کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی بەردەم ئەمنییەتی جیهان

07:10 - 3 بەفرانبار 2715

شەڕ و ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی میلیۆنان خەڵک لە وڵاتە شەڕلێدراوەکانی باکووری ئه‌فریقا و خۆرهەڵاتی نیوەڕاست و بوونی بە هێزی داعش و رێکخراوە تێرۆڕیستی‌یە جیهادی‌یەکان لە سەر "ئەرزی واقێع" و کردەوە خوێناوی‌یە تێرۆڕیستی‌یەکانیان کە تەنانەت ژیان و گوزەران و ئەمنییەتیان لە وڵاتانی ئورووپاییش‌دا لە مەترسیی هاویشتوە و سیاسەتە دژ بەیەکەکانی زلهێزە ناوچەیی و جیهانی‌یەکان لە ئاست ئەو کارەساتانەدا، هەر ئێستا هەرەشەیەکی زۆر جیددین لە سەر ئەمنییەتی جیهان. ڕەنگە لە دوای قەیرانی مووشەکیی کووبا لە ساڵی ١٩٦٢دا کە خەریک بوو ببێتە هۆی شەڕی ناوکیی نێوان یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو و ئه‌مریکا دا، هیچ‌کات جیهان وەک ئیستا لەگەڵ هەڕەشەی پێکدادان و شەڕێک کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە تەواوییەتی خۆی‌دا دەخاتە مەترسیی لەنێوچوونەوە، بەرەوڕوو نەبووبێ. ڕاستە لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی شەڕی سارد لە نێوان بەرەی خۆرهەڵات و خۆرئاوادا دەستی پێ‌کرد و کێ‌بەرکێی ناوکی گەیشتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار و تەنانەت شەڕ و پێکدادانی ناوچەیی زۆر خوێناوییش، وەک شەڕەکانی ئیسرائیل و عەڕەبەکان و کۆرە و ویێتنام و کامبۆج و شەڕی ئەفغانستان و شەڕە بێ‌ئاکامە هەشت ساڵەکەی ئێران و عێڕاق... روویان‌دا و زۆر ئاڵوگۆری سیاسی و جوغڕافیایی‌یان لێ‌کەوتەوە، بەڵام بەوحاڵەش ئەمنییەتی جیهانی‌یان بەگشتی وەک ئەمڕۆ نەخستبووە مەترسی‌یەوە. ئەمڕۆکە جگە لە سەرەتانی داعش و رێکخراوە تێرۆڕیستی‌یە دەمارگرژە ئیسلامی‌یەکانی دیکە کە هەر کامیان بە ناوی خودا و ئیسلام و شەریعەت و بە دروشمی "اللـەاکبر" خەریکی جینایەت و کوشت و کوشتارن کە لەگەڵ هیچ‌یەک لە دین و ئایین و مەزهەبەکان‌دا ناگونجێ، زلهێزە ناوچەیی و جیهانی‌یەکانیش هاتوونەتە گۆڕەپانی شەڕەکان و هەرکامیان بە بێ‌گوێ‌دان بە ناوەرۆک و کاکڵەی ڕاستەقینەی سەرهەڵدانی کێشە ئاڵۆزەکان، لە هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندی‌یەکانی خویان‌دان و لەو ڕوانگەیەوە دەڕواننە کێشەکان و داهاتووی خەڵکی بێ‌دەرەتان و ماڵ‌کاولکراوی ئەو وڵاتانە. ڕووداوەکان زۆر بە خێرایی روو دەدەن و هەر یەک لەوانیش کاریگەریی خۆی لە سەر ئالۆزترکردن یان هێورکردنەوەی بارگرژی‌یەکان دەبێ و پێشبینی‌کردنی داهاتوو زۆر ئاستەمە. ئێستا یاریکەرە سەرەکی‌یەکانی نێو کێشەکان بە سەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەش بوون و سەرەڕای ئەو هیوایەی لە دوای وتووێژەکانی کۆنفرانسی وییەن و دانیشتنەکانی وڵاتانی ناسراو بە "جی٢٠" بەدی دەکڕا، بە به‌ردانه‌وه‌ی فرۆکە شەڕکەرەکەی رووسیە لە لایەن تورکیەوە، ئاڵۆزی و بارگرژی‌یەکان زۆر لە جاران قووڵتر بوونەتەوە. ڕووسیە کە خۆی وەک زلهێزێکی جیهانی و هاوشانی ئه‌مریکا لە جیهان‌دا دەبینێ، بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە شەڕکەرەکەی، هەست بە شکانی شکۆ و گەورەیی خۆی دەکا و زۆر لە تورکیە تووڕەیە؛ بەجۆرێک کە هەموو چالاکی و رێککەوتنە ئابووری‌یەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵ‌پەساردوه‌و بەرهەم و شتومەکە تورکی‌یەکانی تەحریم کردوە. لەبەرانبەردا تورکیە دەڵێ فرۆکە شەڕکەرەکەی رووسیەسنووری ئەو وڵاتەی بەزاندوە و بەمافی خۆمانی دەزانین پارێزگاری لە هەرێمی هەوایی خۆمان بکەین. دیارە ئەگەر ئەو ئیددیعایەی تورکیەش ڕاست نەبێ، بێگومان بۆمبارانی خەستی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕەوی سووریە لە ناوچە سنووری‌یەکانی نێوان ئەو وڵاتەو تورکیەدا کە بەشی هەرە زۆریان لە پێکهاتەی تورکەمەنەکانن، هاندەرێک بووە بۆ لێدانی فرۆکە ڕووسی‌یەکه‌ لەلایەن تورکیەوە. کێشە خوێناوی‌یەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، جهیان بەرەو کوێ‌ دەبەن؟ ئایا زلهێزەکان، بەتایبەت ئه‌مریکا و ڕووسیە دەتوانن بەهاوکاریی یەکتر ئەو کێشە و قەیرانە ئاڵۆزانە چارەسەر بکەن؟ ڕۆڵ و پێگەی ئیسلامی سیاسی و دەوڵەت و ڕێکخراوە بن‌ئاژۆ ئیسلامی و سەلەفی‌یەکان چ بووە و چۆن هاتوونەتە نێو کایەکە و لە داهاتوودا چۆن دەبێ؟ ئایا جوغرافیای سیاسی و سنوورە دەسکردەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر دەستی زلهێزەکان سەرلەنوێ دادەرێژرێنەوە؟ ئەمانەو زۆر پرسیاری دیکە هەن کە پێوەندی‌یان بە داهاتووی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و بەگشتی بە ئەمنیەتی جیهانەوە هەیە. جگە لە هۆکارە مێژوویی‌یەکان کە خۆی لە شێوەی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و جوغرافیایی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئه‌فریقا لەپاش شەڕی جیهانیی یەکەم و دواتر شەڕی دووەم لەلایەن زلهێزەکانه‌وه‌ دەبینێتەوە، دەکرێ باس لە چۆنیەتیی سەرهەڵدانی دەستەو تاقمە توندڕەوە ئیسلامی‌یەکان بکەین کە لە پێک‌هێنانی ئەو کێشە و شەڕانەدا ڕۆڵی سەرەکی‌یان هەیە و ئێستا سنوورێک نەماوە کە کردەوە قێزەونەکانی خۆیانی تێدا بەئەنجام نەگەیێنن. زۆربەی هەرەزۆری شەڕوشۆرەکانی دوای شەڕی جیهانیی دووەم هەتا دەیەی ٨٠ی زایینی، نەک هەر لە باکووری ئه‌فریقا و خۆرهه‌ڵاتی نێوەڕاست، بگرە لە هەموو ئەو وڵاتانەی لەلایەن ئیستیعمار و ئەمپه‌ریالیزم و دەست و پێوەندەکانیانەوە داگیر کرابوون، شەڕوشۆری نەتەوەیی و ڕزگاری‌خوازانە (نەتەوەیی‌ــ‌ دێمۆکراتیک) بوون. بۆ وێنە شەڕی رزگاری‌خوازانەی وڵاتی ئەلجەزایر لەگەڵ داگیرکەرانی فەڕانسە کە زیاتر لە ٨ساڵی خایاند وبە دانی زیاتر لە میلیۆنک کوژراوو بریندار، لە ساڵی ١٩٦٢دا بە سەربەخۆیی ئەلجەزایری‌یەکان کۆتایی پێ‌هات. شەڕەکانی ویێتنام و کۆرە و فەلەستین و عەرەبەکان لەگەڵ ئیسرائیل و شۆرشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستان و زۆر نموونەی دیکە، دەری‌دەخەن کە دینامیزم و نێوەرۆکی هەموویان نەتەوەیی و ئازادی‌خوازانە وتاڕادەیەک تێکەڵ بە بیروبۆچوونی چەپ بوون. لە کۆتایی‌یەکانی دەیەی ٧٠ی زایینی و سەرەتای دەیەی ٨٠ بەملاوە رەوتە ئیسلامی‌یە بناژۆکان بەرە بەرە بە سەر شۆڕش و ڕووداوە سیاسی‌یەکان‌دا زاڵ دەبن. لە ئێران و لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی کە دەیان هەزار کەسی تێدا بوونە قوربانی، شۆڕش به‌ لاڕێ‌دا دەبرێ و کۆماری ئیسلامی وەک رێژیمێکی تۆتالیتێری بناژۆخوازی ئیسلامی دێتە سەر کار و دروشمە بەناوبانگکەی ناردنە دەرەوەی شۆڕش (صدورانقلاب) بەرز دەکاتەوە و بەم‌جۆرە دەبێتە مۆدێلێک و هاندەرێک بۆ سه‌رهه‌ڵدانی دەستە و تاقمە سەلەفی و توندڕەوەکانی جیهان. کۆماری ئیسلامی زۆر بە خێرایی و بە دڵ‌فره‌وانی‌یەوە یارمەتیی ئەو ڕێکخراوانە دەدا و لە هەموو جیهان‌دا دەبێتە مەکۆی سەرەکیی حاواندنەوەی دەستە و تاقمە توندڕەوە ئیسلامی‌یەکان و بۆ دژایەتی لە گەڵ دژبەرانی خۆی کەڵکیان لێ‌وەردەگرێ. وەک دامەزراندنی ڕێکخراوی تێرۆڕیستیی حیزبوڵڵای لوبنان لە لایەن کۆماری ئیسلامی‌یەوە. لەلایەکی دیکە لەپاش کوودەتای حیزبی دێمۆکڕاتیکی گەل لە ئەفغانستان بەسەر محەممەد داوودخان و هێرشی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو بۆ ئەفغانستان و داگیرکرانی ئەو وڵاتە، بەهاندانی ڕاستەوخۆی ئه‌مریکا و هاوپەیمانەکانی، بەتایبەت پاکستان، دەستە و تاقمە ئیسلامی‌یەکان بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ سۆڤیەت و رێژیمە لایەنگرەکەی و بە گشتی بۆ بە ناو جیهاد لە گەڵ کۆمۆنیزم و کافران، پێک‌‌هێنران و لەهەموو بارێکەوە یارمەتی دران. تەنانەت لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی‌ڕا توندڕەوە ئیسلامی‌یەکان بە لێشاو ڕوویان لە ئەفغانستان و شەڕ لەگەڵ سۆڤیەت و هێزە دەوڵەتی‌یەکان کرد. ئامریکا بۆ تێکشکاندنی یەکیەتیی سۆڤیەت، بەبێ گوێ‌دانە مەترسی‌یەکانی ئەو سیاسەتە بۆ داهاتووی خۆی و ئەمنیەتی وڵاتانی جیهان، ئەو دەستە و گرووپانەی داڵدە دان و تەنانەت باشترین چەکی پێشکەوتووی وێ‌دان. مەبەستی سەرەکیی ئه‌مریکا، بەربەرەکانی لەگەڵ دزەی بیری چەپ و پەلهاویشتنی سۆڤیەت بۆ ناوچە و وڵاتانی دیکە بە تایبەتی ئاوەکانی زەریای هیند بوو؛ هەر بۆیەش دەیەویست بە دروست‌کردنی بەناو "پشتێنەی کەسک" و کەڵک‌وەرگرتن لە باوەڕی ئیسلام، بەو ئەنجامە بگا کە بەنیازی بوو. دیارە هەروەک دیتمان ئامریکا بەو ویستەی گەیشت و نەک هەر یەکیەتیی سۆڤیەت لە ئەفغانستان تێک‌شکاو پاشەکشەی پێکرا، بەڵکوو هەر لەجێ‌دا شتێک بە ناوی ئەو زلهێزە نەماو لێکهەڵوەشایەوە و بە ١٥ کۆماری سەربەخۆدا دابەش بوو کە گەورەترینیان و دەکرێ بڵێین میراتگری سەرەکی سۆڤییەت، رووسیەیە کە ئیستا لە ئاستی جیهان و خۆرهه‌ڵاتی نێوەڕاست‌دا بەتەمایە جێگای سۆڤییەتی پێشوو بگرێتەوە. بەو حاڵەش ئه‌مریکا بە بەهێزکردنی ئیسلامی ڕادیکاڵ و دەستەو تاقمە ئیسلامی‌یەکان زەمینەی لەباری ڕەخساند بۆ لەدایک‌بوون و پێگرتنی تالیبان و ئەلقاعیدە و لە هەمووشیان درندەتر سەرەتانی داعش کە ئێستا لە سووریە و عێراق ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەموولایەنەکان لەحاڵی شەڕدایە وتوانیویەتی دزە بکاتە وڵاتانی ئورووپاییش و کردەوەی تێرۆڕیستی بەئەنجام بگەیێنێ. ئه‌مریکا و هاوپەیمانەکانی، لەسەردەمی سۆڤییەتی پێشوو و شەری سارد دا، هەمیشە بە دژی جوولانەوەی ڕزگاری‌خوزانەی نەتەوەکان بوون و پشتیوانی‌یان لە رێژیمە سەرەڕۆو دیکتاتۆری‌یەکان کردوە. ئێستاش لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی ئیسرائیل و فەلەستینی‌یەکان و کێشەی کورد لە باکووری کوردستان‌دا هەر ئەو سیاسەتەیان هەیە. بەتایبەت پشتیوانیی بێ‌ ئەملاوئەولای ئه‌مریکا و هاوپەیمانە خۆرئاوایی‌یەکانی لە ئیسرائیل، لە لایەک بۆتە هۆی چارەسەرنەکرانی ئەو کێشەیە کە دەکرا بە پاشەکشەی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی پاش شەڕی شەش‌ ڕۆژە لە ساڵ١٩٦٧ چارەسەر کراباو، لە لایەکی دیکە ئەو پشتیوانی‌یەی ئه‌مریکا، بۆتە مایەی ڕق و تووڕەیی موسوڵمانان لەو وڵاتەو، لەڕاستی‌دا هاندەرێکی سەرەکی بووە بۆ سەرهەڵدانی دەستە و تاقمە توندرەوە ئیسلامی‌یەکان و پەرەگرتنی کردەوە تێرۆڕیستی‌یەکان. جگە لەوەش کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر باش کەڵکی لەو سیاسەتەی ئه‌مریکا و هاوپەیمانەکانی وەرگرتوە و توانیویەتی لانی کەم لە نێو خەڵکی ئاسایی‌دا پاساو بۆ سیاسەتەکانی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ دەستێوەردان لە کێشەی ئیسرائیل و فەلەستینی‌یەکان و باشووری لوبنان و پشتیوانی لە حیزبوڵڵا و دەستە و تاقمە ئیسلامی‌یەکان و دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سووریە بێنێتەوە. جگەلەمانەش، هەژاری و برسییەتی و نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابەش بوونی جیهان بەسەر وڵاتانی کەم‌دەرەتان و ئەو وڵاتانەدا که‌ پێوەرەکانی ژیان و گوزەران تێیان‌دا لەئاستێکی بەرزدایە، بەستێنێکی لەباری بۆ گەشەکردنی ناڕەزایەتی و لە ئاکام‌دا سەرهەڵدانی دەستە و تاقمە توندڕەوە ئیسلامی‌یەکان لەو وڵاتانەدا ئامادە کردوە. لەڕاستی‌دا هەتا دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە دابەشکردنی سەروەت و سامانە گشتی‌یەکان‌دا نەبێ، هەتا دزی و بەرتیل‌خواردن و گەندەڵی لە نێو کۆمەڵگا دواکەوتووەکان‌دا هەبێ، شەر و ئاژاوە و کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتی‌یەکان سەر هەڵ‌دەدەن و ئەوەش دەتوانێ یارمەتی بە بەهێزبوونی دەستە و تاقمە تێرۆریستی‌یەکان بدا. هەروەک دەبینین زۆربەی ڕێکخراوە توندڕەوە ئیسلامی‌یەکان لەو شوێنانە زۆر زوو بەهێز دەبن کە خەڵکەکەیان لە باری ئابووری‌یەوە لە تەنگانەدان. دەکرێ بڵێین ئەمنیەت و ئاسایشی جیهان لە دوو لایەنەوە لە مەترسی‌دایە، لایەنێک دەستە و تاقمە تێرۆڕیستی‌یەکانن کە چڵەپۆپەیان، داعش و ئەلقاعیدەن و لایەنەکەی دیکە کە بەڕاستی مەترسی‌یەکەی زۆر زیاترە و دەتوانێ کارەساتی قەرەبوونەکراوی لێ‌بکەوێتەوە، کێشەی وڵاتە زلهێزەکانی جیهانە کە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دا ململانه‌ی یەکتری دەکەن. داعش و ئەلقاعیدە دەتوانن بە کردەوە تێرۆڕیستی‌یەکانیان، بەتایبەت لە وڵاتانی خۆرئاوایی، ئەمنییەتی ئەو وڵاتانە تێک بدەن و ئەگەری ئەوەش هەیە بە کەڵک وەرگرتن لە چەکە "نامتەعارفەکان" وەک سازکردنی چەکی ئەتۆمی لە قەبارەی بچووک‌دا یان چەکی شیمیایی و بیۆلۆژیک، کارەساتی گەورە بخوڵقێنن. بۆیەشە دەبێ کۆمەڵگای جیهانی لێبڕاوانە لێیان بێتە دەست و هەر چٶنێک بێ لەنێویان بەرێ. بەڵام کێشەی زلهێزەکان هەر وەک گوترا زۆریش مەترسی‌هێنە و دەبێ ئه‌مریکا و هاوپەیمانەکانی و هەروەها ڕووسیە زۆر بە هەستیاری‌یەوە لە پێوەندی لەگەڵ کێشە ناوچەیی‌یەکان‌دا تەعامول لەگەڵ یەکتر بکەن، چونکە هەر چەشنە زێدەرۆیی‌یەک لە لایەن هەر کام لەو دوولایەنە دەتوانێ خەسارێک بێ لەسەر جەستەی مرۆڤایەتی و قەرەبوو نەکرێتەوە. شک لەوەدا نیە که‌ زلهێزە ناوچەیی‌یەکان کە بە سەر بەرەی ئێران و سووریە و تەنانەت بە شێوەی نافەڕمی عێڕاقیش و دەستە و تاقمە توندڕەوە شیعەکان و بەرەکەی دیکەش تورکییە و عەرەبستان و وڵاتانی دیکه‌ی سوننە دا دابەش دەبن، دەتوانن ،کاریگەریی زۆر خراپیان لە ئاڵوزترکردنی بارودۆخی شێواوی ناوچەکەدا هەبێ. بەتایبەت لە لایەک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە زۆر لێبڕاوانە و پێداگرانە خوازیاری مانەوەی بەشار ئەسەد لە سەر دەسەڵاتە و تا ئێستا لە هەر چەشنە هاوکاری‌یەکی ماددی و سەربازی کۆتایی نەکردوە و لە لایەکی دیکە تورکیەیە کە لە درێژەی سیاسەتە مەزنیخوازانەکەی خۆی‌دا، دیارە لە سەر حیسابی ئەندام‌بوون لە ڕێکخراوی ناتۆدا، تەنانەت لە ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه لەگەڵ ڕووسیەش نەپرینگاوەتەوە. ڕووداوەکان زۆر کوت وپڕن و داهاتووش زۆر ڕووداوی سەیر و سەمەرەی لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرێ. لەکۆتایی‌دا جێی وەبیر هێنانەوەیە،که‌ کێشەی تێڕۆڕیزم و داعش و ئەلقاعیدە تەنیا ڕێگە چارەی نیزامیی نیە و دەبێ وێڕای شەڕ و بەربەرەکانی هەمەلایەنە لەگەڵ ئەو دیاردە دزێوە، هەوڵ بدرێ بنەما فکری‌یە چەواشەکانی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی موسوڵمان و بەتایبەت لاوەکان ڕوون بکرێتەوە و هەرله‌وکاته‌دا پەرە بە ئەندێشە و فەرهەنگی لێک‌تێگەیشتن و یەکترقەبووڵکردن و دێمۆکراسی و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و دەمارگرژی بدرێ. لە ژماره‌ ٦٧٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌