کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی ئەمنیەتیی ئەمریکا: عێڕاق‌و سووریە هەڵدەوەشێن

19:02 - 21 خەرمانان 2715

کاربەدەستانی پایەبەرزی ئەمنیەتی‌و زانیاریی ئەمریکا، یەک لەوان سەرۆکی رێکخراوی زانیارییە بەرگرییەکانی ئەمریکا دەڵێ عێڕاق‌و سووریە بە ئەگەری زۆر لە ساڵانی داهاتوودا بەهۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییە نەتەوەیی‌و ئاینییە نێوخۆییەکانیان هەڵدەوەشێن‌و ڕۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی نوێ لە دایک دەبێ. ژێنەراڵ وینسێنت ستوارت، سەرۆکی ئاژانسی زانیارییە بەرگرییەکانی ئەمریکا دەڵێ بەهۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکی‌و شەڕی نێوخۆیی لە دوو وڵاتی سووریەو عێڕاق ئەو دوو وڵاتە هەڵدەوەشێن. ئەو دەڵێ لە هەر دوو ئەو وڵاتەدا ڕێکخراوی داعش بەشێکی زۆری وڵاتی گرتۆتە دەست‌و لە سووریە بە تایبەت وڵات بەسەر دەوڵەتی ناوندی، کوردەکان‌و گڕووپە توندڕەوەکاندا دابەش بوون‌و دەوڵەتی ناوەندی هیچ دەسەڵاتێکی بۆ یەکخستنەوەی وڵات نییە. ژێنەراڵ وینسێنت ستوارت دەڵێ بەردەوام بیر لەوە دەکاتەوە کە ئاخۆ کوردەکانی عێڕاق جارێکی دیکەش دەگەرێنەوە بەغدا، هەروەها لە سووریەش ئەو وڵاتە لە داهاتوویەکی نیزیکدا دەبێتە دوو بەش یان سێ بەش. سەرۆکی ئاژانسی زانیارییە بەرگرییەکانی ئەمریکا دەڵێ ئەوە خواست‌و ئامانجی ئەمریکا نییە، بەڵام واقعێکەو ڕوو دەدا. جان بێرنان، سەرۆکی"سیا"، ڕێکخراوی زانیارییە ناوەندییەکانی ئەمریکاش کاربەدەستێکی دیکەی پایەبەرزی ئەمنیەتیی ئەمریکایە کە دەڵێ لەگەڵ ئەوەی تا ئێستاش سنوورەکانی ئەو دوو وڵاتە لە جێی خۆیانن، بەڵام دەوڵەتی ناوەندی هیچ کۆنتڕۆڵیکی بەسەر ئەواندا نییە. سەرۆکی ڕێکخراوی "سیا"ی ئەمریکا دەڵێ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ لە داهاتوودا زۆر جیاواز دەبێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئێستا‌و رەوتی ڕووداوەکان لە داهاتوودا وڵاتی نوێ لە نەخشەی جوغرافیای ئەو ناوچەیەدا دروست دەکەن. ئەو قسەو رادەربڕینی کاربەدەستانی پایەبەرزی ئەمریکا لە حاڵێک دایە کە کاربەدەستانی ئێران کە هاوپەیمانی دوو دەوڵەتی ناوەندی لە عێڕاق‌و سووریەن، هەروا پێداگری لە سەر پاراستنی یەکپارچەیی سنوورەکانی ئەو دوو وڵاتە دەکەن.