کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەیارکردنی دەزگا تیرۆریستییەکانی ڕێژیم لەسەر حسێبی خەڵک

18:41 - 4 خەرمانان 2717

مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە پڕۆژەیاسایەکدا کە پەسندی کرد بڕیاری دا دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی بڕی سێ هەزار میلیارد تمەن بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی، بەهێزکردنی سپای قودسی سپای پاسداران و بەرنامە هاوبەشەکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی تەرخان بکا. ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی گەلاوێژ ئەندامانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامیی تاران، پڕۆژەیاسایەکیان بە ناوی ‹›بەرەنگاربوونەوەی کردەوە سەربەگۆبەندەکانی ئەمریکا›› پەسند کرد و، تێیدا هەزار ملیارد تمەن بوودجەی دەوڵەتی بۆ سوپای قودس، باڵی دەرەکیی سپای پاسدارانی ڕێژیم تاران تەرخان کرا، کە ئێستا لە ئاڵۆزییەکانی وڵاتانی ناوچەکەدا، بەتایبەت لە عێڕاق و سووریە حزووری بەرچاوی هەیە. لەو پڕۆژەیاسایەدا کە تازە مەجلیس پەسندی کردووە، دەوڵەتی ڕۆحانی دەبێ هەزار میلیارد تمەنی دیکەش بۆ پەرەپیدان بە بەرنامە مووشەکییەکانی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دابین بکا. هەربە پێی ئەو پڕۆژەیاسایە، دەوڵەتی ئێران دەبێ هەزار ملیارد تمەنیش بە شێوەی هاوبەش بۆ وەزارەتەکانی ئیتلاعات، بەرگری و کاروباری دەرەوە دابین بکا، بۆ ئەوەی ئەو چالاکییانەی پێ پەرە پێ بدەن، کە لە پڕۆژەیاساکەدا بە ‹›ئاشتیخوازانە، توێژەرانە و پیشەسازی›› ناویان هاتووە. بە گوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایە، دەوڵەتی ئێران دەبێ یارمەتیی ئەو گرووپە چەکدارە شیعانەش بکا، کە لە وڵاتانی وەکوو فەلەستین، لوبنان، ئەفغانستان، سووریە، عەڕەبستانی سعوودی، بەحرێن، عێراق و یەمەن، لەدژی خەنیم و دژبەرەکانی ڕێژیمی تاران لە شەر دان، یان لە بەرەی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیلن. هەر لەو پڕۆژەیاسایەدا وەزارەتی کاروباری دەرەوە ئەرکدار کراوە، کە بە هاوکاریی وەزارەتی ئیتلاعات، لە ماوەی دوو مانگ پاش پەسندکرانی ئەو پڕۆژەیاسایەدا لیستێک لە ناوی ئەو ئێرانییانە دەربێنێ کە بە تاوانی پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە لایەن ئەمریکا، یان وڵاتانی دیکەوە دەستبەسەر کراون، یان لە لایەن دادگای ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەکانییەوە داوا کراون. پاشان لیستی ناوی ئەو کەسانە بدرێ بە شووڕای باڵای ئەمنیەتی نیشتمانیی ڕێژیم، بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست دەربارەی چارەنووسی ئەو کەسانە بدرێ. لەو پڕۆژە یاسایەدا ساویلکانە باس لەوە کراوە کە کە دەبێ کۆمەڵە کاربەدەستێکی ئەمریکا کە دەستیان لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤدا هەیە گەمارۆی ئابوورییان بخرێتە سەر. ئەو خاڵە لە پەسندکراوەکەی مەجلیس لە حاڵێک دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێو وڵاتانی جیهاندا خۆی بەدناوترین وڵاتە سەبارەت بە پێشێلردنی مافی مرۆڤ و، تا ئێستاش لە بەرامبەر ڕەچاوکرانی پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤدا خۆی بە بەرپرسیار و پێملی پەسندکراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ نەزانیوە. عەلی لاریجانی، سەرۆکی مەجلیسی ئێران دەڵێ ئەو پڕۆژەیاسایەی مەجلیسی شووڕای ئیسلامیی ئێران، لە دژی دوایین گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی تاران پەسند کراون. جێی بیرهێنانەوەیە کە لە سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی نوێی گەمارۆدانی ئابووریی لە دژی ئێران، ڕووسیە و کۆرەی باکوور پەسند کرد کە دواتر لە لایەن ئەنجومەنی پیرانی ئەو وڵاتەوە پەسند کرا و لە لایەن سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەشەوە ئیمزا کرا، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێ. دەوڵەتی ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ‹›دەوڵەتی ئێران، گەورەترین و یەکەمین دەوڵەتی پشتیوانی تیرۆریزمە لە دنیادا.›› ماوەیەک پێش پەسندکرانی ئەو پڕۆژەیاسایەش کۆبوونەوە و دانیشتنی نێوان حەسەن رووحانی و فەرماندەکانی سپای پاسداران کۆتایی بەو گومانە هێنا کە پێی وابوو ڕوحانی بە تەمای بەرتەسککردنەوەی دەسەڵات و هێزی سپای پاسدارانە. لەلایەکی دیکەوە بەراوردکردنی بودجەی ناوەندە نیزامییەکان خۆی دەرخەری ئەوەیە کە دەوڵەت بۆ ئەمساڵ بودجەی ستادی هاوبەشی سپای پاسدارانی گەیاندۆتە 22 هەزار و 245 میلیارد تمەن کە حەوت هەزار میلیارد تمەن زیاترە لە بودجەی ساڵی ڕابردوو، هەروەها دوو بەرابەری ئەو بودجەیە کە سپای پاسداران لە ساڵی 1394 و لە یەکەم ساڵی سەرکۆماریی ڕووحانی‌دا هەیبوو. ڕێکخراوی بەسیجی موستەزعەفین یەکێکی دیکە لە ناوەندەکانی سەرکوت سەر بە سپای پاسدارانە کە لە کاتی پێویستدا بۆ سەرکوتی خەڵک لە شەقامەکان دەردەکەون، حەسەن ڕووحانی لە بودجەی ئەمساڵدا هەزار و 155 میلیارد تمەنی بۆ ئەو بەشەش لە دەزگای سەرکوتی سپای پاسداران تەرخان کردوە و بە گشتی بودجەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەوڵەتی ڕوحانیدا دوو هیندەی پێشوو زیادیان کردوە. پێشتریش ناوه‌ندی توێژینه‌وکانی کۆنگره‌ی ئه‌مریکا ئاشکرای کردبوو لە حیزبووڵای لوبنان، حوسییه‌کانی یه‌مه‌ن، حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌، رێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ سووریه‌‌و میلیشیا توندڕه‌وه‌کانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ عێڕاق له‌ ساڵدا به‌ میلیارد دۆلاریان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ یارمه‌تی پێده‌کرێ. له‌و ڕاپۆرته‌دا که‌ له‌سه‌ر داوای سێناتۆر «مارک کرێک» ئاماده‌ کراوه‌ هاتوه‌ که‌ ئێران هه‌موو ساڵێ بڕی یه‌ک میلیارد دۆلار خه‌رجی میلیشیا چه‌کداره‌کانی عێڕاق‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ هاوپه‌یمانه‌کانی خۆی له‌ وڵاته‌دا ده‌کا. به‌راوردی ئه‌و ناوه‌نده‌ له‌ دۆخی سووریه‌ به‌مجۆره‌یه‌ که‌ له‌ نێوان 5 تا 10 هه‌زار شیعه‌ی عێڕاقی شانبه‌شانی هێزه‌کانی به‌شار ئه‌سه‌د بۆ پاراستنی ئه‌و له‌ ده‌سه‌ڵات‌دا شه‌ڕده‌که‌ن، زۆربه‌ی ئه‌وان گرووپه‌ سیاسی‌و میلیشیا شیعه‌کانی عێڕاقن که‌ پێش له‌ به‌ڕێکرانیان بۆ سووریه‌ له‌ ئێران مه‌شق ‌و ڕاهێنانی نیزامییان پێکراوه‌ و له‌ سووریه‌ش له‌گه‌ڵ حیزبوڵلای لوبناندا ڕێک‌ده‌خرێن. وته‌بێژێکی «ئێستیڤان دۆمیستۆرا»، نێرده‌ی تایبه‌تیی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ کاروباری سووریه‌ش له‌ مانگی جۆزه‌ردان‌دا گوتبووی که‌ ئێران له‌ ساڵدا بڕی 6 میلیارد دۆلار خه‌رجی پاراستنی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ سووریه‌دا ده‌کا. سه‌رچاوه‌یه‌کی ئه‌منیه‌تیی عه‌ڕه‌بیش له‌ ساڵی 92 دا وای به‌راورد کردبوو که‌ ئێران مانگانه‌ 600 تا 700 میلیۆن دۆلاری تێچووی شه‌ڕ له‌ سووریه‌ هه‌یه‌. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌باره‌ی عێڕاقیشه‌وه‌ ده‌ڵێ ئێران له‌مساڵدا به‌بیانووی شه‌ڕی داعش پووڵ و په‌روه‌رده‌ی زیاتری خستۆته‌ به‌رده‌ستی میلیشاکانی هاوپه‌یمانی خۆی.  ڕۆژنامه‌ی واشنگتۆن پۆست له‌ کۆتاییه‌کانی ساڵی ڕابردوودا له‌سه‌رزاری کاربه‌ده‌ستێکی کۆماری ئیسلامی گوتبووی له‌و کاته‌وه‌ی داعش به‌شێکی زۆر له‌ باکووری عێڕاقی داگیر کردوه‌، ئێران پتر له‌ یه‌ک میلیارد دۆلاری یارمه‌تیی نیزامی ئه‌و وڵاته‌ی داوه‌، هه‌روه‌ها له‌ ناردنی چه‌کوچۆڵ‌و یارمه‌تیی سیاسی و دیپلۆماتیک بۆ حیزبووڵلای لوبنانیش به‌رده‌وام بووه‌ به‌ جۆرێک که‌ پێنتاگۆن، وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا پێێ وایه‌ ئێران له‌ ساڵدا بڕی 100 تا 200 میلیۆن دۆلار یارمه‌تیی حیزبووڵڵا ده‌کا. ڕێکخراوی تێرۆریستیی «حه‌ماس» له‌ فه‌له‌ستینیش یه‌ک له‌و ڕێکخراوه‌ هاوپه‌یمانه‌ی ئێرانه‌ که‌ له‌ دوای ساڵی 85 ی هه‌تاوییه‌وه‌ مانگانه‌ 20 میلیۆن دۆلاری یارمه‌تی له‌ ئێران وه‌رگرتوه‌، ئه‌وه‌ جیاله‌وه‌ی له‌بواری چه‌کوچۆڵ‌و په‌روه‌رده‌ی نیزامی‌و لۆجستیکیشه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ دابین کراوه‌. یارمه‌تییه‌ چه‌ند میلیاردییه‌کانی ئێران به‌و گرووپه‌ تێرۆریستییانه‌ له‌ کاتێک دایه‌ که‌ خه‌ڵکی ئێران له‌گه‌ڵ زۆرترین کێشه‌ی ئابووری، بێکاری و گرانی به‌ره‌وڕوون، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات که‌مترین بایه‌خی بۆ کێشه‌کانی خه‌ڵک نه‌داوه‌. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٨.