کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جێژنی ٢٦ ی سەرماوەز لە ناوچەی ئۆستفۆڵدی نۆروێژ

16:49 - 30 سەرماوەز 2715

لە ناوچەی ئۆستفۆڵدی نۆروێژ ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە ٢٦ ی سەرماوەز بەڕێوەچوو. رۆژی شەممە، ٢٨ ی سەرماوەز ( ١٩ی دێسامبری ٢٠١٥) کۆمیتە ناوچەی ئۆستفۆڵدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ بۆ رێزگرتن لە رۆژی هەڵکرانی ئاڵای کوردستان‌و حەماسەی پێشمەرگە، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەری حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان، ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە رێورەسـمێکی بەشکۆ دا یادی ئەو رۆژەی کردەوە. ئەو ڕێورەسمە بە خوێندنەوەی سروودی ئەی رەقیب‌و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادو بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ‌کردو پەیامی کۆمیتەی نۆروێژی حیزب لەلایەن خدر میراوەیی، کادری دێرینی حیزبەوە پێشکەش کرا. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا مەحمود بڕۆ، بەرپرسی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریە، وتارێکی لەسەر رۆژی پێشمەرگەو هەڵکرانی ئالای کوردستان پێشکەش کرد. بەرێزیان لە بەشێکی قسەکانی‌دا وێرای پێرۆزبایی خۆی، ئاماژەی بە رۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر دانانی بنەما نەتەوەیی‌کانی کورد وەک رۆژی هەڵکرانی ئاڵا و ناوی بەرزی پێشمەرگە و ٢ی رێبەندان کرد. بەرێزیان هەروەها گوتی هەروەک پێشەوا قازی محەممەد ٧٠ ساڵ لەمەوپێش بە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، نوێنەری هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستانی لە دەوری یەک کۆکردەوەو هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوویی پێک‌هێنا، ئێمەش ئێستا دەبێ ئەوە بکەینە بنەمای کارو تێکۆشانی خۆمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان. لە درێژەی بەرنامەکەدا شاعیری هەست ناسک‌ مامۆستا پەیمان شێعرێکی لە ژێر ناوی " پێشمەرگە" پێشکەش بە بەشدارانی رێورەسمی ٢٦ی سەرماوەز کردو دواتر پەیامی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان‌و کۆمەڵەی کولتوری دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی ئۆستفۆڵد لە لایەن گوڵێ حەیدەری، نیان هەمزەیی و عوسمان مامەش خوێندرانەوە. ئەو حیزب و رێکخراوانەش بە ناردنی بروسکەی پیرۆزبایی‌و‌ چەپکە گوڵ بەشدارییان لە جێژنی ٢٦ ی سەرماوەزدا کرد: پارتی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بزووتنەوەی گۆڕان، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە، پارتی دێموکراتی کوردستانی سوریە، ناوەندی دیاڵۆگ‌و ئاشتی‌و؛ کۆمەڵە کولتووری کوردی لە ناوچەی ئۆستفۆڵد. لە بڕگەیەکی دیکەی رێورەسمەکەدا، خالید عەبدوڵڵازادە دوو پارچە شێعریلە پەسنی پێشمەرگەدا پێشکەش کردو لە درێژەی بەرنامەکەدا بەپێدانی شاخە گوڵ بە کۆمەڵێک پێشمەرگەی پێشووی نێو حیزب‌و رێکخراوە کوردستانی‌یەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان رێز لە خەبات‌و تێکۆشانیان گیرا. دوابەشی جێژنەکەش بڕگەی هونەری‌و پیرۆزبایی بەشداران لە یەکترو شایی‌و شادیی بەشداران بوو.