کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژێر پێیان ده‌ریای نه‌وته‌ به‌ڵام له‌ که‌پر و خێوه‌تدا ده‌خوێنن!

05:41 - 29 رێبەندان 2715

کاربه‌ده‌ستانی به‌شی په‌روه‌رده‌ی ئێران ده‌ڵێن که‌ ٦٢٥ قوتابخانه‌ له‌ ئیلام و کرماشان خێوه‌ت و کانێکسن. ئه‌وان ده‌ڵێن که‌میی قوتابخانه‌ و خوێندنگه‌ له‌ کوردستان وایکردوه‌ که‌ به‌ هه‌زارن منداڵ له‌ کرماشان ‌و ئیلام له‌ ٦٢٥ قوتابخانه‌دا بخوێنن که‌ خێوه‌ت یان که‌پر یان کانێكسن. جه‌لیل باڵایی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی کاروباری شوڕای گونده‌کان له‌ پارێزگای کرماشان ده‌ڵێ ٥٤٣ گوندی کرماشان قوتابخانه‌ی نییه‌ و منداڵانی ئه‌و گوندانه‌ له‌ کانێکسدا ده‌خوێنن. ئه‌و ده‌ڵێ بۆ باشکردنی دۆخی په‌روه‌رده‌ ده‌بێ سه‌رمایه‌ی زیاتر بۆ پارێزگای کرماشان ته‌رخان بکرێ، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ تا ئێستا گرینگییه‌کی ئه‌وتۆی نه‌دراوه‌تێ. مه‌جید عه‌سکه‌ری، جێگری په‌روه‌رده ‌و فێرکردنی پارێزگای ئیلامیش ده‌ڵێ ٨٠ قوتابخانه‌یان له‌ ئاستی پارێزگادا هه‌یه‌ که‌ کانێکس یان خێوه‌تن. ئه‌و ده‌ڵێ نه‌بوونی قوتابخانه‌ی ستاندارد و خوێندن له‌ خێوه‌ت‌و کانێكس له‌ ناوچه‌ هه‌ژارده‌کان وایکردوه‌ که‌ منداڵان هۆگرییه‌کی ئه‌وتۆیان بۆ درێژه‌پێدان به‌ خوێندن نه‌بێ. عه‌سکه‌ری ده‌ڵێ ده‌وڵه‌ت توانای دروستکردنی قوتابخانه‌ له‌و شوێنانه‌ی نییه‌و ده‌ستی یارمه‌تیی بۆ خێرخوازان درێژ کردوه‌. هه‌بوونی٦٢٥ قوتابخانه‌ له‌ ئیلام و کرماشان له‌ شیوه‌ی خێوه‌ت و کانێکسن له‌ حاڵیک دایه‌ که‌ چه‌ند ڕۆژ له‌وه‌ پێش ڕاگه‌یه‌ندرا که‌ پارێزگای ورمێ‌ش پێویستی بە 5 هەزار كلاسی دەرسی دیكە هەیە. فەریبۆرز ئیسماعیلزادە، بەڕێوەبەری گشتیی گەشە، نۆژەن كردنەوەو پۆشتەكردنی قوتابخانەكانی پارێزگای ورمێ وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم بابه‌ته‌ ده‌ڵێ بەم بڕە ئیعتیبارو بودجه‌یه‌ی كە بۆ دروستکردن‌و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەکان ئەم پارێزگایە تەرخان دەكرێ، ماوەی ٥ ساڵ كات پێویستە تا ئه‌و ٥ هه‌زار پۆلی خوێندنه‌ دروست بکرێن‌و قەرەبووی كەمایەسییەكان بكرێ. دابین نه‌کردنی ئیمکاناتی خوێندن له‌ کوردستان له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ ئاماره‌کان ده‌ڵێن له‌ پارێزگای سنه‌ ‌٢٨٦ هه‌زار که‌س به‌ ته‌واوی نه‌خوێنده‌وارن که‌ ١١٢ هه‌زار كه‌س له‌وان ته‌مه‌نیان له‌ نێوان ١٠ تا ٤٩ ساڵه‌. هه‌روه‌ها جێگری خوێندەواریی ئیدارەی گشتیی فێركردن‌و پەروەردەی پارێزگای ورمێ ده‌ڵێ له‌ ئێستادا ١٨٣ هەزار كەس لە ئاستی تەمەنیی ١٠ تا ٤٩ ساڵ لەم پارێزگایەدا نەخوێندەوارن. له‌ پارێزگای کرماشانیش ٢٩١ هه‌زار که‌س و له‌ پارێزگایه‌کی بچووکی وه‌ک ئیلامیش ٢٩ هه‌زار که‌س نه‌خوێنده‌وارن ‌و ئه‌وانه‌ش ده‌ره‌نجامی سیاسه‌تی هه‌ڵاوردنی کۆماری ئیسلامی له‌ کوردستان و بوونی هه‌ژاری و بێ ده‌ره‌تانیی خه‌ڵکه‌. لە ژماره‌ ٦٧٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌