کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردن لە روانینێکی کۆمەڵناسیانەوە (بەشی کۆتایی)

15:23 - 28 رێبەندان 2715

  بەشی دووهەم ٢/ جوغرافیای هەڵبژاردن   هەر وڵاتێک، بە پێی ساختاری ئیداری و پولۆرالیزمی کەلتووریی و سیاسی خۆی، جوگرافیایەکی سیاسی هەیە کە باس لە فرەچەشنی کەلتوری سیاسی ئەو وڵاتە دەکا. بۆ نموونە لە نۆروێژ، واتە ئەو وڵاتەی من لێی دەژیم، ئینتەمای چەپی و راستگەرایی بە پێی هەڵکەوتەیی جوگرافی بە جوانی دیارە. واتە حیزبە راستەکان زۆرترین لایەنگریان لە رۆژئاوای نۆروێژ هەیە و زۆرینەی چەپەکانیش لە رۆژهەڵاتی نۆروێژ و ناوەندی  وڵات دەژین. هەڵبەت لە ئێراندا وەک زۆربەی وڵاتانی دونیا، جیاوازیی جوگرافیای سیاسی زۆر بە جوانی دیارە. من هەوڵدەدەم واز لە جوگرافیای ئیدۆلۆژیکی سیاسی بێنم، بۆ نموونە کوردستان لە باری ئیدۆلۆژیکەوە تاچەند لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران جیاوازی هەیە، بابەتێکی دیکەیە کە پێوەندی بەم بابەتەوە نییە. مەبەستی گشتی من لەم بابەتەدا فۆکووس کردن لەسەر جوگرافیای بەشداریکردن و دەغدەغەی ئینتەخاباتییە.   تەجرەبەی ئەم چەند دەوەرەیەی هەڵبژاردن پێمان دەڵێ کە رادەی بەشداربووان لە پرسی هەڵبژاردن نەک بە پێی جۆگرافیای ئوستانی جیاوازییان پێکەوە هەیە بەڵکە بە پێی تایپۆلۆژی هەڵبژاردنیش جیاوازیان هەیە. بۆ نموونە بۆ پرسی هەڵبژاردنی سەرکۆماری، دەغدەغەی پایتەخت نشینەکان و خەڵکی شارەگەورەکان جیاوازی هەیە لەگەڵ دەغدەغەی پارێزگاکان. زۆرجار لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئێراندا رادەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا بە رادەیەک کەم بووە کە رێژیم زۆر بە کەمی باسی لێکردووە. بەڵام کاتێ پرسی هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامی دێتە گۆڕێ، هەر ئەو ناوچانەی کە بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری کەمترین بەشداریان هەبووە، بۆ هەڵبژاردنی مەجلیس زۆرترین بەشدارییان هەبووە.   کاتێ باس لە دەغدەغەکانی هەڵبژاردن دەکەین، مەبەستەکەمان روونە. واتە کەڵکەڵەی ئەو ناوچانەی کە لە ناوەندی دەسەڵات نزیکن و دەوریان هەیە لە دیسکۆرس سازیدا، جیاوازە لەو ناوچانەی کە تەنیا لە رێگای ئیدارەکانی رێژیمەوە تەماسیان لەگەڵ دەسەڵات هەیە. بۆ نموونە کەڵکەڵەی عەمەلگەراو رەفتارگەراکان لە شارەگەورەکان و بەتایبەت پایتەخت، دەغدەغەی سیاسییە. بەڵام کەڵکەڵەی پارێزگا پەراوێزەکان، دەغدەغەیەکی حقوقییە. مەبەست لە دەغدەغەی سیاسی، رادەی کارتێکەریی دیسکۆرسەکان لە رەفتاری سیاسی حکومەتە و، سروشتییە کە شارەگەورەکان بە پێی هەڵکەوتەیی کەلتوری و رۆشنبیریی سیاسی، زیاتر سەرنج بە گرفتە سیاسییەکان بدەن. مەبەست لە دەغدەغەی حقوقی، چۆنایەتی دەستراگێشتنی هاوڵاتیان بە مافی شارومەندییە. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە کە شارەگەورەکان کەڵکەڵەی حقوقییان نییە یاخۆ پارێزگاکان کەڵکەڵەی سیاسیان نییە، بەڵکە مەبەست لە دیاریکردنی تایپۆلۆژی ئەم دەغدەغانەیە کە سروشتییە بە پێی دۆخی جوگرافی دروست دەبێ.   بەم چەشنە جوگرافیای هەڵبژاردن لە ئێراندا بەسەر سێ ئاقاری (محیط) جوگرافیاییدا دابەش دەبێ. جوگرافیای ناوەند، جوگرافیان پارێزگا و جوگرافیای دێهات. بۆ پرسی هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیس، رەفتاری سیاسی هەرکام لەم ئاقارانە جیاوازە و سروشتییە کە رێکلام، پرۆژە و بەڵێنییە ئینتەخاباتییەکانی کاندیداکانی مەجلیسیش بە پێی ئەو ئاقارە جوگرافییانە جیاواز بن. بە پێی ئامارە رەسمییەکانی رێژیم، رادەی بەشداریکردنی دەنگدەران بۆ خولی پێنجەم و چوارەمی مەجلیس، هەڵبەت بە پێی دەرسەد!، لە چاو بەشداریکردنی خەڵک لە شارەگەورەکان زۆرتر بووە. بەڵام بۆ خولی شەشەمی مەجلیس رادەی بەشداریکردنەکە دەگۆڕێ. واتە رادەی دەنگدەرانی شارەگەورەکان لە رادەی گوندنشینەکان زۆر زۆرترە (لە باری دەرسەدییەوە). ئەمە لە خۆیدا باس لەوە دەکا کە پێوەندییەکی جیددی هەیە لە نێوان جوگرافیای هەڵبژاردن (واتە سەخت ئامێری) و دیسکۆرسی هەڵبژاردن (واتە نەرم ئامێری).   یەکێ لەو دیاردانەی کە ئەم جیاوازییە زەقتر دەکاتەوە، پرسی عەرزە و تەقازا لە دوو بەستێنی جیاوەزەوەیە، واتە ئاستی مایکرۆ (سطح کلان) و ئاستی میکرۆ (سطح ریز). بە زمانێکی زۆر سادە دەتوانین بڵێین کە هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئاستی مایکرۆدا بەرێوە دەچێ و سروشتییە کە عەرزە و تەقازاکانیش لە ئاستێکی بەرزدا بن و بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ کار لە ژیانی هاوڵاتیان بکا، بەڵام هەڵبژاردنی مەجلیس لە ئاستێکی میکرۆ دا بەرێوە دەچێ کە پێوەندی هەیە بە عەرزەو تەقازا رۆتینییەکانی ژیانی خەڵک، کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ کار لە گوزەرانیان دەکا. بۆ نموونە ئەگەر سەیری سەفەرە ئینتەخاباتییەکانی بەربژێرکراوەکانی سەرکۆماری بکەین، دەبینین مەیدانی سەفەرەکانیان ناوەندی پارێزگاکان و شارە پێشەسازی و گەورەکان دەگرێتەوە. بەڵام بەربژێرکراوەکانی هەڵبژاردنی مەجلیس هەم لە ئاستی شار و هەم لە ئاستی ناوچەکانی دەرەوەی شاردا چالاکن، پێوەندی راستەوخۆ دروست دەکەن، تێچووی کارزارە ئینتەخاباتییەکانیان تەنزیم دەکەن و، هەروەها لە نزیکەوە چاوەدێڕی نیاز و داوا سەرەکییەکانی خەڵک دەکەن (واتە تەقازا) و بەم پێییە؛ وادە و بەڵێنییە ئینتەخاباتییەکانیان دیاری دەکەن (واتە عەرزە).   بۆ هەڵبژاردنی خولی دەیەمی مەجلیس، پرسی بێکاری، تەوەروم و ژینگەپارێزی وادیارە دەبێت بە خوراکی تەبلیغی و بەڵێنییەکانی کاندیداتۆرەکان. ئەمە لە خۆیدا دەبێتە هۆی ئەوە کە هاوسەنگییەک لە نێوان بەشداری هەرکام لەو ئاقارە جوگرافییانەدا دروست ببێ. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا ئەو وادەوبەڵێنیانە دەتوانن کار لە رەفتاری سیاسی هاوڵاتیان بەکەن؟ ئەوەی تا ئێستا روونە ئەوەیە کە نوێنەرانی خەڵک بە گشتی و مەجلیسی شوورای ئیسلامی بە تەیبەتی نەیتوانیوە کەمترین کاریگەری هەبێ لە پرسی کەم کردنەوەی نرخی تەوەرۆم و بێکاریدا، تەنانەت خودی دەوڵەتیتش لەم بوارەدا گێشتۆتە ئاستی رکوود.   بەشی سێهەم   ٣/ سایکۆلۆژی هەڵبژاردن ئەندامانی کۆمەڵگا بۆیە لە هەڵبژاردن دا بەشداری دەکەن تاکوو کاندیدایەک هەڵبژێرن کە یا ئینتەمای حیزبی و سیاسی لەگەڵ ئەودا هەیە، یاخۆ لەباری پسپۆرییەوە توانای ئەوەی هەیە کە داواکارییەکانی هاوڵاتیان جێبەجێ بکا و هەلومەرجی ژینگەیەکی ئەوان، چ لەباری کۆمەڵایەتییەوە و چ لەباری سیاسی و خەدەماتییەوە، دابین بکا. هەڵبەت لەم میانیەدا تێگێشتن و چاوەروانیی تاکەکانی کۆمەڵگا سەبارەت بە "هەلومەرجێکی باشتر" زۆر جیاوازە. بۆ نموونە ئەگەر سەرنج بە جوگرافیای هەڵبژاردن بدەین، کە لە بەشی دووهەمدا ئاماژەم پێدا، چۆنایەتی دەرک و تێگێشتنی شارومەندان سەبارەت بە "هەلومەرجی باشتر" و جیاوازییەکانیان باشتر دەردەکەوێ. هەر ئەم جیاوازییە لە خۆیدا دەبێتە هۆی ئەوە کە هاوڵاتیان بە دیدێکی جیاوازەوە، نوێنەری جیاواز هەڵبژێرن. کەواتە پرۆسەی هەڵبژاردن دوو مەبەستی سەرەکی دەپێکێ: ١/ دابینکردنی بەرژەوەندییە شەخسییەکانی تاک ٢/ هۆیەتی تاک، واتە پیشاندانی ئیرادەی خۆی بۆ دەرکەوتن لە مەیدانی کۆمەڵایەتیدا.   ئەگەر دەنگدان نەتوانێ هەستی دەسەڵاتی دەنگدەر مونعەکس بکاتەوە، واتە کاریگەری دەنگدەر لە گۆڕان یاخۆ پاراستنی دۆخی ئارایی دەرنەخا، ئەوا تاک هەست بە بێدەسەڵاتی دەکا و، بێگومان سەبارەت بە بەشداریکردن لە سیاسەتدا دڵسارد دەبێ. رادەی بەشداریکردنی خەڵک لە خولەکانی پێشوو ئەم راستییە دەردەخا کە خەڵک هەستی بەوە کردووە کە لە رێگای دەنگدانەوە ئەگەر نەیتوانیوە دۆخێکی مەتلوب بۆ خۆی دابین بکا، لانیکەم توانیویەتی بە دەنگنەدان بە کاسانی نزیک لە کانوونی دەسەڵات، تەئسیر لەسەر دوورنمای رەفتاری حکومەت دابنێ. بۆ نموونە هەڵبژاردنی خاتەمی لەبەرامبەر ئەو کاندیدایانەی کە لە خامەنەیی نزیکتر بوون، هەروەها هەڵبژاردنی رووحانی لەبەرامبەر جەلیلی و قاڵیباف و ئەوانی دیکەدا. ئەم بابەتە تیۆرییەکی زۆر کارا نییە تاکوو بیسەلمێنێ کە دەرەنجامی بەشداریکردن بە مانای لاوازکردنی جەغزی رێبەری و ئاوتۆریتەی دەسەڵاتە. بەڵام ئەم هەستە، وەک "سێندرۆمی بلۆف"، لە هەناوی هاوڵاتیان دا نیهادینە بووە، واتە ئەمە ئەمرێکی سایکۆلۆژییە. سێندرۆمی بلۆف بەمانای ئەوەیە کە کاتێ کەس یاخۆ کۆمەڵێ هەڵدەستن بە پیشاندانی ئیرادە یاخۆ هەڵوێست، بەر لە هەرشتێ هەوڵدەدەن کە روواڵەتی بلۆف لێدانی هەڵوێستەکەیان زۆر دیار نەبێ، بەڵکە جەوهەرەی هەڵوێستەکەیان زیاتر دەربخا. بەڵام ئەو کەسانە کاتێ سەرکەوتوو دەبن کە بتوانن سیندرۆمی بڵۆف لە هەناوی خۆیاندا لاواز بکەن و جەوهەرەی هەڵوێست جیددی تر قبووڵ بکەن.   جێی خۆیەتی کە لێرەدا ئاماژە بە دانییەل کانێمەن (٢٠١١) سایکۆلۆژی ئیسرائیلی/ ئەمریکایی بکەم خەڵاتی نۆبێلی لە ئابوریدا وەرگرت (هەڵبەت تێزەکەی ئابووری نەبوو بەڵکە ئەو خەڵاتەکەی لەمەڕ داهێنانی تیۆری "سایکۆلۆژی بڕیاروەرگرتن و رەفتاری ئابووری" وەرگرت). ئەو باس لە دوو سیستەمی شیکاری لە پرۆسەی دیالۆگی دەروونی مرۆڤ دا دەکا. بە واتایەکی دی ئەو پێیوایە ئالگوریتمی مێشکی مرۆڤ بۆ بڕیاردان و رەفتارکردن بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێ: سیستەمی ژمارە یەک و سیستەمی ژمارە دوو. سیستەمی یەکەم ئەو سیستەمەیە کە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و بە خێرای بڕیار دەدا یاخۆ هەڵوێست دەگرێ و، سیستەمی دوو ئەو سیستەمەیە کە شیکاریی و تاوتوێی بڕیار و رەفتارەکانی خۆمانی پێدەکا. بەمچەشنە سیستەمی یەک، پێوەندی بە ئیحساسات و پێش فەرزییەکانی ئێمەوە هەیە و سیستەمی دوو، بەشی رۆشنبیری و لۆژیکی مێشکە. ئالگۆریتمی زەینی ئێمە وەک مرۆڤ، لەکاتی بەرەورووبوونەوە لەگەڵ دیاردەکاندا بەسەر دوو کاتەگۆریدا دابەش دەبن. ساختاری سیستەمی یەک پێکهاتووە لە ستێریۆتایپ و ئەو زانیارییانەی کە لە رێگای دنیای مەجازی و پرۆپاگەنداکانەوە پێمان دەگا. بۆ نموونە کاتێ هەڵوێست یاخۆ داوەری لەسەر دیاردەیەک دەکەین، داوەرییەکانمان تابعی ستێریۆتایپگەلێکی وەک، نژاد، دین، ئادیۆلۆژی، تەمەن و جنس و هتد، دەبێ. بەڵام ئەوە لە سیستەمی دووهەمدایە کە ئێمە پێداچوونەوە دەکەین و بەراوەردی هەڵە و قازانجەکانمان دەکەین. بە واتایەکی دی سیستەمی دوو پێوەندییەکی قووڵی هەیە بە ویژدانی کۆمەڵایەتی و تاکێتی ئێمەوە. هەڵبەت ئەم تیۆرە بۆیە لە ئابووریدا زۆر کەڵکی لێ وەرگیرا چوونکە بۆ شیکاری و خوێندنەوەی کارتێکەرییەکانی ریکلامی بازار و رەفتاری مشتەری سوودی لێوەردەگیرێ. سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، دەتوانین بۆ تاووتوێکردنی رەفتاری دەنگدەران سوود لەم تیۆرە وەربگرین. دەنگدەران، وەک لە بازاردا بە پێی ئالگۆلیتمێکی تایبەت هەڵوێستە دەکەن، سروشتییە کە یەکێک لەم سیستەمانە دەلالەت لە هەڵوێستی هەڵبژاردنیشیان بکا. ئەو کەسانەی کە لەکاتی دەنگداندا کاریگەری سیستەمی یەکیان بەسەرەوەیە، بێگومان لەباری سایکۆلۆژییەوە، لە قۆناغەکانی دوای هەڵبژاردندا، دواهات و عەوارزەکانی ئەو هەڵوێستەیان بەسەرەوە دیار دەبێ و لە سیستەمی دووهەمدا بە چاوێکی رەخنەگرانەوە شرۆڤەی رەفتاری خۆیان دەکەن.     هەڵبەت هۆکارە رەوانییەکان لە خۆدەرخستنی رەفتارە سیاسییەکاندا دەورێکی گرنگ دەبینن، بۆ نموونە پێوەندی عاتیفی و ئیحساسی تەعەلوق لە نێوان دەنگدەر و کاندیداکاندا زۆر گرنگە. سەبارەت بە پێوەندی عاتیفی و ئحساسی تەعەلوق، وای بەباش دەزانم کە ئاماژە بە سێ مۆدێل بکەم کە کار لە دروستبوونی وەها ئیحساسێک دەکا: یەکەم؛ مۆدێلی حیزبی و گروپییە کە دەنگدەر لەباری هۆیەتییەوە خۆی بە بەشێک لەو هۆیەتە دەناسێنێ دووهەم؛ مۆدێلی سیستەمی سیاسییە کە بۆ دەنگدەر زۆر گرنگە کە ئەو نیزامە تاچ رادەیەک سەرنج بەدەنگی ئەو دەدا و تا چ رادەیەک ئەمنیەت و کەرامەتی ئەو دەپارێزێ سێهەم؛ مۆدێلی ئایدیالۆژییە کە پێوەندیی هەیە بە باوڕ و ئیمانی دەنگدەر   بەڵام جیاواز لەم سێ مۆدێلە بە پێویستی دەزانم ئاماژەیەک بە بۆچوونی "رۆنالد ئەنگلهارت" بدەم کە لە مەیدانی رەوانشناسی سیاسیدا و بەتایبەت رەوانشناسی هەڵبژاردندا نەزەرییەی باشی هەیە. ئەو پێی وایە کە رادەی نیاز و پێگەی کۆمەڵایەتی دەنگدەران، رەفتاری سیاسی ئەوان دیاری دەکا. بۆ نموونە ئەگەر دەنگدەر لە چینی مامناوەندی و دەستەرۆ بێ ئەوا دەنگ بەو کاندیدایانە دەدەن کە بەرنامەیان بۆ پرسی کەلتووری هەیە، بە پێچەوانەوە دەنگەدەرانی کەمدەرامەت دەنگ بەو کاندیدایانە دەدەن کە وەدوای پرۆژەی ئابووری دەکەون و بەڵێنی گوزەرانێکی باشتر بە خەڵک دەدەن.   ئەو تیۆریانەی کە باسم لێکردن یارمەتی بە ئێمە دەدەن کە بنەماکانی رەوانی دەنگدان دەرک بکەین، بەڵام رەهەندەکانی پراکتیکی دەنگدان بابەتێکی دیکەیە و، بە تایبەت لە ئێراندا پێویستە هۆکاری دیکە لەبەرچاو بگرین. چوونکە سیستەمی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا نە لەباری سیاسییەوە دێمۆکراتیکە و نە لەباری مێژووییەوە زۆر مۆدێڕنیزەیە، سروشتییە کە هۆکاری عەشیرەیی دەتوانی کاریگەری بەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردنەکاندا هەبێ. لە گشت هەڵبژاردنەکانی مەجلیس دا (بە حوکمی ئەوەی کە نوێنەرانی خەڵک بە پێی جوگرافیای ئوستانی هەڵدەبژێردرێن) هەر کاندیدێک چەند بازنەی ئیعتەباری بۆ خۆی فەراهەم دەکا کە بەرفراوانی و زۆربوونی ئەم بازنانە وەک کریدیت، ئیعتەبار بە پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو دەدەن. ئەو بازنانە بریتین لە تۆڕی سیاسی، واتە ئەو کەسانەی لە باری سیاسییەوە خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ کاندیداکەدا هەیە، تۆڕی ناوچەیی، واتە ئەو ناوچەیەی کە کاندیدەکان تێدا دەژین، تۆڕی گەڕەک و هەروەها تۆڕی عەشیرەیی، واتە خزمان و ئاشنایان. بازنەی عەشیرەیی و ناوچەیی هەر کاندیدایەک هەتا بەرفراوانتر بێ، شانسی دەنگهێنانەوەشی زۆرتر دەبێ کە بە تایبەتی لە کوردستاندا ئەم دیاردەیە زۆر بەرچاوە.   دەرەنجام و کۆتایی وەک لە سەرەتای ئەم وتارەدا ئاماژەم پێدا کە هەڵبژاردن ئەمرێکی سیاسییە، پێویستە دان بەوەشدا بێنین کە فاکتۆڕانەی کە دیاردەی هەڵبژاردنیش عەمەلیاتی دەکا زۆر پیچیدەن. بەسەرنجدان بەو فاکتۆرانەی کە لەم بابەتەدا هاتنە بەر باس، کار لە رادەی بەشداریکردن و بەشداری نەکردنی هاوڵاتیان دەکا. هەڵبەت پێویستە ئەو راستییە رەچاو بکەین کە پرسی هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیس و سەرکۆماری دوو دیاردەی جیاوازن و هاوڵاتیان بە شێوەیەکی جیاواز تەعامول لەگەل ئەو هەڵبژاردنانە دەکەن و دوا بڕیار لەسەر چوون یاخۆ نەچوون بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان دەدەن. بە پێی خوێندنەوەکانی من، بڕیاری هاوڵاتیان لەمەڕ پرسی هەڵبژاردن بەسەر سێ کاتاگۆریدا پۆلین دەکرێن: ١/ ئەو کەسانەی کە هەڵبژاردن بایکۆت دەکەن. ٢/ ئەو کەسانەی کە بەشداریی دەکەن. ٣/ ئەو کەسانەی کە هەمیشە بە نیسبەت هەڵبژاردنەوە بێتەفاوەتن و هیچ مۆرێکی هەڵبژاردن بەسەر شناسنامەکانیانەوە نییە. ئەم سێ کاتاگۆرییە لە خۆیدا چەن ژیرمەجموعەیان لێدەبێتەوە کە بە پێی دۆخی سیاسی و حەساسیەتی زەمانییەوە کاریگەری لەسەر کەیفیەت و کەمیەتی هەڵبژاردنەکان دەبێ. واتە بەشێک لە بایکۆتگەراکان و موشارەکەتییەکان، زۆرجار لە نێوان رەنگی رەش و سپیدا رادەوەستن و لە زۆر حاڵەتدا کاراکتێرێکی خۆڵەمێشیان (خاکستری) هەیە و هەروەها ئەو کەسانەی کە لەباری سیاسییەوە بێتەفاوەتن، لە هێندێ دۆخی رەوانی/سیاسیدا گرفتار دەبن و لە ژێر کارتێکەری رووداوەکاندا، وەک قورساییەکی موتەحەرک بە بارێکدا دەکەون و هاوسەنگییەکە بە قازانجی یەکێ لە لایەنەکان تێکدەدەن. بەڵام لەهەمووی ئەو فاکتۆرانە گرنگتر دیاردەیەکە بە ناوی دەنگۆ (شایعە) کە من لێرەدا چەمکی "پارادایم" لە تۆماس کوون، فەیلەسووفی ئەمریکایی بە قەرز وەردەگرم و ناوی دەنێم "پارادایمی خیابانی". واتە رۆژی دەنگدان زۆر دیاریکەرە بۆ دەرکەوتنی رادەی بەشداری هاوڵاتیان. هەر ئەوەندە بەستە کە سەر لە بەیانی رۆژی دەنگدان، دەنگۆیەک لە شەقامی گشتیدا بڵاو بێتەوە کە پێوەندی بە ئیحساسات و رادەی سۆزی هاوڵاتیانەوە هەبێ. ئەم دەنگۆیە دەم بە دەم دەگەڕێ و گشت پارادایمەکانی دیکە دەگۆڕێ و روواڵەتێکی دیکە بە واقعی سیاسی دەدا و لە وەها دۆخێکدا ئالگۆریتمی سیستەمی یەک کە پێشتر باسمان کرد، کاریگەری خۆی لەسەر هەڵبژاردن دادەنێ. بۆ نموونە هەڵبژاردنی رووحانی لە ساڵی ١٣٩٢ دا کە لە رۆژی کۆتایی دەنگداندا بە شێوەیەکی سەیر گۆڕانێکی تەساعودی لە رێژەی دەنگەکانیدا پێک هات.   ئەوەی تا ئێستا دیارە، بەشێکی زۆر لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە کوردستان بەرنامەیان هەیە بۆ بەشداری کردن. هەڵوێستی بەشداری کردنەکەشیان لەسەر بنەمای سێ فاکتە: یەکەم؛ پێیان وایە کە هەموو هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا دەبێتە هۆی "جەرەیان سازی" و لە ئەنجامدا بە شێوەیەکی جیددی رێژیم تووشی کێشەی سیاسی دەکا. دووهەم؛ بە تەمان لە رێگەی دەنگدانەوە تۆڵە لە شوورای نیگەهبان بکەنەوە تاکوو کاندیداکانی ئیقتەدارگەرا کەمترین شانسیان هەبێ بۆ هەڵبژاردنەوە و، سێهەم؛ لە فەزای هەڵبژاردندا زەمینەی سەودا و ماملەی سیاسی/ کولتووریی فەراهەم دەبێ. واتە ئامادەن بەشداری لە ستادی ئینتەخاباتی ئەو کاندیدایانەدا بکەن کە جیددی تر کار بۆ گەشەی کولتوری دەکەن و دەبن بە بەشێک لە فراکسیۆنی دێمۆکراسی خوازی.   لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە چالاکانی سیاسی دوابەدوای رەدی سەڵاحییەتی کاندیدا مەتلووبەکانیان، بە شێوەیەک مانیان لە هەڵبژاردن راگەیاندووە و بەتەما نین لەم خولە دا بەشداری بکەن. بەڵام بە بۆ چوونی من ئەم هەڵوێستە زۆر جێگای باوەڕ نییە، بەڵکە فاکتۆری "پارادایمی خیابانی" کە پێشتر باسم کرد، دەتوانی ئەم هەڵوێستە بەوان بگۆڕێ. بەشێکی دیکە لە بایکۆتگەراکان، نەک هەر بنەمای هەڵبژاردنیان لە ئێراندا قبووڵ نییە بەڵکە پرسی هەڵبژاردن وەک تاکتیکی رێژیم پێناسە دەکەن بۆ مەشرووعییەت وەرگرتن. هەڵبەت دیار نییە کە بۆچی دەبێ دەنگدان مەشرووعییەت بە سیستەمێکی سیاسی بدا. زۆر زەحمەتە کە بروا بەم تیۆرییە بکرێ کە وڵاتان بە پێی سندوقی دەنگدان مەشروعیەت وەربگرن، بەڵکە مەشروعییەتی هەر وڵاتێک بە پێ بەرژەوەندی دیاری کراوە و دەشکرێ. بۆ نموو سەدام حسێن لە دوایین هەڵبژاردن دا ئیدەعای دەکرد کە خەڵک سەتاسەت دەنگی پێداوە، بەڵام ئەو دەنگانە فریای نەکەوتن و لە بەرامبەر هێرشی هاوپەیمانان دا بەرگریان لێ نەکرد. هەڵبەت پرسی مەشروعیەت رەهەندێکی نۆرماتیڤی هەیە و هەتا ئێستا لە زەمینە نێودەوڵەتیدا کاری پێ نەکراوە. کاتێ "جیۆڤانی سارتوری" (١٩٢٤) کۆمەناسی ئیتالیایی باس لە ماهیەتی دێمۆکراسی دەکا، ئاماژە بە بنەمایەکی گرنگ و نۆرماتیڤ دەدا، واتە دەڵێ کە دێمۆکراسی دەبێ بە پێی نۆرم و رێساکانی "مافی مرۆڤ" پێناسە بکرێ. کەواتە پارادایمی سەردەم مەشروعییەت و ئیدەعای دێمۆکراسی بە رێژەی دەنگدەران و بەشداربووان هەڵناسەنگێنێ، بەڵکە بە پێی نۆرمی "حقووق بەشەری" دان بە رەوەندی دێمۆکراتیکی سیستەمە سیاسییەکان دێنێ.   ئەمەی کە باسم لێکرد روانگەی تیۆریکی عەمەلگەرا کوردەکانە لە کوردستان، بەڵام واقعی سیاسی و گمەکانی رۆژی ئینتەخابات چێیمان پێدەڵێ و چۆن دەردەچێ، هێشتا ناروونە. چوونکە هێشتا ئاگاداری ئارایشتی سیاسی و کەیفیەتی ستادە ئینتەخاباتییەکان نین و دروشمی کاندیداتۆڕەکان هێشتا بە شەقامی گشتیدا بڵاو نەکراوەتەوە.   رزگار ئەمین نژاد ١٣/١/٢٠١٦