کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزب لە سویس بەشداری کۆبوونەوەیەکی چەند حیزب‌و ڕێکخراوی کوردی لەو وڵاتە بوو

17:34 - 6 رەشەمه 2715

لە سەر بانگهێشتی هاک پار، "پارتی ماف‌و ئازادییەکان"ی باکووری کوردستان چەند حیزب‌و ڕێکخراوی کوردستانی‌و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سویس، کۆبوونەوە. ئەو کۆبوونەوەیە ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەشەممەو بە مەبەستی پێکهێنانی کۆدەنگی لە نێوان حیزب‌و ڕیکخراوەکان‌داو بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی پەیوەندیدار بە پرسی کوردو ئەرکی حیزب‌و لایەنەکان لە دەرەوەی وڵات پێک‌هاتبوو. لەو کۆبوونەوەیەدا کەمال بورکای، کەسایەتی ناسراوی کوردی باکووری کوردستان لەسەر پێویستیی یەکڕیزی‌و یەکگرتوویی حیزب‌و ڕێکخراوەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان، بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەی ڕۆژهەلاتی کوردستان بە تایبەت کێشەی ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش قسەی کرد. لە بڕگەیەکی دیکەی دانیشتنەکەدا دکتور فەوزی قەدری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سویس کۆدەنگی حیزبە کوردستانییەکان‌و گەلی کوردستانی، بە زامنی سەرکەوتنی دۆزی کورد‌و، مانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زانی. پاشان ڕەحمەت ئیبراهیمیان، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو کۆبوونەوەیەدا، باسێکی لە بڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردسان کرد. کاک ڕەحمەت ئیبڕاهیمیان گوتی: کۆنگرەی حیزبەکەمان بە ئاوڕدانەوە لە خەباتی ٧٠ سالەی حیزبمان‌و ئەزموون وەرگرتن لەو مێژووە پڕ هەوراز و نشێوە، هەوڵی دا سیاسەت‌و ستراتیژی داهاتووی حیزبمان لە ئاڕاستەی گوتاری نەتەوەیی‌و یەکڕیزی و تەبایی چین‌و توێژەکانی گەلەکەمان‌و حیزب و ڕێکخراوە پێشڕەوەکانی دا دابڕێژێتەوەو درێژە بە سیاسەتی تەبایی‌و یەکخستنی نێوماڵی کورد بدا. لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیە دا هەموو حیزب‌و ڕێکخراوە بەشدارەکان کۆک و هاوڕا بوو لە سەر پێکهێنانی کومیتەیەکی هاوبەش بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانی پەیوەندیدار بە دۆزی کورد‌و پەیوەندی لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سویسییەکان‌و ڕاپەڕاندنی کاروباری دیپلۆماسی کورد. شایانی باسە ئەو حیزب‌و ڕێکخراوانەی لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون، بریتی بوون لە: هاک پار، پارتی ماف‌و ئازادییەکانی باکووری کوردستان؛ نوێنەرایەتیی‌‌ حکومەتی هه‌‌رێمی‌‌ کوردستان‌‌ لە سویس، حیزبی‌‌ دێموکراتی‌‌ کوردستان‌‌، یه‌‌کیەتی نیشتمانیی‌‌ کوردستان ، پارتی‌‌ دێموکراتی‌‌ کوردستان‌‌، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران‌و پارتی‌‌ دێمۆکراتی‌‌ کوردستانی‌‌ سوریه‌‌