کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتاڵانبردنی زێڕی ناوچەی هەوشار و بێکارکردنی کرێکارانی کوردی ئەم ناوچەیە

04:56 - 30 گەلاوێژ 2717

ناوچەی هەوشاری رۆژهەڵاتی کوردستان کە سەر بە پارێزگای ورمێ‌یەو لە دوو شاری تیکاب و سایین‌قەڵاو نزیک بە ٢٠٠ ئاوایی سەر بەم دوو شارە پێک هاتووە، پێکهاتەی دانیشتوانی هەوشار لە دوو نەتەوەی کورد تورکن. هەوشار بە یەکێک لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار کە جیا لە گشت‌وکاڵ و مەڕداری و سەنعەتی فەڕشچنین، خاوەنی بە دەیان کانگای ژێرزەمینییە کە بە سامانەکانی زێڕ، بەردی گرانیت، مس، سیمان و شیشە دەوڵەمەندن. بەدەیان ساڵە کرێکارانی ئەم ناوچەیە بە کوردو تورکەوە بە بێ ئەوەی هیچ کێشەیەکیان هەبێ، لەم کانگایانەدا خەریکی کارن. بەڵام زیاتر لە دوو ساڵە دەستێکی ئاشکرا کە بە روونی دیارە خەڵکانی سەر بە باندی مافیای سپای پاسدارانی رێژیم و لە هەمانکات‌دا شۆڤێنیستی تورکن، دەیانهەوێ وێڕای ناکۆکی خستنە نێو کرێکارانی ئەم کانگایانە، تەنگ بە کرێکارانی کورد هەڵبچنن و لە کاریان بێکار بکەن و، بە کورتی دەریان بکەن و رێدەستی بەتاڵانبردنی ئەو سامانی نیشتمانییە بۆ خۆیان خۆش بکەن. هەر لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا چەند جارێک بە هێرشکردنە سەر خەڵکی ئاوایی کوردنشینی ئاقدەرە(ئاغەرە)ی سەر بە شاری تیکاب لە ناوچەی هەوشار، کە بەشی زۆریان چەندین ساڵە لە کانگایەکی زێڕی نزیک بە ئاواییەکەیان‌دا خەریکی کرێکارین، هەوڵیان داوە لە سەر کارەکانیان لایان بەن و بێکاریان بکەن. هەر چەند مانگ پێش لە ئێستا خەڵکی ئەم ئاواییە بە ژن و منداڵەوە کەوتنە بەر پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم تەنیا بە تاوانی ئەوەیکە پێداگرییان لە حەق و مافەکانی خۆیان کردبوو. کانگای زێڕی زەڕەشۆرانی شاری تیکاب یەکێک لەو کانگا هەرە بەناوبانگانەی ناوچەی هەوشار و ئێرانە کە تا ئێستایشی لە گەڵ‌دا بێت لە گەڵ ئەوەیکە کرێکاری کورد زۆر کەم ئیزنی کارکردنی تێدا پێ‌دەدرێ، بەڵام دیسانیش هەرجارەو بە بیانوویەک هەوڵ دەدەن لە کرێکاری کوردی پاک بکەنەوە. لە تازەترین هەوڵی باندە مافیاکانی رێژیم‌دا، لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ‌دا کانگای زەڕشۆران داخراوەو زیاتر لە ١٢٠ کرێکاری تێدا بێکار کراوە. بە پێی ڕاپۆرتی "هەواڵدەریی موکریان" کانگای زێڕی زەڕەشۆرانی شاری تیکاب لە سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا داخرا و ١٢٠ کرێکاری ئەو کانگا زێڕە بێکار بوون. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ١٢٠ کرێکاری کانگای زێڕی زەڕەشۆرانی شاری تیکاب بە هۆی داخرانی ئەو کانگایەوە بێکار بوون و ماوەی ٥ مانگیشە ئەو کرێکارانە مووچەیان وەرنەگرتووە. ئەو کرێکارانە بە شێوەی نێونجی ١٠ هەتا ١٥ ساڵ پیشینەی کاریان هەیە. بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لەو کانگایە، یەکەی کانگای زەڕەشۆران هەتا مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوودا (٩٥) زیاتر لە ٢٠٠ کرێکار هەبووە، کە بە هۆکارگەڵێک هەتا ئێستا ناڕوون، ٨٣ کرێکاری لە سەر کارەکەیان دەرکراون. کرێکارانی ئەو کانگا زێڕە دەڵێن: هەتا پێش ئەو ماوەیە، بارودۆخی کارکردن لەو کانگا زێڕە زۆر باش بووە و ئێستا ڕوون نیە بەڕێوەبەری ئەو کانگا زێڕە لەگەڵ چ کێشەیەک بەڕەوڕوو بووتەوە. کرێکاران دەڵێن: یەکەی کانگای زێڕی زەڕەشۆران، تەنیا هەڵ و دەرفەتی کار لەو ناوچەیە بووە کە کرێکارانی ئەو ناوچەیە تێدا خەریکی کار بوون. لە گەڵ ئەوەیکە تا ئێستا هۆکاری داخرانی کانگای زەڕەشۆران بە کریکارانی رانەگەیاندراوە، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە باندێکی مافیای سەر بە سپای پاسدارانی رێژیم پێوەیە وێڕای دەرکردن و بیکارکردنی سەرجەم کرێکارانی کودی ئەم کانگایە، بە دەرکردنی خەڵکی دڵسۆزی دیکەیش کە لە خەڵکی تورکی رەسەن ناوچەکەن و چەندین ساڵە دڵسۆزانەو دەستپاکانە لەو کانگایەدا کارد دەکەن، بە تەواوەتی دەستی بە سەردا بگرن و زیاتر لە جاران بەرهەمەکەی بەتاڵان بەرن. *** کانگای زەڕەشۆرانی ناوچەی هەوشار وەک گەورەترین کانگای تەڵای ئێران لە ٣٥ کیلۆمیتریی شاری تیکاب و ١٥ کیلۆمیتریی شوێنەواری مێژوویی تەختی سولێمان هەڵکەوتووە. لەم کانگایە ساڵانە ٣تۆن شمشی تەڵا بەرهەم دێت. بە پێی لێکۆڵینەوەکان، پاشەکەوتی بێ‌ئەملاوئەولای کانگای زەڕەشۆرانی هەوشار بە چوار میلیۆن تۆن کانە‌بەردی تەڵا، بە عەیاری5.8 ppm (گرم لە هەر تۆنێک‌دا) بەراوەرد کراوە و، پاشەکەوتی دیکەی ئەم کانگایە ٣٠ میلیۆن تۆن تەڵای پاڵاوتەیە بە عەیاری نێونجیی 5 ppm. .