کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردن لە روانینێکی کۆمەڵناسیانەوە (بەشی یەکەم)

02:47 - 27 رێبەندان 2715

  ئەگەر ئێمە هەوڵبدەین خۆمان لە بەحسە کلیشەییەکان دوور رابگرین، ئەوا باشتر دەتوانین دۆخی سایکۆلۆژی و کەلتوری هەڵبژاردن دەرک پێبکەین. بۆ نموونە قەرار نییە ئێمە بەشێوەیەکی مەزندەیی (قیاسی) باس لە چۆنایەتی هەڵبژاردن لە ئێران بکەین، واتە بە پێی ستانداردە دیمۆکراتیکەکان ئەم هەڵبژاردنە بەراورد بکەین. یاخۆ سروشتیییە کە ئێمە چاوەروانیمان نەبێ کە هەڵبژاردن لە ئێراندا بە مانای زەمینەسازی گۆڕان لە سیستەمی سیاسی وڵاتدا بێ. چوونکە لە کاتی دەنگداندا، نە خەڵک بە مەبەستی لابردنی نیزام دەچنە پای سندوقەکانی دەنگدان و نە حکومەتیش ئامادە دەبێ پرۆژەیەکی وەها مودیریەت بکا کە دەرەنجامەکەی نەمانی خۆی بێ. بەم چەشنە ئێمە لەگەڵ دیاردەیەکی هەڵبژاردندا بەرەورووین کە نە دێمۆکراتیکە و نە قەرارە سیستەمی دەسەڵات لە ئێران بگۆڕێ. لە راستیدا ملدانی رێژم بە هەڵبژاردن بە پێچەوانەی ویست و مەیلی بووە و لە سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێرانەوە بەسەریدا سەپاوە و، رێژیمیش لەم ماوەدا هەوڵیداوە بە هەرچەشنە ئامێرێک مودیریەتی بکا. ئێمە دەزانین کە پرسی هەڵبژاردن ئەمرێکی سیاسییە. کەواتە وەک گشت دیاردە سیاسییەکانی دیکە، سیاسەتی هەڵبژاردنیش لە خۆیدا خاوەنی دوو ئەلەمێنتی نەرم ئامیری و سەخت ئامێرییە. سەرەتا ئەم بابەتە هەوڵدەدا بە شێوەیەکی هاوتریب، پرۆژەی هەڵبژاردنی دەوری دەیەمی مەجلیسی شوورای ئیسلامی ئێران و هەروەها خولی پێنجەمی مەجلیسی خوبرەگان، لە روانگەیەکی مێتۆدۆلۆژییەوە بخاتە بەرباس. دواتر بە کورتی باسێ لەسەر جوگرافیای هەڵبژاردن دەکا و هەروەها باس لە هەوڵی چالاکانی سیاسی و مەدەنی بۆ تەئسیردانان لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردندا دەخاتە بەرباس. دواجار و لە بەشی سێهەمدا زۆر بە کورتی باس لە سایکۆلۆژیەتی هەڵبژاردن دەکرێ و، لە کۆتاییدا دەرەنجامی ئەم لێکۆڵینەییە دێتە بەرباس. بەشی یەکەم مێتۆدۆلۆژی هەڵبژاردن ١-١/ سیاسەتی نەرم ئامێری پرسی هەڵبژاردن لە ئێراندا، ئێستاشی لەگەڵدا بێ، لەسەر بنەمای دوو شێوە رەفتاری سیاسی و هەروەها دوو چاوەروانیی کارکردیدا فۆرمی گرتووە کە لە ئەنجامدا بۆتە هۆی دروستبوونی کەلێنێکی بەرین لە نێوان دەسەڵات (ساختار) و هاوڵاتیان دا (ئەکتەرەکان). لە لایەکی ئەم کەڵێنە سیاسییەدا کەسانێک راوەستاون کە هەوڵ بۆ "پاراستنی دۆخی ئارایی (وەزعییەتی مەوجود)" دەدەن و، لەوبەری کەلێنەکەش کەسانێک راوەستاون کە هەوڵ بۆ "گۆڕانی دۆخی ئارایی" دەدن. هەر بۆیە کاتێ لە کۆنتێکستی مێژووییەوە سەیری خولەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و مەجلیس بکەین، دەبینین باڵە رکەبەرەکان دوای دوو دەورەی چوار ساڵە دەسەڵاتیان لە نێودا ئاڵوگۆڕکراوە. باڵە رکەبەرەکان، لە خولی چوارساڵەی یەکەمدا هەموو هێزی خۆیان بۆ دیسان هەڵبژاردنەوە و پاراستنی دۆخی ئارایی دەکار دەکەن، بەڵام دواتر لە خوڵی دووهەمی چوارساڵەدا، ئەکتەرانی "گۆڕانی دۆخی ئارایی" هەوڵدەدن کۆتایی بە دەسەڵاتی لایەنەکەی دیکە بێنن. کەواتە کاتێ ئێمە باس لە هەڵبژاردن دەکەین، لە راستیدا باس لە کەلێنێک دەکەین کە لەباری زەمانی و مەکانییەوە لە کاتی هەڵبژاردندا دێتەگۆڕێ. فەزای سیاسی وڵات ئەو بەستێنە هەموارەیە کە کەس یاخۆ کەسانی بەربژێرکراو هەوڵدەدەن داگیری بکەن. لەم پێوەندییەدا دیسکۆرس وەک نەرم ئامێر لە پرۆژەی هەڵبژاردندا دەوری سەرەکی دەگێڕێ. واتە لەکاتی هەڵبژاردندا ئێمە لەگەڵ "کۆنتێکستی" هەڵبژاردن و "دیسکۆرسی" هەڵبژاردندا بەرەوروو دەبینەوە. ئەگەر بمەوێ چەمکی کۆنتێکست و دیسکۆرس بە شێوەیەکی سادە و زۆر بەکورتی شیبکەمەوە، دەتوانم بڵێم کە کارکردی کۆنتێکست بۆ فەهم و تێگێشتنی ئۆنتۆلۆژیانەی (هستی شناسی) دیاردەکان دەکاردێ و، دیسکۆرس رەهەندی ئێپیسمۆلۆژیانەی (معرفت شناسی) واقەعیەتەکان دیاریدەکا کە دواتر دەبێهتە هۆی دەرکەوتنی رەفتارە کۆمەڵایەتییەکان. دیسکۆرس لە کۆمەڵێک تایبەتمەندی و ئاماژە پێکهاتووە کە بەسەر فەزای گشتیدا زاڵ دەبێت. لەراستیدا دیسکۆرس دەبێ خاوەنی کۆنتێکستێکی کۆمەڵایەتی بێ دەنا ناتوانین دەرکی بکەین. بۆ نموونە چینی هەژار و تەنگدەست لە ئێراندا کە هیچ پشتیوانێکی ئەوتۆیان شک نەدەبرد، کۆنتێکستێکی گونجاو بوو بۆ هاتنەگۆڕی دیسکۆرسی دادپەروەریی و پۆپۆلیزمی ئەحمەدی نژاد. یاخۆ توێژی خوێندکار و سێکۆلار؛ واتە چینی مامناوەندی کۆمەڵگا، کۆنتێکستێکی لەبار بوو بۆ سەرهەڵدانی دیسکۆرسی "جامەعەی مەدەنی" کە دواتر رەوتی رێفۆرمخوازی لێکەوتەوە. بەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق و هەتا دواساتەکانی خولی دەیەمی سەرکۆماری، ئێمە لەگەل سێ دیسکۆرسی جیاوازی ئینتەخاباتیدا ئاشنا بووین. دیسکۆرسی یەکەم؛ دیسکۆرسی "تێکنۆکراسی و تەرەقی" بوو کە هاتنەسەرکاری دەوڵەتی "سازەندەگی" لێکەوتەوە، دیسکۆرسی دووهەم؛ دیسکۆرسی "ئازادی و جامەعەی مەدەنی" بوو کە دەوڵەتی "ئیسڵاحاتی" لێکەوتەوە و، هەروەها دیسکۆرسی سێهەم؛ دیسکۆرسی دادپەروەری و پۆپۆلیزم بوو کە دەوڵەتی "مێهر" یاخۆ ئەحمەدی نژادی لێکەوتەوە. لە هەرکام لەم خولانەدا، دیسکۆرسی پرۆژەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری، راستەوخۆ دەلالەتی لە دۆخی هەڵبژاردنی خولەکانی مەجلیسیش کردووە. واتە کاندیداتۆرەکان بە پێی دیسکۆرسی سەردەمی خۆیان ستادی ئینتەخاباتی خۆیان سازدەدا و رێکلامیان بۆ دەکرد. بەڵام دیسکۆرس لە راستیدا ئەمرێکی کۆمەڵایەتییە و وەک لەفارسیدا باوە تاریخ مەسرەفی خۆی هەیە. ئەم سێ دیسکۆرسە کە لەسەرێدا باسیان لێکرا، ئەو راستیەمان بۆ دەردەخەن کە دیسکۆرسە ئینتەخاباتییەکان لە ئێراندا تاریخ مەسرەفێکی هەشت ساڵەیان هەیە، چوونکە لەو ماوەیەدا گۆڕان بەسەر کۆنتێکستی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتیدا دێ. کەسێک کە نوێنەرایەتی دیسکۆرسێک دەکا، لەراستیدا بۆخۆی دەبێتە بەشێک لە رەهەندی نیشانەشناسیانەی ئەو دیسکۆرسە. واتە خەڵک دیسکۆرسەکە بەو کەسەوە دەناسن کە نوێنەرایەتیان دەکا و بانگەوازی بۆدەکا. هەر بۆیە دوابەدوای کۆتایی هاتن بە هێژمۆنی ئەو کەسە لە فەزای سیاسیدا، دیسکۆرسەکەش جەزابیەتی خۆی لەدەست دەدا. هەلومەرجی هەڵبژاردنی خولی دەیەمی مەجلیسیش سروشتییە کە لەژێر سڕیمەی هەلومەرجی هەڵبژاردنی دەوڵەتی یازدەهەمدا بێ. پرسیار ئەمەیە کە ئایا پرۆژەی هەڵبژاردنی دەوڵەتی یازدەهەم خاوەنی دیسکۆرس بوو؟ وڵامدانەوە بەم پرسیارە کارێکی ئاسان نییە ئەگەر سەرنج بەو پێناسانە نەدەین کە من لەسەرێدا ئاماژەم پێدا. ئەو پێناسە و شیکارییەی کە لە پاراگرافەکانی سەرێدا هاتە بەر باس لە راستیدا پێوەندی بە وڵامی ئەم پرسیارەوە هەیە. بە پێی پێناسەی دیسکۆرس و ئەو پێوەڕانەی کە باسی لێوە کرا، بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە دروشمی "ئیعتەداڵ" نەیتوانی ببێ بە دیسکۆرس. واتە هەڵبژاردنی دەوڵەتی یازدەهەم خاوەنی هیچ دیسکۆرسێک نەبوو، چوونکە فەزای ئەمنیەتی دوای ئینتەخاباتی ساڵی ٨٨ ئەو کۆنتێکستەی لەبار برد کە تێیدا دیسکۆرسێکی نوێ لەدایک ببێ. لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێن کە خولی دەیەمی هەڵبژاردنی مەجلیسیش، لە فەزایەکی بێ دیسکۆرسدا مودیریەت دەکرێ. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەگەر هەڵبژاردنی دەوڵەتی یازدەهەم بەرهەمی دیسکۆرسی سیاسی نەبوو، ئەی بەرهەمی چی بوو؟ لە راستیدا سەرکەوتنی دەوڵەتی "ئیعتەداڵ" بەرهەمی ئەو کەلێنە سیاسییە بوو کە لەسەرەتای ئەم بابەتەدا ئاماژەمان پێدا، واتە گۆڕینی دۆخی ئارایی. چوونکە ساڵی ١٣٩٢ ریزبەندییەکی ئەوتۆ لە ئارادا نەمابوو بۆ پاراستنی دۆخی ئارایی. هەربۆیە سەرکەوتنی رووحانی دەرەنجامی رەفتار و لاوازی هەڵوێستی سیاسی رەقیبەکانی بوو کە بەتەمابوون دۆخی ئارایی بپارێزن. شێوازی موهەندیسی کردنی هەڵبژاردنی ئەم دەورەییەی مەجلیسی کۆماری ئیسلامیش لە راستیدا بێ دیسکۆرسە و لەخزمەت هێشتنەوەی دۆخی ئارایی مەجلیسە، واتە پاراستنی تەرکیبی مەجلیسی نۆیەم کە لە راستیدا هیچ سازگارییەکی لەگەل سیاسەت و دوورنمای مودیریەتی دەوڵەتی یازدەهەمدا نییە. ٢-١/ سیاسەتی سەخت ئەبزاری کاتێ باس لە رەهەندی سەخت ئامێری هەڵبژاردن دەکرێ، لە راستیدا مەبەست لەو میکانیزمانەیە کە ئینتیزامی کۆمەڵایەتی (Social Regulation) هەڵبژاردن هەموار دەکا. لە پێوەندی بە هەڵبژاردن و رەفتارە سیاسییەکاندا تیۆریی زۆر لە ئارادایە کە کۆمەڵناسەکان لەکاری دەکەن، هەڵبەت من بەتەما نیم ئەم بابەتە سیخناخی تیۆری بکەم، بەڵام بۆ دەرکی زیاتری دۆخەکە ناچارم ئاماژە بە یەکێ لە کۆمەڵناسەکان بدەم کە لەم زەمینەیەدا تیۆریی باشی هەیە. "رۆبێرت مۆرتۆن" کاتێ باس لە ستروکتوری کۆمەڵایەتی یا هەمان ساختاری کۆمەڵایەتی دەکا، ئاماژە بە کاردانەوەی هەبەر (کنش متقابل) دەکا کە وەک ئولگوویەکی دیاریکەر لە ساختی کۆمەڵایەتیدا دەور دەگێڕێ. بە واتایەکی دی ستروکتورەکان هۆکارێکی کاریگەر بەڵام نادیارن کە بە پێی زەمان کار لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن. لە راستیدا مرۆڤ لە ژیانی رۆتینی خۆیدا بەردەوام لە ژێر کارتێکەری پرۆسەی جامەعەپەزیری و هەروەها جامەعەپەزیری سیاسی دایە و ئەم کارتێکەرییە وا لە مرۆڤ دەکا کە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بجووڵتەوە کە بە پێی زەمان بۆی دیاری کراوە. هەر لەم پێوەندییەدا کاتێ مۆرتۆن باس لە ئینتەزامی کۆمەڵایەتی دەکا مەبەستی لەو ئامێرانەیە کە مرۆڤ لەبەردەستیدایە بۆ وەدی هێنانی ئامانجەکانی. هەڵبەت مەبەست لە ئینتزامی کۆمەڵایەتی، کەلتور و نۆرمەکانن کە چۆنایەتی رەفتاری ئێمە دیاری دەکەن. بە سەرنجدان بە روانگەی مۆرتۆن دەتواننین بڵێین کە پرسی هەڵبژاردن چ لەباری کەلتوری و چ لەباری نۆرمییەوە یەکێکە لە رێکارە پەسەندکراوەکان بۆ ئەوەی پێوەندی لە نێوان هاوڵاتیان و نوخبەی سیاسیدا دروست بکات و بەم چەشنە تەئسیر لەسەر یەک دابنێن. ئەگەر رەفتاری هاوڵاتیان و ئارستەی سیاسی هاوڵاتیان مەدەنیانە بێ، سروشتییە کە شێوازی ئەو رەفتارە کار لە حکومەتیش دەکا و ناچاری دەکا رەفتارێکی مەدەنیانەی هەبێ لەگەڵ دیاردەکانی نێو کۆمەڵگا. لە هەموو شوێنێکی دونیا ئەم پێوەندییە و رادەی کارتێکەریی ئەو دوو لایەنە بەسەر یەکەوە دیارە و بە پێی زەمان و هەروەها بە پێی چۆنایەتی تەعامولی ئەو دوو لایەنە، واتە ساختاری سیاسی و هاوڵاتی مەدەنی، قاعیدە و یاسای رەفتارە سیاسییەکانیش دیاری دەکرێ. ئەو شتەی مۆرتۆن باسی لێوەدەکا بە گشتی مۆدێلێکی گۆنجاوە بۆ رەفتارە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن بەتەنیا کەلتور و نۆرم بەس ناکا، بەڵکە بەرژەوەندی و حیسابگەری هاوڵاتی و هەروەها نوخبەی سیاسی زۆر گرنگە. کەواتە پرسی هەڵبژاردن بۆ نوخبەی سیاسی و هاوڵاتیان لە خۆیدا باس لە دوو روانگەی جیاواز دەکا. هەڵبژاردن لە دیدی نوخبەی سیاسییەوە بریتییە لە: ١/ مەشرووعیەتی سیاسی ٢/ لە دەسەڵاتدامانەوە بە مەبەستی سەپاندنی خەتی ئادیالۆژی و سەلیقەی سیاسی خۆی ٣/ مەرجەعیەت بۆ بریاردان ٤/ ئەمنیەت و سەقامگرتوویی هەڵبژاردن لە دیدی هاوڵاتییەوە بریتییە لە: ١/ دروستکردنی پردی پێوەندی لە نێوان خۆی و دەسەڵاتی سیاسیدا ٢/ چاودێری کردنی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی رەفتاری دەسەڵاتدار ٣/ یاسامەندی بڕیارەکان ٤/ ئەمنیەت و سەقامگرتوویی کەواتە دەبینین کە بەرچاوترین جیاوازی لە دیدی نوخبەی بەربژێرکراو و دیدی هاوڵاتی دەنگدەردا چۆنایەتی ماملەکردن لەگەڵ دەسەڵاتە. نوخبەی سیاسی لەبیری دەستراگێشتن بە دەسەڵاتە و هاوڵاتیش لە بیری چاودێری کردن و کۆنترۆڵی دەسەڵاتە. ئەم پێشەکییە رەنگە دەرکی ئێمە سەبارەت بە دەسەڵات شەفافتر بکات. ئیدی لێرەوە مەبەست لە دەسەڵات تەعبیری مەزهەبی دەسەڵات نییە کە بە شێوەیەکی نۆرماتیڤ دەسەڵاتی ئاسمانی موقەدەس بکا و لەولاشەوە نەفی لە دەسەڵاتی زەمینی دەکا، بەڵکە دەسەڵات لێرەدا بە واتای دینامیزم دێت. دینامیزمێک کە میکانیزم و کەیفییەتی سەخت ئامێریانەی هەڵبژاردن دیاری دەکا. پێشتر باسم کرد کە قەرار نییە بە شێوەیەکی مەزندەیی باس لە رەوەندی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی بکەین، چوونکە بێجگە لە بەحسێکی کلیشەیی هیچ دەرەنجامێکمان دەست ناکەوێ. بەڵام سەرەرای ئەم شتە ناچارین ئاماژە بەوە بکەین کە پۆلۆرالیسمی سیاسی، فرە حیزبی، میدیای ئازاد، هەست بە ئەمنیەت کردن لە کاتی دەربڕینی بیرورای جیاواز و هتد، گرینگترین میکانیزم و هەروەها سەخت ئامێرگەلێکی موعتەبەرن بۆ پرۆژەی هەڵبژاردن. وا دیارە لە ئێراندا ئێمە هیچ کام لەم شتانە شک نابەین، کەچی هەڵبژاردن دەکرێ و خەڵکیش بە رێژەیەکی بەرچاو بەشداری دەکا! بۆ دەرک کردنی ئەم دیاردەیە، ئێمە ناچارین دیسان پەنا بۆ تیۆرە موعتەبەرەکان ببەینەوە. چوونکە بەتەنیا تیۆر دەتوانێ بەرچاوروونیمان بداتێ. ئێمە دەزانین کە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان "عەمەل" و "رەفتار" دا. هەڵبەت لە زانستی کۆمەڵایەتیدا عەمەل بە "ئەکشێن" و رەفتاریش بە "بیهەڤیۆر" ناو دەبەن. بۆ نموونە کاتێ "ماکس وێبەر" باس لە عەمەل دەکا مەبەستی لە کردەوەیەکی مەعنادار، ئامانجدار و عەقڵانییە، لە حاڵێکا رەفتار کردەوەیەکی سۆزاوییە کە لە ژێر کاریگەریی پاڵنەر یاخۆ چەند پاڵنەر دایە. بۆنموونە رەفتاری گرژ یاخۆ رەفتاری هێمنی کەسێک پێوەندی بە ژینگە و رەفتاری دەوروتەنیشتییەوە هەیە. کەواتە ئێمە لێرەوە باس لە جیاوازییەک دەکەین کە لە نێوان رەفتاری سیاسی و عەمەلی سیاسیدا هەیە. هەڵبەت عەمەلی سیاسی تایبەتمەنییەکانی خۆی هەیە، بۆ نموونە پێویستە ئەو عەمەلە سیاسییە لەسەر بنەمای تیۆریی بێ و هەروەها ئامانجەکانی دیاریکراو و روون بن. لە لایەکی دیکەوە زۆر گرنگە کە عەمەلی سیاسی بتوانێ بە پێی هەلومەرج و لە دۆخە دژوارەکاندا مەیدانی مانۆڕدانی بۆ فەراهەم بکرێ تا بەم چەشنە زەرفیرت و توانایی بەرنامە سیاسییەکانی خۆی نیهادینە بکا. ئەگەر ئێمە بۆ نموونە "هەڵوێست" یاخۆ "بێهەڵوێستی" وەک پێناسەیەکی سیاسی رەچاو بکەین، دەبێ عەمەلی سیاسی بتوانێ زەمینەی رێکار و پێناسەی "هەڵوێست" یاخۆ "بێهەڵوێستی"ش دیاری بکا، تاکوو لە هەلومەرجی زۆر دژوار و پیچیدەدا رێنمایی تاکەکانی کۆمەڵ بکا بۆ رەفتاری سیاسی. بەم چەشنە ئێمە دەبینین کە رەفتاری سیاسی لەژێر سریمە و کارتێکەریی زەمینەکانی عەمەلی سیاسیدایە. بەواتایەکی دی ئەمە ئەکتەرە سیاسییەکانن کە مەیدانی رەفتاری سیاسی تاکەکانی کۆمەڵ تەنگ یاخۆ بەرفراوان دەکەنەوە. لێرەوە ئێمە لەگەڵ سێ مۆدێلی دیاریکراو بۆ کارکردن لەسەر پرۆژەی هەڵبژاردن دا بەرەورووین: ١/ ساختاری سیاسی، ٢/ عەمەلگەرای سیاسی و ٣/ رەفتارگەرای سیاسی. ١/ ساختاری سیاسی؛ کاتێ باس لە ساختار دکەین مەبەست لە میکانیزمێکە کە تەعامولی نێوان ئولگووە رەفتارییەکان تەنزیم دەکا و چوارچێوەیەک بۆ نەقش و هەڵسوکەوتی تاکەکان دیاری دەکا. ساختاری سیاسی هەر حکومەتێکیش لە راستیدا لەسەر ئەو ئولگووە دارژاوە کە من ئاماژەم پێدا، بەڵام جیاوازی ساختاری سیاسی لەوەدایە کە ئامانجدارە. هیچ کەسێک نازانێ ساختاری کۆمەڵایەتی چۆن و کەی دروستکراوە و بەتەنیا هەر دەتوانین لە بەستێنی مێژووییەوە دەرکی بکەین. واتە ئێمە نازانین کەی و چ کەسێک رەفتار و هەڵسوکەوتەکانی ئێمە و نەریت و کەلتوری ئێمەی دارشتووە، بەڵام دەزانین کە ئەمانە هەن و نۆرمیشن، دەزانین کە چۆن بە پێی ئەخلاقی کۆمەڵ لەگەڵ خۆمان و دیاردەکاندا ماملە بکەین. ساختاری سیاسی بە پێچەوانەوە، هەم بکەرەکەی (فاعل) و هەم زەمانەکەشی دیارە و هەروەها ئینتەماکەشی دەرک پێدەکەین، هەڵبەت رەنگە لە زۆر حاڵەتدا هەڵە بکەین. ساختاری سیاسی ئێران، وەک لە ناوەکەیدا هاتوە، لەسەر بنەمای ئیسلامیەت و جمهووریەت دارژاوە. کەواتە گشت ئولگووەکان و هەروەها نەقشی تاک و ئەحزابیش لەم چوارچێوەیەدا دیاری دەکرێ. بەڵام لە راستیدا یەکێ لە گرفتە جیددییەکانی رێژیمش هەر ئەم دووالیزمی سیاسییەیە. بۆچی گرفت؟ چوونکە دوو خوێندنەوەی ناتەبا هەیە سەبارەت بە کولییەتی نیزامی سیاسی حوکومەت. باڵێک هەوڵدەدا بۆ بەهێزبوونی هێژمۆنی ئیسلامیەت و، باڵەکەی دیکەش هەوڵدەدا بۆ سەروەری جمهووریەت. بۆیە رێژیم بەگشتی ئینێرژییەکی زۆر دەکار دەکا بۆ ئەوەی جۆرێ باڵانس لە نیوان ئەم دووالیزمی سیاسییەدا دروست بکا، هەڵبەت نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە باڵی ئیقتەدارگەرا زۆر بێ مەیل نییە کە کەفەی ئیسلامیەت قوورس تر بکا. بەمچەشنە دەتوانین دەرک بکەین کە هێژمۆنی ئەم دووالیزمی سیاسییە تا چ رادەیەک کاریگەری بەسەر سیاسەتی هەڵبژاردنی رێژیمەوە هەیە. فاکتەکان ئەو راستییەمان بۆ دەردەخەن کە رێژیم ئەگەرچی هەوڵدەدا کە پێناسەی جمهووریەتی نیزام وەک ئەو جۆرەی خۆی باوەری پێیەتی بپارێزێ، بەڵام لە هەمان حاڵێشدا گشت سیاسەت و بەرنامەکەنی خۆی لەخزمەت بەهێزکردنی هێژمۆنی ئیسلامیەت دەکار دەکا. بەم چەشنە سیاسەتی پاڵاوتنی بەربژێرەکان و حەجمی زۆری رەدی سەڵاحیەتەکان باس لەم ئیستراتیژییە دەکەن کە ئاماژەم پێدا. ٢/ عەمەلگەرای سیاسی؛ پێشتر باسێکی کورتمان لەسەر عەمەل کرد و بۆیە بە پێویست نازانم ئاماژەی پێدەمەوە. لێرەوە من هەوڵدەدەم باس لە شاخس یاخۆ ئیندێکسی عەمەلگەراکان بکەم. لە کۆمەڵگادا سێ مۆدێل هەیە بۆ ئەوەی عەمەلی سیاسی تێدا پێناسە بکەین. یەکەم؛ ئەحزاب و نیهادە مەدەنیەکانن، دووهەم؛ ئەکتەر یاخۆ چالاکانی سیاسی و مەدەنین و، سێهەم؛ پوتانسێڵێکە کە لە بەتنی کۆمەڵگادا هەیە کە هێندێجار دیار و هێندێ جار نادیارە. هەڵبەت مەبەست لە پوتەنسییەل دەتوانێ نارەزایەتی بێ، بێکاری بێ، ئاگایی مەدەنی و سیاسی بێ، تەمای کەلتوری بێ و هتد. لە راستیدا هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی یاخۆ سیاسی سەرمایە و ئینرژی خۆی لەم سێ مۆدێلە وەردەگرێ. مێژووی سیاسی ئێران باس لە ناکامی سێ بەیسی سیاسی دەکا کە لەسەرەتای مەشرووتەوە هەتا ئەم سەردەمەش چ بە شێوەی بزووتنەوە، چ بە شێوەی راپەرین و چ لە فۆرمی ئینقلابدا خۆی دەرخستووە. واتە بەیسی مۆدێڕنیتە کە لەژێر کارتێکەری ئیدۆلۆژی ناسیۆنالیزم، مارکسیزم و لیبەرالیزم بوو، بەیسی دینی کە بەسەر ئیسلامی سوننەتی و رۆشنفکریی دیندا دابەش دەکرا و، هەروەها بەیسی دادپەروەری کە کارتێکەری مارکسیسم و دینی بەسەرەوە دیار بوو. بە درێژایی ئەم مێژووە زەرفیەتێکی ئەوتۆ لە ئێراندا پێکنەهاتووە کە سەنتێزێک بۆ ئەم بەیسانە ببینێتەوە، کە هۆکارەکەشی لەراستیدا نەبوونی فەزای دێمۆکراتیە. هەربۆیە ئەم بەیسانە بە درێژایی مێژوو لە حاڵەتی بەرەورووبوونەوە (تقابل) و نەفی کردنی یەکتردا بوون. سوڵحی ئێران و عێراق، وادیارە ئەو دەرفەتەی رەخساند کە ئەم بەیسانە لە فۆرم و فەزایەکی دیکەدا خۆیان دەربخەنەوە. وەک پێشتر ئاماژەم بە ئارایشتی سیاسیی دیسکۆرسەکان کرد، دەتوانین وەک فەرزییەک هەرکام لەم دیسکۆرسانە واتە دیسکۆرسی "سازەندەگی"، "ئیسڵاحات" و "دادەپەروەری"، بە ئەو سێ بەیسانەوە گرێ بدەینەوە کە لەسەرێدا هاتە بەر باس. بەم چەشنە ئێمە باشتر دەتوانین دەرک بکەین کە لە فەزای سیاسی ئێراندا چی روو دەدا، واتە شەڕی دەغدەغەکان. یەکێک لە هەڵە سیستەماتیکەکانی بەشێک لە ئوپۆزیسیۆن ئەوە بوو کە خوێندنەوەیەکی هەڵەیان لەمبارەوە دەکرد و دەشیکەن، واتە شەڕی دەغدەغەکان وەک شەڕی بازاری زێڕنگەران پێناسە دەکەن. هەڵبەت بەشێک لە دەلیلەکانیان لە جێی خۆیدایە، چوونکە هەر کام لەم بەیسانە دان بەوەدا دێنن کە کولیەتی نیزامیان قبوڵە، لە راستیدا ئەگەر وا نەبوایە ئێستا نوێنەرانی سیاسی ئەو بەیسانە لە پەنای مەقەرەکانی ئێمە مەقەرێکیان ئاوەدان دەکردەوە. فەزای سیاسی هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٦٨ لەژێر کارتێکەری دیسکۆرسی ئاوەدانی و مۆدڕنیزە کردنی ئێراندا شکلی گرت کە دواتر دەوڵەتێکی تیکنۆکراتی لێکەوەتەوە. ستراتیژی عەمەلگەراکان بۆ بەشداریکردن لە پرۆژەی هەڵبژاردندا پێرەوی لە ئەم تێزەی مارکس دەکرد کە ئابووری وەک ساختارێکی گرنگ بۆ ئینتمای کەلتوری و سیاسی دیاری دەکرد. بە واتایەکی دی، ئابوورییەکی گەشە سەندوو زەمینەسازی گەشەی کەلتووری و سیاسی دەکا. لە کۆتایی خولی هەشت ساڵەی رەفسەنجانیدا، عەمەلگەراکان بینیان کە دەوڵەتی تێکنۆکرات نە تەنیا نەیتوانی سیاسەتێکی ئابووری رەچاو بکا کە یارمەتی بە گەشەی هاوتریب (توسعەی موازی) بدا، واتە چوونەپێشەوەی گەشەی ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی بە یەک ئاراستەدا، بەڵکە لە راستیدا سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەتی رەفسەنجانی بووە هۆی ئەوە کە کەلێنی چینایەتی لە ئێراندا بەرفراوانتر بکا، مافیای سەروەت ساز بکا، ماشینی تیرۆر و خەفەقان وەرێ بخا و لە ئەنجامدا فەزای ئازادی و کەلتوری بەرتەنگ تر بێ. هەربۆیە عەمەلگەراکان لە دووی خورداد دا بە هێنانە گۆڕی دیسکۆرسی "جامەعەی مەدەنی" زەمینەکانی گۆڕانی دۆخی ئاراییان فەراهەم کرد. بەڵام دیاردەیەکی نوێ کە لەم میانەیەدا خۆی دەرخست، دیاردەی کەلینی نێوان دەوڵەت و حوکوومەت بوو. لێرەوە ئیدی دەوڵەت دەچێتە فازێکی دیکە، واتە بە شێوەیەکی سیمبولیک دەوڵەت دەبێتە ئوپۆزیسیۆنی حوکوومەت. لە سەرەتای دامەزرانی دەوڵەتی ئیستڵاحاتەوە هەتا دەوڵەتی ئیعتەدال، ئەم تەعامولە ئولگووییە بەرچاو دەکەوێ. یەکێک لە چالاکانی مەدەنی دەگوت: "ئێمە بە هەڵوێستە مەدەنییەکانمان توانیمان حکوومەت بەرەو ئەو چالشە راکێشین کە نزیک ترین کەسانی رێبەر بکەین بە سەرسەخت ترین رەقیبی رێبەر، ئەی پێم ناڵێن ئۆپۆزیسیۆن لەم سێ دەیەدا چیان کرد؟". ئەم رەهەندەی کە باسم لێکرد لە راستیدا نموونەیەک بوو بۆ دەرخستنی ووزە و پوتانسێڵی عەمەلگەرای سیاسی لە نیزامی جمهووری ئیسلامی دا. دیسکۆرسی ئیسڵاحات ئەمرۆ زۆر لەوە لاوازترە کە عەمەلگەرا سیاسییەکان خۆیانی پێوە پێناسە بکەن. هەڵبەت چالاکانی مەدەنی و سیاسی نەقدی دیسکۆرسی "جامەعەی مەدەنی" ناکەن و لەسەر ئەو باوەڕن کە بنەما فکرییەکانی ئەو دیسکۆرسە و داوا مەدەنییەکانی ئێستاش موعتەبەرن و لە جێی خۆیدایە، بەڵام رووی نەقدی ئەوان لە تیۆریسێنەکانی بزووتنەوەی ئیستڵاحتەڵەبە و، پێیان وایە کە بزووتنەوەی دووی خورداد قەرار بوو چاکسازی لە حوکوومەتدا بکا، بەڵام ئەوە حوکومەت بوو کە چاکسازی لەم بزووتنەوەیەدا کرد. بزووتنەوەی ئیستەڵاحتەلەبی بە رادەیەک لاواز جووڵانەوە کە حکومەت بۆیان دیاری دەکا بە چی رازی بن و تا چ سەقفێک مەشارەکەت بکەن. وەک پێشتر باسم کرد، بە حوکمی ئەوەی کە دەوڵەتی "ئیعتەدال" نەیتوانی لە کاتی کارزاری هەڵبژاردندا دیسکۆرسێک بەرهەم بێنێ، هەڵبژاردنی خولی دەیەمی مەجلیسیش لەژێر سێبەری وەها دۆخێکدا بەرێوە دەچێ و بێ دیسکۆرسە. بۆیە عەمەلگەرا سیاسییەکان لە شوێنێک لەنێوان فەزا و مەکاندا گیریان کردووە. نە دەتوانن دیسکۆرسی ئیستەڵاحتەڵەبی زیندوو بکەنەوە و نە دەشتوانن لەبەرامبەر وەزعییەتی مەوجوود دا بێ تەفاوەت بن. کەواتە ئارایشتی سیاسی ئەمجارەی عەمەلگەراکان سیتراتیژیک نییە بەڵکە تاکتیکی دەبێ. ئەوەی تا ئێستا دەرکەوتووە، پرۆژەی سیاسیی عەمەلگەراکان لە خزمەت هەڵوێستی تۆڵەکردنەوە لە شوورای نیگەهبان دەبێ. واتە هەوڵدەدەن رەفتارگەرا سیاسییەکان هان بدەن کە دەنگ بەو کەسانە نەدەن کە لە بیری پاراستنی دۆخی ئارایین و هەروەها دەنگەکانیان بە لیستێک نەدەن کە کاندیداتۆرەکانی بەرپرسیارەتیان هەیە لە عەمەلیاتی کردنی پرۆژەی رەدی سەڵاحییەتەکان.