کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسیۆناڵیزم لە گوتاری بزاڤی رزگاریخوازییەوە هەتا کۆمەڵگە

22:19 - 1 پووشپەڕ 2717

ناسنامەی کوردبوون دەگەڵ ئەوەی بە درێژایی مێژوو خۆی پاراستووە و، لە ژێر هێژمۆنیی توخمە نەتەوەیی‌یە دەسکردەکانی داگیرکەرانی کوردستان‌دا نەچەماوەتەوە، بەڵام دەگەڵ ئەو بەربەرەکانییە چڕ و دشوارەش‌دا بۆ مانەوە، لە بنەوان و سەرەوانیش‌دا تووشی کڵۆڵی هاتوە. دیارە لەم خەسارەی کە پێی گەیشتووە، تەنیا تاک و کۆمەڵگەی کوردی بەرپرسیار نییە، بەڵکوو بزاڤی کوردی لە هەر چوارپارچەکە کە وەک پێشەنگ و ڕێنوێن ئاراستە و ئاقاری سیاسی خۆیان نواندوە بەرپرسیارییەتێکی زۆریان لە سەر شانە. سەرهەڵدانەکانی کورد لە پارچەکانی کوردستان بەهۆی گەشەنەسەندوویی و ئایینی‌بوونی کۆمەڵگە کە زیاتریش لە کۆتایی‌یەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم لەسەر دەستی پیاوە ئایینییەکان هەڵگیرساوە زۆر جاران توخمی عەشیرەیی و ئایینی باڵی بەسەردا کێشاون و، روحی یەکگرتووی نەتەوەیی لێ کز کردوون، هەر ئەوەش وای کردوە تا بزاڤ و سەرهەڵدانەکانی کورد بەو شێوەیەی دەبووا ببن، گشتگیر نەبن. لە سەدەی بیستەم‌دا کە کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین و یەک لەوانیش کۆمەڵگەی کوردی ئاشنا بە دیاردەی حیزبایەتی و رێکخستن دەبن و دواشەپۆلەکانی دەوڵەت _نەتەوە ڕوو لە ڕۆژهەڵات دەکەن، لە پارچەکانی کوردستان پێکهاتەی نوێ لە چەشنی حیزب سەرهەڵ‌دەدەن و قۆناخی عەشیرەیی و ئایینی لەسەر بزاڤ تا ڕادەیەکی زۆر دەڕەوێتەوە. بەڵام دەگەڵ ئەوەش‌دا خەون و داخوازییەکانی کورد وەک نەتەوە چ لە درووشم و چ لە زەینی تاکی کورددا تووشی دابەزین دەبێ. هەر بۆیە بەدوای ئەم قۆناخە لە ژیانی سیاسیی کۆمەڵگەی کورددا، پێناسی کوردبوون تاڕادەی ئێرانی و عێراقی و تورکی و سووری دادەبەزێ و، هەتا ئێستاش زەینی تاکی کورد زیاتر ڕووخسار و بیرکردنەوەیەکی داگیرکارانە داگیری کردوە هەتا، بیرێکی ئازادیخوازانە و شۆڕشگێڕانە. دیارە ئەوە بە واتای خۆبەدەستەوەدان و داتەکینەوە لە شوناسی سەرەکی نیە، بەڵام شوناسی سەرەکی لەو قۆناخەدا دەکەوێتە ژێر شوناسی داگیرکارانەوە و، تەنانەت چەشنێک ڕەشبینی و بە کەمزانینی کوردی پارچەکانی دیکە لە زینی تاکی کورددا چەکەرەی پێ‌دەکرێ؛ئەمە لە کاتێک‌دایە کە پێش ئەو قۆناخە پێناسی کوردی پارچەیەک بۆ پارچە داگیرکراووەکەی تەنیشتی، کوردستانی ئەودیو، یان گەرمێن بووە هەتا پێناسێکی داگیرکەرانە. ئەم رەوتەی بە ئێرانی و تورک و ... بوونەی کورد پاش ئەوەی بیری یەک دەوڵەت یەک نەتەوەیی لای رەزا میرپەنجی قەزاق لە ئێران و مستەفا کەماڵ لە تورکیە و سەردەمی گرفەی ناسیۆناڵیزمی عەڕەبی لە ناوچەکەدا زیاتر ڕیشە دادەکووتێ و دۆشداماوی و شکستە پەیتا پەیتاکانی بزووتنەوەی کورد لە بەشە داگیرکراوەکانی کوردستان‌دا، هێندەی دیکە روحی کوردبوون کزتر دەکەن و پێناسی داگیرکەران لای تاکی کورد بەهێزتر دەکەن، هەتا کۆتایی سەدەی بیستەمیش ڕەوتەکە بەستێنێکی ڕوو لە پاشەکشەی ئەو ناسیوناڵیزمەیە لە کوردستان. بە پاڵ ئەمەشەوە لەو ماوەیەدا بەردەوام داگیرکەران بە بەرنامە و سیستماتیک هەوڵ دەدەن ئوستوورە و روحە نەتەوەییەکانی کورد لە زەین و بیر تاکەکانی کۆمەڵگەدا لاواز و تەنانەت سووک و بێ‌بایەخ بکەن و، ئوستوورە و شانازییەکانی خۆیانیان بۆ زل دەکەنەوە. بەڵام ئاڵوگۆڕەکانی سەدەی بیست و یەک و بەتایبەتیش، ڕووداو و پاشهاتەکانی پاش بەهاری عەڕەبی، بە چەشنێکی بەرچاو، غرووری پێشێلکراو و سەرکزی کوردبوون دەگەشێننەوە و تەنانەت تا ئاستی نۆستالۆژییەکانی مێژووی کۆن و سەربردە ئەفسانەئاساکان بەرزی دەکەنەوە. لێرەدایە کوردبوون لە ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان گڕ و تینێکی تایبەت بە هێز و بیری تاکی کورد دەبەخشێتەوە، هەتا شووناسی سەرەکی خۆی لەژێر هێژمۆنی ساختە و دەسکردی داگیرکەران‌دا ڕاست بکاتەوە. گیانبازی و قارەمانێتی گەنج و لاوی کورد بە ژن و پیاوەوە ئەفسانە بۆ جیهان دەخوڵقێنن، شەڕی دژی وەحشیترین تاقم و بیری تاریکی سەردەم، کورد و تاکی کورد لە جیهاندا وەقەدر و قیمەت دەخا و لە تاکێکی بێ نیشتمان و دەوڵەتەوە دەیکا بە پاڵەوانێک کە لەبڕی جیهان شەڕی دژی تیرۆر دەکا. ئەو گەشانەوەی پێناسە پێخوست‌کراوە تەنیا بە کوردستان و کۆمەڵگەی کوردی ناوەستێ، بەڵکوو لە ئاستی جیهانیدا کوردبوون دەکا بە شانازی. لە کاتێکدا پێشتر زۆر کەس چ لە چوارچێوەی دەولەت داگیرکەرانی کوردستان و، چ لە هەندەران کوردبوونی خۆی دەشاردەوە لەجیاتی ئەوەی بە شانازییەوە ناوی بێنێ. ئەوەندەی ئەو کاریگەرییە بگەڕێتەوە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبینین تەنانەت ئەو ناوچانەی کە تەقەی فیشکی شۆڕشەکانی کوردی پێێ نەگەیشتووە و لە شۆڕش دابڕاوە، لە گۆڕەپانی شۆڕش‌دا قەڵەمبازی کردوە و، پۆل پۆل لاوانی باشووری رۆژهەڵاتن چ لە ریزی هێزە کوردی‌یەکانی رۆژهەڵات‌دا و چ لە باشوور و چ لەوپەڕی رۆژاوا بۆ پاراستنی ئەو شوناسەی هەنووکە دوای مەودایەکی زۆر بە شانازییەوە خۆی پێ دەناسێنن، دەردەکەون. دەگەڵ ئەوەش‌دا بەشەکانی دیکەی رۆژهەڵات کە زیاتر تێکەڵاوی شۆڕشن، بەهۆی کاریگەریی کەشی ئازادی باشوور لە شوناسی کوردبوون‌دا تۆختر دەبنەوە، هەتا رادەیەک شتێک بەناوی ئێرانی بوون دەبێ بە کەموکوڕییەک. بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری و هۆشیاری نەتەوەیی کۆمەڵگە و هەروەها پەردەلاچوون لەسەر مێژووی ڵێڵی کورد و ناوچەکە، پێکەوەلکاندنەوەی ئاڵقە ونبووەکانی مێژووی کورد و هەروەها فیربوونی زمانی بێگانان و بەتایبەت ئورووپییەکان لە لایەن کوردەوە کە سەرچاوەی زۆربەی زانستەکانن بە مێژوو و جوگرافیاوە بگرە، گرێگۆڵ و چەواشەکاریی و بەڵاڕێ‌دا بردنەکانی دەسەڵاتە داگیرکەرەکان و ئوستوورە و مێژووە بریقەدارەکانیان دەردەخا و، کورد بەرەبەرە بەرەو ئوستوورە و روحیاتی خۆی دەگێڕێتەوە. ئەم خۆناسینەوانە و بەگشتی ڕووداوەکانی ناوچەکە هەموو کاریگەرن کە کۆمەڵگەی کوردی جیاوازییەکانی خۆی و هێز و پوتانسییەلی خۆی بناسێ و لەسەر ئەو توخم و بنەمایانە پێناسێکی جیاواز بۆخۆی بدۆزێتەوە. ئەم بەئاگاهاتنەوەیە کە نەک هەر دەسەڵاتدارانی تاران، بەڵکوو کۆمەڵگەکانیشیان دەخاتە پەلەقاژە و خەم لە ڕەوینەوەی هێژمۆنی تیف تیفەدراو و دروستکراوی نەتەوەیی خۆیان بخۆن و قوڕ بۆ نۆستالۆژییە خەیاڵاوی‌یەکانیان بخۆن. هەر بۆیەشە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دەیان و سەدان شینگێڕ پەیدا دەبێ کە گوایە کورد لە فڵان شوێن نە خۆی بە عێراقی دەزانێ نە ئێرانی، کوردبوون وەک مۆتەکە لێرەوەیە بیر و زەینی تاکی ئەو کۆمەڵگە خۆبەزلزانە خەیاڵاوی‌یانە دەخەسێنێ کە هەموو شتێکیان تەنیا لە رۆچنەی پێناسەی خۆیانەوە دەوێ. بەڵام ئایا لێرەدا بزاڤی ڕۆژهەڵات توانیوێ خوێندنەوەی بۆ ئەم دۆخە و ئەو گۆڕانە بنەڕەتی‌یە هەبێ، یان ئەوەی بە چاولێکەریی ڕێبەرانی پێشوو و بۆ ئەوەی دڵی ناوەندنشینان لە خۆ زوێر نەکەن، لە هەموو ئێرانی‌یەک ئێرانیتر دەبن. ئەوەی تا ئێستا ڕوون و ئاشکرایە هیچ پێکهاتەیەکی شوێندانەر و کاریگەری ڕۆژهەڵاتی نەک خویندنەوەی بۆ ئەو گۆڕانە هزرییەی کۆمەڵگەی کوردستان نەکردوە و لە وتار و وێژمانی هیچ لایەنێکیش‌دا دەرنەکەوتووە، بەڵکوو هیندێک هێز بە خۆسەرقاڵ کردن بە هەندێک درووشم کە تەنیا بۆ سەر کاغەز دەگونجێن لە بیری پێکەوەلکاندنی هەمیشەیی پارچەکانی کوردستانن بە داگیرکەرانەوە. هێزە رەسەنەکانیش لە سەرەتای دامەزرانیانەوە بۆ ئەوەی مۆرکی جیاییخوازیی لە خۆیان داماڵن، خۆ بە ئێرانی بوون پیناسە دەکەن و، دروشم و ئامانجە ستراتیژییەکانیان بێ‌بەرییە لە دروشمێکی رووتی ناسیۆناڵیستی کە حەوجێیەتی ئێستای هزری لاوانە. تەنانەت ئەو بزاڤە رزگاریخوازە نەیتوانیوە لە توێی چالاکی مێدیایی و راگەیاندنیش‌دا یارمەتیدەر بە بەرزرکردنەوەی هەرچی زیاتر ئەو هەستە، کە دەتوانێ داهاتووی لەسەر بنیات بنرێ. لەڕاستیدا ئەو کەمکارییە ئەوە دەردەخا کە بزاڤ هێشتاش لە بواری فیزیکییەوە دەڕوانێتە کۆمەڵگە هەتا هێزێکی فیکری، یان بە واتایەکی دیکە دینامیزمی بەدیهاتنی ستراتیژی کوردبوون لە چەک‌دا دەبینێ هەتا لە بواری هزری. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٤.