کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی ئابووری نیزامییەکان بەبڕیاری خودی خامنەیی بووە

14:53 - 25 خەرمانان 2715

سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دەڵێ چالاکیی ئابووریی ناوەندە نیزامییەکان لە ئێران بە بڕیاری خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم‌و لە ژێر ناوی بەسیجی " ئابووریی بەرگری" بووە. حەسەن فیروزابادی لە کۆبوونەوەی فەرماندەرانی نیزامیی کۆماری ئیسلامی‌دا گوتی: "بڕیاری خامنەیی ئەوە بوو کە هێزە چەکدارەکان هەموو زەرفییەتەکانی خۆیان بەکاربێنن، ئەوان پێویستە خانوو بۆ کارمەندەکانیان دروست بکەن، وامیان پێبدەن، کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن، یارمەتیی ژنهێنان‌و بەشوودانی کچەکانیان بکەن‌و ئەوانەش دەخوازێ کە ئەو ناوەندە نیزامییانە چالاکیی ئابوورییان هەبێ، وەک چۆن ئیمامی عەلی ئامۆژگاریی مالک ئەشتەری کردوە کە باشترین فەرماندەکان ئەوانەن کە باشتر بە ژیانی خۆیان ڕادەگەن". فیروزابادی گوتی کە لە ئابووریی بەرگری‌دا هەم سپا، هەم هێزە ئینتیزامییەکان، هەم ئەڕتەش، هەم ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان هەموو بەکاروباری ئابوورییەوە خەریک بوون، جا ئیدی دەبینی یەک باش هێناویەتی یەک باشتر، بۆ وێنە سپا لە هەموو ناوەندە نیزامییەکان باشتر کاری کردوە. ئەو قسانەی بەرزترین کاربەدەستی نیزامیی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێک دایە کە ڕابردووی چالاکیی ئابووری زۆر لە ناوەندە نیزامییەکان، بۆ نموونە سپای پاسداران بۆ زیاتر لە ٢٥ ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە، ئەوە لە حاڵێک دا کە ناوەندە نیزامییەکان لە پێدانی ماڵیاتیش مەعاف کراون، لە تەنیشت ئەوەش کۆمەڵە بنیاتێکی بەناو مەزهەبیی ژێر چاوەدێری خامنەیی وەک " ستادی ئیجڕایی بڕیارەکانی خومەینی"، " بنیاتی موستەزعەفان" و " ئاستانی قودسی ڕەزەوی" لە نێوان سەدی ٦٠ تا سەدی ٧٠ ی ئابووریی ئێرانیان بە دەستەوەیە. هەروەها بڕی دارایی‌و سامانی ئەو کۆمەڵە ئابوورییانە کە بە " ئیمپراتوریی خامنەیی" ناودەبرێ، زیاتر لە ١٠٠ میلیارد دۆلار بەراورد کراوە.