کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بکوژەکەی قاسملوو خانەخوێی ڕێوڕەسمی متمانەدان بە سەرکۆمار حەسەن ڕووحانی

04:17 - 19 گەلاوێژ 2717

عەلی بداغی کردویەتی بە کوردی حەسەن ڕووحانی لە ڕێوەڕسمی وەرگرتنی متمانە بۆ کابینەکەی (تحلیف) کە بە خانەخوێێ عەلی لاریجانی و سەرۆکی نووسینگە بکوژ و تێرۆرسیتەکە، واتە محەممەد جەعفەر سەحراڕوودی  بەڕێوەچوو، وادە و بەڵێنی جێبەجێکردنی "مافی هاووڵاتیبون"ی بە خەڵکی ئێران دایەوە. لە کاتێکدا کە هیچ کام لە کەسایەتییە ئاینییەکانی سووننە لە ئێران بانگهێشتی ڕێوڕەسمی تەحلیفەکەی نەکرابوون، لە کاتێكدا هیچ وەزارەتخانەیەک نەدرا بە ژن یان کەسایەتییەکی سوننە، لە کاتێکدا هیچ وەزارەتخانەیەک شیاوی ئەوە نەبیندرا بەڕێوەبردنەکەی بدرێتە دەست کوردێک، بلووچ، تورکەمەن و عەڕەبێک و بگرە لە نێو جیگران و ڕاوێژکارەکانیشیدا کەس لەو نەتەوانە بەرچاو ناکەون، لە کاتێکدا وەزیری دادی ڕووحانی عەلیرەزا ئاوایی، یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگی خوزستان لە ڕەوتی کوشتاری 1367ی هەتاوییە، وەزیری کار و دابینکردنی کۆمەڵایەتی، عەلی ڕەبیعی ئەشکەنجەگەر و جێگری وەزارەتی ئیتلاعاتە، وەزیری سەنعەت و کانزاکانی محەممەد شەریعەتمەداری یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمیتەی شۆڕشی ئیسلامی و وەزارەتی ئیتلاعات و هەڵسووڕێنەری مافیای ئابووریی خامنەیی و ڕەیشەهرییە؛ بەو کابینەیە و بەو تیمە وەدێهاتنی مافی هاووڵاتی درۆیەکی زەبەلاحە و هیچی دیکەی تێدا نییە. لە چەند حەوتووی ڕابردوودا تەنانەت ناوی جەعفەری سەحراڕوودی وەک یەکێک بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی شوڕای ئەمنیەتی میللی هاتبووە نێو ناواب و گرینگ نییە ناوبراو ئەو بەرپرسایەتییەی دەدرێتێ یان نا؛ ڤەڵام هەر ئەوەی ناوی لە نێو ناوان دایە دەریدەخا کە لەنێو نیزامی ئیسلامیی حاکمدا چ پلە و پایە و قورساییەکی هەیە. محەممەد جەعفەر سەحراڕوودی کە یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران لە شەڕی ٨ ساڵە لەگەڵ عێڕاق بوو، دوای کۆتاییهاتنی شەڕ چووە نێو ڕایەڵە و تۆڕی تێرۆریستیی ڕێژیم. ئەو فەرماندەی تیمی تێرۆرکردنی د. عەبدوڵرحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دوو کەس لە هاوڕێیانی لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی بوو. سەحراڕوودی لەو تێرۆرەدا بەهۆکاری ناڕوون بریندار بوو و دەسبەسەر کرا. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەودایەکی گڵاو و چەپەڵ لەگەڵ دەوڵەتی ئوتریشدا توانیی سەحراڕوودی بێنێتەوە تاران. 5 مانگ دواتر و لە ڕێکەوتی 22ی دێسامبری ١٩٨٩دا، لە حاڵێکدا کە جەعفەری سەحراڕوودی لە تاران بوو، لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتییەوە بڕیاری گرتنی ئەو و دوو لە هاوکارەکانی درا. ئەو دوای هێنانەوەی بۆ ئێران و چاکبوونەوەی سەرەتا پلەی فەرماندەرێتی قەرارگای ڕەمەزان لە ڕۆژاوای ئێرانی پێدرا بۆ ئەوەی لە ژێر بڕیاری ئەودا بزووتنەوەی کوردەکان توندتر سەرکوت بکرێ. دوای شەڕی کەنداو و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێڕاق و دروستبوونی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی زیاتری لە کاروباری پێوەندیدار بە کوردستا پێدرا. دەگوترێ ناوبراو دەستی باڵای لە سەرکوتی بزووتنەوەی خوێندکاری لە 18ی پووشپەڕدا بووە. لە دوای سەرکەوتنی ئەحمەدی‌نژاد لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ١٣٨٤دا، ئەحمەدی‌نژاد عەلیی لاریجانیی کردە سکرتێری شوڕای ئەمنیەتی میللی و محەممەد جەعفەر سەحراڕوودیش وەک جێگری ناوبراو دیاری کرا. بۆ تێگەیشتن لە بایەخ و گرینگیی بریکاری شوڕای ئەمنیەتی میللی وڵات هەر ئەوەندە بڵێین کە لە ئێستادا عەلی شەمخانی سکرتێری شوڕای ئەمنیەتی میللییە و جێگرەکەی ڕەزا سەیفوڵڵاهییە، سەیفوڵڵاهی یەکێک لە دامەزرێنەرانی سپای پاسدارانی ئیسفەهان بوو کە لە دەیەی ٦٠دا بووە فەرماندەی بەشی ئیتلاعاتی سپا، ئەو دواتر پلەی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پێدرا و لە ساڵی ١٣٧١دا کرایە فەرماندە هێزە ئینتیزامییەکانی ئێران. سەحراڕوودی لە ساڵی ١٣٨٤ بەو لاوە زیاتر دەرکەوت و کوردستان وەک پێشوو گۆڕەپانی سەرەکیی چالاکییەکانی بوو. لە نیوەشەوی ٢١ی بەفرانباری ١٣٨٥دا هێزە نیزامییەکانی ئەمریکا بەمەبەستی گرتنی جەعفەری سەحراڕوودی هەڵیان کوتایە دەفتەری پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەولێر و 7 کاربەدەستی ئێرانییان دەسبەسەر کرد. گوایە سەحراڕودی لەو کاتەدا لای یەکێک لە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان لە میوانی بووە و دوایە هەر لە ڕێگای ئەوانەوە و بە شەو ئاودیوی ئەوبەری سنوور دەکرێ و بەپەلە دەگەڕێتەوە تاران. چوار مانگ دوای ئەم ڕووداوە و لە کاتێکدا کە 7 کاربەدەستەکەی سپای قودس هێشتا لە زیندان و لەبەردەستی ئەمریکییەکان دابوون، کۆماری ئیسلامیی ئێران سەحڕاڕوودیی خستە گەڵ هەیئەتێکی پایەبەرزی دیپلۆماتیک بۆ بەشداری لە کۆنفڕانسی "شرم الشیخ" لە میسر. لەو کۆنفرانسەدا کە بۆ باس لەسەر پرسی ئەمنییەت لە عێڕاق گیرا، وڵاتانی دراوسێی عێڕاق، پێنج ئەندامی هەمیشەیی شوڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەی هەشت زلهێزی سەنعەتیی دنیا بەشدار بوون. لەو کۆنفڕانسەدا کۆندالیزا ڕایس، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبەرامبەر مەنوچێهر موتەکی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەممەد جەعفەری سەحراڕودی دانیشتبوو، کەسێک کە بەتەما بوون لە هەولێر قۆڵبەستی بکەن! پاش ئەوەی لاریجانی بووە سەرۆکی پاڕلمان، سەحراڕوودیش لە ساڵی ١٣٨٧دا وەک سەرۆکی دەفتەری ئەو دیاری کرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەیسی کوردستان هەر وا پاوانی ئەو مایەوە. لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢دا هەیئەتێکی پایەبەرزی ڕێژیم بە سەرۆکایەتیی محەممەد جەعفەری سەحراڕوودی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی پایەبەرزی هەرێم لە یەکیەتیی نیشتمانی و پارتی دێموکرات و سەرۆکایەتیی هەرێم دیدار و دانیشتنیان هەبوو. پاشان گوترا کە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای قودس یەکێکی دیکە لە ئەندامانی هەیئەتی ئێران بۆ ئەو دانیشتنانە بووە. سەحراڕوودی سەرەڕای بڕیاری گرتنی لەلایەن پۆلیسی نێونەتەوەیی بەڵام زۆرجار سەردانی دەرەوەی وڵاتی کردوە. لە ڕەبەری ساڵی ١٣٩٢دا ئەو لەگەڵ عەلی لاریجانی لە ژنێڤ بەشدارییان لە کۆنفڕانسی (بین المجالس) پاڕلمانەکاندا کرد. ئەو دواتر بۆ بەشداری لە کۆنفڕانسی ئەمنیەتیی مونیخ سەردانی ئاڵمانی کرد. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێداگرە لە بەشدارکردنی سەحراڕوودی لە دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ڕێبەرانی کورد و سەیر ئەوە کە ڕێبەرانی کوردیش مل بۆ ئەو سووکایەتییە ڕادەکێشن. دەوڵەتی "اعتدال و امید"ی حەسەن روحانی دەبێ شایانی وەها خانەخوێیەک بێ.