کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەزیندانیشدا پێشمەرگه بوون!

20:37 - 18 گەلاوێژ 2717

سیاسه‌تی زه‌بروزه‌نگ نواندنی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی مێژووی خۆی زۆر لاوی کوردی هان ‌داوە که‌ مەرگی سەربەرزانە له‌ پێناو ژیانێکی سه‌ربه‌ستیدا بە بایەختر بزانن تا به‌ چۆک‌داهاتن له‌ به‌رامبه‌ریدا. هه‌گبه‌ی شاخ‌ و شۆڕش ئەمجارەیان باس له‌ چوار پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و کوردستانه‌ دەکا کە چۆن بە فیداکاری و بەرگریی خۆیان چۆکیان بە ویست و بڕیاری دوژمن دادا. رێژیمی کۆماری ئیسلامی  هه‌میشه‌ له‌مه‌یدانی کرده‌وه‌‌ و له‌به‌رامبه‌ر ‌هێزی پێشمه‌رگەدا‌ زه‌بوون و داماو بووە، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەمەش په‌نای بۆ زۆر شتی دیکە بردوە، وه‌ک به‌زۆر چه‌کدارکردنی خه‌ڵكی گونده‌کان و درووستکردنی سیخور بۆ ئەوەی  بتوانێ زه‌بر له‌ هێزی پێشمەرگە بوه‌شێنێ. ماوەیەک بوو حیزب بڕیاری دابوو بۆ پێوەندیی بەردەوامی هێزی پێشمەرگە و خەڵک لە نێوخۆی کوردستان تیمی تەشکیلاتیی کادرە بە ئەزموونەکان لە ناوچەکاندا لە گەڕان و جەولەدا بن. چوار کادری لێوه‌شاوه‌ و له‌کڵ‌ده‌رهاتووی ناوچەی پیرانشار بۆ یەک لەو ئەرک و مەئمورییەتانە لەو ناوچەیە دیاری کرابوون. عه‌بدوڵڵا ته‌به‌رزه‌، سه‌لاح خزرپور، مراد ره‌حیمزاده‌ و ئیدریس هورمزی ئەو چوار کەسە بوون کە بە بەرنامەی وردی کار و تێکۆشانی سیاسی و نیزامی و تەشکیلاتی خۆیان بۆ ئەو ئەرکە ئامادە دەکرد و دواجار له‌ کۆتایی مانگی خه‌رمانانی ساڵی 1378دا به‌ره‌و قووڵایی خاکی کوردستان وەڕێکەوتن. ئەو تیمە بە قەبارە بچووک بەڵام بە بیروباوەڕ لە بننەهاتووی پێشمەرگە له‌ گەڕانی خۆیان لە ناوچەکەدا زۆر کاریان کرد، ڕوویان لە هەرجێیەک دەکرد باوەشیان بۆ ئاوەڵا بوو، ئەوان لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ خەڵکدا ماهییەتی سیاسەتەکانی رێژیمیان بۆ ڕوون دەکردنەوە، لە نێو خەڵکەکەدا کاری ڕێکخستنیان دەکرد و تامەزرۆیی ڕوح و تاسەی خۆیان و خەڵکیان بە ئاوێتەبوونیان لەگەڵ یەکتری دەشکاند. ڕۆژی 14ی ره‌زبه‌ری ساڵی 1378، ئەوان له‌ گوندی قه‌ڵاتی نه‌ڵێنی ناوچه‌ی مه‌نگوڕانی پیرانشار بوون. ئەوان کە رێگایه‌کی دووریان بڕیبوو، بێ خشپه‌ و بێ هەست و خوست هه‌نگاویان ده‌نا بۆ ئەوەی نەکا به‌کرێگیراوان‌‌ و رایەڵکەی سیخوڕەکانی دوژمن هه‌ست به‌بوونیان بکەن. لە ماوەی ئەو دوو حەوتوویەدا دووهەم جار بوو ئەوان دەچوونە ئەو گوندە، ئەوەش بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێک بوو کە بەرپرسانی سەرووی حیزب پێیان سپاردبوون. نیوه‌شه‌و بوو گەیشتنە جێی مەبەست و دەنگیان له‌ په‌نجه‌ره‌ی ئه‌و ماڵه‌ هێنا که‌ دەبوا چووبان. ژنی ماڵێ کە دەیانناسێ پێیان دەڵێ مێردەکەی لە ماڵێ نییە و با کاتێکی دی بێنەوە، ئەوانیش کە لە بوونی خاوەن ماڵ لە ماڵێ بە شک و گومانن، نایانەوێ ئاوەدانی بەجێبڵن و بۆ ئەوەش لەو کاتەدا کەسانی دی هەست بە بوونیان و هاتنیان نەکەن؛ هەروەها بۆ پشوودان و پاشان جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان ڕێی ماڵی شەهیدێکی حیزب دەگرنە بەر کە هەردەم وەک قەڵای خۆڕاگری لە پشتی حیزبەکەیان و هاوسەنگەرانی ڕۆڵە شەهیدەکەیان بوون. ئەوەی لەو نێوەدا پێشمەرگەکان هەستیان پێنەکردبوو ئەوە بوو کە چەند  به‌کرێگیراوێکی خاین بە نیشتمان و زید بۆ خەڵاتەشڕەیەکی نۆکەری چاویان بەسەریانەوە بووە و شوێنپیی هەڵگرتوون. پێشمەرگەکانی حیزب دڵنیا لە شوێنی مانەوەیان و حەساوە لە ئامێزی گەرمی خاوەن‌ ماڵدا بەرنامەی کاریی ڕۆژانی داهاتوویان دادەڕشت. لەولاش داڵاشەکانی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات بوون کە بە ئاگاداربوون لە حزووری ئەو پۆلە پێشمەرگەیە پیلانیان بۆ زەبرلێدان و لەداوخستنیان دادەنا. سبەی قاوڵتوون چەند ماشێنێکی سپای پاسداران هاتنە نێو گوندەکە و هێمنیی ئاواییان شێواند، پێشمەرگەکان دەست لەسەر چەک ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەرچەشنە ڕووداوێک بوون، بەڵام هێزەکانی سپا پاش ماوەیەک لە ئاوایی وەدەرکەوتن و ئەوەش جۆرێک دڵنیایی پێدان کە بە شوێنیان نەزاندراوە، بەڵام مەخابن کە ڕاپۆرتی سیخوڕ و ناحەزانی گەل کاری خۆی کردبوو. نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ هێزێکی زۆری ئیتلاعاتی پیرانشار و ورمێ دەڕژێنە نێو گوند و بە سەدان چەکدار دەوری ئەو ماڵە دەدەن کە پێشمەرگەکانی لێن. ڕۆڵە بوێر و چاونەترسەکانی گەل و نیشتمان کە گەلێ ڕۆژ و ساتەوەختی ئاوایان دیبوو، خۆیان بۆ تاقیکارییەک و تۆمارکردنی سەروەرییەکی دیکە ئامادە کردبوو؛ ئەگەرچی دەیانزانی ڕۆژێک و ئەزموونێکی زۆر سەختیان لەبەردەم دایە. پێشمەرگەکان دەیانزانی خەڵکی ئاوایی چەندەیان بۆ بەپەرۆشن، بەڵام چ یارمەتییەکیان لە دەست نایە، دەشیانزانی کە ڕۆژی هەڵمەت و سەلماندنی سەرکەوتنی ئیمان و باوەڕە بە سەر ژمارەی هێزدا، بۆیە لە کاتێکدا پەیتا پەیتا جاشەکان داوای خۆبەدەستەوەدانیان لێدەکردن، پێشمەرگەکان ئاگری فیشەکیان بەسەردا باراندن و پێیان گوتن ئامادەن بە هەڵۆیی لە ژیان بێبەش بن، نەک قاڵاوئاسا بە درێژایی تەمەن ڕووڕەش بن... شەڕ دەستی پێکرد، شەڕی ماڵ بە ماڵ لە ئاواییەکی بچووکدا، شەڕی ڕووناکی و تاریکی، شەڕ لە نێوان باوەڕی ڕەوا و دەسەڵاتی ئەهریمەن، لە نێوان هێزێکی پۆشتە و پەرداخی دوژمنی داگیرکەر و چوار پێشمەرگەی بە ئیمان کە ئێستا ئیدی دوای سەعاتێک بەرەنگاری هەر چواریان بریندار و شەکەت ببوون، بەڵام بە زاماریش لە پێ نەدەکەوتن و هەدایان نەدەدا. مراد سەرباقی ئەوە کە برینی قورسی هەڵگرتبوو، چەکەکەی لە دەستی پەڕی. ئەو دەیزانی کە نابێ بەدیل بگیرێ و توانای نەبوو خۆی بگەیەنێتە چەکەکەی و فیشەکێک لە خۆی بدا. سەلاح خۆی گەیاندێ و گوتی تاقەت بێنە. مراد چاوێکی پڕ لە تکا و پاڕانەوەی بڕییە هاوڕێکەی و گوتی «‌با ده‌ست دوژمن نه‌که‌وم، تکایە شه‌هیدم بکه.» ئەوەی گوت و دواهەناسەی دا... نارنجەکێک فرێ درایە سەنگەرەکەی عه‌وڵا. ئەو زۆر بوێرانە پڕی دایە تا بۆ دوژمنی باوێتەوە، بەڵام مەخابن نارنجەک تەقییەوە و دەستی عەوڵای هەلاهەلا کرد. ئەو ئەگەرچی هێشتا هەناسەی دەدا، بەڵام هەموو چاوی پاڕانەوە بوو کە هاوڕێیانی شەهیدی بکەن و نەکا بە زیندوویی بکەوێتە بەر دەستی دوژمن... سەلاح و ئیدریس مابوون. ئەوان بە برینداری هەم شەڕیان دەکرد و هەم چاوێکیان بە هاوڕێ لەپێکەوتووەکانیان بوو. شەو داهاتبوو، بەڵام شەڕی نابەرامبەری هێزێکی هەتا ددان پۆشتە و پەرداخ لەگەڵ دوو پێشمەرگەی بریندار هەروا درێژەی هەبوو. سەلاح و ئیدریس فیشکەیان پێ نەما و چەکەکانیان بێدەنگ بوون. کات بۆ داڵاشەکان ڕەخسابوو. بە پڕتاو هێرشیان کردنە سەر. عه‌وڵا هێشتا گیانی تێدا مابوو. لێو بەبزە وێنه‌ی منداڵه‌کانی گرتبووە دەستە ساغەکەی و لێیانی دەڕوانی. جاشێک گەیشتە سەری و بە دەمانچە فیشەکێکی نا بە سەرییەوە و شەهیدی کرد. سەلاح و ئیدریس بە برینداری بە دیل گیران و بە ڕاکێش ڕاکێش و سووکایەتیی زۆر و بە دەست و پێ بەسراوی بردیانن. حەماسەی ئەو چوار هەڵۆیەی شاخ و بەندەکانی کوردستان لەو شەڕە نابەرامبەرەدا هێشتا تەواو نەببوو. دوو کەس لەوان شەهید ببوون، دوو هەڵۆکەی دیکەش بە پێکراوی کەوتبوونە بەردەستی جەلاددەکان. لێرە بە دوا لاپەڕەیەکی دی لە ژیانی سەلاح و ئیدریس هەڵدەدرێتەوە. نە ئەشکەنجەی بەردەوام و نە هەموو ڕۆژێ تەشەناکردنەوەی برینەکانیان چڕژێک ناخاتە سەر ئیمان و باوەڕیان. ئەوان بە ئیلهام لە شەهیدبوونی مراد و عەوڵای هاورێ و هاوسەنگەریان و وەک وەفایەک بۆ هەموو شەهیدانی دیکەی نیشتمانەکەیان، هەروەها بە ئیمان بە پیرۆزی و ڕەوایی خەبات و ئامانجەکانیان هەموو هەوڵی دوژمنی قین لە دڵیان بۆ وەرگرتنی زانیاری و نهێنییەکانی حیزب و ئەو گەشتەیان نەزۆک هێشتەوە. کاتێکیش خرانە بەندیخانەوە هەروا خۆنەویست و خۆڕاگر بەدەم چارەنووسیانەوە چوون. ئەوان کە ڕێبازی ژیانی ماناداریان هەڵبژاردبوو، لە بەندیخانەشدا و لە کاتێکدا سێبەری دار و تەنافیان لەسەر خۆیان هەست پێدەکرد، ئامادە نەبوون تا دوا ساتی ژیانیان واز لەو ئامانجە بهێنن، بۆیە لە زیندانی بێدادیش‌دا نەسرەوتووانە بوونە هێمای خۆڕاگری و پەیامی خەبات و تێکۆشان. دوای نیزیک بە شەش ساڵ مانەوە لە زیندان، تەماح‌وەبەرنان و بەرتیلخۆریی کاربەدەستانی زیندان دەرفەتێکی رەخساند کە بۆ چەند رۆژێک مەرەخەسییان بدرێتێ، ئەوەش بەس بوو بۆ ئەوەی ئەو دوو ڕۆڵە کوردە دەسبەجێ خۆیان بگەیەننەوە مەتەرێزی خەبات و وەفای خۆیان بۆ هاوڕێیانی شەهیدیان لەو حەماسەیەدا بنوێنن و درێژەدەری ڕێگایان بمێننەوە. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.