کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردکاناڵ و ١٠ ساڵ تێکۆشانی بێ وچان

22:18 - 16 گەلاوێژ 2717

دە ساڵ لەوپێش و لە ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژدا کاناڵێکی ئاسمانیی نوێ هاتە ریزی تەلەویزیۆنە کوردییەکان و دەستی بە پەخشی ئەزموونیی بەرنامەکانی کرد. ئەم تەلەویزیۆنە کە سەرەتا بە ناوی «کورد تی ڤی»ەوە دەستی بەبڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی کردبوو، پاش ماوەیەکی زۆر کورت ناوەکەی بۆ «کوردکاناڵ» گۆڕدرا و بۆ ناساندنەکەشی بە یار و نەیار سەرەتا ئەوەندە بەس بوو کە بڵێی ئەم کاناڵە تەلەویزیۆنیە سەر بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانە، تا خەڵک وەکوو میوانێکی خۆشەویستی خۆیان لە ماڵەکانیان وەریبگرن. هۆکاری ئەوەش ڕوون بوو، چونکی میدیاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بە تایبەت ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران پاشخانێکی ئەوەندە بەهێز و پڕ لە متمانەی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا هەبوو تا خەڵک هەر بەو تایبەتمەندی و سیفەتانەوە باوەش بۆ تلەویزیۆنەکەشی بکەنەوە. بێگومان لە دنیای ئەوڕۆدا کە بە دنیای تێکنۆلۆژی و تەقینەوەی زانیارییەکان ناسراوە بوونی کاناڵی تەلویزیۆنی بەتایبەت بۆ گەلانی بندەست لە پێویستییەکانی سەردەمە و  ئەم کارەش بەبێ پشتیوانییەکی زۆری ماڵی و ڕاهێنانی ئاکادمیکی هێزە مرۆیی و کارگێڕەکانی  کارێکی قورس و بە زەحمەتە، بەڵام کوردکاناڵ لە هەلومەرجێکدا دەستی دایە ئەو کارە قورسە کە چیرۆکی دەستبەکاربوونەکەی تاڕاددەیەکی زۆر لە چیرۆکی ڕادیۆ ئەفسانەییەکی «دەنگی کوردستان» دەچێ، ئەویش ئەوەیە کە خاڵی دەسپێک هیممەت بوو نەک قیمەت، ئەویش هیممەتی پێشمەرگانە. هەربۆیە لە گەڵ هەموو کەموکووڕییەکی ماڵی و تەنیا بە یەک دوو کامێرا و کامپیۆتێر بەڵام بە هیممەتێکی چیایی و باوەڕێکی قووڵی پێشمەرگانە شانی وەبەر ئەو ئەرکە قورسە دا. کوردکاناڵ لە سەردەمێکدا دەستی بە کار کرد کە بەداخەوە دۆخی سیاسیی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باش نەبوو، زۆرجار ئەو حیزبانە میدیاکانی خۆیان دەکردە تریبوونێک بۆ کێشە لەگەڵ یەکتر و کوتانی بەرانبەرەکەیان، بەڵام خاڵی بەهێزی کوردکاناڵ هەر لە سەرتاوە ئەوەبوو کە بە هیچ جوور نەچووە ئەو خانەیەوە و بە پێچەوانەوە هەوڵی دا ببێتە سەکۆ و تەوەرێک بۆ لە دەوری یەکتر کۆکردنەوەی حیزبەکان و خزمەت بە پێشوەچوونی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات. بۆ ئەو مەبەستەش درگای بۆ خستنەبەرباسی بیروڕا جیاوازەکانیش ئاوەڵا کرد، بە جۆرێک کە لە بۆنە جۆربەجۆرەکاندا هەوڵی داوە کە بە میزگرد و بەرنامەی سیاسی هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کوردکاناڵ کۆ بکاتەوە و هەموان لە کەشێکی ئازاد و بێ سانسۆردا بیروڕای خۆیان لە مەڕ پرسە سیاسییەکانی پێوەندیدار بە کوردستانی ئێران بخەنە ڕوو. لەو بوارەدا کوردکاناڵ هیچکات بەرچاوتەنگانە هەڵسوکەوتی نەکردەوە و بەبێ هیچ بەربەستێک تریبوونی خۆی لە خزمەت هەموو ئەو کەسایەتی و لایەنە سیاسییانە داناوە کە لە هەوڵی ئەودان بەردێک لە سەر دیواری پرسی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانێن. هەروەها جیا لە حیزبەکانی کوردستان کوردکاناڵ هەوڵی داوە کە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتیش ئەم کاناڵە بە ماڵی خۆیان بزانن و بتوانن بە دەرکەوتن لە بەرنامە جۆربەجۆرەکانی کوردکاناڵدا بیروڕای خۆیان باس بکەن و تەنانەت ئەگەر بیروڕایەکی جیاوازیشیان لەسەر پرسە سیاسییەکان لە ئێران و کوردستان بووبێ؛ بۆیە دەکرێ کوردکاناڵ لەم بارەوە بە ڕچەشکێن لە نێو میدیاکانی کوردیدا لە قەڵەم بدرێ. یەکێکیتر لە هەوڵەکانی کوردکاناڵ لەم دە ساڵەدا کە دەکرێ بە پڕنسیبێکی سەرەکیی کاری کوردکاناڵی ناوبەرین و وەک ئامانجێک بۆ ئەو میدیایەی پێناسە بکەین، ئەوە بووە کە چەندی پێی بکرێ بەرەنگاری سیاسەتی لە پەراوێز خستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ببێتەوە، ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی کە هەوڵی داوە سەرنجی لاوانی کورد بۆ کێشەی پارچەکانیتری کوردستان ڕابکێشێ و لە ژینگەی سیاسیی خۆیان کە رۆژهەڵاتە دووریان بخاتەوە؛ هەر بۆیە لە هەموو بوارەکاندا چ لە باری هەواڵ و چ لە باری بەرنامەکانی ڕۆژانەدا گرنگییەکی تایبەتی بە هەموو هەواڵێک و هەموو ئەو چالاکییانە داوە  کە لە ڕۆژهەڵات ڕوو دەدەن یان پێوەندییان بە ڕۆژهەڵاتەوە هەیە. بۆ وێنە لە هەر گۆشەیەکی کوردستان بە شار و گوندەکانەوە هەر چەشنە چالاکییەک کە کراوە کوردکاناڵ وەکوو ئەرکی سەرەکیی خۆی کاتی بۆ تەرخان کردوە و بڵاوی کردووەتەوە، نموونە لەو بارەوە ئەو چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگیانەیە کە لەلایەن ئەنجومەن و ڕێکخراوە ئەدەبی و مەدەنی و فەرهەنگییەکانی کوردستانەوە بەڕێوە دەچن، هەروەها بایەخێکی یەکجار زۆریشی بە باسی ژینگە و وشیارکردنەوەی خەڵک بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان داوە. نموونەیەکی دیکەش دەکرێ ئاماژە بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردستان بکەین کە کوردکاناڵ کاتی تایبەتیی بۆ تەرخان کردوە و ساڵانە وەکوو نەریتێک ئەوەندەی بە دەستی گەییشتوە وەک خۆی بڵاوی کردووتەوە با لە کاتی خۆشی لای دابێ. لە لایەکی دیکەوە کوردکاناڵ لە خەم و ئازارەکانی خەڵک بە هەموو چین و توێژەکانییەوە غافڵ نەبووە و بەردەوام کاناڵێک بووە بۆ باسکردنی پێشێلکاریی مافە مەدنی و سیاسییەکان و بە گشتی مافی مرۆڤی کورد کە بەشێوەی سیستماتیک لە ئێران لەلایەن حکومەت و دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە پێخوست دەکرێ و هەوڵی داوە جیا لە بە میدیایی کردنی ئەو حاڵەتانە، بیانکا بە بەڵگە و دیکۆمێنت و  بیخاتە بەردەستی ناوەندە نێونەتەوەییەکانی داکۆکاری مافی مرۆڤ.  هەموو ئەو گرینگی دانەی کوردکاناڵ بە خەڵکی خۆی لە ڕۆژهەڵات وایکردوە کە خەڵکی کوردستان کوردکاناڵ بە پشت و پەنا و پشتیوانی خۆیان بزانن و لە کاتی تەنگانەدا بۆ بەهاوارەوە هاتنیان پەنای بۆ بێنن. ئەرکێکی دیکەی کوردکاناڵ لەم ماوەیەدا ئەوە بووە کە لە کاتی مەئموورییەتەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا شانبەشانی ئەوان لە جەولەدا بووە و جاری واش هەبووە کە تاشە بەردێکی کردووەتە ستۆدیۆ و لەوێوە دەنگی دلێری پێشمەرگەی بە گوێی خەڵکی کوردستان گەیاندوە و تەنانەت جاری واش هەبووە کامێرای کوردکاناڵ لە مەیدانی شەڕیشدا حوزووری هەبووە و ئەو حوزوورەش وای کردوە کە دواتر کۆماری ئیسلامی و ڕاگەیاندنە درۆزنەکانی نەتوانن لەو جۆرە کاتانەدا چەواشەکاری بکەن و هەواڵەکان بەو جۆرەی کە خۆیان دەیانهەوێ بڵاو بکەنەوە. لەم چەند ساڵەی دواییدا ڕۆژهەڵات خاوەنی چەند تلویزیۆنێکی دیکە بوو کە هەرکامەیان بەداخەوە بە هۆی کێشەی جۆراوجۆرەوە داخران، بەڵام کوردکاناڵ بە هیممەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان و ئەندامە دڵسۆزەکانی و پێشمەرگە میدیاکارەکانیەوە خۆی ڕاگرت، و هەرچەندە ئەم کاناڵەش ئەو مەترسییەی لە سەر بووە بەڵام بەو ئاواتەی کە کوردکاناڵ بە هیممەتی هەموو لایەک هەروا خۆڕاگر بێ و بەردەوام دەنگی خەمخۆر و ڕاستبێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ. لە کۆتاییدا وێڕای یادی شەهیدانی لاوی میدیاکاری کوردکاناڵ، شەهیدان ئەرسەلان عەباس‌نیا، سالار باقری و ناسر کەریمی سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لەم دەساڵەدا لە پێشوەچوونی کوردکاناڵدا ڕۆڵ و نەقشیان هەبووە و بەو هیوایەی کە چرای ماڵی کوردکاناڵ هەروا ڕووناک بێ. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.