کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی کورد، ئێران و تورکیە لێک نزیک دەکاتەوە

03:47 - 27 گەلاوێژ 2717

گەرمبوونی هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان، بۆ جارێکی دیکەیش کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی تورکیەی لێک نزیک کردۆتەوە. لەم ماوەی ئەم چەند حەوتوویەدا چەند جارێک بەرپرسانی سیاسی و ئەمنییەتی هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیە لە گەڵ یەکتر کۆبوونەتەوە. بەرپرسانی ئێرانی ڕاشکاوانە رایانگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکانی هەر دوو وڵات‌دا قسەیان لە سەر پرسی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی باشووری کوردستان کردوەو نیگەرانی (دژایەتی) خۆیان لەم پێوەندییەدا راگەیاندووە. سەرلەشکر پاسدار محەممەد باقری کە چەند رۆژ پێش لە ئێستا سەردانی تورکیەی کردوەو لە گەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیە و بەرپرسانی ئەمنیەتیی ئەم وڵاتە کۆبۆتەوە، رایگەیاند کە "ئێران و تورکیە خوێندنەوە و هەڵوێستی هاوبەشیان بە نیسبەت پرسی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستانەوە هەیەو هەردوولا کۆکن لە سەر ئەوەیکە ئەم رێفراندۆمە و لە کۆتایی‌دا سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، دەبێتە هۆی نائارامی و تێکدانی سنوورەکان و پێکهێنانی بشێوی و ئاڵۆزی لە وڵاتی عێراق کە بێگومان کاریگەریی خراپی لە سەر ئەمنیەتی سنوورەکانی هەردوو وڵاتی تورکیەو عێران دەبێ." سەرلەشکر باقری لە پێوەندی لە گەڵ بەشێکی دیکەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان لە گەڵ دەوڵەتی تورکیە رایگەیاند کە" هەردوو وڵات پێداگرییان لە سەر پاراستنی سنوورەکانیان لە ئالۆزی ئەمنیەتی، پێشگیری لە ئاڵووێری شت و مەکی قاچاخ و هەروەها هاوکاریی هاوبەش دژ بە هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسینی هەردوو وڵات کردوە". ناوبراو لە درێژەی قسەکانی‌دا وتی کە هەر دوو وڵات بۆ جارێکی دیکە رێکەوتوون لە سەر ئەوەی پەرە بە هاوکارییە ئەمنیەتی‌یەکانیان بدەن و بۆ ئەم مەبەستەیش وا بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا ئەردۆغان سەردانی تاران بکات. لە ماوەی چەند ساڵی رابردووداو بەتایبەت دوای ئاڵۆزییەکانی وڵاتی سووریە، پێوەندیی نێوان تورکیەو ئێران رووی لە خراپی و ئاڵۆزی کردبوو. تورکیە، رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە دەستێوەردان لە کاروباری سووریەو هەروەها پشتیوانی کردن لە رێژیمی بەشار ئەسەد تۆمەتبار دەکردو، لە بەرانبەردا ئێرانیش تورکیەی بە هاوکاری کردنی بەرەی ئۆپۆزیسینی رێژیمی بەشار ئەسەد تاوانبار دەکرد. لە راستی‌دا ئیدیعای هەر دوو وڵاتە لە سەر یەکتری درووستبوون و هەر لەم سۆنگەیەشەوە ناکۆکییەکانیان رۆژ بە رۆژ قوڵتر دەبۆوە. بە پێی قسەو لێدوانی بەرپرسانی هەردوو وڵاتی تورکیەو ئێران، باسیكی دیکەی دانیشتنەکانی ئەم دواییانەی نێوانیان، قسەکردن لە سەر چۆنیەتی ئارامکردنەوەی بارودۆخی وڵاتی سووریە بووە کە گومانی تێدا نیە، پرسی کورد لە رۆژاوای کوردستانیش مژارێکی گەرمی باسەکانیان بووە. تورکیە لەم پێوەندییەدا راشکاوانە دژایەتی خۆی لە رۆڵی کوردەکانی رۆژاوا دەربڕیوەو ئیدیعا دەکات کە ئەو هێزو لایەنانەی کە ئەمڕۆ دەسەڵاتیان بەسەر رۆژاوای کوردستان‌دا هەیە، خەریکی پیادەکردنی ئەجێندای پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)ن. ئێرانیش هاوکات لە گەڵ پێداهەڵگووتنی بەدرۆی، بە رۆڵی شەڕڤانانی کورد دژ بە داعش، چەند جارێک ڕاشکاوانە دژایەتی خۆی لە گەڵ خۆبەڕێوەبەریی لە رۆژاوای کوردستان دەربڕیوە. لە گەڵ ئەوەیکە هەردوو وڵاتی تورکیەو ئێران هەمیشە بە نیسبەت پرسی کوردەوە هاوهەڵوێست بوون، بەڵام بە نیسبەت پرسی سەربەخۆیی هەرێمی باشووری کوردستانەوە، تا ئێستا تورکیە بە ڕادەی ئێران دژایەتی توندی لە گەڵ ئەم پرسە دەرنەبڕیەوە. بۆیە هیچ شک لەوەدا نیە کە بەرپرسانی ئێرانی زۆریان بۆ گرینگە کە تورکیە لەم پێوەندییەدا لێدوان و قسەی روونی خۆی بەلای دژایەتیكردن‌دا هەبێ. بۆیە گومانەکە ئەوەیە کە ئێران لە قەزییەی سوورییەدا، بۆ گەیشتن بە هەڵوێستی توندی تورکیە بەرانبەر بە رێفراندۆم لە باشووری کوردستان، تا رادەیەک نەرمی بنوێنێ و هەروەها لە هەڵوێستی بەرانبەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان - کە ئێستا لە گەڵ تورکیە لە شەڕو پێکدادان دایە و بەرپرسانی ئەم وڵاتە بە گومانن لە پێوەندیی  نێوان ئێران و پەکەکە - ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، ساغ بێتەوە.