کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستی و گرنگیی تابوو شکێنی لە فەزای سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا

23:25 - 16 گەلاوێژ 2717

لە سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ دا، زیاتر لە ٩٠ چالاکی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نامەیەکیان ڕوو بە پارێزگاری پارێزگای سنە بڵاو کردەوە. لەو نامەیە دا پاریزگاری سنە وەک بەرزترین کاربەدەستی سیاسیی ئەو پارێزگایە بەرەوڕووی دوو داوا کرابۆوە. داوای یەکەم ئەوە بوو کە پارێزگار،  ڕەوتی گیران و لێپرسینەوە و دەرمانکردنی تێکۆشەری بریندار و دەستبەسەر ڕامین حوسێن پەناهی بگرێتە ژێر چاوەدێریی خۆی، هەر لەو کاتەش دا دەرەتانی چاوپێکەوتنی ئەو گیراوە سیاسییە کوردە لە گەڵ  بنەمالەکەی پێک بێنێ. رامین حوسێن پەناهی پێشمەرگە و ئەندامی یەکێک لە حیزبە سیاسییە بەرهەڵستکارەکانی ڕۆژهەڵاتی  کردستانە کە ڕۆژی٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە سنە کەوتە بەر دەسرێژی هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و بە برینداری بە دیل گیرا. هەر لەو ڕووداوە دا چەند کەس لە هاوڕێیانی دیکەی ڕامینیش بە تەقە و دەسڕێژی هێزە ئەمنیەتییەکان، گیانیان لە دەست دا و شەهید بوون.  لەو کاتەوە کە ناوبراو بە برینداری و دیلی کەوتووەتە دەست کاربەدەستانی ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامی،  هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لە دەست دا نیە. ڕوون نیە کە بۆ دەرمانکردن و چارەسەری برینەکەی هیچ هەنگاوێک نراوە یان نا؟ سەرەڕای ئەوانەش، کۆمەڵێک لە ئەندامانی بنەمالەکەی هەر لە یەکەم ساتەکانی ڕووداوەکەوە، قۆڵبەست کران و گیران. دووهەم داوا کە چالاکانی سیاسی و مەندەنی لە ڕێگەی پارێزگاری سنەوە، بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کردوەتەوە ئەوەیە کە ئەو نیزامە، بگەڕێتەوە سەر ڕێگەچارەی ئاشتیخوازانە و هێمنانەی چارەسەری پرسی کورد لە کوردستانی ئێران. چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئاماژەیان بە ڕووداوەکانی سەرەتای شۆڕشی ئێران لە نێوان دەسەڵاتی ناوەندی و خەڵکی کوردستان کردوە و ئەو کەلێنە سیاسییانەیان وەبیر هێناوەتەوە کە لە ئاکامی پشتکردن لە چارەسەری ئاشتیی پرسی کورد،  دروست بوون و ەتا ئێستا هەر وا  بە کراوەیی و چالاک ماونەوە. نووسینی نامەیەک بەو ناوەرۆکەوە ڕوو بە کاربەدەستێکی  سیاسیی پایەبەرزی کۆماری ئیسلامییەوە لە لایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە چەند بارەوە  جێگای سەرنج و شیاوی  گرنگی پێدانە . لە پێشدا لەو ڕووەوە کە  بە داخەوە  باسکردن لە هێندێک پرس و بابەت لە کۆمەگەیەکی دیکتاتۆرلێدراوی وەک ئێران دا، بوون بە "تابوو" و وەک دەڵێن ناوهێنان و ئاوڕ لێدانەوەیان "بڤە"یە! بەرگری لە سەرەتاییترین مافەکانی کەسانێک کە پێشمەرگە و ئەندامی هێزێکی سیاسیی بەرهەڵستکار بوون وبە دیل دەگیرێن، یەک لەو بابەتانەیە. وەک ئەو کۆمەڵە چالاکە سیاسی و مەدەنییەی کوردستان بە دروستی لە نامەکەی خۆیان دا ئاماژەیان پێ کردوە، رامین حوسێن پەناهی و هەر کەسێکی وەک ئەو، خۆ بە گوێرەی قانوونەکانی کۆماری ئیسلامییش، هێندێک مافیان هەیە. بۆ وێنە مافیان هەیە پارێزەر(وەکیل)یان هەبێت، مافیان هەیە لە کاتی نەخۆشی دا دەستیان بە دوکتور و دەرمان رابگا. مافی بێ ئەم لاو لای خۆیانە کە چاویان بە کەسوکارەکەیان بکەوێ. هەر بەو جۆرە بە هیچ پاساوێک نابێ ئەندامانی بنەماڵەکەیان، هەر بەو تاوانە کە کەسوکاری گیراوەکەن، دەستبەسەر بکرێن. ئەم مافانە لە هەر کۆمەڵگەیەکی خاوەن یاسا و ڕێسای ئینسانی دا،  نەک هەرمافێکی دانپێدانراو و بە ڕەسمی ناسراون، بەڵکوو ڕێزیشیان لێ دەگیرێ و دامودەزگا پێوەندیدارەکان لە جێبەجێکردنیان دا بەرپرسیارن. بەڵام لە ئێرانی ژێردەسەلاتی کۆماری ئیسلامی دا نەک هەر کەمترین بایەخیان پێ نادرێ، بەڵکوو وەبیرهێنانەوەشیان، بە "بڤە"  و  ڕیسک کردن و بەزاندنی هێڵی سوور دادەنرێ! بابەتی پێویستیی چارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەم خواردن لەو کەلێنە سیاسییانەی لە نیوان خەڵکی کوردستان و نیزامی کۆماری ئیسلامی دا هەن، لەو بابەتانەیە کە وا هەست دەکرێ هێڵی سووریان بە دەوری دا کێشراوە و کەس لە نیوخۆ و دەرەوەی ئەو نیزامە بۆی نیە باسیان بکا! ڕاستییەکی تاڵە کە ئەو کەلێنە سیاسیانەی  کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستان ئاماژەیان پێکردوە، هەتا ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوەی نائارامی و ڕووداوی تاڵن و قوربانی دەستێنن. قوربانیەکانیش یا ڕۆڵەکانی خەڵکی ناوچەکەن یا کاربەدەست و مەئموور و هێزی چەکداری حکوومەتن. هەر ئەو کەلێنانە بوون بە هۆی ئەوە، حکوومەت لە جیاتی پێڕاگەیشتن بە خەڵک لە رووی ئابووری و ئاوەدانی و باش کردنی ژیان و گوزەرانیان، زیاتر بیر لە پێکهێنانی ئەمنیەت ئەویش میلیتاریزە و پۆلیسی کردنی ناوچەکە و زاڵکردنی کەشوهەوای سەرکوتکەرانە  بکاتەوە. وەک لە نامەی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پارێزگاری سنە دا هاتوە، لە نێوان ڕووکردنی ڕامینەکان  بۆ نێو ڕیزی هێزە بەرهەڵستکارەکانی کوردستان و ئەو کەلێنە سیاسییە کراوە و چالاکانەی نیوان خەڵکی کوردستان و کۆماری ئیسلامی دا، پێوەندی هەیە. پێوەندییە کەش بۆ هەر کەس و لایەنێک خۆی گێل نەکا و عەقڵ و چاوی خۆی لە ئاستیان بکاتەوە، زۆر ڕوونە. لە لایەکەوە سیاسەت و کردەوەی  کۆماری ئیسلامی لە کوردستان نەیتوانیوە بێتە هۆی  ڕەزامەندی و متمانەی خەڵکی کوردستان. چونکە ئامانجەکەیان نەک دابین کردنی مافەکان و ویستەکانی خەڵک، بەڵکوو پێکهێنانی ئەمنیەت بە زەبری چەک و سەرکوت بووە و ستەم و هەڵاواردن و پشتگوێخستن کە سەرچاوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکن، هەر وا درێژەیان هەبووە. لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییانەی کوردستان کە ئۆپۆزیسیۆن و بەرهەڵستکاری ئەو ڕێژیمەن، هەڵگر و داواکاری بەشێک لە ئاواتەکان و داخوازە لە مێژینەکانی ئەو خەڵکەن، لە هەمان کاتیش دا رەگ و ڕێشەیان لە نێو خەڵکی کوردستان دا هەیە و سەرەرای ئەم هەمووە زەبر و زەنگ و سەرکوت و دژایەتییەی دەسەڵات بەرامبەریان، لە بیر خەڵک ناچنەوە و لاوەکانی ئەو خەڵکە، بەردەوام ڕوویان تێ دەکەن. ئەوە کە گەڵ ماهیەت و زەرفیەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگونجێ سەرنجێکی بەرپرسانە بداتە ئەو جۆرە نامە و داواکاریانە؟ یا هەر لە بنەرەت دا، ئەو ڕێژیمە  هیچ ئیستیعدادی چارەسەری  پرسێکی لە مێژینەی وەک پرسی کورد لە ئێرانی بە شێوەیەکی ژیرانە و دادپەروەرانە هەیە یان نا؟ ناکرێ ببێتە پاساو بۆ ئەوەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هێندێک کەسی چاوەڕوانکراوی دیکە، خۆ لە ورووژاندنی ئەو جۆرە داواکارییانە ببوێرن؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارە دا دەبێ بگوترێ، ئەم جۆرە داوا و چاوەروانیانە، هەتا  ئەو کاتەی بێدەنگەیان لێ بکرێ، سروشتیە کە هەر بە "تابوو"یی دەمێننەوە و  سەرنجی دەسەڵات و کۆمەڵگە ناچێتە سەریان. بەڵام  کاتێک لە لایەن ژمارەیەکی هەرچی زیاتری چالاکانی سیاسی و مەدەنی بخرێنە ڕوو و، میدیاکان و تۆڕە کۆمەلایەتییەکانیش بایەخیان پێ بدەن و خەڵکیش پێشوازی و پشتیوانیی خۆیان لەو جۆرە داوایانە نیشان بدەن، جگە لەوەی  لە بازنەی "بڤە" و "هێڵی سوور" دێنە دەر، خۆ لێ گێلکردن و بێدەنگ بوون لە ئاستیشیان، بۆ کاربەدەستان و دامودەزگای حکوومەتی دژوارتر دەبێ. لە بیرمان بێ کە زۆر لەو تابووە سیاسییانەی نێو کۆمەڵ، هەر تەنیا  بەرهەمی سەرکوت و سانسۆڕی دەسەلاتی سیاسی نین، خۆپارێزی و خۆسانسۆرکردنی تاکەکانیش بە تایبەتی خۆسانسۆرکردن و زێدەپاریزکردنی ڕۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان، مامۆستایانی ئایینیی پێشنوێژی خەڵک، نوێنەرانی مەجلیس، شووراکان و نوخبەکانی دیکەی کۆمەڵ، یارمەتیی زاڵکردن و مانەوەی ئەو هێڵە سوورانەی داوە. لەم نێوەش دا شانازی و سەربەرزی هی ئەوانەیە کە ورووژاندن و باسکردنیان دا ڕچەشکێن دەبن و، لۆمە و سەرکۆنەش بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە کە سەرەرای ئیددیعای زۆریان لە بواری نوێنەرایەتی کردنی ویستی خەڵک و بەرگری لێکردنیان ، دەست بە کڵاوی خۆیان دەگرن و لە پشتیوانی کردنی جووڵە و هەنگاوی بوێرانەی لە چەشنی نامە سەرئاوەڵاکەی ئەو ٩٣ چالاکە سیاسی و مەدەنیە، خۆ دەبوێرن. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.