کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەکانی ڕووحانی و پێکهێنانی دەوڵەتی دوازدەهەم

23:29 - 16 گەلاوێژ 2717

دوای ئەوەی لە٢٩ی بانەمەڕی ئەمساڵ، حەسەنی ڕووحانی بە زۆربەی دەنگی بەشدارانی ئەو هەڵبژاردنە بۆ دووهەم جار وەک سەرۆک‌کۆمار هەڵبژێردرایەوە، یەکەم پرسیار لەلایەن لاینگرانی و چاوەدێرانی بەرنامەکانی ناوبراو ئەوەبوو کە، کابینەی دووهەمی سەرۆک‌کۆمار کە ئەمجارەیان خەڵک بە ئومێدێکی دیکەوە بۆی هاتنە مەیدانی کێبەرکێیەکانی هەڵبژاردن، چۆن و لە کێ پێک دێ؟ چوار ساڵ لەمەوبەر لە ململانێیەکی ئاسایی و وەک چاوەڕوان دەکرا حەسەن ڕووحانی بۆ یەکەم جار بە سەرۆک‌کۆمار هەڵبژێردرا. ئەوکات ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە ڕووخۆشییەوە پێشوازیی لەم هەڵبژاردنە کرد. بەڵام بەرەبەرە بە تێپەڕبوونی کاتی دەسەڵاتداری دەوڵەتی ڕووحانی، کێشەکانی ڕێبەر و ئۆرگانەکانی سەر بە دەزگای ڕێبەری لەگەڵ ئەویش وەک ئەوانی پێشووتری ئاشکرا بوو. ئەوە لە حاڵێکدابوو کە یەکەم کابینەی دەوڵەتی ڕووحانی، تێکەڵەیەک بوو لە کەسانی سەر بە جیناحە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی. چوار ساڵ لەمەوبەر، ئەگەر ئەو وەک سەرۆک‌کۆمار توانی هێندێک کەس بە ناوی تێکنۆکڕات و پسپۆڕ لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە کابینەکەیدا جێ بکاتەوە، لەو لایشەوە نەیتوانی چاوەڕوانیەکانی ڕێبەر بێ وڵام بێڵێتەوە و بۆ ڕازیکردنی ئەو و دەمبەستی موخالیفە موحافێزەکارەکانی بەشێک لە وەزارەتەکانی دەوڵەتەکەی ڕادەستی ئەوان کرد و چەند وەزیرێکی وەک مستەفا پورمحەمەدی، عەبدولڕەزا ڕەحمانی، مەحمودی عەلەوی و...... لەوان دیاری کرد. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە، لە کابینەکانی پێشووی سەرۆک‌کۆمارە ئوسوولگەراکاندا تەنانەت وەزارەتێکیان بە جێناحە دژبەرەکانیان چ ئیسڵاح تەڵەب چ میانڕەو ڕەوا نەدەدی. ئایا ئەمە جگە لەوەی ڕاستییەکانی دەسەڵاتداری موتڵەقی ڕێبەر و دامودەزگا دەست نیشانکراوەکان لە کۆماری ئیسلامیدا بەرجەستە دەکا مانایەکی دیکەی هەیە؟ چوار ساڵ لەمەوبەر دوای ئاشکرابوونی لیستی کابینەی دەوڵەتەکەی ڕووحانی، هێندێک ناڕەزایەتی لە نێو لاینگرانی و بە تایبەت بەشێک لە ئیسڵاح تەڵەبەکان کە بە هیوای گۆڕانێکی جیددی پشتی ڕووحانییان گرتبوو دروست بوو. بەڵام ئەودەم ئەوانەی بە میانڕەو ناسرابوون، لە بەر ئەوەی هەستیان نەدەکرد کێشەکانیان لەگەڵ ڕێبەر بەو ڕادە قووڵ ببێتەوە، هەم لە خۆیان ڕادەدی کە لەگەڵ هەر جێناحێک مامەڵە بکەن و ڕێکبکەون و هەم ڕێبەر و جێناحە نزیکەکانی زیاتر لە ئیستا متمانەیان بە ڕووحانی هەبوو. ئەوەش دەگەڕایەوە سەر ئەوەی کە لەم لاوە کەسایەتییەکی بە هێزی وەک هاشمیی ڕەفسەنجانی دەوری تایبەتی خۆی دەگێڕا لە پشتگیری ڕووحانی و ببوە پشتیوانێکی بە هێز بۆ ئەو و لەو لاشەوە، ڕابردووی بەرپرسایەتی سەرۆک‌کۆماری تازە لە شووڕای عالی ئەمنیەت و هاوکاریکردنی لە نزیکەوە لەگەڵ خامنەیی لە هەموو ساڵانی پێشووتری خزمەتی لە کۆماری ئیسلامیدا، ئەو دڵنیاییەی دەدا بە ڕووحانی کە بتوانێ ئیدارەی دەوڵەتەکەی بکا و وڵامی زۆر لەو ڕخنانەش نەداتەوە. بە تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر دەسەڵاتی ڕووحانی و دەوڵەتەکەی و جێبەجێ نەکردنی زۆر لەو وادە و بەڵێنانەی کە لە چوارچێوەی بەرنامەی «دولت تدبیر و امید»دا بە خەڵک و لاینگرانی دابوو، ئەو بیرکردنەوەی هاتبوە ئاراوە کە بۆ جارێکی دیکە ڕووحانی هەڵنەبژێردرێتەوە. بەڵام دیتمان کە سەرەڕای بێ مەیلیی خامنەیی کە تەنانەت دوای هەڵبژاردنیشی پیرۆزبایی لێ نەکرد و بەو قسەیەی کە _ئەو دەنگانە دەنگی نیزامن_ ویستی وا نیشان بدا کە ئەگەر نیزامی کۆماری ئیسلامی نەبێ دەنگی خەڵک بۆ ڕووحانی هیچ نیە، دیسانیش دەنگدەرانی ئێرانی بە دەنگەکانی خۆیان متمانەیان پێدایەوە و بۆ دەوری دووهەم کردیانەوە بە سەرۆک‌کۆمار. بەڵام داخۆ خەڵک لەمەوبەدواش هەروا چاوەڕوان دەمێنێتەوە، یا ڕووحانی دەتوانێ بۆ یەکجاری پشت لە خامنەیی بکا و وڵامی داواکارییەکانی خەڵک بداتەوە؟ لەو چوار ساڵەدا، لەگەڵ ئەوەی خامنەیی چ وەک ڕێبەر و چ وەک چاوساغ و پشت و پەنای ئوسوولگەراکان، لەگەڵ ئەوەی کە بەردەوام و بە بیانووی جۆراوجۆر تانەی لە قسە و سیاسەتەکانی ڕووحانی دەدا، هەوڵیشی دەدا هەتا دەوڵەت وەک بەشێک لە نیزام بپارێزێ و وای نیشان دەدا کە کێشەیەکی لەگەڵ نیە و هێندێک جار بۆ وێنە لە مەسەلەی بەرجامدا پشتیوانی لێکردن و کارکردی دەوڵەتی بۆ ڕێککەوتن بە نەرمشی قارەمانانە ناوبرد. بە گشتی دەمبەدەمێکانی چوار ساڵی ڕابردوو بە تایبەت هێرشە یەک لە دوا یەکەکانی پاش هەڵبژاردنەوەی ڕووحانی، نیشانیدا کە خامنەیی و ئوسوولگەراکانی سەر بەو، لە زۆر بواردا لەگەڵ لایەنە فیکری و سیاسییەکانی ڕووحانی وەک نوێنەری ئیسڵاح تەڵەب و میانڕەوەکان لە دەوڵەتداریدا یەک ناگرنەوە. لە سیاسەتی ئابوورییەوە بگرە کە خامنەیی بە پێشنیاری «اقتصاد مقاومتی» بەرنامەی ئابووریی نیزامی ڕاگەیاند هەتا سیاسەتی فەرهەنگی و مافی مرۆڤ و شارۆمەندی و.....کە لە ڕێگەی دەزگای دادوەری و نوێنەرانی مەجلیس و ئیمام جومعەکان و هەرکەس کە نۆرەی دەگەیشتێ بە جۆرێک دژایەتی خۆی لەگەڵی دەردەبڕێ. جگە لەوەش کێشەی سپای پاسداران و دەوڵەتی ڕووحانی ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبنەوە هەتا ئەو جێگەی ڕووحانی نفووز و دەسەڵاتی سپای پاسداران بە دەوڵەتی سێبەر دەشوبهێنێ و بە ئاشکرا دەڵێ «خەڵک لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە دەوڵەتی بێ تفەنگە دەترسن چ جا لە سپا و بەسیج کە دەوڵتی تفەنگ بە دەستن». لە نێو ئەو کێشمەکێشەدا ڕووحانی دەبێ لیستی کابینەی دووهەمی بخاتە بەردەم مەجلیسی شووڕای ئیسلامی. مەجلیسێک کە بەشی زۆری ئەندامەکانی لەگەڵ بۆچوونەکانی ڕووحانی هاوڕان. بەڵام داخۆ ئەو دەتوانێ بە پشتبەستن بەو دەنگانە لە بەرانبەر ڕێبەر و دەزگا و باندە موشکیلە خوڵقێنەکانی ڕابوەستێ و ئەو متمانەی خەڵک پێیان کردوە بپارێزێ؟ ئەوەی ڕوونە گرووپە جۆراوجۆرەکانی بەستراوە بە ئیسڵاح تەڵەبەکان، گەورەترین پشتیوانی ڕووحانی بوون و بەرینترین پێگەی کۆمەڵایەتییان بە تایبەت لە شارە گەورەکان بۆ پێک هێنا. ئەمەش وای لەو کردووە کە نیگەرانی لەدەستدانی ئەو پێگە و پشتیوانییە بێ، ئەگەر نەتوانێ لە ئاست چاوەڕوانییەکانی لاینگران و دەنگدەرانیدا دەوڵەتێک پێکەوە بێنێ کە بتوانێ بۆ جێبەجێکردنی ئەو وادە و بەڵێنییانەی پێی داون هەنگاوی جیددی باوێ. بە تایبەت کە لەولاشەوە ئوسوولگەراکانی سەر بە ڕێبەری کە لە هیچ کابینەیەکی دەوڵەتیی خۆیاندا تەنیا پۆستێکیان بەوان ڕەوا نەدیتوە چاویان لەوە بڕیوە کە بزانن چ پۆستێکی وەزاری بۆ ئەوان دیاری دەکرێ. ئیستا دوای ئەو قسانەی کە ڕووحانی لە ڕێوڕەسمی «تحلیف»دا کردی کە زۆرتر لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی نیزامدا بوون و جۆرێک ڕێککەوتنی لە نێوان ئەو و ئوسولگەراکاندا پێوە دیارە وەک، سپا، دیفاع لە نیزام و قانوونی ئەساسی و....، بە ڕوونی دیار بوو کە سیاسەتەکانی دەوڵەتی دوازدەهەم بەرەو ڕاستگەرایی دەکشێ و نەیتوانی بیشارێتەوە کە لە سیاسەتەکانی داهاتوویدا خۆی لە ڕێنوێنیەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بێبەش ناکا. سەبارەت بە مەسەلە نێوخۆییەکانیش جگە لە هێندێک ئاماری دوور لە ڕاستی لە بواری تەندروستی و ئامووزش و ئەمنیەت، دێموکراسی ١١١ ساڵەی دوای مەشرووتیەت بە چاوی دنیادا دەداتەوە بێ ئەوەی باسێک لە چۆنیەتی دابینکردنی دێموکراسی و مافی مرۆڤ و تەنانەت گەڵاڵەی مافە شارۆمەندییەکەی خۆی بکا. ئیستا ماوەتەوە بزانین ڕووحانی لە پاراستنی تەنیا دەسەڵاتی یاسایی لە کۆماری ئیسلامیدا کە لە دەست ئوسولگەراکاندا نیە چۆن بۆ وڵامدانەوە بە دەنگدەرانی کەڵک وەردەگرێ. بۆیە نە دەبێ خەڵک چاوەڕوان بن کە کابینەی دەوڵەتەکەی ئەمجارەی ڕووحانی لە ئاست چاوەڕوانییەکانیاندا بێ، نە دەبێ بە دووری ببینین کە ئەم چوار ساڵەش ڕووحانی بیەوێ یا بتوانێ کارێکی جیددی بۆ دابینکردنی داخوازییەکانی خەڵک ئەنجام بدا. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.