کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌شداریی شاندێکی حدک له‌ ڕێوڕه‌سمی رۆژی جیهانیی مامۆستا لە ستۆکهوڵم

02:06 - 15 رەزبەر 2715

به‌به‌شداریی شاندێکی حدک له‌ ڕێوڕه‌سمی رێزگرتن لە رۆژی جیهانیی مامۆستا لە ستۆکهوڵم به‌ڕێوه‌چوو. ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌، ١٢ی ڕه‌زبه‌ر له‌ ڕیوڕه‌سمێک‌دا که‌ لە لایەن چەند حیزب‌و ڕێکخراوی کورد، بەلووچ‌و فارس له‌ ستۆکهۆلم به‌ڕێوه‌چوو، رۆژی جیهانیی رێزی لێ گێرا. ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ لە چوارچێوەی ئاکسیۆنێک بۆ پشتیوانی لە مامۆستایانی نێوخۆی ئێران، رێک خرابوو. ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ بە سروودی "یار دبستانی" دەستی پێکردو پاشان حەسەن ئەهوەن، ئەندامی کۆمیته‌ی حیزب له‌ سۆئێد‌و بەڕێوەبەری بەرنامەکه‌ ڕیزی به‌رنامه‌کان‌و مه‌به‌ست له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ی بۆ ئاماده‌بووان شی کرده‌وه‌. له‌ بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا حەسەن حاتەمی، ئه‌ندامی جێگری کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب کە لە لایەن کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبه‌وه‌ لەو ئاکسیۆنەدا، بەشدار بوو، وتارێکی پێشکێش کرد. حه‌سه‌ن حاتەمی وێرای پێرۆزبایی بە بۆنەی رۆژی جیهانی مامۆستا، باسی لە کراونەوەی قوتابخانەکان‌و دستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی لە ئێران کرد. مەسەلەی خوێندن بەزمانی دایک بۆ هەموو نەتەوە نافارسه‌کان لە ئێران‌و بەتایبەتی بۆ گەلی کورد، دروست بوونی کەسایەتیی مرۆڤ لە رەوتی خوێندن‌و کاریگەریی زمانی دایک له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، خەباتی هەمە لایەنەی کوردەکان لە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی، تێکۆشانی مامۆستایان‌و کرێکاران بۆ دامەزرانی سێندیکای ئازادی ئەوان‌و پێویستیی یەکگرتن بۆ سه‌رکه‌وتنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ خەبات دژی کۆماری ئیسلامی چه‌ند ته‌وه‌ری سه‌ره‌کیی قسه‌کانی ئه‌ندامی ڕێبه‌ریی حیزب له‌و ئاکسیۆنه‌ بوون. له‌و ئاکسیۆنه‌دا کۆمه‌ڵێک دروشم بە زمانەکانی کوردی، فارسی، سوئێدی و ئینگلیسی بەشێوەی پۆستێر چاپ‌و بڵاو ده‌کرانه‌وه‌ کە سەرنجی بەشدرانی بۆ لای خۆیان راده‌کێشا. شایانی باسه‌ ئەوە حیزب و رێکخراوانەیبه‌شداری ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ بوون، بریتی بوون له‌: حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، بەرەی ئازادیخوازانی ئێران، گروپی مافی مرۆڤی بەلووچستان، بەرەی دێموکراتیکی ئێران، حیزبی مەردومی بەلووچستان ، حیزبی تەزامونی ئەهواز و سازمانی دێموکراتیکی یارسان.