کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمیناری یادی دوکتور شەڕەفکەندی‌و هاوڕێیانی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

18:40 - 26 خەرمانان 2715

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ٢٣ ساڵەی تێرۆری مێکونوس‌دا کە شەهیدکرانی دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان؛ فەتاح عەبدولی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی‌و نوێنەری حیزب لە ئورووپا‌و هۆمایون ئەڕدەڵان، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمانی لێکەوتەوە، سمینارێکی پێکهێنا. لەو سمینارەدا کە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ ی خەرمانان بەبەشداریی سەدان کەس لە کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرێوەچوو، کاک عومەر باڵکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌و یای خەج مەعزووری، ئەندامی کۆمیتەی ناوندیی حیزب دوو باسیان بەو بۆنەیە پێشکێش کرد. ئەو سمینارە بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی ٢٦ ی خەرمانانی بێرلین دەستی پێکردو دواتر کاک عومەر باڵکی باسێکی لە سەر چۆنیەتیی ئەو ڕووداوەو کاریگەری‌و ئاکامەکانی پێشکێش کرد. کاک عومەر باڵکی باسەکەی بە سەرەتایەک لە مێژووی تێرۆر لە کۆماری ئیسلامی‌دا دەست پێکردو گوتی تێرۆر وەک چەکی لەنێوبردنی فیزیکیی نەیاران هەر لەگەڵ هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بە دەستی کاربەدەستانی رێژیمەوە بووەو ڕێژیم بەردەوام لە چەکی تێرۆر لە نێوخۆی وڵات‌و دەرەوەی وڵات کەلکی وەرگرتوە. ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دواتر هاتە سەر ئەو باسەی کە بۆ حیزبی دێموکڕات‌و لەبەرچی سکرتێرەکانی ئەو حیزبە هەمیشە نیشانەو ئامانجی تێرۆر بوون، پاشان بە وردی مەبەستەکانی رێژیم لە پلاندانان بۆ تێرۆری مێکۆنووسی شی کردەوە. باسکردن لە چۆنیەتیی بڕیاری تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی، ئامادەکارییەکانی تیمی تێرۆر، کۆبوونەوەکەی مێکۆنوس، ڕووداوی تێرۆرەکەو پاشان بەدواداچوونی پۆلیس‌و دەزگای قەزایی ئاڵمان، بڕیاری دادگاو کاریگەریی لە پێوندییەکانی ئێران لەگەڵ دنیای دەرەوەو ئاڵوگۆرەکانی دوای ئەو ڕووداوە چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکەی کاک عومەر باڵکی لەو سمینارەدا بوون. کۆڕگێرێکی دیکەی ئەو سمینارە خاتوو خەدیجە مەعزووی بوو، خاتوو خەدیجە مەعزووری کە ماوەیەکی زۆر لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان لە نیزیکەوە هاوڕێ‌و هاوکاری دوکتور شەڕەفکەندی بووە، باسەکەی بۆ دوان لە سەر هەندێ تایبەتمەندییەکانی دوکتور شەڕەفکەندی تەرخان کردبوو. باسکردن لە هەندێ تایبەتمەندییە گشتییەکانی دوکتور شەرەفکەندی وەک پێداگریی لەسەر پاراستنی ئوسولی حیزبی‌و نەزم‌و دیسیپلین، بوێری لە هەڵویست گرتن لە کاتی تەنگانەدا، رووحییەی بەرز و بە هێزی نەتەوایەتی‌و پەرەپیدانی ئەو هزرە، قاتع‌و قانع و سادق و خاکی بوونی ئەو قسەی کردو کۆمەڵێک بیرەوەریی خۆی لەگەڵ دوکتور شەڕەفکەندی گێڕاوە. ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئاماژە بە قۆناغی وەرگرتنی پۆستی سکرتێری لەلایەن دوکتور شەڕەفکەندی بە دوای تێرۆری دوکتور قاسملوو گوتی: کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانی بە چۆکداهاتنی حیزبی دیمۆکرات بوو، بەڵام دوکتور شەرەفکەندی بە ئیمانی پۆڵایین‌و ورەی چیاییەوە رێبەریی حیزبی دێموکراتی وەئەستۆ گرت‌و، نەهێشت بێ قاسملوویی بە حیزبی دێموکراتەوە دیار بێ. سمیناری یادی ٢٣ ساڵەی شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی‌و هاوڕێیانی بە بەڵێن نوێکردنەوەی رێبوارانی رێگای شەهیدانی مێکۆنووس کۆتایی پێهات.