کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رووداوە گرینگەکانی بەر سه‌رنجی میدیاکان لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی‌دا

05:00 - 17 بەفرانبار 2715

ژانویە: ــ رۆژی ٧ی ژانویە دوو تیرۆریستی سەر بە داعیش لە شاری پاریس هێرشیان کردە سەر دەفتەری گۆڤاری شارلی ئێبدۆ و ١٢ کەسیان کوشت. دوو رۆژ دواتر برایانی "کواشی" بکەرانی رووداوەکەی شارلی ئێبدۆ، لە نزیک شاری پاریس چەند کەسیان بە بارمتە گرت کە بە هێرشی پۆلیس و کوژرانی برایانی کواشی کۆتایی پێ‌هات. هاوکات لەگەڵ کردەوەی برایانی کواشی، کەسێک بەناوی "ئامێدی کولیبالی" و ژنێک بە ناوی "حەیات بوومەدین" لە سوپێرمارکێتێکی جوولەکەکان لە شاری پاریس چەند کەسێکیان بە بارمتە گرت کە دوای هێرشی پۆلیس ئەگەرچی کۆلیبالی کوژرا بەڵام ٤ کەس لە بارمتەکانیش گیانیان لەدەست دا. - رۆژی ٢٠ی ژانویە حوسی‌یەکانی یەمەن بە پاساوی ئەوەی دەوڵەت بەڵێنەکانی بۆ چاکسازی نەبردۆتە سەر، کۆشکی سەرکۆماریی ئەو وڵاتەیان گەمارۆدا و دەستیان بەسەردا گرت. ئەوە بوو بە سەرەتایەک بۆ شەڕ و ئاڵۆزی‌یەکانی دواتری یەمەن و حوسی‌یەکان کە تاقمێکی شیعەی نزیک لە ئێرانن، شەڕێکی نێوخۆیی‌یان لە یەمەن هه‌ڵ‌گیرساند. ــ رۆژی ٢٦ی ژانویە خۆڕاگری و بەرخۆدانی هێزە کوردی‌یەکان لە شاری کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان دوای زیاتر لە ١٠٠ رۆژ لە بەرامبەر تێرۆریستانی داعیش‌دا سەرکەوت و شاری کۆبانی‌ بە تەواوی لە دەست تیرۆریستان رزگار کرا. دوای داگیرکرانی شاری کۆبانی بە دەستی تیرۆریستانی داعیش، هێزەکانی ی پ گ بە هاوکاریی هێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیی هێزی هاوپەیمانان و بە فیداکاری و ئازایەتیی کەم وێنەی رۆڵەکانی گەلی کورد بە ژن و پیاوەوە توانیان شاری کۆبانی لە تیرۆریستان پاک بکەنەوە. فێوریە: ــ رۆژی ١٤ی فێوریە لە شاری کۆپێنهاگی دانمارک لە سێ هێرشی تیرۆریستی‌دا چەند هاونیشتمانی دانمارکی بوونە قوربانی. لە هێرشی یەکەم‌دا لە کافەیەک کە سیمینارێک لەژێر ناوی "هونەر، کوفر و ئازادیی دەربڕین"ی تێدا بەڕێوە دەچوو، کەسێک بەناوی عمر عبدالحمید الحسین تەقەی لە بەشداربووان کرد کە بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی سێ پۆلیس. هێرشی دووەم لە کەنیسەیەکی جوولەکەکان رووی دا کە بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی دوو پۆلیس. رووداوی سێهەمیش لە نزیک وێستگەی قەتار رووی‌دا کە بە تەقەی پۆلیس کەسێک گیانی لەدەست دا. مارس: ــ رۆژی ١٨ی مارس لە تونێس دوو تیرۆریست هێرشیان کردە سەر مووزەخانەی باردۆ و ٢٠٠ کەسیان بە بارمتە گرت. لەم رووداوەدا کە هاوکات بوو لەگەڵ دانانەوەی بۆمب لە پارلمانی تونێس، ٢٠ کەس کوژران کە  لە گەشتیارانی فەرانسەیی، ئیسپانیایی، ئیتالیایی و تونێسی پێک‌هاتبوون. ــ رۆژی ٢٥ی مارس، هاوپەیمانیی وڵاتانی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی عەڕەبستان هێرشە ئاسمانی‌یەکانی خۆیان بۆسەر تاقمی شیعەی حوسی‌یەکانی یەمەن دەست پێ‌کرد کە بەشێکی زۆر لە شارەکانی یەمەنیان داگیرکردبوو. لەم شەڕەدا ئێران هاندەر و پاڵپشتی حوسی‌یەکان بوو و ئەوە بووە هۆی پەرەسەندن و زیاتربوونی ناکۆکی و گرژی‌یەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی کە لە دەست‌تێوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا تووڕە بوون. لە ئاکامی شەڕ و تێکهەڵچوونە نێوخۆیی‌یەکانی یەمەن‌دا زیاتر لە ٦٠٠٠ کەس کوژران. ئاوریل: ــ رۆژی ٢ی ئاوریل لە وڵاتی کێنیا گرووپی تیرۆریستیی "الشباب" هێرشی کردە سەر زانکۆی گاریسا و خوێندکاران و پێرسۆنێلی زانکۆیان بە بارمتە گرت. ئەم هێرشە تیرۆریستی‌یە بە کوژرانی ١٤٧ خوێندکار کۆتایی هات. ــ رۆژی ٢٧ی ئاوریل وەزارەتی بەرگریی نیجێریە رای‌گەیاند لە هێرشێک‌دا ٢٠٠ کچ و ٩٣ ژنیان رزگار کردوە کە لە لایەن گرووپی ئیسلامیی بووکووحەرامه‌وه‌ بە بارمتە گیرابوون. مای: ــ لە هەڵبژاردنی رۆژی ٨ی مای بریتانیا‌دا حیزبی کۆنەپارێز بە سەرۆکایەتیی دەیڤید کامێرۆن بەسەر حیزبی کارگەردا سەرکەوت و کامێرۆن بۆ پێنج ساڵی دیکە بۆوە بە سەرۆک‌وەزیرانی بریتانیا. ژوئەن: ــ لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی ژوئەنی تورکیەدا حیزبی داد و گەشە نەی‌توانی زۆرینەی کورسی‌یەکانی پارڵمان وەدەست بێنێ و هەر بۆیە ناچار بوو حکوومەتێکی هاوپەیمانی پێک‌بێنێ، بەڵام حەزی ئۆردوغان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی تەک‌حیزبی و ئامادەنەبوونی حیزبەکانی دیکە بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبی داد و گەشە، تورکیای بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت برد و بووە هۆی ئاڵوگۆڕ لە پێوەندی و هاوکێشە نێوخۆیی و درەکی‌یەکانی تورکیەدا. ــ رۆژی هەینی ٢٦ی ژوئەن جیهان شاهیدی سێ کردەوەی تیرۆریستی لە سێ شوێنی جیهان بوو. یەکەمیان بەرەبەیانی ئەو رۆژە لە شاری لیۆنی فەرانسە لە کردەوەیەکی تیرۆریستی‌دا سەری کەسێک لە جەستەی جیا کرایەوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. دووەم رووداو تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە مزگەوتێکی شیعەکان لە کووەیت بوو کە بووە هۆی کوژرانی ٢٥ کەس و برینداربوونی ٢٠٠ کەس. سێهەم رووداویش هێرشێکی تێڕۆریستی لە شاری سووسە لە تونێس بوو کە تێی‌دا کەسێکی توندڕەوی ئیسلامی بە دەستڕێژی گوللە ٣٨ کەسی لەو خەڵکەی هاتبوونە قەراغ دەریا، کوشت و ژمارەیەکیشی بریندار کردن. ژووئیە: ــ رۆژی یەکەمی مانگی ژووئیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کووبا دوای ٥٤ ساڵ پێوەندی‌یە دیپلۆماتیکەکانی خۆیان دەست پێ‌کردەوە. ــ دوای نزیک بە دە ساڵ کێشە و ململانێی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی لەسەر پەروەندەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە و پەسندکرانی چەندین بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدژی ئێران، رۆژی ١٤ی ژووئیە، ئێران و گرووپی ١+٥ لە شاری ڤییەن رێککەوتننامەی کۆتایی‌یان ئیمزا کرد. ئەم رێککەوتننامەیە کە کۆمەڵێک ئەرک و دەروەستبوون دەخاتە سەر ئێران، رێگەخۆشکەر دەبێ بۆ ئاسایی‌کردنەوەی پێوەندی‌یەکانی ئێران و وڵاتانی جیهان‌و، ئەگەر ئێران هەموو مەرجەکان بەجێ‌بێنێ گەمارۆ قورسە ئابووری‌یەکان لەسەر ئێران لادەچن. ئێران کە لەماوەی زیاتر لە دەساڵ‌دا بە پێداگری لەسەر بەرنامە ئەتۆمی‌یە گوماناوی‌یەکەی، سەدان میلیارد دۆڵاری زیان بە خەڵکی ئێران گەیاند سەرەنجام ناچار بوو لەژێر گوشاری سزا قورسە ئابووری و سیاسی‌یەکان‌دا مل بۆ ویستی جیهانی رابکێشێ و تەسلیمی ئیرادەی نێونەتەوەیی بێ. ــ رۆژی بیستی ژووئیە بە هۆی تەقینەوەیەکی تیرۆریستیی خۆکوژی لە بەرامبەر ناوەندی فەرهەنگیی سورووچ لە پارێزگای ئۆرفای باکووری کوردستان، ٢٧ هاونیشتمانی کورد کوژران و ١٠٠ کەس بریندار بوون. لایەنە کوردی‌یەکان لە پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئه‌م کردەوە تیرۆریستی‌یەدا دەستی تاوانیان بۆ لای دەوڵەتی تورکیە و دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە راکێشا. دوو رۆژ دوای ئەم رووداوە دوو ئەفسەری تورک لەم پارێزگایە کوژران و پ ک ک بەرپرسیاره‌تیی ئەم هێرشەی وەئەستۆ گرت. ئەوە بوو بە سەرەتای هەڵگیرسانەوەی ئاگری شەڕ، دوای نزیک بە دوو ساڵ وتووێژ و دانوستان بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیە. ئووت: ــ رۆژی ١٢ی ئووت بەهۆی تەقینەوە لە کارخانەیەکی پێترۆشیمی لە پارێزگای تیانجین لە وڵاتی چین ١٦٥ کەس گیانیان لەدەست‌دا. سێپتامبر: ــ رۆژی ٣ی سێپتامبر دۆزرانەوەی تەرمی ئایلان کوردی، منداڵێکی تەمەن سێ ساڵانەی کوردی رۆژئاوا لە کەنار ئاوەکانی تورکیە، بوو بە مانشێتی هەواڵدەری‌یەکانی جیهان. لە دوای هەڵایسانی ئاگری شەڕ لە سووریە و عێراق ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئەم ناوچانە روویان کردۆتە کۆچ بۆ وڵاتانی ئورووپایی و سەدان کەس لەم رێگە دژوار و پڕمەترسی‌یەدا گیانیان لەدەست داوە. دۆزرانەوەی تەرمی ئایلانی سێ ساڵان بوو بە شۆکێک بۆ وڵاتانی رۆژئاوا کە بیر لە بەرپرسیارێتی‌یان لەم شەڕانەدا بکەنەوە و ئاوڕێک لە بارودۆخی کارەساتباری پەناخوازان بدەنەوە و ئەوە بووە هۆی کرانەوەی سنوورەکان بەسەر پەناخوازان‌دا و لە ئاکام‌دا بۆ ماوەی چەند مانگ شەپۆلی پەناخوازان بۆ ئورووپا زۆرتر و خێراتر و بەرینتر بۆوە. ــ رۆژی ٢٤ی سێپتامبر لە وڵاتی عەرەبستانی سعوودی لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی تایبەت بە حەج لە مینا بەهۆی پاڵەپەستۆ لانی‌کەم ٢٢٠٠ کەس گیان لەدەست دا کە ژمارەیەک حاجیی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیشیان تێدا بوون. ــ رۆژی ٣٠ی سێپتامبر رووسیە بۆ یەکەمجار هێرشە ئاسمانی‌یەکانی بۆسەر هێزەکانی داعیش لە سووریە دەست پێ‌کرد، بەڵام تورکیە و ئەمریکا و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریە دەڵێن کە هێرشەکانی رووسیە زیاتر ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕەوی دژبەری بەشار ئەسەد دەکاتە ئامانج. ئۆکتۆبر: ــ رۆژی ٣ی ئۆکتوبر فرۆکە ئەمریکایی‌یەکان بەهەڵە نەخۆشخانەیەکی پزیشکانی بێ‌سنووریان لە ویلایەتی قۆندوزی ئەفغانستان کردە ئامانج و لە ئاکام‌دا ٤٢ کەسیان کوشت. ــ رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبر لە کاتی خۆپێشاندانێکی هێمنانە لە شاری ئانکارای تورکیە بەهۆی دوو تەقینەوە لە مەودای ٥٠ میتری لە نێو خۆپێشاندەران‌دا ١٠٠ کەس گیانیان لەدەست‌ دا. بەرپرسانی تورکیە داعیشیان بە بەڕێوەبردنی ئەم کردەوە تیرۆریستی‌یە تۆمەتبار کرد. بەڵام بەشێک لە چاوەدێران پێیان وابوو کە دەوڵەتی ئۆردوغان بۆ شوێن‌دانان لەسەر رەوتی هەڵبژاردن بە قازانجی خۆی، هەوڵ دەدا کەشێکی نائاسایی و ئەمنیەتی بەسەر وڵات‌دا زاڵ بکا. ــ رۆژی ٣١ی ئۆکتۆبر فرۆکەیەکی نەفەرهەڵگری رووسی چەند خولەک دوای هەستان لە فرۆکەخانەی شەرموشەیخی میسر لە ئاسمان تەقیەوە کە بووە هۆی کوژرانی ٢٢٤ کەس. دوای ئەم رووداوە گرووپی داعیش بەرپرسیاره‌تیی ئەم تەقینەوەیه‌ی وەئەستۆ گرت و رووسیەش ئەم رووداوەی بە هێرشێکی تیرۆریستی لەقەڵەم‌دا بەڵام بەرپرسانی میسری رایان‌گەیاند کە هیچ نیشانەیەکیان لە هێرشێکی تیرۆریستی لەبەر دەست‌دا نیە. نۆڤامبر: ــ رۆژی ١ی نۆڤامبر لە تورکیە حیزبی داد و گەشە بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەییب ئەردوغان لە هەڵبژاردنی پێشوەخت‌دا توانی زۆرینەی کورسی‌یەکانی پارلمان وەدەست بێنێ تا بتوانێ حکوومەتی تەک‌حیزبی پێک‌بێنێ. لە بەرامبەردا ژمارەی کورسی‌یەکانی هەدەپ حیزبی کوردەکانی تورکیە بە سەرۆکایەتیی سەلاحەدین دەمیرتاش بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی پێنج مانگ پێشتر کەمی کرد. ــ رۆژی ١٣ی نۆڤامبر لە فەرانسە لە ئاکامی زنجیرەیەک هێرشی تیرۆریستی لە چەند شوێنی شاری پاریس‌دا ١٣٠ کەس کوژران و ژمارەیەکی بەرچاو بریندار بوون. گرووپی تیرۆریستیی داعیش بەرپرسیاره‌تیی ئەم هێرشانەی وەئەستۆ گرت. ــ رۆژی ٢٠ی نۆڤامبر فرۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە، فرۆکەیەکی رووسی‌یان لە نزیک سنووری نێوان تورکیە و سووریە خستە خوارەوە و لە ئاکام‌دا یەکێک لە فرۆکەوانەکان کوژرا و ئەوی دیکەیان رزگاری بوو. ئەم کارەی تورکیە لە لایەن رووسیەوە بە خەنجەرلێدان لە پشتەوە دانرا و پێوەندی‌یەکانی نێوان دوو وڵاتی بەرەو ئاڵۆزی برد و ئەگەرچی رووسیە لە تورکیەی ویست داوای لێبوردن بکا بەڵام تورکیە رای‌گەیاند کە ئەم فرۆکەیە سنووری وڵاتەکەی بەزاندوە و ئامادە نەبوو داوای لێبوردن لە رووسیە بکا. دێسامبر: ــ رۆژی ٣ی دێسامبر لە شاری سەن بێرناردینۆ لە باشووری ئەیالەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا ژن و پیاوێک لە ناوەندێکی کاروباری کۆمەڵایەتی دەستڕێژی گوللەیان کردە سەر خەڵک و لە ئاکام‌ دا ١٤ کەس گیانیان لەدەست دا. پیاوەکە چەند مانگ بەر لەم کردەوە ترۆریستی‌یە ئۆگریی خۆی بە داعیش راگەیاندبوو. ــ رۆژی ١٢ی دێسامبر دوای کۆنفرانسێکی دوو حەوتوویی لە وڵاتی فەرانسە ١٩٥ وڵاتی جیهان رێککەوتننامەیەکی مێژوویی‌یان بۆ کەمکردنەوەی پلەکانی گەرمای تۆپی زەوی ئیمزا کرد. ــ رۆژی ١٢ی دێسامبر لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەوانی‌یەکان لە وڵاتی عەرەبستان ٢٠ ژن توانیان دەنگ بێننەوە و ببن بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی. ــ رۆژی ١٨ی دێسامبر ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیارنامەیەکی بۆ کۆتایی‌هێنان بە شەڕی پێنج ساڵە لە وڵاتی سووریە پەسند کرد، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە دوارۆژ و چارەنووسی بەشار ئەسەد نەکرد.   لە ژماره‌ ٦٧١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌