کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی دوو لایەنی دیموکرات لە ئاستی دەفتەری سیاسیدا

15:15 - 6 رەزبەر 2715

دوو لایەنی دێموکڕاتەکان لە ئاستی دەفتەری سیاسی‌دا کۆبوونەوە. پێشنیوەڕۆی یەکشەممە ٢٧ی سێپتامبر(٥ی مانگی ڕەزبەر)، هەیئەتێک پێکهاتوو لە ئەندامانی دەفتەری سیاسیی حدکا بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتی ، سەردانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی دەفتەری سیاسیی حیزب بە سەرپەرستیی ڕێزدار خالید عەزیزی سکرتێری گشتی، پێشوازیی لێکرا. ئەم دانیشتنە هاوبەشەی هەر دوو لایەنی دیموکرات لە ئاستی دەفتەری سیاسی‌دا بۆ درێژەی باس‌و وتووێژ لە سەر پرسی یەکگرتنەوە بوو کە ماوەی چەند مانگێک بوو وتووێژەکانی پێوەندیدار ڕاگیرابوون. لە سەرەتای باسەکانی ئەم دانیشتنەدا، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کاک خالید عەزیزی، وێڕای بە خێرهێنانی هەیئەتی میوان، خۆشحاڵیی خۆی‌و ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان ڕاگەیاند. پاشان کاک مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حدکا، تێڕوانینی خۆیان بۆ پرسی چۆنیەتیی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان خستە ڕوو. ئەو تێڕوانینەی لایەنی حدکا وڵامدانەوەیەکی تا ڕادەیەک ئەرێنیی بە پێشنیارو دەسپێشخەرییەکانی پێشووی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی تێدا بەدی دەکرا. وەک نموونەی ئەو ئاڵوگۆڕانە دەکرێ ئاماژە بە قبووڵکردنی مێژووی هەر دوو لایەنی دیموکرات وەک بەشێک لە مێژووی حیزبی دیموکراتی یەکگرتوو بکەین کە یەکێک لە بنەماکانی ڕێککەوتننامەی یەکگرتنەوە دەبێ. دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەر چەند وڵامدانەوە بە پێشنیارەکانی هەیئەتی میوانی بۆ دوای هەڵسەنگاندنیان لە کۆبوونەوەی تایبەتیی خۆی لە ڕۆژانی داهاتوو دا هەڵگرتوە، بەڵام هەر لەم دانیشتنەش‌دا کۆمەڵێک لە خاڵە لاوازەکان‌و ناتەواوییەکانی پێشنیارەکانی لایەنی بەرامبەرو تێبینی‌و ڕاو سەرنجەکانی خۆی لە بارەیان بە ڕاشکاوی هێنایە گۆڕ. خاڵی جێگای سەرنج لە باسەکانی ئەم دانیشتنە‌دا ئامادەیی نێشاندانی هەردوو لا بۆ هاوکاری و هاوفکری لە دابینکردنی گرنگترین ئەو بنەمایانەدا بوو کە پێویستە یەکگرتنەوەی هەر دوو لایەنی دیموکراتی لە سەر دابمەزرێ. هەر دوو لایەنیش وێڕای پێداگرتنەوە لە سەر زەروورەتی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان، بە ئەرکی سەرشانی خۆیان زانی بە جیددییەتی زیاترەوە کار لە سەر پرسی یەکگرتنەوە بکەن و ئامادەیی زیاتر بۆ وەرگرتن و قبووڵی تێبینی و بۆچوونەکانی لایەنی بەرامبەریان لە خۆیان دا پێک بێنن.