کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری تڕۆندهایمی وڵاتی نۆڕوێژ، کۆریادێک بۆ ڕێزگرتن لە هاوڕێی کۆچکردوو کاک فەتاح کاویان بەڕێوە چوو

17:26 - 6 رێبەندان 2716

پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ٢٠ی ژانویەی ٢٠١٧ی زایینی، کۆمیتە ناوچەی ناوەڕاستی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئامادەبوون و هاوکاریی خاتوو "سەرگوڵ کاویان" تاقانە کچی نەمر کاک فەتاح کاویان و بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و چەند هێز و لایەنێکی کوردستانی و کوردانی دانیشتووی شاری تڕۆندهایم، کۆڕیادیکی رێزگرتن و هاودەردی دەربڕینی بۆ نووسەر و وەرگێڕ و زمانزانی بەتوانا و سیمای ناسراوی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەمر کاک فەتاح کاویان پێکهێنا. سەرەتا پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە، لە لایان هاوڕێ جەماڵ ئیبراهیمی بەرپرسی کومیتە ناوچەی ناوەڕاستی نۆڕوێژی حدک خوێندرایەوە. بەدوای خوێندنەوەی پەیامی دەفتەری سیاسیدا، کورتەیەک لە ژیاننامەی هاوڕێی کۆچکردوو کاک فەتاح کاویان لە زمان خۆیەوە، بە داتاشۆ پێشکەشی ئامادەبووان کرا. شیعرێکی مامۆستا ئاشق بە دەنگی خۆی کە بەم بۆنەوە ئامادە کرابوو، بڕگەیەکی دیکەی کۆڕەکە بوو.   بەدوای ئەودا، لە لایان هاوڕێ "هۆزان ئاگوشی" شیعرێکی شاعیری نیشتمانپەروەری گەلەکەمان کاک رەسووڵ سوڵتانی خوێندرایەوە. پاشان پەیامی سەرەخۆشی و هاودەردی کومیتەی ترۆندهایمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایان کاک "عەلی شەهید ئەحمەد"وە هاتە پێشکەشکردن. بڕگەیەکی دیکەی کۆڕەکەدا، تریبوونی ئازاد بوو کە لەو بەشەدا هەریەک لە بەڕێزان، بێکەس بەرواری، عێرفان رەهنموون و هەمزە ئاگوشی، لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی کەسایەتییە ئەدەبی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نەمر کاک فەتاح کاویان قسەیان کرد و کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئەو مامۆستا و رێبەرە هەڵکەوتەیان بۆ ئامادەبووان خستەڕوو. لە دوابەشی ئەو کۆڕیادەدا، خاتوو سەرگوڵ کاویان تاقانە کچی نەمر کاک فەتاح کاویان، لە وتەیەکدا، سوپاسی بەشداری و هاودەردی ئامادەبووانی کرد و هاوکات لە لایەن بنەماڵەکەیەوە سەرەخۆشی خۆی بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرجەم دۆست و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی باوکی کۆچکردووی راگەیاند.