کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵسەنگاندنێکی کورتی کارکردی دە ساڵەی کوردکاناڵ

22:29 - 16 گەلاوێژ 2717

کورد کاناڵ لە دۆخێکی نەخوازراوی پاش لەتبوون هاتە نێو میدیای کوردییەوە، کە لەوانەبوو ئەگەر ئەو دۆخە نەهابایەتە کایەوە و حیزبی دێموکرات لەت ‌نەبوایە، کاناڵێک بەو ناوە نەدەهاتە نێو ڕیزی کەناڵە ماهوارەییەکان یان ئەگەریش بهاتبایە، لەوانە بوو هەڵگری ئەرک و ڕەسالەتێکی دیکە بوایە. هەرچەند نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەردەمەدا، هەم لەباری داراییەوە لە دۆخێکی ناخۆش و دژواردا بوو، هەمیش کەوتبووە بەر هورووژمێکی میدیایی و تەبلیغاتێکی نەیارانەی پڕ لە ناڕاستیی بەردەوام و بەداخەوە میدیای هێرشکار بەردەوام لە هەوڵی خەوشدارکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بوو، لە شکاندن و لێدانی کەسایەتی و سیما ناودارەکانی ئەو حیزبەش نەدەپرینگایەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەروبەندەدا، بە هەبوونی ڕۆژنامەی «کوردستان» و ماڵپەڕی «کوردستان و کورد» و ڕادیۆیەکی کورت‌مەودا لە بواری میدیاییدا چالاکی هەبوو کە کۆی ئەوانەش نەیدەتوانی وڵامدەری پێداویستییەکانی ئەو سەردەمە بێ و زەروورەتی وەگەڕخستنی تەلەویزیۆنێکی ماهوارەیی بۆ ئەو حیزبە وەک پێویستییەکی هەنووکەیی خۆی دەنواند، کە بۆ دابینکردنی ئەم زەروورەتەش تەنیا هیممەتەکە هەبوو و زۆر بیر لە تێچوو و قیمەتەکە نەکرابۆوە! هەر بەم پێیە، بۆ دامەزراندنی ئەم کەناڵە، نە لە باری دارایی و سازکردنی مەکۆیەک بۆ کاری تی وی، ئامادەکاری تەواوی  بۆ کرابوو و نە ڕەچاوی پێرسونێلی پیشەیی و جۆری ئەو بەرنامانەی کە دەبوایە بەرنامەڕێژییان بۆ بکرایە کرابوو، بەمجۆرە دەکرێ بڵێین کە بەجۆرێک بەسەرداکەوتن بوو و زیاتر بۆ ئەوە بوو لەو هەلومەرجەدا ئەم لای دێموکراتیش کاناڵێکی ماهوارەیی هەبێ، بۆ ئەوەی لانیکەم سیاسەت و هەڵوێست و بەرنامەکانی خۆی تێدا بڵاو بکاتەوە. بەمجۆرە دەسپێکی کاناڵی کوردکاناڵ بە ئیمکاناتێکی یەکجار کەمەوە لێدرا و دوایە بەرەبەرە بیر لە سازکردنی پێکهاتە و دابینکردنی کەرەستە و بەشەکانی دیکەی کاناڵەکە کرایەوە؛ با بۆ مێژووش بێ بڵێین کە کورد بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بە دوو دووربین و دوو کامپیوتێر و بەبێ ستۆدیۆ بەرنامەی بەرهەم دەهێنا و لەمبارەوە سەرەڕای کەممی ئیمکانات ڕچەشکێن بوو، ڕچەشکێن لە بواری دەروەستی بە کار، نەفس‌بەرزی  و ویستی نوێخوازی و سەرەنجام دەرخستن و نواندنی ئەو ئەسڵە کە دەڵێ گرینگ ئەوەیە بە کەمترین ئیمکانات لە هەوڵی باشترین کار و بەرهەمدا بی. لەگەڵ وەگەڕکەوتنی کوردکاناڵ لە نێوەی یەکەمی گەلاوێژی 1386دا و بەپێی چاوەڕوانیی زۆربەی ئەندامان و دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات و بە تەگبیر و ژیریی ڕێبەران و پیرانی بەتەدبیر، سیاسەت و کارکردی کوردکاناڵ بەو ئاراستەیەدا ڕۆیشت کە نەکەوێتە داوی مقۆمقۆ و دەمبەدمەی زیانبار، و ڕێبازێکی نەتەوەیی بەخۆوەگرت و هەوڵ ‌درا بە خستنەڕووی سیاسەت، هەڵوێست، کردەوە و تیکۆشانی بێوچانی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان وڵامی ویستی کۆمەڵگە و پێداویستییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بداتەوە؛ هەر ئەم کارکردەی کورد کاناڵ بۆتە هۆی ئەوەیکە پریستیژ و متمانەیەکی جێ بایەخ بەم کاناڵە ببەخشرێ. کوردناڵ لەگەڵ بەرهەمهێنانی دەیان عینوان بەرنامەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی، ڕووناکبیری لە هەمبەر نیاز و پێداویستیی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە وەک لاوان، ژنان و خوێندکاران و زیندانیانی سیاسی کەمتەرخەم نەبووە و تەنانەت بەرنامەی تایبەتی حەوتوانەی بۆ ڕێکخستوون و ئاوڕی لە کێشە و ویست و توانایی و پێشکەوتن و  چالاکییەکانیان داوەتەوە. هەروەها سەرەڕای ئەوەی کە ئەم کاناڵە تریبوون و زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانە و دەبێ زیاتر گرینگی بە شیکردنەوە و تاوتوێی سیاسەت و ڕوانگەکانی ئەم حیزبە بدا، بەڵام لە مژارە فکری و ڕووناکبیرییەکانیش خافڵ نەبووە و بە دەیان بەرنامەی هزری بە مەبەستی گەشەپێدان بە وشیاری نەتەوەیی و بردنەسەریی ئاستی ڕۆشنبیری و ئاگایی گشتی ڕێکخستووە و بڵاوی کردۆتەوە. کورد کاناڵ هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە، سیاسەتی رۆژهەڵاتتەوەری ڕەچاو کردووە و ئەو پرس و مژارانەی کە پێوەندییان بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەبووە لەم کاناڵەدا ڕەنگدانەوەی بەرچاویان هەبووە و بەکورتی قورسایی و بەرنامەکانی ئەم کاناڵە بەشی هەرە زۆری ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. کەمتر پرسێکی سیاسی و نەتەوەیی پێوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەبووە کە بەشێوەی دیمانە، میزگرد و دێکۆمێنتاری کاری لەسەر نەکرابێ و بەبایەخەوە تاوتوێ نەکرابێ. جیا لەوە ئەم کاناڵە تریبوونێک بووە بۆ ڕەنگدانەوەی کار و چالاکی کۆڕ و کۆمەڵەکانی نێوخۆیی و کەمتر ڕێوڕەسم و فستیواڵ و ئاهەنگێکی نەتەوەیی بووە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچووبێ و کورد کاناڵ بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕووماڵی نەکردبێ. هەڵبەتە ڕۆژهەڵاتتەوەر بوونی کورد کاناڵ بە مانای خەمساردی لە بەرامبەر پرسی نەتەوەیی پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت ڕووداو و پرسە گرینگەکانی ناوخۆی ئێران نەبووە و کورد کاناڵ هیچکات لەو پرسانەش خۆی نەبواردووە و لە بەرنامە جیاجیاکانی‌دا بە تەسەلی ئاوڕی لەو جۆرە گۆڕانکارییانەش داوەتەوە. پڕەنسیپێکی دیکە کە کورد کاناڵ لە کارکردی خۆیدا ڕەچاوی کردووە ئەوە بووە کە هەر لە سەرەتاوە پێداگریی لەسەر ڕاستگۆیی و هەقبێژی کردووە و هیچکات پەنای بۆ چەواشەکاری و بەلاڕێدابردن نەبردووە و هەرکاتێکیش هەواڵ یان زانیارییەکی ناڕاستی بڵاوکردبێتەوە، بە دڵفراوانییەوە، ئەو جۆرە هەواڵ و زانیاریانەی ڕاست‌کردۆتەوە و داوای لێبوردنی لە بینەرانی کردووە. کورد کاناڵ، لە خوێندنەوە بۆ مێژووی حیزبی دێموکرات و ڕووداوە تاڵ و شیرینەکانیدا، تریبوونەکەی خستە خزمەت گشت ئەندامانی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات و لەمبارەوە سیاسەتی قێزەونی وەلانان و گوێنەدانی بۆ هەمیشە لە کارکردی خۆی سڕییەوەو ئەو دەرفەتەی بۆ هەموو کادرە بەپێشینە و ناسراوەکانی ئەم حیزبە رەخساند تاکوو بتوانن ڕوانگە و سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لە هەمبەر ڕووداوە گرینگ و جیاجیاکانی حیزب و هەروەها پرسە سیاسییەکان بخەنە بەرباس، دەرفەتێک کە پێشوو قەتیس کرابوو و تەنانەت هەوڵی سڕینەوەی ئەو کۆمەڵە کادرە دڵسۆز و فیداکارەش لەوپەڕی خۆی دابوو. ئەم میدیایە لە لایەنێکی دیکەشەوە ڕچەشکێن بوو، ئەویش ئەوە بوو کە ئەو مەیدانەی ڕەخساندبوو تا لەو تریبوونەوە ڕەخنە لە کارکردی حیزبی دێموکرات بگیردرێ و کاری و تێکۆشانی ئەو حیزبە لە ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ؛ جیا لەوەش تریبوونی خۆی خستە خزمەت کەسایەتییە سەربەخۆکان و تەنانەت بەرپرسان و ئەندامانی سەرەوەی حیزبەکانی دیکە و بەجۆرێک ببووە مەکۆی کۆکردنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و پێکەوە دیالۆگی ڕاستەوخۆ بکەن و بەکورتی ببووە سەکۆیەک بۆ دەربڕینی بیروڕای جیاواز و ئەو ڕەوتە ئێستاشی لەگەڵ بێ هەر ڕەچاو دەکرێ و کورد کاناڵ هەروا تریبوونێکە بۆ دەربڕینی بیروڕا جیاوازەکان. پڕەنسیپێکی دیکە کە کورد کاناڵ پێی دەروەست بووە ئەوە بووە کە ئەم کاناڵە، ڕووماڵ کردنی تەواوی ئەو ڕێوڕەسم و کۆڕانەی کە سەبارەت بە زمان، جێژنی نەورۆز و فستیواڵە هونەری، فەرهەنگی و فولکلۆرییەکانی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچووبن، بە ئەرکی سەر شانی خۆی زانیوە و هەر لەم سۆنگەیەوە تریبوونێکیش بووە بۆ خستنەڕووی ئەو وزە و توانایی و بەهرانە، بەم پێیە ئەگەر ئەو جۆرە چالاکیانە بچێتە خانەی چالاکیی مەدەنییەوە، کەواتە دەتوانین بڵێین کورد کاناڵ مەتەرێزێکی ئەکتیڤیش بووە بۆ خەباتی مەدەنی. خاڵێکی دیکەی جێگای سەرنج لەم میدیایەدا، خۆبواردن لە سانسۆڕ بووە و تەنانەت زۆر بابەت و لێدوانی پێچەوانەی سیاسەت و ستراتژیی کورد کاناڵ لەم ڕاگەیەنەوە بڵاوبۆتەوە و هەر ئەوەش پرستیژ و قورساییەکی دیکەی بە کورد کاناڵ بەخشیوە، بەڵام سەرەڕای ئەوانە کوردکاناڵ ئێستاشی لەگەڵ بێ بارتەقای گەورەیی حیزبی دێموکرات و هەروەها وڵامدەری ویست و چاوەڕوانیی زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە و دەبێ لە داهاتوودا بە هیممەتی هەموان و کاری بێ‌پسانەوە ئەو بۆشاییانە پڕ بکرێتەوە. وەک بە کورتیش باس کرا، کورد کاناڵیش وەک هەموو کاناڵەکانی دیکە بێ‌کەموکووڕی نەبووە و بەدڵنیاییەوە لە ئاست چاوەڕوانیی گشت بینەرانیدا نەبووە کە بەشی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ باشنەبوونی باری ئابووری و ئەو هەلومەرج و ژینگە نەخوازراوەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان و کورد کاناڵی تێدایە. لە کۆتاییدا ئەو پێناسەیە بیر دێنمەوە کە هەر لە سەرەتاوە بۆ «کوردکاناڵ»مان کرد:  کاناڵێک بۆ گەیاندنی زانیاریی ڕاست، روونبێژی و چەسپاندنی ئازادیی ڕادەربڕین. کاناڵێک کە کار بۆ جێخستنی سیاسەت، به‌رنامه‌، ڕوانگە و ڕێبازی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان دەکا. کاناڵێک کە بە ئەرکی خۆی دەزانێ داکۆکی لە دیمۆکراسی و ئازادیی بیرکردنەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بکا. کاناڵێک کە به‌ ئاراسته‌ی چارەسەریی یەکجارەکی پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی لە کوردستان و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاودەنێ. کاناڵێک کە کار بۆ بەرەوپێ‌بردنی کۆمەڵگەی کوردی و بەرەنگاربوونەوەی نەریتە زیانگەیەنەکان بە کۆمەڵگەی کوردستان دەکا و کاناڵێک کە گرینگی بە کەلتوور و ئەو بۆنە و رێوڕەسمە نەتەوەیی و هونەرییانە دەدا کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە یان بەڕێوەدەبرێن. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.