کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رەوتی کۆچبەری، هاوکێشەیەکی دژوار و ئاڵۆزو، کێشەیەکی جیهانی

04:53 - 17 بەفرانبار 2715

کۆچبەری لەو پرسە گەرم و کراوانەیە، کە تەمەنی شان لە شانی مێژووی مرۆڤایەتی دەدا. کۆچکردن لە دەلاقەی جۆراوجۆرە سه‌یری کراوە و لە رەوتی مێژوودا بۆ مەبەستی جیاواز بەکارهێنراوە. لە هەیکەل و قەوارەی کۆچکردن و کۆچبەری‌دا رەهەندە جیاوازەکانی وەک سیاسەت، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ناسنامە، ئایین و هتد بە یەک دەگەن. چاوخشاندنێکی ساکار بە نەخشەی سیاسیی جیهان‌دا دەری‌ده‌خا کە ژمارەیەک لە دەوڵەت و کۆمەڵگاکان داڵدەی کۆچبەران دەدەن و ژمارەیەکی دیکە بەرهەمهێنەری بە میلیون کۆچبەر، پەناخواز و پەنابەرن. بە گشتی، رەوتی کۆچبەری بەرەو هەڵکشان چووە و وڵاتانی داڵدەدەری کۆچبەران لە گەڵ هاوکێشەیەکی دژوار و ئاڵۆز بەرەوڕوون. بە کورتی، کێشەکە جیهانی‌یە و چارەسەرکردنی وزە و هێزی بەرفراوانی دەوێ. ئەوەی بە دوای ئەو سەرەتایەدا دەیخوێننەوە وتووێژی ''کوردستان'' دەگەڵ کاک عەزیزی شێخانی شارەزای پێوەندی‌یە نێودەوڵەتی‌یەکانه‌ ده‌ربارەی ئەو پرسە: پرسیار: پرسی کۆچبەری چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ وەڵام: کۆچبەری لە لێکدانەوەیەکی ساکاردا بەوه‌ دەگوترێ، کە مرۆڤەکان لە ژینگە و نیشتمانی خۆیان کۆچ دەکەن بەرەو شوێنێکی دیکە. کۆچبەری دیاردەیەکە، کە ئاوێتەی ژیانی مرۆڤ بەوە و لە ژێر کارتێکەریی فاکتەر و هۆکارە جیاوازەکاندا هەوراز و نشێوی زۆری بڕیوە. لە بەرەبەیانی مێژووەوه مرۆڤەکان لە پێناوی پاراستنی ژیانی خۆیان و گەڕان بەدوای دواڕۆژێکی باشتردا جێگۆڕکەیان کردوە. کۆچبەری و کۆچەکان خاوەنی رەهەندی جۆراوجۆرن و لە روانگەی جیاوازەوە تاوتوێ کراون و دەکرێن. ئەو دیاردەیە چەند روخسارییە و بە گوێرەی بەرژەوەندییەکان مانا دەکرێتەوە. لە رابردوودا کۆچبەری وه‌ک ئەمڕۆ بە سیاسەت و ئیدۆلۆژی بارگاوی نەدەکرا. ئەمڕۆ کۆچبەری لە پانتایی جیهاندا هەیە و بە دیاردەیەکی جیهانی پێناسە دەکرێ. بە واتایەکی دیکە، جێگۆڕکەی سەدان ملوێن مرۆڤ لە شوێنێکەوە بۆ مەڵبەندێکی دیکە و بە تایبەت کەیسی تایبەت بە پەناخواز و پەنابەران لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی‌دا جێگای مشت و مڕێکی زۆرن. کۆچبەری لە تەواوییەتی خۆیدا هەڵگری خاڵی ئەرێنی و نەرێنی‌یە. بە گشتی، ژیان کەم و زۆر پڕە لە تایبەتمەندیی جۆراوجۆر، کە کۆچکردن لە رێژەی نۆڕماڵ و سروشتیدا یەکێکە لەوان. ئەوە قانوونی سروشتە، کە هەر دیاردەیەک لە سنوور تێپەڕی هاوکێشەیەکی تازە دەخوڵقينێ و رەنگدانەوەی لە سەر دەوروبەر دەبێ. پرسیار: فاکتەرە گرینگ و سەرەکی‌یەکانی پشت دیاردەی کۆچ لە سەردەمی ئەمڕۆدا چۆن پێناسە دەکەن؟ وه‌ڵام: لە سەردەمی ئەمڕۆدا کۆچەکان جیاوازن و کۆمەڵێک فاکتەر لەو نێوەدا کاریگەریی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لە سەر زۆربوونی ژمارەی کۆچبەران هەیە. لە دابەشکارییەکی ساکاردا گەڕان بە دوای ژیانێکی باشتر، کار، شەڕ، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و پێداویستیی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان بە هێزی کار و هەڵاتنی مێشکەکان لە وڵاتە پاشکەوتووەکان بەرەو دەوڵەتە گەشەسەندووەکان فاکتەری کارای کۆچ و کۆچبەرین. کاتێک باس لە کۆچی ناچاری و زۆرەملە دەکرێ، مەبەست لە فاکتەری شەڕ، سەرکوت، ستەمکاری و نەبوونی ئاسایش و ئازادییە. ئەو فاکتەرانە، کە مرۆڤەکان لە زێد و نیشتمانی خۆیان هەڵدەقەنن و تووشی کۆچی نێوخۆیی یا دەرەوەی سنوورەکانیان دەکه‌ن،زۆرن. پێداویستیی وڵاتانی پێشکەوتوو بە هێزی کار و زۆربوونی حەشیمەتی وڵاتانی گەشەنەسەندوو لەو فاکتەرانەن، کە بە کۆچی ئاسایی پێناسە دەکرێ. شایانی باسە، کە کۆچکردن لە نێو رۆژئاوایی‌یەکانیش لەو ساڵانەی دواییدا پەرەی سەندوە. کۆچکردنی رۆژئاوایی‌یەکان لە سەر بنەمای هاتوچۆی ئازادانەی مرۆڤ و راگواستنی سەرمایە گەشەی کردوە. خوێندن و هەروەها پێکهینانی ژیانی هاوبەش لە ماوەی دەیەکانی رابردوودا لە سەر زۆربوونی رێژەی کۆچبەران نەخشی بەرچاویان گێڕاوە. پرسیار: رۆژئاوایی‌یەکان چۆن دەڕواننە پرسی کۆچکردن؟ وه‌ڵام: لە ئاستی دەوڵەتە کاندا، کۆچبەری لە هێندێ روانگەی وەک مرۆڤدۆستی ، ئابووری، کولتووری و ئازادی تاک هه‌ڵ‌ده‌سه‌نگێندرێ. لە رۆژئاوا روانگەیەکی یەکدەست لە سەر پرسی کۆچبەران نیە، ئەگەرچی بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی تێکۆشاون لە بەرامبەر کۆچبەری و کۆچبەراندا روانین و سیاسەتەکانیان یەکبخەن. زۆربەی وڵاتان لەو بازنەیەدا ئاماژە به‌وه‌ دەکەن، کە لە داهاتوودا پێویستیان بە هێزی لاو و کاری دەرەکی هەیە. شایانی باسە، کە سیاسەتی دەوڵەتەکان، خەڵک و رێکخراوەکان لە پێوەندی لە گەڵ کۆچبەرەکاندا هاوسەنگ نیە. بۆ بەشێک لە رۆژئاوایی‌یەکان پرسی کۆچبەری و هه‌رلەو کاته‌دا‌ چەند کولتووری، مانای دەوڵەمەندیی و فرەیی دەگەیەنێ، کە بۆ مرۆڤایەتی نوختەیەکی ئەرێنی و خاوەنبایەخە. لە روانگەی بەشێکی دیکە لە رۆژئاوایی‌یەکان، کۆچبەران بە تایبەت کە خاوەنی کولتوور و دینی جیاوازن وەک مەترسی و هەڕەشە چاویان لێدەکرێ. بێجگە لەوە، لە سەردەمی ئەمڕۆدا و لە ژێر تەوژمی قەیرانە ئابوری‌یەکاندا بەشێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو باس لە وەرگرتنی هێزی کاری پسپۆڕ و شارەزا دەکەن، کە بە ئاسانی دەتوانن لە کۆمەڵگای تازەدا جێبکەون. سەرهەڵدان و پەرەسەندنی رادیکاڵیزم لە رۆژئاوا لە بەرەی خانەخوێ و کۆچبەران‌دا پانتایی‌یەکی زۆری داگیرکردوە. لە بەرەی خانەخوێ، هێز و پارتە سیاسی‌یە راست‌ئاژۆکان تێڕوانینێکی رەشبینانەیان بەرامبەر بە داهاتووی کۆچبەران هەیە و تێدەکۆشن کۆچبەرە جیاوازەکان بە سەرچاوە و ماکەی ترس و هەڕەشە بناسێنن. لە بەرەی کۆچبەرانیش‌دا و بە تایبەت ئەوانەی سەر بە بازنەی کولتووریی ئیسلام و رۆژهەڵاتن، رێژەیەکی کەم تێکەڵ بە توندڕەوەکان بوون و خۆیان بە بەشێک لە کۆمەڵگه‌ نازانن. زۆرایەتی‌یەکی بێدەنگ لە نێوان ئەو دوو بەرەیەدا چاوەڕوانیی ڕەوتی رووداوەکان دەکەن و بە گوێرەی رۆژ لە پڕۆسەی دەنگدان‌دا جێگۆڕکە دەکەن و تەنانەت بەرەی رادیکاڵ و توندڕەو و دژەکۆچبەر بەهێز دەکەن. پرسیار: کۆچبەران چەندە و چۆن لە رەوتی جێگیربووندا سەرکەوتوون؟ وه‌ڵام: جێگرتن لە نێو کۆمەڵگه‌یەکی تازەدا بۆ کۆچبەران کارێکی ئاسان نیە. جێگیربوون لە وڵات و کۆمەڵگەی نوێدا ڕەوتە و ساڵانێکی زۆری دەوێ. لێرەدا باس لە جێکەوتن لە کۆمەڵگه‌یەک‌دا دەکرێ، کە مۆدێرن، خاوەن‌قانوون و رێسایە و لە ریزی وڵاتە پێشکەوتووەکان‌دایە. کۆچبەر یان مرۆڤی کۆچکردوو بۆ سەرکەوتن لە ڕەوتی جێگیربووندا پێویستیی بە فێربوونی زمان، ناسینی کۆمەڵگه‌ و خۆگونجاندن لەگەڵ کۆدە کولتووریی و کۆمەڵایەتی‌یەکانە. پاشخانی مرۆڤ لە بواری دینی و کولتووری، ئاستی خوێندەواری، تەمەن و کراوەیی لەو فاکتەرانه‌ن کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری‌یان لە سەر ڕەوتی ناسراو بە جێگیربوون هەیە. شایانی باسە، کە ژینگەی تازە و ئاستی تێکەڵاوبوونی خەڵک لە گەڵ کۆچبەران و هەروەها بوونی باوەڕ و متمانەی دوو لایەنە، کۆڵەکەی گرینگی سەرکەوتن یان سه‌رنه‌کەوتنی کۆچبەران و بە تایبەت پەناخواز و پەنابەرانن. پرسیار: هۆکاری پەرەگرتنی رەوتی دژە کۆچبەر لە وڵاتانی رۆژئاوایی چی‌یە؟ وه‌ڵام: چۆنییەتیی ڕوانینەکان بۆ دواڕۆژ و دیتن و هەللاجی‌کردنی داهاتوو لە هۆکارە سەرەکی‌یەکانن. چاوخشاندنێکی خێرا لە ڕوانگەی باڵە رادیکاڵ و پارتە سیاسی‌یە رۆژئاوایی‌یەکان نیشان ده‌دا کە ترسی ئەوان لە پلەی یەکەم‌دا پارێزگاری کردن لە رەگەز و نیشتمانی خۆیانە. لە ئارادابوونی توندڕەویی دینی، کە زیاتر باوەڕدارانی رادیکاڵی ئیسلام دەگرێتەوە و، زۆربوونی حەشیمەتی موسڵمان لە جەرگەی رۆژئاوادا فاکتەرێکی بەرچاوی پەرەگرتنی ڕەوتی دژەکۆچبەرە. لە تێڕوانینی رێژەیەکی بەرچاو لە رۆژئاوایی‌یەکاندا، زۆربوونی حەشیمەتی موسڵمان تەنانەت لە رێڕەوی دێموکڕاسیدا لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا لە سەر قانوون و ئیدارەی کۆمەڵگا شوێندانەر دەبێ. بێجگە لەوە، بوونی قەیرانی ئابووری و چوونەسەری رێژەی زۆری بێکاری لە رۆژئاوا لە هەڵخڕاندنی هەستی خەڵک بۆ تێکەڵبوون بە لشکری دژە کۆچبەران بەرچاوە. لە سەردەمی قەیرانەکاندا خه‌ڵکی ئەو وڵاتانە بە ئاسانی دەتوانن قامکی تۆمەتبارکردن بۆ کۆچبەران رادێرن. لە لایەکی دیکە، بەشێک لە خەڵک لە رۆژئاوا باوەڕیان بە سەرکەوتنی پرسی چەند کولتووری نیە و بە تێگەیشتنی ئەوان رەوتی جێگربوونی کۆچبەران سەرکەوتوو نەبووە. شایانی باسە، کە کۆچبەران و هەڵسوکەوتەکانیان بە رێژەیەکی بەرچاو، لە سەر ڕەوتی شکڵگرتنی بیروڕای خەڵک و پارتە سیاسی‌یەکان رۆڵ و نەخشی بەرچاوی هەیە. پرسیار: خوێندنەوەتان بۆ لێشاوی ئەو چەند مانگەی رابردوو لە پەناخوازان بەرەو رۆژئاوا چی‌یە؟ وه‌ڵام: رووداوەکانی چەند مانگی رابردوو و رۆیشتنی بە لێشاوی کۆچبەران بەرەو ئورووپا بە سەرەتای قۆناخێکی تازە لە وەرزی سیاسەت و هەڵوێست بەرامبەر بە کۆچبەران پێناسە دەکرێ. لە مێژووی ٥٠ ساڵەی رابردوودا کەمتر بینراوە کە کۆچبەران بە لێشاو سنووری چەند وڵات ببەزێنن و بەرەو وڵاتی مەبەست سەفەر کەن. تراژێدیی خنکانی منداڵ و دایکە کۆچبەرەکان لە دەریادا سۆزی سیاسەتکارە رۆژئاوایی‌یەکان و خەڵکی بۆ لای پرسی کۆچبەران راکێشا و ئورووپا بۆ ماوەیەک بۆ وەرگرتنی کۆچبەران سیاسەتێکی هێمنانەی پەیڕەو کرد. بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانەی کۆچبەران داوای پەنابەری‌یان لێدەکەن، بە ئاشکرا رادەگەیەنن، کە تواناکانی ئەوان لەو پێوەندییەدا کەم و سنووردارە. ئەوان ئەو وەرزە لە ژیانی پەنابەر و پەناخوازان بە دژوار پێناسە دەکەن، کە رەنگە ساڵانێکی زۆر دەرەقەتی نەیەن. رۆژئاوایی‌یەکان لەو پرسەشدا یەک دەنگ نین و ژمارەیەک لە وڵاتەکان ڕایانگەیاندوە، کە چارەسەرکردنی کێشەی ئەو پەناخوازانە لە وڵاتی خۆیان‌دا، دژوارە. ژمارەیەکی دیکە لە وڵاتانی رۆژئاوایی وەک پرسێکی هەبوو مامەڵەی لە گەڵ‌دا دەکەن و بەشێک لە ئیمکاناتی خۆیانیان بۆ حەواندنەوەی پەناخوازان تەرخان کردوە. بەرچاوبوونی رێژەی پەناخواز و کۆچبەران، سیاسەتی رۆژئاوا بەرامبەر بە کەیسی کۆچبەرەکان دەگۆڕێ و ناچاریان دەکا، قانوونی تازە و رێکاری نوێ بۆ ئەو دیاردەیە لەبەرچاو بگرن. شایانی ئاماژەپێکردنە، کە تەقینەوەکانی ئەم دوایی‌یانەی پاریس و هەروەها پرسی ئاسایشی رۆژئاوایی‌یەکان و مەترسیی زیادکردنی رادیکاڵە ئیسلامی‌یەکان، کۆچبەری و پرسی کۆچبەرانی لە رێڕەوی راستەقینە لاداوە. پرسیار: ئایا کۆچبەری پرسی نەتەوە ژێردەستەکان چارەسەر دەکا؟ وه‌ڵام: رەنگە کۆچکردنی ناچاری بۆ ماوەیەکی کورت کارساز و رێگاچارە بێ. لە ئاستی تاکدا، کۆچکردن بێگومان تا رادەیەک چارەسەرە، بەڵام ئەو پرسە هەڵگری باری نەرێنی و دژواری‌یەکانی خۆیەتی. لە ئاستی نەتەوە بێ دەوڵەت و گەلە ژێردەستەکاندا کۆچکردن بە شێواز و فۆرمی ئەمڕۆیی نە تەنیا چارەسەر نیە، بەڵکوو لە درێژخایەندا ئاکامی نەرێنی دەخوڵقێنێ. گەلان بۆ سەرخستنی تێکۆشان و دەستەبەرکردنی ویست و مافەکانیان دەستەوداوێنی کۆچ نابن. بۆ وێنە، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەشێک لە فەنلاندی‌یەکان، رەخنەیان لەو کۆچە بە لێشاوە گرتوە. ژمارەیەک لەوان دەپرسن، ئایا هەڵاتن و چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە چارەسەرە؟ بۆچی زۆربەی هەرە زۆری ئەو کۆچبەرانە پیاون و لێرە چ کارێک بۆ وڵاتەکەیان دەکەن؟ ئەو گەلانەی خوازیاری ژیانیکی بەختەوەر و ئەستاندنی مافی دیاریکردنی چارەنووسن، کۆچکردن ناکەنە بژاردەی یەکەم. ئەوان تێدەکۆشن لە رێگای جۆراوجۆره‌وه‌ درێژە بە خەبات بدەن و بە نەتەوە و دەسەڵاتی سەردەست و ستەمکار بسەلمێنن، کە لە سەر ئەستاندنی مافەکانیان سوورن. بە واتایەکی دیکە، گەلان بە کۆچکردن لە سەدەی ٢١دا بە مافەکانیان شاد نابن. گەلانی پێگەیشتوو و سەرکەوتوو بە ئاسانی واز لە مافەکانیان ناهێنن و لەو مەیدانەدا قوربانی گەورە و تێکۆشانی تیکڕایی پێشکەش دەکەن. پرسیار: ئایا دەوڵەتەکان دەرەقەتی پرسی کۆچبەران و کۆچبەری دێن؟ وه‌ڵام: دەوڵەتەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی تایبەت بە کۆچبەری کار و ئەرکی گەورەیان لە سەر شانە. تێڕوانینەکان یەک نین و چۆنییەتی بەره‌نگاربوونەوە لە گەڵ پرسە جیهانییەکان و یەک لەوان کۆچبەران یەکدەست نین. بۆ چارەسەرکردنی پرسی پەناخواز و پەنابەران، دەوڵەتەکان و بە تایبەت زلهێزەکان، لە رێگای رێکخراوە جیهانی‌یەکانه‌وه‌ کار لە سەر چاکسازیی هەمەلایەنە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری کۆچبەر بکەن. سیستەمە سیاسی‌یەکان جیاوازن و رێژە و جۆری دابەشکردنی سەروەت و سامانی نیشتمانی لە جیهاندا عادڵانە نیە. بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و یەک لەوان کۆچبەری، دێموکڕاسی، دەسەڵاتی قانوون و مافی دیاریکردنی چارەنووس لە پێداویستی‌یە سەرەتایی‌یەکانن. خوڵقاندنی ژینگەی گونجاو، رێزگرتن لە هاونیشتمانان، بوونی ئاسایشی جێگیر و خوڵقاندنی دەرفەت بۆ هاونیشتمانان لە پڕۆسەی راهێنان لە سەر دابەشکردنی دەسەڵات، مرۆڤەکان بە مانەوە دڵخۆش دەکا. دەوڵەتەکان لەو گۆڕەپانەدا بەرپرسیارەتیی گەورەیان لە سەر شانە و کارکردن بۆ ساغکردنەوە و سازکردنەوەی دەوڵەتی خزمەتگوزار، چارەسەری بەشێکی زۆر لە تەنگ و چەڵەمەکانە. زۆربوونی حەشیمەتی جیهان و گۆڕانی ئاو و هەوا دەوڵەتەکان ناچار دەکا کە بۆ پاراستنی هاونیشتمانان و مانەوە لە سەر تۆپی زەوی هاوکاریی زیاتر لە گەڵ یەکدا بکەن. بۆ وێنە بە بیابان‌بوون و کێشەی بێ ئاوی رەنگە لە داهاتوویەکی نەزۆر دووردا خوڵقێنەری روخسارێکی تازە لە کۆچکردن بێ و مرۆڤەکان ناچار بکا کە لە نێوخۆی وڵاتێک یان لە دەرەوەی سنوورەکان بە دوای ژیانێکی باشتردا بگەڕێن. بە کورتی، کێشە جیهانی‌یەکان پێویستیان بە بیرکردنەوەی قووڵ و بەرفراوان هەیە و رێگە چارەی جیهانی‌یان دەوێ. بە سیاسەتی کورت‌بینانە و یەک لایەنە، کایەی ژیان لە جیهاندا باشتر نابێ و پرسی کۆچبەران لە ژێر تیشکی ئاشتی‌یەکی درێژخایەن و دەسەڵاتێکی دێموکڕاتی‌دا چارەسەر دەکرێ.   لە ژماره‌ ٦٧١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌