کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی بەرینی تەشکیلاتی کومیتەکانی حدک لە وڵاتی سۆئێد

20:03 - 11 خەزەڵوەر 2715

له‌ وڵاتی سۆئێد کۆبوونەوەیەکی بەرینی تەشکیلاتی به‌ به‌شداریی کومیتەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌چوو. ڕۆژی شەممە، ٩ ی خه‌زه‌ڵوه‌ر(٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥ی زایینی) له‌ شاری لینشۆپینگی وڵاتی سوید کۆبوونەوەی بەرینی تەشکیلاتی، بە بەشداریی نوێنەری زۆربەی کومیتەی شارەکانی حیزب، نوێنەرانی یەکیه‌تیی ژنانی دیموکرات لە وڵاتی سۆئێدو هەروەها حەمەڕەسووڵ کەریمی‌و حەسەن حاتەمی، ئەندامانی ڕێبەری‌و نوێنەرانی کۆمێسیۆنی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات، بەڕێوە چوو. لەو کۆبوونەوەیەدا باسێکی تێروتەسەل سەبارەت بە کاروباری تەشکیلاتیی حیزب لە وڵاتی سوید کرایه‌ ده‌ستووری کاری سمینارەکە‌و ئاوڕێکی خێراش درایەوە لەو چالاکییانەی کە لە ماوەی چەندین مانگی رابردوودا کراون. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا حەسەن حاتەمی، ئه‌ندامی ڕێبه‌ریی حیزب له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات باسێکی کورتی له‌سه‌ر کاروباری تەشکیلاتی لە دەرەوەی وڵات کردو هاواکات چەند بڕیارێکی لە پەیوەندی لەگەڵ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکانی کۆنگرەی ١٦ی حیزب لە دەرەوە وڵات، بە به‌شدارانی سمیناره‌که‌ ڕاگەیاند. له‌ بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌دا حەمەرەسووڵ کەریمی، ئەندامی ڕێبەری‌و بەرپرسی کومیتەی حیزب لە سوید باسێکی گشتی سەبارەت بە کاروچالاکییەکانی کومیتەی گشتی حیزب لەو وڵاتە پێشکەش کرد، هاوکات ئاوڕێکی خێرای دایەوە لە سەر بەرنامەی کاری کومیتە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی‌و داوای لە هەموو کومیتەکان کرد کە بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی ئەو کارانە هاوکارو پشتگیری کومیتەی گەشتی بن. لە تەوەرێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە دا هاوڕێیانی بەشدار ڕاو بۆچوونی خۆیان لە پەیوەندی لەگەڵ ڕاپۆرتی کاری کومیتە خسته‌ به‌رباس‌و بە هەڵسەنگاندن‌و لێ‌وردبوونەوە لە کارەکانی چەند مانگی ڕابردوو، چەندین پێشنیاری بەجێیان پێشکەش کرد. بەشی کۆتایی ئەو کۆبوونەوە بەرینە تەرخان کرا بۆ پرسیار و وڵام، کە لەو بەشەش دا هەموو هاورێیانی بەشدار، چالاکانە تێکه‌ڵ به‌ باسەکان بوون‌و حەسەن حاتەمی و حەمەرەسووڵ کەریمی وڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.