کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتاری کردنەوەی کۆنگرەی شازدەیەمی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە لەلایەن تێکۆشەری دێرین کاک فەتاح کاویانەوە پێشکێش کرا:

19:15 - 17 رێبەندان 2715

میوانە بەڕێزەکان! ئەندامانی بەڕێزی شازدەیەمین کۆنگرەی حیزبی دیموکراتی کوردستان! بە خێر بێن بۆ ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دیموکراتی کوردستان. سپاسی کۆمیتەی ئامادەکردنی ئەم کۆنگرەیە‌و ڕێبەریی حیزب دەکەم کە منیان بۆ کردنەوەی ئەم کۆنگرەیە، دەستنیشان کردەوە. ئەم کۆنگرەیە، کە ناوی "کۆنگرەی٧٠ساڵ تێکۆشان"ی لە سەر دانراوە، گرنگیەکی تایبەتی هەیە. چونکە لە دوای تێپەڕکردنی ٧دەیە خەباتی پڕ لە قوربانیدان پێک هاتوە. کۆنگرەی ١٦ لە سەریەتی لە بەر ڕووناکایی ئەزموونەکانی ٧٠ ساڵ خەبات، ئەم حیزبە بۆ دەیەیەکی نوێی تێکۆشان ئامادە بکا. هەر بۆیە پێویستە نوێنەرانی بەڕێزی کۆنگرە، بەو پەڕی هەست کردن بە بەرپرسایەتی، ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. بایەخێکی تایبەتی بە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندی بدەن‌و بە پێشنیار‌و سەرنج‌و تێبینییەکانی خۆیان دەوڵەمەندی بکەن. چاوەڕوانیی من‌و هەموو دۆستان‌و دڵسۆزانی حیزبی دیموکرات ئەوەیە، کۆنگرەی ١٦ بڕیار‌و ڕاسپاردەی گونجاو بۆ چالاک کردنەوەی پتری تێکۆشانی حیزب لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەسند بکا. جێی خۆیەتی کۆنگرە، بۆ بوارەکانی دیکەی تێکۆشانی حیزبەکەمان بۆ وێنە بواری دیپلۆماسی‌و پێوەندیی نێودەوڵەتی، بواری ڕاگەیاندن، بواری تەشکیلاتی، بواری پەروەردە و فێرکردن و هتد،ڕێنوێن و ڕاسپاردەی بە سوود بدا بە ڕێبەریی داهاتوو. خوشک و برایانی ئامادەبوو لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرە! ئەندامانی بەڕێزی کۆنگرە! تێکۆشەرانی دیموکرات! خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و‌بزووتنەوەی کورد لەم بەشەی کوردستان، ساڵانێکی زۆرە بە دەست تەفرەقە‌و چەند پارچەیی‌و پەرش‌و بڵاویی هێزە سیاسییەکانەوە دەناڵێنن. خەڵکەکەمان لە حاڵێک دا هەروا لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێبەشن‌و بەردەوام لە گەڵ سەرکوت‌و هەڕەشە بەرەوڕوون، یەکگرتن‌و هاوخەباتییەکی جیددی لە نێوان هێزە سیاسییە خەباتکارەکانی خۆیان دا نابینن. ئەم ڕاستییە تاڵە، ئەرک دەخاتە سەر بەشدارانی ئەم کۆنگرەیە. بە دڵنییاییەوە دەڵێم ئەم کۆنگرەیە و هەموو کۆبوونەوەیەکی سیاسیی گرنگی حیزبەکان، ئەو کاتە دەبنە ماێەی خۆشحاڵیی خەڵک، کە هەڵگری پەیام و بانگەوازی تەبایی‌و یەکگرتوویی لە نیوان هیزە سیاسییەکان دا بن. هەر بۆیە داوا لە ئەندامانی بەڕێزی کۆنگرە دەکەم بە گیانی گرنگیدان بە یەکگرتوویی‌و هاوکاری‌و هاوخەباتیی هێزە سیاسییەکان، بەشداری کار‌و ئەرکەکانی ئەم کۆنگرەیە بن. یەکگرتوویی هەر وا کە لە نێوان هیزە سیاسییەکان‌و لە نێو کۆمەڵانی خەڵک دا، بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی هاوبەش و ئامانجی هاوبەش پێویستە، لە نیو ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانیش دا‌، چەند قات پێویستە. بە یەکگرتوویی ڕیزەکانمان‌و بە هاوکاریی دڵسۆزانە لە نێوان تێکۆشەران، ئەندامان‌و ڕیکخراوەکانی حیزب، لە نیوخۆ و دەرەوەی وڵات، دەتوانین ئەو رەسالەتە جێبەجێ بکەین کە مێژوو خستوویەتە سەر شانی حیزبی دیموکرات. داوام لە بەشدارانی کۆنگرە ئەوەیە بە باسەکانیان، بە پێشنیار و لێکدانەوە و ڕاسپاردەکانی خۆیان، هەر چی زیاتر بوار بۆ یەکڕیزی و کۆدەنگی و هاوکاری و هاودڵی لە نێو حیزبی دیموکرات دا بخوڵقێنن. تکاشتان لێ دەکەم کەسانێک بۆ ڕێبەریی داهاتووی حیزب هەڵ ببژێرن کە شیاو و لە ئاستی بەرپرسایەتیی وەئەستۆ گرتنی بەڕێوەبەریی حیزب لە هەلومەرجی هەستیاری ئێستا دا بن. بەڕێزان! من کە شانازیی کردنەوەی ئەم کۆنگرەیەم پێ سپێردراوە، لەم ساتە‌دا ئەم کۆنگرەیە بە ناردنی سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ٧٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانی حیزبی دیموکرات ، بە تایبەتی بە یاد کردنەوە لە 3 ڕێبەری شەهیدمان، قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی، دەکەمەوە. بە بۆنەی دەستپێکردنی ئەم کۆنگرەیە، پیرۆزبایی لە ئێوە‌و لە سەرجەم ئەو کەسانە دەکەم کە دۆست‌و دڵسۆز‌و هۆگری خەباتی پڕشانازیی حیزبی دیموکراتی کوردستانن. هیوام سەرکەوتنی کۆنگرەی ١٦، کۆنگرەی ٧٠ ساڵ تێکۆشانە. ئاواتیشم ئەوەیە ٧٠ ساڵ خەباتی پڕ لە سەروەری و قوربانیدانی حیزبی دیموکرات بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان بگاتە ئەنجامی دڵخواز و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە مافە نەتەوەییەکانی خۆی بگا. سەرکەوێ کۆنگرەی شازدەیەمی حیزب بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان. ئاواتەخوازی سەرکەوتن و سەربەرزیی ئێوە: فەتاح کاویان ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ ٦ی فێوریەی ٢٠١٦