی کورد لە دژی کۆماری ئیسلامی بۆ مافەکانیان کرد. لەو دیدارە هەیئەتی حیزبی داوایان لە خاتوو بێریڤان کرد کە لای خۆیەوە ئەویش هەوڵ بۆ وەگەڕخستنەوەی پەروەندەی تێرۆری شەهید دکتور قاسملوو لە پارلمان و دامو دەزگا قەزاییەکانی وڵاتی ئوتریش بدا. بێریڤان ئەسڵانیش، وێڕانی خۆشحاڵی دەربڕین لەو دیدارو باس‌و خواسەکانی ئەو چاوپێکەوتنە هاوڕایی خۆی لەگەڵ بۆچوونە دروستەکانی حیزبی دێموکڕات لە سەر پرسە سیاسییەکانی ناوچەکە دەربڕی‌و بەڵێنی دا لەسەر پەروەندەی تێرۆری شەهیدانی وییەن‌و درووست کردنی لابییەکی بە هێز پێک هاتوو لە دۆستانی کورد کار بۆ وەگەڕخشتنەوەی ئەو پەروەندەیەو ڕاکێشانی تاوانباران بۆ بەردەم دادگا بکا.