کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری، خەڵک و ڕەنج بە خەساری

18:34 - 4 خەرمانان 2717

کورد لە ئێران لە هەڵبژاردنەکانی دەوری دوازدەهەمی سەرۆک‌کۆماریدا ئەگەرچی لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران بە ڕادەیەکی کەمتر بەشدار بوو، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری دەنگەکانی بە حەسەن ڕووحانی دا. ئەوە لە خۆیدا دوو هۆی هەبوو. یەکەم ئەوەی کورد لە ئێران سەرەڕای خوێندنەوەی دەقیق و ڕوونی لەوەی کە لە چوارچێوەی سیستمی کۆماری ئیسلامیدا زەحمەتە مافی کورد وەدی بێ، بەڵام سنووربەندی لەگەڵ کەسانێک دەکا کە زیاتر و تۆختر بە کاراکتێرەکانی ڕێژیم دەناسرێن؛ هەروەها ئەو پەیامەش دەدەن کە هەموو کاتێ لەگەڵ گۆڕان و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەن بۆ چارەسەری پرسی کورد و وەدیهاتنی مافەکانیان. زۆربەی دەنگی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا بە ڕوحانی درا، لەبەر ئەوەی ڕوحانی وادەی کرانەوەی سیاسیی زیاتری دەدا، لەبەر ئەوەی ڕاشکاوانەتر باسی لە پێویستیی نەهێشتنی پەراوێزخستنەکان، فەڕق و جیاوازیدانان و سڕینەوەکان لە سەر بنەمای ئایینی و نەتەوەیی و جۆراوجۆرییەکانی دیکە دەکرد، چونکی لە پشتی سەنەدی «منشور شهروندی»یەوە قسەی دەکرد، بەڵام کاتێک هەر بە دەنگی ئەو خەڵکەی حاشا لە ماف و داواکانیان دەکرێ بۆوە بە سەرکۆمار، هەموو ئەو وادە و بەڵێنانەی هەر لە یەکەم هەنگاودا، واتە پەیکەربەندیی دەوڵەتەکەی لەبیر کرد. حەسەن ڕوحانی لە کابینەکەیدا هیچ جێیەکی بۆ کورد و خەڵکی سوننە لە ئێران نەبوو، تەنانەت بۆ ڕێوڕەسمی سوێندخواردنەکەشی تاقە کەسایەتییەکی کورد و سوننیی بانگهێشت نەکرد. ئەو کە لە کەمپینەکانی هەڵبژاردندا کورد و سوننیی بە پێشەنگ ناو دەبرد، هەر لە یەکەم ڕۆژەکاندا پێی گوتن کە جێگای ئەوان لە خوارخوارێیە. کوردەکان کە جارێکی دیکەش هاتبوون تا بە دەنگدان بە ڕوحانی پەرە بە ڕوحی متمانە و یەکیەتی و برایەتیی نێوان پێکهاتەکان بۆ دروستکردنی ئێرانێکی جێی پەسند و دڵخوازی هەمووان بدەن و لە کەشێکی کراوەتردا پێوشوێنی مافخوازیی خۆیان بکەون، ڕوحانی دوایە هەر کە گرەویی هەڵبژاردنەکانی بردەوە پێی گوتن کە تەنیا «دەنگ»ی ئەوانی بۆ سەرکەوتنەکەی ویستووە، ئەگینا هیچ باوەڕێکی بە مافی ڕەوا و چاوەروانیی بەرحەقی کورد و سووننەکان لە ئێراندا نییە. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ڕوحانی هەڵەی کرد کە وەڵامی متمانەی خەڵکی کورد و سووننەکانی ئێرانی بە بێ‌ئەمەگی و بێ‌بەڵێنی دایەوە، یان سووچی کوردە کە دیسان کڵاوی چووە سەر و بە هەندی دروشمی چەندپاتە هەڵخەڵەتان؟ چۆنە کوردەکان لە خۆیان ناپرسن کە بۆچی لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا ڕەسەن و خۆیین و داواکانیان ڕەوا و بەر حەقە، بەڵام لە کاتی دابەشکردنی پلە و پایە و بەشداری لە بەڕێوەبەریی وڵات لە ئاستەکانی سەروودا و لە هەڵاوهەنگامەی بودجەی ئاوەدانکردنەوەدا دەبنە غەیرەخۆیی و کەس نایان ناسێ؟ جیا لەوە خۆ کێشەی کورد هەر ئەوە نییە کە کەسێک وەک کورد وەزیر نییە یان پارێزگارێک لە خۆیان بۆ ئیدارەی ناوچەکەیان پێ ڕەوا نابینن، چونکی پرسی کورد زۆر لەوە بنەماییتر و فرە ڕەهەندترە کە تەنیا دانانی وەزیر و پاریزگار و بەرێوەبەرێکی گشتی _ کە بەڕێوەبەری سیاسەتە گشتییەکانی نیزامین_ تەعبیر لە ویست و داواکانیان بکا، بەڵام هەر خۆی ئەوە کە نیزامی سیاسیی وڵات ئەوەندەش بۆ خۆڵ لەچاوکردنی خەڵکانی دی ناکا دەریدەخا کە لە هەناوی خۆیەوە هیچ باوەڕێکی بە جێکردنەوە بۆ کورد و بەشداریی ئەوان لە سیاسەت و بەڕێوەبەریی وڵاتدا نییە. بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین کە ئاخۆ کاتی ئەوە نەهاتووە کە کورد لە ئێران لەو خەوە قورسە هەستێ و چیدی دڵی بە دروشمی گۆڕان و ئیسلاحتەڵەبی خۆش نەکا و ئاوڕێک لە خۆی بداتەوە و بزانێ لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە خێر و بەرەکەتی ئەو نیزامە چیی دەست کەوتوە و چەندەی پێ بڕاوە؟ کورد لە ئێران کەی دەبێ ڕابێ و لەخۆی بپرسێ لەو وڵاتەدا مافی چییە و لەکوێ وەستاوە؟ بۆ دەبێ کوردستانەکەی ئەو دواکەوتووترین ناوچە لە ڕووی ئابووری و پەرەسەندن لە ئێراندا بێ؟ بۆ لە کاتێکدا لە ساڵدا بایی زیاتر لە 45 میلیارد دۆلار کاڵای قاچاغ لە خاڵەسنووری و بەندەر و فڕۆکەخانەکانەوە دەڕژێتەوە وڵاتەوە و کەسیش بۆی گرینگ نییە، بەڵام ڕۆژانە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد دەدرێنە بەر دەستڕێژ و دەکوژرێن؟ لەبەرچی ڕێگە نادرێ بە زمانی خۆیان بخوێنن و بە شوناسی مێژوویی و کلتووری و کۆمەڵایەتی خۆیان پەروەردە ببن؟ چۆنە سەرچاوە سروشتییەکانیان بە تاڵان دەبرێ و بەشی ئەوان لەو سامانە تەنیا دامەزرانی چەند دە کەسیان وەک کرێکارە؟ بۆ ئاوەکەیان بەڕێی ناوچەکانی دیکەی ئێران دەکرێ لە حاڵێکدا بۆ خۆیان بۆ پەرەپێدانی کەرتی کوشتوکاڵ پێویستیانە؟ لەبەرچی هەژاری و بێکاری و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەک خۆکوژی و ئێعتیاد و تەڵاق و نەخوێندەواری و دابڕان لە خوێندن لە کوردستان چەند قاتی ناوچەکانی دیکەی ئێرانە؟ ئەوانە و کۆمەڵە «بۆ» و «لەبەرچی»ی دیکە پێمان دەڵێن کە ئەوەی هەڵەی کردوە ڕوحانی نییە، بەڵکوو کوردە کە لە خوێندنەوە و متمانەپێکردنەکانیدا بەردەوام بەهەڵە چووە و دەچێ، بۆیە پێویستیە جۆرێکی دیکە بروانێتە ئەو بابەتە و بە خوێندنەوەیەکی دی بێتە مەیدانی مافخوازییەوە. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٨.