کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو دروشمانەی مایەپووچ دەرچوون

23:16 - 16 گەلاوێژ 2717

هەموو ئەوانەی سەردەمی شۆڕشی ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێرانیان لە بیرە، یان نەوەی نەوێ کە بیستوویانە و خوێندوویانەتەوە، دەزانن کە دروشمە سەرەکییەکانی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ لە ئێران چی بوون. عەداڵەت و دادپەروەری، یەکسانی، ئازادی و سەربەخۆیی خەتە گشتییەکانی ئەو دروشمانە بوون کە لە تریبوونی مزگەوتەکان و لە ڕێگەی شریتە دەنگییەکانی خومەینی کە لە نۆفیل لۆشاتۆی فەڕانسەوە دەگەیشتنەوە، دەدران. ڕەخنە لە کاخ‌نشینی و پەرەسەندنی تەنەکەئاواکان، پێویستیی پڕکردنەوە کەلێنە چینایەتییەکان، نەهێشتنی هەژاری و دواکەوتوویی و زۆرەملێ‌کردنی خوێندن و پەروەردە ئەویش لە سەر ئەرکی دەوڵەت وردکردنەوەی بەشیک لەو دروشمانە بوون کە بۆ ڕوخاندنی رێژیمی پاشایەتی و هێنانەسەرکاری کۆماری ئیسلامی دەدران، ئێستا دوای ٣٨ ساڵ لە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی جێی خۆیەتی کە یەک بە یەکی ئەو دروشمانە لە سەر بنەمای واقعی ئێستایان لێکدانەوەیان بۆ بکرێ. بابەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری و زۆرەملێ‌کردنی خوێندن لەسەر ئەرکی دەوڵەت یەک لە دروشمانەیە. با لە ئامارە ڕەسمی‌یەکان بڕوانین: ئەحمەد میدەری، بریکاری وەزیری کار و خۆشبژیوی دەڵێ «دوای تەواوبوونی تەرحی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەوانەی لە خوێندن دابڕاون، بۆمان دەرکەوتووە کە ١١٠ هەزار منداڵ لە ساڵی خوێندنی ٩٦_ ٩٥ دا لە خوێندن دابراون. ئەبولحەسەن فیروزابادی، قایمقامی وەزیری کار و خۆشبژیویی کۆمەڵایەتیش دەڵێ ١٢ میلیۆن کەس بەهۆی دیاردەی پەراوێزنشینی لە قەراغ شارەکان‌، بە تایبەت شارە گەورەکاندا دەژین کە کەمترین ئیمکاناتی پەرورەدە و پێڕاگەیشتنی حکومەتییان بۆ دابین کراوە و منداڵان و دابڕانیان لە خوێندن یەکێک لە خەسارە هەرە سەرەتایی و سەرەکییەکانی ئەم دیاردەیەن لە ئێران‌دا. هەر ئەو ئامارانە باس لەوە دەکەن کە کە لە ئێران٢٤١ هەزار کچ و کوڕی تەمەن شەش تا ٩ ساڵ نەخوێندەوارن و هەر ئەمساڵیش ٢٤ هەزار منداڵ لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی‌دا ناونووسییان نەکردوە و سەرپەرستی زیاتر لە 8 هەزار منداڵ گوتویانە کە بەهۆی هەژاری و تێچووی زۆری خوێندن نەیانتوانیوە منداڵەکانیان وەبەر خوێندن بنێن. دابڕان لە خوێندنی هەزاران منداڵ لە ئێران لە ساڵدا لە حاڵێک‌ دایە کە وەک باس کرا خوێندن لە قۆناغی سەرەتایی خوێندندا زۆرەملێ‌یە و تەنانەت لە قانووندا جەریمە بۆ ئەو دایک و باوکانە داندراوە کە رێگری لە خوێندنی منداڵەکانیان دەکەن؛ ئەو دایک و باوکانەش دەڵێن یانی دەوڵەت لەوان دڵسۆزترە بۆ منداڵەکانیان؟ بەڵام کاتێک هەژاری بەربینگی پێگرتوون و توانای دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خوێندن و قوتابخانەچوونی منداڵەکانیان نییە و لە قوتابخانەش هەر چەند مانگ جارێک لەسەریان دەکەن کە دەبێ پووڵ بۆ بەڕێوەبردنی قوتابخانەش بدەن، ئیدی چۆن دەتوانن منداڵەکانیان وەبەر خوێندن بنێن. هەواڵدەریی تەسنیم نایشارێتەوە کە 20 میلیۆن کەس لە ئێران نەخوێندەوار و کەم‌خوێندەوارن و دروشم و بەرنامەکانی دەوڵەت لە چوار دەیەی ڕابردوودا بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری ناکارامە بوون و لە قوڕ چەقیون. ئێستا با سەرێک لە کوردستان هەڵێنین: ڕەمەزان یوسفی، جێگری بەشی خوێندەوارکردن لە ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی پارێزگای سنە دەڵێ پارێزگای سنە لە ڕووی زۆربوونی کەسانی نەخوێندەوار دووهەمین پارێزگا لە هەموو ئێرانە. ئەو بە ئاماژە بەوەی لە ساڵی ٩٠ دا زیاتر لە ٢٠ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی ٧٠ میلیۆن کەسیی ئێران نەخوێندەوار و کەم‌سەواد بوون، دەڵێ پارێزگای سنە دوای سیستان و بەلوچستان پلەی دووهەمی نەخوێندەواریی لە ئاستی ئێراندا هەیە. ڕەمەزان یوسفی دەڵێ هەر بەپێی سەرژمێرییەکەی ساڵی ٩٠، پارێزگای سنە زیاتر لە ٢٨٦ هەزار نەخوێندەواری بەتەواو مانا و ٢٦٢ هەزار کەسی کەم‌سەوادی بووە. ڕاگه‌یاندنی ئاماری ٢٨٦ هه‌زار کەسی تەواو نه‌خوێنده‌وار له‌ پارێزگای سنە له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ هه‌ر به‌پێی ئاماره‌ ڕه‌سمییه‌کان ٢٥٠ هه‌زار که‌سیش له‌ پارێزگای ورمێ نه‌خوێنده‌وارن‌، ٣٠٠ هه‌زار که‌س له‌ پارێزگای کرماشان و ٣٠ هه‌زار که‌سیش له‌ پارێزگای ئیلام بە تەواوی نه‌خوێنده‌وارن. کارناسانی پەروەردە زۆریی ئاستی نەخوێندەواری لە کوردستان بۆ هەژاری بنەماڵەکان، کەمبوونی کەرەستە ‌و پێداویستی خوێندن، پەراوێزنشینیی شارەکان و مانەوەی نەریتی کۆنی خێڵەکی دەگێڕنەوە کە بەشی هەرە زۆری ئەو هۆکارانە لە سۆنگەی سیاسەتی چەوت و هەڵەی بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامییە لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی‌یەوە، سیاسەتێک و بەڕێوەبەری‌یەک کە ئێستاش هیچ ئاسۆیەکی روونی لێ بەدی ناکرێ.   *** 96032313348 /http:www.isna.ir/news 21350/ http://www.armandaily.ir/fa/print /1393/02/23/367595/20/ https://www.tasnimnews.com/fa/news   سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.