کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا سەعید نووڕسی

17:07 - 19 گەلاوێژ 2717

لە مانگی ڕەزبەری ساڵی  ١٢٥٤ی هەتاوی لەنێو چیا بەرز و سەرسەوزکان لە گوندی «نووڕس»ی پارێزگای بیدلیس لە باکووری کوردستان و له بنەماڵەیەکی دیندار و هەژاردا منداڵێکی چاوگەش چاوی به ژیان هەڵێنا و ناویان نا سەعید. سەعید  نووڕسی کوڕی میرزا عەلی ناسراوه به سۆفی میرزایە. سەعید نووڕسی هەر لە منداڵییەوه زیرکی و  وشیارییەکی بێ وێنەی پێوه دیاربووه و سەرەتا لەخزمەت باوکیدا قورئانی پیرۆز و لای  مەلا عەبدوڵلای برای گەورەی کتێبه سەرەتاییەکانی خوێندوه. ئەو دواتر بە شار و دێهاتەکانی کوردستاندا گەڕاوە و له زۆر حوجرە و ناوەندە زانستییەکانی کوردستاندا خوێندویەتی. مامۆستا سەعید له ماوەی پێج ساڵدا هەمو قۆناغەکانی مەلایەتی بەسەرکەوتوویی دەبڕێ و له تەمەنی چارده ساڵیدا ئیجازەی مەلایەتیدەدرێتێ، لەگەڵ ئەوەشدا فێربوون و پەروەردەی زیاتر وەلانانێ و  دەچێتە  شاری «وان» و لەوێ زانستەکانی شیمی، فیزیک، بیرکاری، فەلسەفه، زەویناسی، مێژوو، گەردوونناسی و جوغرافیا  فێر دەبێ و لەو زانستانەدا تا ئاستێک دەچێتە پێشێ کە نازناوی سەعیدی مەشهوور و دواتر «بەدیعوزەمان»، واتە تاقانەی دەورانی دەدرێتێ. مامۆستا سەعید بەدرێژایی تەمەنی ١٣٠ کۆپەڕ و نامێلکەی نووسیوه که هەندێک لە کۆپەڕەکانی لەزانکۆکانی .میسر، مەغرێب و مالیزی دا لە پلەی دوکتورای ئیلاهیات وەکو سەرچاوەیەکی سەرەکی کەڵکیان لێ وەردەگیردرێ، هەروەها زۆرێک له کۆپەڕەکانی مامۆستا سەعید وەرگێڕدراونەته سەر زمانەکانی، فەڕەنسی، ئینگلیزی، ئاڵمانی، ڕووسی، ئیتالیایی، چینی، ئیسپانیایی، پورتوگالی، ئالبانی، عەرەبی، بولغاری، مەگەدۆنی، ئۆردو، فارسی و... هەروەها جگە لە کۆڕ و سمیناره نێوخۆییەکان زیاتر لە بیست کۆنگرەی جیهانی له وڵاتەکانی، ئوسترالیا، ئاڵمان، مالیزی، ئەندەنوزی، بۆسنی، میسر، جەزائر، فلیپین، ئەفرێقای باشوور، چاد، مەغریب، ئوردون، یەمەن، سودان، ئێران و تورکیەدا بۆ گیراوه. مامۆستا سەعید نووڕسی لە یەکێک لە شەڕەکاندا دژی داگیرکاریی وڵاتی ڕووسیه کە هێرشی کردبووه سەر شارەکانی باکووری کوردستان بە برینداری دەکەوێته دەستی ڕووسەکان و دوو ساڵ و چوار مانگ لە بەندیخانەی «کۆسترمای»  لە سیبری‌دا دەمێنێتەوە. ئەو لە هەلێکدا کە بۆی دەڕەخسێ لە زیندان ڕا دەکا و لە رێگەی چەند وڵاتەوە خۆی دەگەیەنێتەوە ئیستانبووڵ. مامۆستا سەعید کە دەگاتەوه ئیستانبوڵ هەوڵەکانی بۆ کردنەوەی زانکۆیەک لە شاری وان دەخاتە گەڕ و مووچەی ئەم پڕۆژەیە لە عوسمانییەکان وەردەگرێ، بەڵام هەر سەرەتای پرۆژەکە شەڕی یەکەمی جیهانی دەست پێدەکا وکارەکە پەک دەخرێ. مامۆستا سەعید نووڕسی وەک کەسایەتییەکی ئایینی و نیشتمانی یه‌کێک بووه له‌ هاوڕێ نزییکه‌کانی شه‌ریف پاشا و یه‌کێک بووه له‌و که‌سایه‌تییه مه‌زن و ناودارانه‌ی که شه‌ریف پاشای وه‌کوو نوێنه‌ری گه‌لی کورد هه‌ڵبژاردووه و هانی داوه بۆ نوێنه‌رایه‌تیکردنی گه‌له‌که‌ی له‌کۆنگره‌ی  ساڵی (١٩١٩) زایینی له ‌پاریس. مامۆستا یه‌کێک بووه‌ له‌ چوارچێوەی ئەندامەتیی لەچەند ڕێکخراوەیەکدا هەوڵی بەرەوپێشبردنی پرسی نەتەوەکەی داوە و لەو ڕێکخراوانەدا دەوری سەرەکیی گێڕاوە، وەک: (کۆمه‌ڵه‌ی هاوکاریی ته‌ره‌قی کورد، ١٩٠٨)، (کۆمه‌ڵه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیارییه کوردییه‌کان، ١٩٠٨)، (کۆمه‌ڵه‌ی ئیتیحاد و محه‌ممه‌دی که ‌له‌ ساڵی ١٩٠٩  به دوروشمی «یه‌کیه‌تی برایه‌تی یه‌کسان» دامه‌زراوه)، (کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان ١٩١٨)، (کۆمه‌ڵه‌ی مانگه سه‌وزه‌کان ) و (کۆمه‌ڵه‌ی سەربه‌خۆیی کوردستان، ١٩٢٢). مامۆستا سەعید له‌ سه‌رده‌می شۆڕشه‌کە‌ی شێخ سەعیدی پیران له‌ شاری واندا ده‌ژیا و ڕۆڵێکی به‌ر چاوی گێڕا له‌ هاندان و ڕوونکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئه‌و شاره بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماف و زیندووکردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی. مامۆستا سەعید له‌ کاتی کوودتای ئێسپارته ‌له‌ ساڵی ١٩٣٥ی زایینی له‌ شاری مووش بۆ ملنەدان و پێنەدانی باج بە کەمالییەکان جووڵانەوەیەکی به‌رینی وه‌ڕێخست. ئەو له ‌یه‌کێک له وتاره‌کانیدا له‌ شاری دیاربه‌کر ده‌ڵێ ئەمن هه‌رچه‌ند کوردێکی هه‌ژارم، به‌ڵام هەموو شانازیم ئەوەیە که‌ له‌ چیا سه‌ربه‌رز و سه‌وزه‌کانی کوردستاندا په‌روه‌رده کراوم. هه‌روه‌ها له‌یه‌کێک له‌ دادگاکاندا که بۆ چاوترسێنکردنی تەرمی 15 که‌س له‌ هاوڕێکانی به‌ له‌ سێدارەدراوی پیشان ده‌ده‌ن، مامۆستا به‌ده‌نگێکی به‌رز ده‌ڵێ ئەمن له‌ چیاکانی کوردستان به‌ ئازادی له‌ دایک بووم و گه‌وره بووم و ژیاوم و هه‌رگیز له مه‌رگ ناترسم. کاتێکه تورکه که‌مالییه‌کان به‌ ته‌واوه‌تی ده‌ستیان به‌ سه‌ر تورکیادا گرت و جێگیربوون، سه‌دان زانای ئایینی و سیاسی دادگایی کران و حوکمیان به‌سه‌ردا سه‌پا، یان له‌ سێداره‌ دران یان خرانه به‌ندیخانه یان دوور خرانه‌وه . مامۆستا سەعید یه‌کێک بوو له‌و که‌سایه‌تییانه‌ بوو که‌ دوورخرایه‌وه بۆ شوێنه دوورەده‌سته‌کانی تورکیه. مامۆستا سەعید له‌ ڕوانگه‌ی دادگای تورکه‌کانه‌وه زیاتر له سێداره‌ی هه‌ڵده‌گرت، به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ک هه‌ر له کوردستاندا به‌ڵکوو له‌ نێو تورکه عوسمانیه‌کانیشدا لایه‌نگرانێکی زۆری هه‌بوو، نه‌یانده‌توانی به‌و ئاشکراییه بیکوژن، ئه‌گینا باشترین به‌ڵگه‌یان به‌ده‌سته‌وه بوو که ئەویش وەڵامی نامه‌که‌ی شێخ سەعیدی پیران بوو، ئه‌و نامه‌یه‌ی كه شێخ سەعید داوای لێکردبوو که‌ له شۆڕشه‌که‌یدا هاوکاری بکا و مامۆستا سەعیدیش له‌ وڵامیدا نووسیبووی: «جارێ ددان بە جەرگتدا بگرە و پەلە مەکە. شۆڕش پلان و به‌رنامه‌ی ده‌وێ و که‌مالییه‌کانیش زۆر له‌وه دڕنده‌ترن که‌ هه‌ن.» ئه‌م وه‌ڵامه دەکه‌وێته ده‌ستی تورکه‌کان. مامۆستا سەعید نووڕسی 25 ساڵ له‌ ته‌مه‌نی له شاره‌کانی باڕلا، ئێسپارته، قه‌سته‌مونی و ئه‌میرداغدا لە دوورخراوه‌یی و تاراوگه‌دا به‌سه‌ر بردووه، و هه‌ر له‌ دوورخراوەییدا چه‌ند جار خراوه‌ته به‌ندیخانه‌کانی، ئه‌سکی شه‌ر، ئافیون، دنیزلی و خراوەتە ژێر چاوه‌دێری و چه‌ند جارێکیش ژارخواردوو کراوه کە مامۆستا توانیویەتی گیانی دەرباز بکا. مامۆستا سەعیدی نووڕسی سه‌رئه‌نجام له بەهاری ساڵی ١٩٦٠ی زایینی له‌ شاری ئوورفه ماڵئاوایی یه‌کجاریی له‌ ژیان کرد و دڵه گه‌وره‌که‌ی له‌ لێدان که‌وت و له‌ گۆڕستانی «اولوالجامع»ی ئه‌و شاره به‌ خاک سپێردرا . مامۆستا هه‌رچه‌ند له‌ ژیاندا نه‌مابوو و کۆچی دوایی کردبوو، به‌ڵام بۆ تورکه که‌مالییه‌کان ئه‌وه به‌س نه‌بوو، ئه‌وه‌ بوو که‌ دوای پێنج ساڵ له‌ پیلانێکی شوومی تورکه‌کاندا شه‌وێک گۆڕەکه‌ی مامۆستا سەعیدیان دایەوە و ڕوفاتەکەیان به‌ هێلیکۆپته‌ر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست و هه‌تا ئێستاش که‌س نازانی گڵکۆی مامۆستا سەعیدی نووڕسی له‌ کوێیه؟   ڕۆحی شاد و ڕێگای پڕ ڕێبوار بێ. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.