کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو قوربانیانەی دەریا هەڵیان دەلووشێ

04:33 - 17 بەفرانبار 2715

یەکەم جار کە لە سەر نوقم بوونی پەناخوازەکان لە ئاوەکانی نێوان وڵات‌و ناوچەی خۆیان‌و ئورووپا نووسیم، ٧ی ئۆکتوبری ٢٠١٣ بوو. هەستم، ویژدانم‌‌و ئەو بایەخە ئینسانیانەی ئەستووندەگی باوەڕم پێک دێنن، ڕیگەیان پێ نەدام لە ئاست خنکانی نزیکەی٥٠٠ پەناخوازی سۆمالیایی‌و ئێریترەیی‌و بیسەروشوێنبوونی ٣٠٠کەسی دیکە لەوان لەنزیک دوڕگەی لامپيدوسای ئیتالیا لە یەک رووداودا، بێدەنگ بم‌و هیچ نەنووسم. ئەو کات بە خەیاڵیشم دا نەدەهات ڕێک لە ٧ی ئوکتوبری دوو ساڵ دواتردا، بۆ خۆشم شایەدی سەرەتای سەفەری ئازیزترین کەسەکانی خۆم بە ڕێگایەکی لەو چەشنە دا دەبم. شەوی پێش ئەم سەفەرەم هیچکات لە بیر ناچێ. ئەگەر چی ویناکردنی بە خەیاڵیش هەر ناخۆش‌و دڵتەزێن بوو، بەڵام ئەگەری چارەنووسێکی نەخوازراو، بۆ ئەو مێرمندالەش هەبوو کە توند باوەشم پێداکردبوو. بیرم لە خەم‌و فرمێشکەکانی د.عەباسی مامۆستای زانکۆم دەکردەوە کە کوڕەکەی لە ڕێگەی سەفەری ئورووپادا شەپۆلەکانی دەریا لێیان ئەستاند‌و نەیان داوە، بیرم لە ژانگرتن و نەحەجمینی ئەو دایک‌و باوکانەی دراوسێمان لەو کاتانە‌دا دەکردەوە کە مندالەکانیان، ئەم ڕێگە پڕ مەترسییەیان دەبڕێ. بیرم لە ژیان یا لە راستیدا لە بێمانایی ژیان لە ئەگەری وەڕاستگەرانی ئەو جۆرە کابووسانە دەکردەوە کە نە دەمتوانی بیانهێنمە بەرچاوی خۆم و نە لە کۆڵیشم دەبوونەوە.... بە خۆشیەوە ئەو کات، ئازیزانی منیش وەک ئازایزانی زۆر کەسی دی – ئەگەر چی وەک دەڵێن لە یەک قەدەمیی مردن گەڕابوونەوە- بە ساغی گەیشتنە جێ. بەڵام هەست‌و ویژدانی مرۆڤ، چۆن دەتوانێ ئاسوودە بێ لە کاتێک دا هەر بە چەند رۆژ جارێک، هەواڵی خنکانی پۆلێک ئینسان کە زۆربەشیان ژن‌و منداڵ‌و لاون، دەبیسین و دەخوێنینەوە؟ پۆلێک ئینسان کە لە دەست ستەم‌و چەوسانەوە‌و بیدادی‌و شەڕ‌و ماڵوێرانی‌و قاتی‌و قری لە وڵات‌و ناوچەکەی خۆیان ڕایان کردوە‌‌و، هێندیکیان هاوزمان‌و هاونەتەوە‌و تەنانەت ناسیاون. ئەو شانسەی "ئالان کوردی"یشیان نیە کە هەر نەبێ بە خنکاوی ببنە جێگای سەرنجی میدیاکان‌و ناوەندە مرۆڤدۆستەکانی جیهان تا لانیکەم مەرگی دلتەزێنی ئەوان، خێری کۆمەڵێک پەناخوازی دیکەی بە دواوە بێ. دوو ساڵ لەوە پێش نووسیبووم: "مەرگی پەناخوازان، ئەو کەسانەی لە دەست هەژاری‌و ستەم‌و توندوتیژی وڵاتی خۆیان بە جێ دێڵن‌و بە دوای ئەمنییەت‌و کار‌و ئازادی دا، ڕوو دەکەنە ئورووپا‌و ئوسترالیا‌و هتد، ساڵانێکی دوور‌و درێژە بووە بە شتێکی ئاسایی. وای لێهاتووە بڵاوبوونەوەی هەواڵ‌و راپۆرتی مەرگی تاقولۆقە‌و چەندین کەسیی ئەوان، سەرنجی کەمتر بینەر‌و خوێنەرێکی میدیاکان ڕادەکێشێت‌و تەنیا ئەو کەسانە بە بیستن‌و بینینیان دڵیان دادەخورپێ کە کوڕو کچیان،خوشک‌و برایان، ژن‌و منداڵیان، دایک‌و باوکیان، لەم ڕێگایانە دان. دەبێ چەند جاری دیکە، پەناخوازان، بەلەم بەلەم‌و پاپۆڕ پاپۆڕ لە نزیک لێوارەکانی ئەندۆنێزی، ئوسترالیا، ئیتالیا، دووڕگەکانی سیسیل‌و لە ئاوەکانی نێوان تورکیە‌و یۆنان‌دا بخنکێن، تا ڕاگەیەنەکانی جیهان‌و ویژدانە خەوتووەکان، بۆ ماوەیەک خۆیانی پێوە خەریک بکەن؟" ساڵی ٢٠١٥، ساڵی کۆڕەوی سەدان هەزارکەسی و تەنانەت میلیۆنیی پەناخوازانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی سووریە بۆ ئورووپا بوو. لە حەق دەرنەچین لە ساڵی ٢٠١٥دا، یەکیەتیی ئورووپا‌و هیندێک وڵاتی دیکەش بە شێوەیەکی ئینسانیترو جیاواز لە ڕابردوو بەرەوڕووی کۆچی پەناخوازان بوونەوە. باوەشکردنەوەو بە دەنگەوە هاتنی ڕێکخراو‌و ناوەندە مرۆڤدۆستەکان‌و چەند ولاتیکی ئورووپایی لە ئاست پەناخوازان، ئەو سیاسەت‌و رەفتارە بوو کە لە کۆمەڵگە‌ی تێگەیشتوو‌و مرۆڤدۆست دەوەشایەوە. ڕوون نیە ئەگەر بەم سیاسەت‌و هەڵوێستە بەرەوڕووی لافاوی پەناخوازان نەبووبانەوە، چەند کارەساتی ئینسانی روویان دەدا. بەڵام دروستکردنی کۆمەڵێک لەمپەر‌و بەربەست بە مەبەستی کەمکردنەوەی هاتنی پەناخوازان بۆ ئورووپا لە مانگەکانی دواتر دا‌و، هاتنی وەرزی سەرما‌و دۆخی تۆفانیی ئاوەکان، بوون بە هۆی ئەوە لەم یەک دوو مانگەی دوایی دا، هەر چەند رۆژ جارێک کۆمەڵیک پەناخوازی بێئەنوا لە ئاوەکانی نێوان تورکیە‌و یونان دا بخنکێن. بە هەمووی ئەوانەشەوە ساڵی ٢٠١٥ هەر ساڵی ڕۆیشتنی زۆرترین پەناخواز بۆ ئورووپا نەبوو، ساڵی ڕوودانی زۆرترین کارەسات‌و ساڵی قوربانیبوون‌و تێداچوونی زۆرترین ژمارەی پەناخوازانیش بوو. وەک هەموو جارەکان کە دەمانەوێ لەم کێشە گەورەیەی ڕۆژگاری ئەمڕۆ بدوێین، بەرەوڕووی ئەم پرسیارە دەبینەوە کە داهاتووی ئەم کێشەیە دەبێتە چی‌و هەتا کەنگێ لەبەرچاوی جیهان، مرۆڤە لێقەوماوەکان لە ئاوەکان‌و لە ڕێگای پرمەترسێی چوون بۆ وڵاتانی ئەمنتردا دەبنە قوربانی؟ سیاسەتی باوەشکردنەوە بە ڕووی لێشاوی پەناخوازان‌دا کە شایانی رێزلێگرتن‌و پێزانینە، ناتوانێ هەتا هەتایی بێ. چونکە وڵاتێک بە هەر ڕادەیەک گەورە‌و دەوڵەمەندییش بێ، تا حەد‌و ئاستیێکی دیاریکراو دەتوانێ پەناخواز وەربگرێ. بەرگرتن بە چوونی پەناخوازانیش لە جەهەننەمی شوێنی ژیانیان بۆ وڵاتانی ئازاد‌و تێر‌ یا لانیکەم ئەمنتر، تەنیا دەبێتە لە کۆڵ خۆکردنەوەی کێشەکە لە لایەن ئەو ولاتانەی کە پەناخواز ڕوویان تێ دەکا. بەڵام کێشەکە کە ڕاکردنی ئینسانەکانە لە هەلومەرج‌و بارودۆخی نالەباری سیاسی، ئابووری‌و ئەمنیەتیی وڵاتی خۆیان، هەر دەمێنێ. بۆیە گومانی تێدا نیە کە دەبێ چارەسەرێک بۆ بارودۆخی ئەو وڵاتانە بدۆزرێتەوە کە خەڵکەکەیان شەپۆل شەپۆل لێی ڕادەکەن. کێشەی ئەو وڵاتانەش هەر چییەک بێ، چ زاڵبوونی سیستەمێکی سیاسیی دیکتاتۆر‌و دژە مرۆڤ، چ هەژاری‌و گرانی‌و قاتی‌و قڕی، چ شەڕی نێوخۆیی‌‌و کوشتار، بە تەنیا‌و بێ بە هاناوە هاتنی کۆمەڵگەی جیهانی، مومکین نیە. هیچ چار نیە دەبێ ئەمنیەت‌، ئاشتی‌، ئاوەدانی‌و ئازادی ڕوو بکاتە ئەم جەهەننەمانەی سەر ڕووی زەوییش. هەتا هەوڵێکی جیهانیی جیددی بەو ئامانجە دەست پێ نەکا‌و گۆڕانێکی هەستپێکراو نەیەتە دی، ئەم کارەساتانە، لەوانەیە بە شێوەیەکی سامناکتر دووپات ببنەوە. لە ژماره‌ ٦٧١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌