کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی رێژیم بۆ بەدناوکردنی هێزی پێشمەرگە

04:24 - 19 گەلاوێژ 2717

خۆشەویستیی پێشمەرگە لە نێو دڵ و بیرو باوەڕی خەڵکی کوردستان‌دا جێگایەکی تایبەتی هەیە. خەڵک هێزی پێشمەرگە بە پشتیوانی راستەقینەی خۆی و بە پارێزەری کەرامەتی ئینسانی و نەتەوەیی خۆی و، بە داکۆکیکارێکی مەیدانیی ماف و ئازادییەکانی خۆی دەزانێ. بۆیە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ خەڵکی کوردستان بۆتە هێمایەک لە خۆڕاگری، بەرەنگاری و شوناس بۆ هەر تاکێکی ئەم نیشتمانە. هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵی رابردوودا زۆربەی زۆری ئەرک و چالاکییەکانیان لە سەر شانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە، چونکی بە پێچەوانەی ویستی ئەوان و خەڵکی ئاشتیخوازی کوردستان، رێژیمەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران، وڵامی داوا ئاشتیخوازەکانی ئەم میللەتەو بزووتنەوە رەواکەیان هەر بە سەرکوت و داپڵۆسین داوەتەوە. لە بەرانبەردا ئەوەی مقاومەتی کردوەو بە شێوەی مەیدانی دژ بە دەسەڵاتی رەش و سەرکوتکاری ئەم رێژیمانە راوەستاوەو گیانبازی کردوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە. بۆیە ئەم هێزە خەڵکی و نیشتمانییە کە هەر لە کانگای ئەم خەڵک و خاکەوە هەڵقوڵاوە، لە نێو خەڵک و میللەتەکەی‌دا جێگاو رێزێکی تایبەتی هەیە. لە بەرانبەردا رێژیمە یەک لەدوای یەکەکان و بەتایبەتی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەم وتارە‌دا زیارمان ئەوە مەبەستە، بە گرتنە پێشی دەیان سیاسەت و پیلانی نامەردانەو ترسەنۆکانە هەوڵی‌داوە لە پیرۆزییەکانی هێزی پێشمەرگە بدات و لە نێو خەڵک‌دا بە - خەیاڵی خۆی- روخساری خەوشدار بکات. لە ماوەی نزیک بە ٤٠ ساڵی دەسەڵاتداریی ئەم رێژیمە‌دا لە گەڵ ئەوەیکە بە دەیان پیلانی جۆراوجۆری بۆ زەربە لێدان لە هێزی پێشمەرگە تاقی کردۆتەوەو لە رێگاکانی: هەوڵدان بۆ دەرمانداوکردنی پێشمەرگە، گوشارخستنە کەس بنەماڵەو کەسوکاریان و زەوتکردن ماڵ و دارایی پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان و، زۆر جاریش تەماح وەبەرنانی خۆیان بنەماڵەکانیان بە دانی ئیمتیازی ماڵی، ویستوویەتی زەبەی کاریگەری گیانی و مەعنەویی لە هێزی پێشمەرگە بدات، بەڵام لە زۆربەی ئەم پیلانانەدا شکستی هێناوە. ئەوەی لەم پێوەندییەدا جیی تێڕامان و وردبوونەوەیە رێژیم لە خۆشەویستیی پێشمەرگەو پەیامی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نێو خەڵک‌دا هەمیشە هەستی بە مەترسی کردوەو هەمیشەیش هەوڵی داوە لەم رێزو خۆشەویستی‌یە بدا و بۆ پێکانی ئەم مەبەستە رێگاو پیلانی جۆراوجۆری تاقی کردۆتەوە. ئەگەر لە مەیدانی رووبەرووبوونەوەدا نەیتوانیوە زەبر لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوەشێنی و خەڵک لە هێزو ئیرادەی رۆڵە قارەمان و بەبیروباوەڕەکانی بێ‌‌هیوا بکات، لە بەرانبەردا هەوڵی داوە لە کەسایەتیی و شەخسیەتی پێشمەرگە بدات. یەکێک لەو پیلان و رێگایانە کە لە ماوەی ئەو نزیک بە ٤ ساڵەدا رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگای هێزە بەکرێگیراوەکانییەوە لە کوردستان بۆ بەدناوکردنی هێزی پێشمەرگە گرتوویەتە پێش و ناوەناوە پەنای بۆ بردوە، کەڵک وەرگرتن لە ناو و جل و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگە و خۆناساندنیانە بە ناوی پێشمەرگە لە لای خەڵکی پێشمەرگە دۆستی کوردستان. لەم پێوەندییەدا بە دەیان‌جار هێزە بەکرێگیراوەکانی رێژم لە شارو ناوچەکانی کوردستان بە پۆشینی جل و بەرگی وەک هی پێشمەرگان، لە نێو خەڵک‌دا خۆیان بە پێشمەرگە ناساندووە و، بە زۆر پوڵ و پارەیان لە خەڵک وەرگرتوە و بە ناوی پێشمەرگەوە بێ‌رێزییان بە خەڵک کردوە. هەرچەند لە زۆربەی جاران و لە زۆربەی شوێنان خەڵک، پیلانەکانیان لە قاو داون، بەڵام رێژیم لەم کارەی دوو ئامانجی سەرەکی هەیە: یەکەم ئەوەیکە لە رێگای بێڕیزیکردن بە خەڵک و رووتاندنەوەیان، روانینی خەڵک بە نیسبەت پێشمەرگەوە بشێوێنن و پێشمەرگە لە بەر چاوی خەڵک بخەن. دووهەم مەبەست "لەداوخستنی خەڵک"ی پێشمەرگەدۆست و پشتیوانانانی پێشمەرگەیە. ئەوان(هێزەکانی رێژیم) کە خۆیان بە پێشمەرگە دەناسێنن، ئامانجیان ئەوەیە کە بزانن کێن ئەوانەی بە حزووری پێشمەرگە خۆشحاڵن و هاوکارییان دەکەن، بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی لێ بکەن و ئەزییەت و ئازاری بدەن. بەڵام ئەوەی لە ماوەی ئەو نزیک بە ٤٠ ساڵەدا لە بەرانبەر ئەو پیلانانەیان‌دا وەریانگرتۆتەوە ئەوە بووە کە، بەڵێ! هێزی پێشمەرگەی خۆشەویستی خەڵکی کوردستانەو هێزی پێشمەرگە ئامادەیە لە پێناو پاراستنی کەرامەتی ئینسانی و نەتەوەیی ئەوان‌دا گیانی بەخت بکات.