کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی جێژنی ٢٦ی سەرماوەز له وڵاتی دانمارک

05:58 - 24 سەرماوەز 2715

کۆمیتەى حیزبی دیموکراتی کوردستان له وڵاتی دانمارک بۆ رێزگرتن لە یادو بیرەوەریی ڕۆژی پێـشمەرگەی کوردستان رێوڕەسمێکی بەڕێوەبرد. رۆژی شەممە، ٢١ ی سەرماوەز ( ١٢ی دسامبری ٢٠١٥ی زایینى) کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ریزگرتن لە ڕۆژی٢٦ ی سەرماوەز، ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵاو رۆژی پێشمەرگەی کوردستان ڕێوڕەسمێکی بەبەشداریی به ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامان‌و لایەنگران‌و دۆستانی حیزب لە دانمارک‌و هەروەها نوێنەرانی حیزب‌و رێکخراوە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان لەو وڵاتە بەڕێوەبرد. ئەو ڕێوڕەسمە به سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب‌و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یاد‌ی شەهیدانی حیزب‌و گەل دە ستی پێکردو بە دوای ئەودا پەیامی کۆمیته حیزب لە دانمارک بەو بۆنەیە، له لایەن هیوا زەبیحی بەرپرسی کۆمیتەوە خوێندرایەوە. له پەیامی کۆمیتەدا وێڕای پیرۆزبایی ئەو دوو بۆنه گرینگه لە پێشمەرگە‌و ئامادەبووان‌و گەلی کورد، ئاوڕ لە دوایین گۆڕانکارییە سیاسی‌یەکان لە کوردستان‌و ناوچە درابۆوە. لە درێژەی ئەو ریوڕەسمەدا کۆمەڵێک کەس پەیامیان پێشکێش کرد کە بریتی بوو لە: - موسا ڕەشید، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان له وڵاتی دانمارک - میرزا ئاکار، لێپرسراوی پارتی ئازادى کوردستان (باکوور) لە دانمارک - عەدنان ئاغا جان، بەرپرسی ئینسیاتیڤی کورد لە دانمارک - هەروەها خوێندنەوەی برووسکەی کۆمیتەى رێکخستنی یەکیەتیی نیشتیمانی كوردستان، کۆمیتەى دانمارکی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان‌و یەکیەتی ئافرەتانی دێموکراتی کوردستان. لە بەشێکی دیکە ئەو ڕێوڕەسمەدا له لایەن کۆمیتەی حیزبەوە لەوحی رێز لێنان پێشكەش به کۆمەڵێک پێشمەرگەی دێرین، مام ڕەسوڵ ڕەحمانی، محەممەد شاروێرانی‌، حاجی عەلی دیب‌و ڕەحمان خۆش ئەبروو کراو له برگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا کاک هاشم رۆستەمی پارچە پەخشانێکی به ناوی پێشمەرگە پێشكەش کرد. خوێندنەوەی پارچه شیعرێك له ژێر ناوی پێشمەرگە لە لایەن کیژی لاو ژیلا رەحمانی‌و چەند هۆنراوەیەکی حیماسی لەلایەن ئارەزوو خالید نژادو ئەحمەد؛ پێشکێشکارانی بەرنەمەکەو شایی‌و شادی بەشداران چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون.