کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی کۆما جڤاکین کوردستان لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

18:14 - 5 خەزەڵوەر 2715

لە دیدارێکی نێوان حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌و کۆما جڤاکین کوردستان‌دا پرسە سیاسییەکانی کورد لە ناوچەدا تاوتوێ کران. رۆژی دووشەممە ٤ی خەزەڵوەڕ (٢٦/١٠/٢٠١٥ی زایینی) هەیئەتیکی پارتی کریکارانی کوردستان (کۆما جڤاکێن کوردستان) بە سەرپەرستیی سەرحات ڤارتو، ئەندامی سەرکردایەتی‌ کەجەکەو هاوڕێیەتیی مەروان رۆژڤان‌و جەمال ئەرداڵ لە پەیوەندییەکانی کەجەکە لە هەریمی کوردستان سەردانی سکرتاریای حیزبی دیموکراتی کوردستانیان کردو لە لایەن هەئیەتکی حیزبەوە بە سەرپەرستیی حەسەن قادرزادە، ئەندامی دەفتەری سیاسی؛ ئیبراهیم زێوەیی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی‌و حەسەن خۆشکەلام، ئەندامی موشاویری کومیتەی ناوەندی‌یەوە پێشوازی کران. لەم دیدارەدا کۆمەلێک پرس‌و بابەتی پەیوەندیدار بە کێشە‌و ڕووداو ئاڵوگۆرەکان لە رۆژهەلاتی ناوەراست‌و ململانیی زلهێزەکان‌و، شەرو ماڵوێرانی‌و ئەو قەیران‌و ئاریشانەی لە ئاکامی دروستبوونی ئەم بلوک‌بەندیانەدا هاتوونە ئاراوە، باس‌و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. لە باسەکانی دوو لایەن‌دا هەروەها باردۆخی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە چوار بەشی کوردستان‌و ئەو قۆناغانەی کە تێێ دان، بە تایبەتی ئەو ڕووداوو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا گریمانەی سەرهەڵدان‌و دروست بونیان هەیە‌و نەخش‌و دەوری وڵاتانی حاکم بە سەر کوردستان‌داو؛ ئەرک‌و بەرپرسایەتیی هیزە سیاسیەکانی کوردستان لەم قۆناغە ئاستەم‌و هەستیارەدا باسیان لێکراو؛ دوو لایەن لە سەر پێویستیی پاراستنی بەرژەوەندییە بالاکانی نەتەوەیی‌و یەکریزی کوردو هاوکاریی بەربڵاو لە نێوان هێزەکان‌دا هاوڕا بوون.