کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزاڤی فەرهەنگی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باڵی دووەمی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان

22:08 - 16 گەلاوێژ 2717

ڕۆژهەڵاتی کورستان لە ماوەی نزیک دوو دەیەی ڕابردوودا بۆتە خاوەنی ئەزموونێکی جێگای سەرنج لە بواری سەرهەڵدان و تێکۆشانی کۆڕ و کۆمەڵی فەرهەنگی و مەدەنیدا. تەوەر و ئامانجی ئەو بزاوت و  تێکۆشانە فەرهەنگی و مەدەنییە بریتییە لە پاراستن و گەشەپێدانی فەرهەنگی کوردی لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە پەرەپێدانی کولتووری پێشکەوتووانە و مەدەنی لە کۆمەڵگەدا. لە بواری فەرهەنگیدا دەتوانین ئاماژە بە کۆڕ و ئەنجومەنە ئەدەبی و هونەرییەکان بکەین کە لەم ماوە نە زۆر درێژەدا بە شێوەیەکی بێوێنە زۆربەی شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانیان تەنیەوە. دەکرێ بگوترێ ئەم بارستاییە لە کاری فەرهەنگی کە لەم قۆناخەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خۆیەوە بینیوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە ئەم تێکۆشانە لە ژێر سێبەری سانسۆر و پشکنینی بیڕوڕا و بە گشتی سەرکوتی دەسەڵاتدا بوە، زۆر جێگای دڵخۆشییە. لەم قۆناخەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری تێکۆشانی کۆڕ و کۆمەڵە مەدەنی و پیشەییەکانیشدا_ تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ_ سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە پێوەندی لەگەڵ تێکۆشان و چالاکیی کۆڕ و ئەنجومەنە فەرهەنگییەکان ئاماژەیان پێکرا، ئەزموونێکی شیاوی سەرنجی تۆمار کردوە. بێگومان ئەگەر بەستێنی سیاسی و تەناهیی لەبار و شیاوی گەشەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە گۆڕێدا بایە ئەمڕۆکە دەکرا بگوترێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی جۆرێک لە بزووتنەوە و تەنانەت کۆمەڵگەی مەدەنیشە. دیارە ئەم دەسکەوتانەی لە بواری تیکۆشانی فەرهەنگی و مەدەنیدا ئاماژەی پێکرا هەروا بە سانایی وەدەست نەهاتوە. تێچووی ئەم زیندوویتیە فەرهەنگی و مەدەنییە بریتی بووە لە  زیندانیکران، کۆچی بەناچاری، ئازار و ئەشکەنجەی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە تێکۆشەرانی ئەم مەیدانانە. کە لەم پێوەندییەدا ئاماژە بە بەندکرانی درێژماوەی سدیق کەبوودوەند، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان؛ برایانی کوردپوور، عەدنان حەسەنپوور و ... بکەین. درێژە و بەردەوامیی ئەم چەشنە تێکۆشانانە ئەویش لەم هەلومەرجە سیاسی و ئەمنییەتییەدا کە ئاماژەی پێکرا نیشاندەری ئەم ڕاستییەیە کە توانا و وزەیەکی مەزن و لەبننەهاتوو لەم پێوەندییەدا لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەدی دەکرێ. بێگومان ئەمە یەکێک لە لایەنە درەوشاوەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە دەبێ بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بدرێ زیاتر پەرەی پێبدرێ و لە پێناوی گەشەی کۆمەڵگا لەلایەک و پاراستن و پەرەپێدانی لایەنە جۆراوجۆرەکانی فەرهەنگی نەتەوەیی کەلکی لێوەرگیرێ. بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە ئینترنێت و ئامرازە خێراکانی پێوەندی و سۆشیال میدیا باڵیان بەسەر هەموو کەلێن و قوژبنێکی جیهاندا کێشاوە، دەکرێ بەشێوەیەکی زۆر پلانمەند و سیستماتیک لە ڕێکخراوە مەدەنی و فەرهەنگییەکان لە پێناوی ئەم دوو ئامانجە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکراو تەنانەت لە پێناو ئامانەجە سیاسییەکانی نەتەوەکەشمان کەلکیان لێ وەربگیرێ. لە بەر ئاوێنەی ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەدا کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر کارتێکەریی کۆمەڵێک هۆکاری وەک دۆخی ژێردەستەیی و سەرکوتکراوی، پلانە سیستماتیکەکانی دەسەڵاتە ناوەندییەکانی ئێران بۆ ئاسمیلەکردنی نەتەوەی کورد، پلانی درێژماوەی ئەمنییەتیکردن و لەدواکەوتوویی هەمەلایەنەدا ڕاگرتنی کوردستان و باڵادەستیی کلتووری ئایینی و ... لە زۆر بواردا وەدواکەوتوە، گرنگیی کارکردنی فرەڕەهەند لەسەر کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوە مەدەنی و فەرهەنگییەکان زۆر زەقتر دەردەکەوێ. کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناوی پووچەڵکردنەوەی کارتێکەریی ئەم فاکتۆڕە نەرێنییانەی بە بەردەوامی لەدواکەوتووییدا ڕایانگرتوە و بەستێنسازی بۆ فەرهەنگ و بەها دیمۆکراتیکەکان، بێجگە لە بزووتنەوەی سیاسی کە لە مەیدانێکی دیکەدا لە پێناوی ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکاندا لە تێکۆشان دایە، پێویستییەکی ژیانەکیی بە بزووتنەوەیەکی فەرهەنگی و مەدەنی هەیە. بزووتنەوەیەک کە بتوانی بە بڵاوکردنەوەی وشیاریی لەبارەی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی، ژنان، منداڵان، کرێکاران، کۆڵبەران، ژینگە و ئاژەڵ و شوێنەوارپارێزی، دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی وەک گیرۆدەبوون بە ماددە سرکەرەکان، کلتوری لێبووردەیی و وێکهەڵەکردن و ... زمان، موزیک، مێژوو، کەلەپوورو ... بتوانێ شەپۆلێک لە ڕۆشنگەری و چالاکی و تێکۆشانی فەرهەنگی و مەدەنی وەڕێ بخا. ئەزموونەکانی ئەو وڵاتانەی لە ئاکامی شۆڕش یان ئاڵوگۆڕێکی خێرادا دەرفەتی دامەزراندنی سیستمێکی دیمۆکراتیکیان بۆ ڕەخساوە دەریانخستوە کە، جێگیرکردنی دیمۆکراسی و مافە بنەڕەتی و ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان و قانوونسەروەری پێویستیی بە پرۆسەیەکی درێژماوە و پڕ هەوراز و نشێو هەیە. لەم پرۆسەیەدا تەنیا ڕووما و ڕواڵەتێک لەم بایەخانە وەبەرچاو دەکەوێ. ئەم پرۆسەیەی لە هەرێمی باشووری کوردستان لە ئارا دایە نموونەیەکی زۆر بەرهەستە کە دەبێ ئەزموونی گەورەی لێوەرگیرێ. لە پێناوی داهاتوویەکی جیاوازتردا رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستییەکی ژیانەکیی بە بەرفراوان کردن و پلانمەندکردنی ڕێکخراوە مەدەنی و فەرهەنگییەکان هەیە. بەچەشنێک کە بزووتنەوەیەکی سەرانسەریی فرەڕەهەند، ڕۆشەنگەری لێ بکەوێتەوە. هەرچەند چاوەڕوان ناکرێ بەبێ سیستمێکی دیمۆکراتێک کۆمەڵگە مەدەنی بە واتا پێناسەکراو و باوەکەی شکڵ بگرێ، بەڵام ئەم بزاوتەی هەیە هەروەک تا ئێستا توانیویەتی بەپێی هەلومەرج سەرهەڵ بدا و گەشە بکا، دەکرێ بە هەمان مۆرکی خۆماڵی و بە گرتنەبەری ئامانجگەلێکی گونجاو لەگەڵ کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پرسە جۆراوجۆرەکانی، زیاتر و زیاتر پەرە بگرێ. حیزب و دامەزراوەکانی نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان (وەک ڕێکخراوەکانی لاوان، خوێندکاران، ژنان و ...) لەگەل ئەوەدا کە دەبێ لە پێوەندی لەگەڵ کۆر و کۆمەڵە مەدەنی و فەرهەنگییەکاندا و بەگشتی تێکۆشانی هەرچەشنە چالاکییەکی لەم چەشنەدا بە ڕوانگەکانیاندا بچنەوە، پێویستیشە پێوەندییەکی زیندوو و هەمەلایەنەیان لەگەڵ کۆڕ و کۆمەڵ و رێکخراوە مەدەنییەکانی نێو جەرگەی کۆمەڵگەی کوردستان هەبێ و وەک باڵی دووەمی بزووتنەوە کە هەڵگری پەیامی ڕۆشەنگەری و فەرهەنگسازین لێیان بڕوانن. جگە لەمە پێویستە لە ڕێگای ئەوانەوە زانیاری و ڕوانیینەکانیان لەبارەی پرسە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەوە بەڕۆژ بکەنەوە و بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ یەکتر لە دەرفەتە گونجاوەکان دا کارو چالاکیی هاوبەش وەڕێ بخەن. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.