کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەونی ئێرانی ١٥٠ میلیۆن کەسی لە هەبوونی ١١ میلیۆن کەسی ڕەبەندا

22:45 - 16 گەلاوێژ 2717

خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران ئەگەرچی لە بن سێبەری قەیرانی سیاسی‌دا شاردراونەتەوە، بەڵام وەک بۆمبێکی قورمیشکراو وان کە هەر ئان و ساتێک مەترسیی تەقینەوەیان لێدەکرێ. یەک لەو خەسارە کۆمەڵایەتییانە چوونەسەرێی تەمەنی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەش و مانەوەی بە میلیۆن پیرە کچ و پیرە کوڕە لەو وڵاتەدا. نوێترین ئاماری توێژینەوەکانی مەجلیس دەڵێ ١١ میلیۆن کەس لەو وڵاتەدا خواستی ژنهێنان و شوکردنیان هەیە، بەڵام بەهۆی کێشەی بێ‌کاری و نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون نا‌وێرن و ناتوانن خۆی لێبدەن. خۆ ئەگەر بێتوو کۆمەڵێک لەوانیش بە یارمەتییە کاتییەکانی بنەماڵەکانیان ژیانی هاوبەش پێک‌بێنن، بەهۆی کێشە ئابوورییەکان پاش ماوەیەکی زوو لێک جیا دەبنەوە. ئامارەکانی دەزگای قەزایی دەڵێن کێشەی ئابووری هۆکاری هەرە سەرەکیی نەسازان و جیابوونەوەی ژن و مێردەکانە لە ئێران. ئێستا لە وەها بارودۆخێکدا وا بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا «گەڵالەی گشتگیری حەشیمەت و بەرزکردنەوەی خێزان» لە مەجلیس بخرێتەوە بەرباس، گەڵاڵەیەک کە ساڵی ١٣٩٢ لە مەجلیس خرایە دەستووری کارەوە، بەڵام دەسبەجێ ڕاگیرا و لە ساڵی ١٣٩٥ دا جارێکی دیکەش کەوتەوە گەڕ. تەوەری سەرەکیی ئەو گەڵاڵەیە دیاریکردنی بودجە بۆ بردنەسەرێی ئاماری حەشیمەتە، بەڵام ئەوە کە بردنەسەرێی حەشیمەت چەندەی خەرج و تێچوو بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ هێشتا ڕوون نییە؛ هیندێک لە کارناسان دەڵێن لە ساڵدا ١٠ هەزار میلیارد تمەن و هیندێک دەڵێن ٢٦ هەزار میلیارد تمەن. سیاسەتی حەشیمەتیی ئێران لە دوای شۆڕشی ساڵی 57ەوە تا ئێستا سێ قۆناغی بڕیوە، لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی‌دا هاندانی خەڵک بۆ وەچەخستنەوە سیاسەتی سەرەکیی ڕێژیم بوو، چونکی شەڕ و سیاسەتی ناردنەدەرەوەی شۆڕش هێزی ئینسانی و سەربازی زیاتری دەویست. لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێڕاق و خواستی زۆری کۆمەڵگا بۆ کار و خۆشبژیوی و دەرمان و سڵامەتی، سیاسەتی منداڵی کەمتر و ژیانی باشتر جێی گرتەوە، سیاسەتێک کە زیاتر لە ٢٠ ساڵ و هەتا هاتنەسەرکاری ئەحمەدینژاد زۆر بە خەستی پێڕەو کرا. بەڵام لە گەلاوێژی ١٣٩٠ خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە حەشیمەتی ئێران دەتوانێ ١٥٠میلیۆن کەس بێ و پێی خۆشە ئێران ئەوەندە کەسە بێ. ئەو چەند جارێکی دیکەش پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە سیاسەتی حەشیمەتیی تائێستای وڵات هەڵە بووە و دەبێ وازی لێبێنن. ئیدی دوای ئەوە بوو کە تابڵۆ و بنێرەکانی «ژیانی خۆش و منداڵی کەم» لە هەموو شوێنە گشتییەکان هەڵگیران، ئاسانکاریی ناوەندە پزیشکییەکان بۆ رێگری لە منداڵبوون ئاسەواریان نەما و سیاسەتی هاندان بۆ منداڵبوون جێی گرتەوە، کتێبەکانی ڕێکخستنی خێزان لە زانکۆ نەمان، پێدانی وامی تایبەت بە بنەماڵەکان دەستی پێ‌کرد و تەنانەت ئەحمەدینژاد ڕایگەیاند کە لە بری لە دایکبوونی منداڵی سێهەم و سەرووتر بۆ هەر کام لەوان لە ساڵدا یەک میلیۆن تمەن دەخاتە حیسابی بانکییەوە. بەڵام هیچ کام لەو سیاسەت و پاکێجانە ئەوەی لێنەکەوتەوە کە کاربەدەستانی ڕێژیم بە تەمای بوون، گرینگ‌ترین هۆکارەکەشی بۆ کێشەی ئابووری و گرانیی هەوسارپچڕاو لەگەڵ جێکەوتنی کلتوور و نۆڕمێکی دیکە و شیوازێکی دی لە ژیان لە کۆمەڵگادا دەگەرێتەوە. بە کورتی پوختی تا ئەو کاتەی زیاتر لە ٦ میلیۆن کەسی بێکار لە کۆمەڵگادا هەبێ، تا ئەو کاتەی ١١ میلیۆن کەس لەو وڵاتە ڕەبەن مابێتنەوە، تا کاتێک هەڵاواسان بەردەوام درێژەی هەبێ و تەمەنی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەش بچێتەسەرێ و ئاماری تەڵاق هەر دەم ڕوو لە زیادبوون بێ، هیچ سیاسەتێکی هاندەرانە ناتوانێ کاریگەریی لەسەر بیرکردنەوەی خەڵکی ئێران لە خزمەت بە بیرۆکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێ. دیارە بوونی خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان سروشتی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی مرۆیین، به‌ڵام له کۆمه‌ڵگا ئازاد و کراوه‌کاندا له‌ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر دیارده‌یه‌کدا بێ ئه‌وه‌ی بیانه‌وێ به ڕوانگه‌یه‌کی ئه‌منیه‌تی و نیزامییه‌وه بۆی بڕوانن، له بنچ و بنه‌وانی دهکۆڵنهوهو پلانی بۆ داده‌رێژن. به‌ڵام له ئێران‌دا دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک واقعێکی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌یر ناکرێن و هه‌نگاوی جیددی و بنه‌ڕه‌تیش بۆ چاره‌سه‌ریان هه‌ڵناگیرێ. مێژووی ٣٨ ساڵی ڕابردووی نیزامی کۆماری ئیسلامی نیشان دەدەن کە کۆمه‌ڵگا و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بۆ کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی نه‌ک ئه‌وله‌وییه‌تی یه‌که‌م و دووهه‌م، بگره بۆشیان گرینگ نییه و ئه‌وه‌ی له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه ده‌بێ خه‌می لێ بخورێ ته‌نیا و ته‌نیا چۆنیه‌تیی پاراستن و راگرتنی رێژیمهکهیانه، هه‌ر بۆیه‌شه که تا ئێستاش له سیاسه‌تی « کلان»ی وڵات‌دا کۆمه‌ڵگا و بیاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که‌مترین سه‌رنجیان دراوه‌تێ. بۆ کۆنتڕۆڵ و مودیرییه‌تی کۆمه‌ڵگاش ڕوانگه و سیاسه‌تی ئه‌منیه‌تی گیراوه‌ته به‌ر و، چه‌کی سه‌رکوت له‌کار کراوه و ده‌کرێ. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.