کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی ٢٦ ی سەرماوەز لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

22:29 - 26 سەرماوەز 2715

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە شکۆوە یادی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان‌و ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانی کردەوە. ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ ی سەرماوەز لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ ڕێزلێنان لە یادو بیرەوەریی حەماسەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان‌و هەروەها هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، بە بەشداریی سەدان کەس لە کادرو پێشمەرگە، ئەندامان‌و بنەماڵەی پێشمەرگەکان نیشتەجێ لە بنکەکانی دەوروبەری دفتەری سیاسیی حیزب بەڕێوەچوو. ئەو ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب‌و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادو بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ‌کردو کاک کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وتاری حیزبی بەو بۆنەیەوە پێشکێش کرد. کاک کەماڵ کەریمی لە سەرەتای قسەکانی‌دا بە ئاماژە بە مێژووی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە مەهاباد گوتی: "ئەگەر ٧٠ ساڵ لەوە پێش هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ٢٦ ی سەرماوەز نیشانەی دەرخستنی هۆوییەتی نەتەوەیی‌و هەوڵدانێک بۆ ئەوە بوو لەو سەردەمەدا ڕابگەیەندرێ کە کوردستان‌و نیشتمانێک هەیەو ئەوە ئاڵاکەیەتی؛ بەڵام دەیان ساڵ خەباتی ڕۆڵەکانی ئەو نەتەوە دەری خست کە ئەوە هەر کاردانەوە نەبووە بە ڕووداوێکی سیاسی، بەڵکوو ئەمە سەرەتایەک بۆ چەسپاندنی هێمای نەتەوەیی بۆ هەموو مێژووی کورد بوو. ئەمڕۆ دەبینین لە هەولێر، لە ئامەد، لە قامیشڵوو تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەرمی شەهیدانی ئەو نەتەوەیە لە ئاڵای کوردستانەوە دەپێچێرێ‌و بە ڕێزەوە بە خاکی پیرۆزی کوردستان دەسپێردرێ. ئەوە دەری‌خست ئەو پەیامەی کە ٧٠ ساڵ لەوە پێش ڕێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە نەتەوەی کوردی داو ئەو ڕێبازەی خستە بەردەم نەتەوەی کورد؛ ئێستا دوای ٧٠ ساڵ هەموو نەتەوەی کورد شانازیی پێوە دەکەن‌و ئەو شانازی‌یە، بەشێکی بە حیزبی دێموکراتی کوردستان‌و بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکانی ئەو حیزبە دەبڕێ." ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا بە ئاماژە بە ناونانی ڕۆژی ٢٦ ی سەرماوەز بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە ساڵی ١٣٦٣ ی هەتاوی‌دا، گوتی:" ئەگەر حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ ئاڵای کوردستانی وەکوو هێماو رەمزی نەتەوەیی هەڵ‌کرد، لە ساڵی ١٣٦٣دا وەکوو ڕێزلێنان لە ئازایەتی‌و فیداکاریی هێزی پێشمەرگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو ڕۆژەی بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان ناساندو لەو ڕۆژەوە پێـشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات، حیزبی دێموکڕات‌و خەڵکی کوردستان بوونە خاوەنی دوو ڕۆژی مێژوویی، رۆژێک کە ڕێز لە ئاڵای کوردستان‌و ئاڵاهەڵگرانی خەباتی نەتەوەیی، واتە پێشمەرگەکانی کوردستان دەنرێ." کاک کەماڵ کەریمی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا پەڕژایە سەر چالاکیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەم چەند ساڵەی دوایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و ناوچە سنووری‌یەکان‌و بە بەرزنرخاندنی هەڵسووڕانی پێشمەرگە لە نیشتمان‌و زێدی خۆیان گوتی: " ئەم جموجۆڵانە دەریان خست کە هیچ خەندەقێک‌و هیچ تەلبەندێک ناتوانێ کەلێن‌و کەلەبەر بخاتە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان‌و کۆمەڵانی خەڵکەوە. پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو چەند ساڵەی ڕابردوو بەتایبەت لەمساڵ‌دا بە دوژمنیان نیشان دا کە هەتا دڵی خەڵکی کوردستان بە گەرمی بۆ ئەوان لێ‌بدا، هەنگاوەکانی پێشمەرگە قایمترن بۆ ئەوەی بگەنە لایان. وەک دیتمان پێشوازیی خەڵکی کوردستان لە گوندەکان، لە شارەکان، لە مەزراو مووچەو لە خێوەتەکان بە دروشمی بژی هێزی پێشمەرگە، بژی حیزبی دێموکڕات‌و قاسملوو رێگات درێژەی هەیە؛ دەری خست کە ئیمکانی نیە هیچ سنوورێک لە نێوان خەڵک‌و هێزی پێشمەرگەدا دابنرێ." ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا بە تیشک خستنەسەر ئەوەی کە ناوی پێشمەرگە لەمڕۆدا سنووری کوردستان‌و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەزاندوەو؛ لە کۆمەڵگای جیهانی‌و ناوەندەکانی بڕیاردا دێتە سەر زار، باسی لە وەرگیرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وەک ئەندامی هەمیشەیی لە رێکخراوی ئێنتێرناسیۆنال سۆسیالیستی کردو گوتی: بە کەمی مەبینن ئەگەر لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناو و دەنگ‌و ڕەنگتان هەیە، ئەگەر دوای سێ دەیە پێوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەگەڵ رێکخراوی ئێنتێرناسیۆنال سۆسیالیست ئەمساڵ حیزبەکەمان وەک ئەندامی ئەسڵی لەو ڕێکخراوەیەدا وەردەگیرێ، بێ گومان کاریگەریی تێکۆشانی ڕاستەوخۆی ئێوەی لەسەرە، ئێمە دەسخۆشی لە دیپلۆماتەکانی حیزبی دێموکرات‌و بە تایبەتی لە نوینەری حیزب لە رێکخراوی ئێنتێرناسیۆنال سۆسیالیست دەکەین، بەڵام بێ‌گومان بەبێ پشتیوانیی ئێوەو بەبێ لەبەرچاوگرتنی تێکۆشانی ئێوە حیزبی دێموکڕات وا بەئاسانی نەدەگەیشتە ئەو ئاستە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا تاکە حیزب بێ کە لە رێکخراوێکی نێونەتەوەیی وەک رێکخراوی ئێنتێرناسیۆنال سۆسیالیست‌دا بە ئەندام وەربگیرێ." دوای قسەکانی کاک کەماڵ کەریمی‌و پێشكێش‌کردنی سروودێک لەلایەن کۆرسی کۆڕی هونەری، پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو بۆنەیە لەلایەن پێشەوا عەلیپوور، سکرتێری ئەو ڕێکخراوەیە پێشکێش‌کرا. پێشەوا عەلیپوور لەگەڵ باس لە فەلسەفەی هەڵکردنی ئاڵاو خەباتی کورد لە ژێر ئەو ئاڵایەدا ئاوڕی لە تێکۆشانی ڕۆڵەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوو دایەوە و گوتی: ئه‌مساڵ وه‌ک لوتکه‌ی حزووری چه‌کدارانه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکرات له‌‌ رۆژهەڵاتی کوردستان، لاوانی دێموکرات پشکی شێریان به‌رکه‌وتووه‌و پێشمه‌رگه‌ی به‌ ئه‌مه‌گی رێبازی حیزبی دێموکرات بوون‌و به‌ڵێنی نه‌سره‌وتن تا سه‌رکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک‌و خاکی کوردستان دووپات کرده‌وه‌و هاوکات خه‌ڵکی کوردستانیش به‌ پێشوازی گه‌رمیان له‌ پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سه‌لماندیان که‌ چاره‌نووسی بزووتنه‌وه‌ی رزگایخوازی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ ده‌ست حیزبی دێموکرات دیاری ده‌کرێ. لەو پەیامەدا ڕوو بە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتبوو کە ئێوەش لەنێوخۆی کوردستان دەتوانن لەسەر بنەمای ئەو میراتە گرینگەی کە جیهان پێی دەنازێ، لەسەر پێ بن‌و پێشمەرگەئاسا لەدژی سیستەم‌و سیاسەتی کوردقڕانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوەستنەوە. ژینگەپارێزیتان، ئەدەبیاتی کوردی خۆشەویستیتان، زمان پارێزیتان لەناو ئەو سیستەمە زاڵمەدا پێشمەرگایەتییە. ئێوە کە ناتانەوێ تەنانەت لەپێناو بژێوی ژیانیش‌دا پشت لەپێشمەرگە‌و ‌حیزبی دێموکرات بکەن هەر پێشمەرگەن، ئێوە کە لەزانکۆکان‌دا نوێنەری بیری یەکیەتیی لاوانن، لە کۆڵانەکان‌دا دەنگی لاوانی دێموکراتن هەر پێشمەرگەن. ئێوە کە بەبیرو هزر دژی تووندرەویی مەزهەبین، لەناختان‌دا نەتەوەپەرەست‌و دێموکراتن هەر پێشمەرگەن. هەر بۆیە شانازی بەخۆتانەوە بکەن‌و بەردەوام بن. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا لەلایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە رێز لەو پێشمەرگانەی نێو ڕیزەکانی حیزب گیرا کە سەروو ٢٠ ساڵ، سەروو ٢٥ ساڵ، سەروو ٣٠ ساڵ‌و سەروو ٣٥ ساڵ بێ دابڕان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا چەکی پێشمەرگایەتی‌یان لە شان بووەو لە سەنگەری تێکۆشان‌و خۆڕاگری‌دا بوون. ئەو کۆمەڵە کادرو پێشمەرگەیە خەڵاتی رێزلێنانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیان لە دەستی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە وەرگرت. هەر لەو بەشەدا وەک ڕێزلێنان‌و سەمبولیک بەرگی پێشمەرگایەتی‌و ئاڵای کوردستان لە لایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانەوە پێشکێش بە کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرا کە بەڕێزیان ئەو خەڵاتەی لە دەستی دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکڕات‌و هاوسەری شەهیدێکی دیکەی حیزبەوە وەرگرت‌و نایە سەرسەری. هەروەها لەلایەن کۆمەڵێک دۆست‌و هاوڕێی نیزیکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە چەپکەگوڵی ڕێزلێنان لە پێشمەرگە پێشکێش بە کاک جەلیل گادانی، وەک بەڕابردووترین پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کرا. شێعری لە سوورهەڵاتەوە لەلایەن شاعیری پێشمەرگە عەلیرەزا رەحیمی؛ سروودی هۆ کاکی پێشمەرگە بە دەنگی خاتوو شیرین شەریفی؛ گۆرانیی ئامۆزا گیان بە دەنگی سەردار ئیلامی، گۆرانیی عاشق بەتۆم بە دەنگی محەممەدئەمین کەریمی‌و مەقامی " ئەی نیشتمان" بە دەنگی ئاوات بۆکانی چەند بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمە بوون. کۆتایی ڕێوڕەسمەکەش پیرۆزبایی خەڵک لە یەکترو کۆڕی شایی‌و شادی‌و گۆرانی بوو.