کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داعش، رۆژئاوا و ئێران ..!

01:46 - 22 جۆزەردان 2717

لە چەند مانگی رابردوودا داعش کۆمەڵێک تەقینەوە و رەشەکوژیی تێرۆریستیی لە هەندێک لە پێتەختی وڵاتانی ئەورووپایی وەک پاریس و لەندەن و ستۆکهۆڵم بەئەنجام گەیاند. دوابەدوای ئەوانەش دوو کردەوەی تێرۆریستیی دیکەی لە دوو شوێنی گرینی تارانی پێتەختی وڵاتی ئێران ئەنجام دا. هەمووی ئەو کردەوانە لە نەریتی باوی رێکخراوی داعش وەک رێکخراوێکی نوێی تێرۆریستی کە هەم لەرووی ئایدیا و هەم لەرووی پراکتیکەوە جیاوازییەکی بەرینی لەگەڵ رێکخراوە تێرۆریستییە هاوشێوەکانی خۆی هەبوو بەدوور بوو. داعش کە بە گوتاری پێکهێنانی خەلافەتێکی نوێی ئیسلامی لە سەردەمی نوێدا هاتە نێو ململانێ سیاسییە ناوچەیی و جیهانییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەراست، کرداری تێرۆریستیی تەنیا بۆ چاوترسێن کردن و لاوازکردنی پێگەی سیاسی و نفووزی نەیارەکانی نەدەکرد بەڵکوو بە مەبەستی دەست بەسەرداگرتن و بەرینتر کردنەوەی پانتایی نفووزی خۆی و پەرەپێدانی دەسەڵاتەکەی لەسەر عەرزی واقعدا لە شێوەی جیهادی ئەنجامی دەدا. داعشیش وەک زۆربەی پێکهاتە ئیدیۆلۆژیکەکانی دیکە پرۆژەیەکی سیاسیی بەدەستەوەیە و لەپێناوی دەستەبەرکردن و بەسەرەنجام گەیاندنیدا تێدەکۆشێ و خەبات دەکات. پرۆژەی پێکهێنانی دەسەڵاتێکی نوێی ئیسلامی بەگوێرەی پارامێتر و ئێلێمێنتەکانی ئیدیۆلۆژیی ئیسلامی بەپێی پرەنسیپە کردارییەکانی سەردەمانی سەرەتای ئایینی ئیسلام کە بە شێوەی خەلافەتی بەڕێوە دەچێ. دەسەڵاتدارانی داعش بە تێگەیشتنەوە پێگەی لاوازی سیاسی و نیزامیی دوو وڵاتی عێراق و سوورییەیان بە هەل قۆستەوە و خەلافەتە ئیسلامییەکەی خۆیان لەسەر هەندێ بەشی ئەم دوو وڵاتەدا دامەزراند. هەرچەند کە بۆیان نەلوا دەسەڵاتەکەیان تا ئاستی دەست بەسەرداگرتن بەسەر پێتەختی ئەم وڵاتانەدا بەرین بکەنەوە کەچی بەبێ رووخانی دەسەڵاتدارێتیی ئەم وڵاتانە توانیان بە سڕینەوەی سنووری نێوان ئەم دوو وڵاتە و دابڕاندنی بەشێک لە خاکی هەر کامیان سنووری دەسەڵاتێکی نوێ _هەڵبەت بەبێ هیچ دانپێدانان و ئێعترافێکی نێونەتەوەیی_ بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. هەروەها داعش توانیی ئیجماعێکی پشتیوانیی کرداریی نێونەتەوەیی لەنێو موسوڵمانانی توندڕەوی سەرتاسەری جیهاندا بەدەر لە پێگەی نەتەوەیی لەسەر ئەساسی ئۆممەی ئیسلامی بۆ خۆی پێک بێنێ. کەچی لە هەمان کاتیشدا زێدەڕۆییە سیاسی و کردارییەکانی داعش و هەڵسوکەوتە سەدە ناوەراستییەکانیان بوو بەهۆی ئەوەی کە بەرەیەکی نێونەتەوەیی دژ بە داعش لە ئاستی جیهانیدا ساز بێ و دنیای مۆدێڕن بە هەرچی بەخێراتر لەناو بردنی هێزێکی مەترسیدار و دواکەوتووی لەم چەشنە هەستێ. هەر بۆیەش ئیجماعێکی سیاسیی ئەرکداری بەرینی نێونەتەوەیی بە بەشداریی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی خاوەن پێگە و بەهێزی دنیا لە بەرەیەکی دژە تێرۆری جیهانیدا بۆ لەناوبردن و کۆتایی هێنان بە رێکخراوی داعش و خەلافەتە نوێیە ئیسلامییەکەی پێک هات کە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و چڕوپڕ شەڕ لە دژی داعشیان دەست پێکرد. دەسەڵاتدارانی داعش کە مەوجوودییەتی خەلافەت و رێکخراوەکەیان لە مەترسیی جیدیی لەناوچووندا دەبینن گەمەیەکی دوو لایەنەی نوێیان دەست پێکردوە کە هەرکامیان خاوەنی سیگناڵێکی تایبەت بۆ وڵاتانی بەرەی دژبەرە. داعش کە مەترسیی لەناوچوون لە ئاکامی ئەم هێرشە پان و بەرینە بۆ سەر خۆی بە تەواوی وجوودەوە هەست پێدەکا وێدەچێ کە لە هیچ کردەوەیەک نەپرینگێتەوە و لەپێناوی مان و مەوجوودییەتی خۆیدا دەست بۆ هەر کارێک بەرێ و دوایین پەلەقاژەکانی خۆیشی بکات. لە سەرێکەوە بە تەقینەوە و رەشەکوژی لە ناوەندە گرینگەکانی وڵاتانی بەرەی دژبەردا ئەو سیگناڵە دەنێرێ کە هێز و مەترسیی من مەحدوود بە چوارچێوەیەکی جوغرافیایی تایبەت نابێتەوە و لە ئەگەری بەردەوامیی هێرشەکاندا کانوونی شەڕ بۆ گرینگترین ناوەندە ستراتێژییەکانتان دەگوازرێتەوە و لە ماڵی خۆتاندا شەڕتان لەگەڵ دەکەین. لە سەرێکی دیکەشەوە بە ئەنجامدانی ئەم دوو کردەوە تێرۆریستییەی لەو دوو شوێنە گرینگەی تاران _ مەجلیس و حەرەمی خومەینی_ دەیەوێ بڵێ کە ئەوان ئەو هێزەن کە دەتوانن لە هەیمەنە و هێژێمۆنیی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا کەم بکەنەوە و بەم شێوەیە لەنێو خاکی خۆیدا زەمینگیری بکەن. بەهەرحاڵ داعشیش وەک هەر هێزێکی سیاسیی دیکە لە نیهایەتدا سیاسەت دەکا و کاتێک کە لە تەنگنای مان و نەماندا قەرار بگرێ ئامادەی دان و ستانی سیاسی دەبێ. هەربۆیەش بەدوور نییە ئامانجەکانی هێرشە تێرۆریستییەکەی تاران بەر لە هەر خوێندنەوەیەکی ئیدیۆلۆژیکی ئاماژەیەکی سیاسیی بووبێ و لە تۆێی پەیامی سیگناڵێکی سیاسیدا بە ڕووی وڵاتە زلهێزەکانی بەرەی دژبەری شەڕی دژە داعشدا خۆی ببینێتەوە. لەبیرمان نەچێ کە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی رۆژئاوایی بەتایبەت ئامریکا بەردەوام ئێران بە گەورەترین مەترسی و لەمپەڕ لە بەرانبەر ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی و سەرەکیترین حامی و پشتیوانی تێرۆریزم لە ئاستی جیهانیدا دەزانن. لە دوای کۆتایی شەڕی سارد ئێران گەورەترین کێشەی وڵاتانی رۆژئاوایی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بووە. هەربۆیەش بەدوور نییە کە داعش لە پێناوی مان و مەوجوودییەتی خۆیدا لە شێواندن و لاوازکردنی ئێران لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا وەک "وجەالمعاملە"یەک لە بەرانبەر غەربدا کەڵک وەربگرێ. لاوازبوونی ئێران خۆی کۆمەڵێک دەلاقەی نوێ بەرەوڕووی چارەسەریی بەشێکی زۆر لە کێشەکان لە ناوچەکە بەڕووی دنیای دەرەوەدا بەتایبەت وڵاتانی رۆژئاوایی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکاتەوە. هەربۆیەش وێدەچێ کە ئەگەر داعش رووی چالاکییەکانی خۆی بەرەوڕووی ئێران وەرسووڕێنێ، لە روانگەی وڵاتانی غەربییەوە مان و مەوجوودییەتەکەی رەهەندێکی مەنتقیتر بەخۆوە دەگرێ و ئەگەری لەناوبردنی کەمتر دەبێتەوە.