کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی سێهه‌م ڕۆژی کاریی کۆنگره‌ی١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستان

03:18 - 21 رێبەندان 2715

له‌ سێهه‌مین ڕۆژی کاریی کاروباری کۆنگره‌ی ١٦ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا پێڕه‌وی نێوخۆی حیزبی دێموکرات به‌ کۆمه‌ڵێک ئاڵوگۆڕ په‌سه‌ند کرایه‌وه‌. له‌ دانیشتنه‌کانی سێهه‌م ڕۆژی کاری کۆنگره‌دا گه‌ڵاڵه‌ی پێشنیاریی پێره‌وی نێوخۆی حیزب پاش تاوتوێ‌و لێکدانه‌وه‌ی به‌شدارانی کۆنگره‌ په‌سه‌ند کرا. له‌ سه‌ره‌تای کاری کۆبوونه‌وه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌و باسه‌ قادر وریا، ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی گه‌ڵاڵه‌کردنی پێره‌وی نێوخۆی حیزب باسێکی له‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ پێڕه‌وی نێوخۆی پێشووی حیزب کردو دواتر به‌شدارانی کۆنگره‌ سه‌رنج‌‌و تێبینیی خۆیان له‌سه‌ر گه‌ڵاڵه‌که‌ هێنایه‌ به‌رباس‌و پاش مناقشه‌و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، ده‌قی پێڕه‌وی نێوخۆ پاش ده‌سکاریی پێویست په‌سند کرا. یه‌کێک له‌ گرینگترینی ئه‌و ده‌سکاری‌و پێداچوونه‌وه‌یه‌ لابردنی به‌ندی دوو ده‌وره‌ سکرتێری له‌ پێڕه‌و نێوخۆێ حێزب بوو. له‌ بڕگه‌کانی دیکه‌ی سێهه‌م ڕۆژی کاریی کۆنگره‌دا په‌یامی حیزبی شیوعیی کوردستان له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن شێخانی، په‌یامی حیزبی یه‌کیه‌تیی کورد له‌ سووریه‌ له‌لایه‌ن نه‌به‌ز عه‌لیدوست‌و، په‌یامی حیزبی سۆسیال دێموکراتی دانمارک‌و حیزبی گه‌لی مه‌غولستان له‌لایه‌ن تاهیر قاسمی خوێندرانه‌وه‌. هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی چاوه‌دێری به‌سه‌ر به‌رنامه‌ و پێڕه‌و له‌لایه‌ن مسته‌فا مه‌عرووفی‌و باسێک له‌سه‌ر میکانیزمی هه‌ڵبژاردنی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی که‌ له‌لایه‌ن کاک حه‌سه‌ن قادرزاده‌، ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی گه‌ڵاڵه‌کردنی ئه‌و پڕۆژه‌ پێشنیاره‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی سێهه‌م ڕۆژی کاریی کۆنگره‌ی ١٦ بوون. کۆنگره‌ی ١٦ ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان که‌ به‌ کۆنگره‌ی ٧٠ ساڵ تێکۆشان ناودێر کراوه‌، له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌، ١٧ ی ڕێبه‌ندانه‌وه‌ به‌ رێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی کۆنگره‌ ده‌ستی پێ کردوه‌و له‌ یه‌که‌م ڕۆی کاریی کۆنگره‌ی ١٦ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا ڕاپۆرتی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی هه‌ڵبژێردراوی کۆنگره‌ی ١٥ بۆ کۆنگره‌ی ١٦ په‌سه‌ندکرا؛ له‌ درێژه‌ی کاری کۆنگره‌ له‌ ڕۆژی دووهه‌م‌و سێهه‌می خۆیدا به‌رنامه‌و پێڕه‌وی نێوخۆی تاوتوێ‌و په‌سه‌ند کرا. شایانی باسه‌ له‌ به‌شێکی به‌رنامه‌ی حیزبدا به‌ ئاماژه‌ به‌ مێژووی تێکۆشانی حیزب‌و چه‌ند بڕگه‌یه‌کی مێژوویی حیزب که‌ لێکدابڕانی تێدا پێکهاتووه‌، به‌مجۆره‌ باس له‌و بابه‌ته‌ کراوه‌ که‌ حیزبی دێموکرات لە مێژووی دەیان ساڵەی خۆی‌دا، چەندجار لە ئاکامی ناکۆکیی نێوخۆیی‌دا، تووشی لێکدابڕان و چەند پارچەیی بووە و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە لە جیاتی تێکۆشان لە حیزبێکی واحیددا، بوونە بە دوو بەش و بە جیا، تێکۆشان و خەباتی خۆیان درێژە داوە، بەڵام دواتر کەوتوونەتەوە سەریەک. لە زۆربەی ئەم حاڵەتانەدام تێکۆشەرانی ئەم حیزبە سەرەڕای ناکۆکیان لەگەڵ یەکتر و تێکۆشانی بە جیایان، هەم لەسەر خەبات بۆ مافەکانی نەتەوەی کورد و ئامانجە لەمێژینەکانی حیزبی دێموکرات بەردەوام بوون، هەم بەرگرییان لە مێژوو و شانازییەکانی حیزبی دێموکرات کردوە. ئەم لێکدابڕانانە، سەرەڕای تاڵی و نەخوازراوبوونیان، بەشێکن لە مێژووی حیزبی دێموکرات.